ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فەرمان فاتح شکور هونەرمەندی شێوەکار، ساڵی 1978 لە کەرکووک لەدایکبووە و بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی حورە لە هۆڵەندا و بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک. لە دیدارێکی (ڕێگای کوردستان)دا باس لە هونەری شێوەکاری و شێوازی کارکردنی خۆی دەکات.

 

دیمانە: هێرش مەغدید

-لە نێوان قوتابخانە هونەرییەکان، قوتابخانەی تەجرید و نزیک لەو قوتابخانە هونەرییەت هەڵبژارد بۆچی؟

+ لە کاری هونەریدا خۆم نابەستمەوە بە هیچ قوتابخانەیەکی هونەری، بەڵام دەکرێت سوودیان لێ‌وەرگرم. ئێستا‌ کاری هونەری ئازادییەکی ڕەها بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم سەردەمە بۆ هونەری شێوەکاری سەردەمی تێکشکاندی بەربەستەکانە. لەم سەردەمە هونەری شێوەکاری لە قاڵبی فریم و فڵچە و هەتا ڕەنگیش دەربازبووە، خۆی لە شێوازەکانی پێرفۆرمانس و پۆست مودێرن و شێوازکانی تر دەبینیتەوە، هونەر ئێستا لەوە دەرچووە دەستی لێ بدەیت، هونەر بەرەو ئەوە دەچێت بۆ ساتێک دەبینرێ‌ و دەڕوات. من خۆم تا ئێستا لە گەڕاندام بۆ دۆزینەوە شێوازێکی هونەری تایبەت تا کاری لە سەر بکەم، ئەمە وای کردووە تابلۆکانم هەر جارە و بە شێوەیەک دەرکەون. ناچارم لە کاتی کارکردن هانا بۆ حەزەکانی خۆم ببەم، لەو کاتەیە بەچی شێوازێک یان بەچی شێوەیەک کاری تێدا بکەم، بۆیە زۆرجار کارەکان لە شێوازی تەجریدەوە نزیکن لە هەمانکاتدا تێکەڵییەک هەیە لەگەڵ شێوازەکانی تر.

-هەندێک پێیان وایە هەڵبژاردنی قوتابخانەیەکی تری هونەری لە بەرانبەر قوتابخانە ڕیالیزمەکان، هەڵاتنە لە واقیع، یان بە دیوێکی تر نەبوونی سەلیقەی هونەرمەندە، تۆ چی دەڵێی لەو بارەیەوە؟

+ئەو بابەتە دوو لایەنە، لایەنی یەکەم خودی شێوازی تەجرید تایبەتمەندییەکی رەهای تیدایە، چونکە ئیشکردن لە قوتابخانەی تەجرید پەیوەستە بە کۆمەڵێ‌ تەکنیک و هێڵ ‌و ڕەنگد، بێجگە لە رێچەکەی بیرۆکەکە پەیوەستە بە فەلسەفەوە. خودی تەجرید داماڵینە لە هەموو بەها ڕەهاکان. لایەنی دووم لای هونەرمەندی ئێمە بووەتە شێوازیک لە هەڵهاتن لە ڕیالیزم، من باسی هونەرمەندان بەگشتی ناکەم، بەڵکو بەشێک لەو هونەرمەندانەی کە لە بواری شێوەکاریدا کاردەکەن و خۆڕسکن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزموونی هونەرمەندەکە لە شێوازی بەکارهێنانی تەنکیکی و ئەستاتیکای هونەرو فەلسەفەی ڕەنگ.

-دەکرێت باسی شێوازی کارکردنی خۆتمان پێ‌ بڵێیت، بۆ نموونە بە چ رەنگێک کاردەکەیت‌ و بە قەبارەی چەند‌ و چ کاتێک بۆ تۆ گونجاوە بۆ دروستکردنی تابلۆ؟

+شێوازی کارکردنی من شێوازێکی هەمەچەشنە، تا ئێستا خۆم یەکلا نەکردووەتەوە، کارەکانیشم پەیوەستە بە حەزەکانمەوە، هەندێ‌ جار حەز بە یاری کردن بە ڕەنگ دەکەم، هەندی جارنا حەزم لە کێشانی تابلۆی ڕیالیزمییە بە شێوازی ئەکادیمی، هەندێ جاریش بیرۆکەیەکم لە مێشکدایە حەزم لێیە بە شیوازی تەعبیری تەجریدی کاری تێدا بکەم، لە ڕووی ڕەنگیشەوە هەموو ڕەنگەکان بەکاردێنم بە پێی خواستی ناوەڕۆکی تابلۆکە، بەڵام وەک زیاتر حەزم لە بەکارهێنانی ڕەنگە ساردەکانە وەک لە گەرمەکان، لە ڕووی قەبارەشەوە هەموویم بەکارهێناوە، بەڵام زیاتر حەز بە قەبارەی گەورە دەکەم تا بچووک کاتی گونجاویش بۆ کارکردنم شەوانە .

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان