ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

ئامانج لە كۆبوونەوەی هێز و لایەنە پەچەكان چییە؟ 

لێكنزیكبوونەوەی چەپ و دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لە كوردستان دەتوانێت چی بكات؟

چەپ و كۆمەنیستەكان دەتوانن لەرێگەی خەباتی چینایەتیەوە دنیایەكی دادپەروەرانە و یەكسان بهێننە دی؟ 

بەرەیەكی چەپ تاچەند بەدیڵكی باش دەبێت بۆ راگرتنی سیستمی سەرمایەداری و بەتایبەتی كردنی كەرتی گشتی؟

بێكەس قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆبوونەوەی بەردەوامی هێز و لایەنە چەپەكان زیاتر بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەشە نەك دروستكردنی بەرەیەكی دیاریكراو، بە پێویستیشی دەزانێت چەپەكان كار بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی كۆمەڵایەتی و ئاشتكردنەوەی سیاسەت و حزبایەتی لەگەڵ پرەنسیپەكاندا بكەن.

هێز ولایەنە چەپەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەمەبەستی لێكنزیكبوونەوەیان لەیەكتر چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە، بێكەس قادر باس لەوە دەكات كە ئەم ساڵ پتر لە ساڵانی تر، دیدار و كۆبوونەوەی هاوبەش لەنێوان هێز و لایەن و كەسایەتی چەپ لە باشوری كوردستان ئەنجام دراوە، ئامانج لەو كۆبوونەوانەش بەرجەستەكردنی روانگەیەكی هاوبەش و كاری هاوبەش و كاراكردنی دەوری چەپەكانە لە كوردستاندا، جگە لە باشووری كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سێ لایەنی چەپی باشور لەگەڵ پارتی كۆمۆنیستی كوردستان - باكور ئەنجامدراوە، باس لەوەش دەكات لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكەن كە هەر ئەمساڵ دیداری هاوبەشی پارتە چەپەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان لە باشوری كوردستان رێك بخەن.

ئەو ئەندامەی كەمتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكیشانی كوردستان كە لە كۆوبونەوەی چەپەكان ئامادەیی هەبووە، هێما بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوان ڕەش نوسێكی كاری هاوبەشیان ئامادەكردووە و پێشتریش لەسەر میكانیزمی كاری هاوبەش تێگەیشتنی هاوبەش هەبوو، لە كۆبوونەوەكانی ئەمساڵیش جەخت لەسەر كاری هاوبەش كراوەتەوە لەنێوان هەمو هێزە چەپەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.

لەباری ئەگەری دروستبوونی بەرەیەكی چەپ لە كوردستان، گوتیی لە ئێستادا قسە لەسەر پێكهێنانی بەرەی چەپ نییە لە كوردستان بەقەد ئەوەی قسە لەسەر لێكنزیكبوونەوەی چەپەكان و كاری هاوبەشە، چونكە لە دیدی ئێمەدا پڕۆسەی سیاسی و كۆمەڵگەی كوردستان پتر لە رابردوو پێویستی بە ڕوانگەی چەپ هەیە.

بێكەس قادر بۆچوونی وایە كە ئێستا كۆمەڵگەی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێ تەنگژەی جودا جودا بەرەوڕووە، بێ ئومێدی و بێ متمانەیی خەڵك بە حكومەت و حزبە سیاسییەكان بێ سنوورە، نا یەكسانی و ناعەدالەتی هەموو كایەكانی كۆمەڵگەی گرتووەتەوە، لەم ڕوانگەیەوە جەخت لە هەبوونی بەهێزكردنی پێگەی چەپ دەاتەوە و بە پێویستی قۆناغەكەش ناوی دەبات.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باس لە ڕونگەیەكی هاوبەشی چەپەكان بۆ سیاسەت و ژیان دەكات و بەپێویستیشی دەزانێت كە هێز و لایەنە چەپەكان كار لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی كۆمەڵایەتی و ئاشتكردنەوەی سیاسەت و حزبایەتی لەگەڵ پرەنسیپەكاندا بكەن.