ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دیمانە: محەمەد چاوشین

  حەسن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (ڕێگای کوردستان)، ئاماژەی بەوەدا کە بەدوری دەزانێ ئامریکا ھەمان سیناریۆی ئەفغانستان و عێراق لەسەر ئێرانیش دووبارە بکاتەوە و ئەگەری پەلاماری سەربازی بە دوور دەزانێت.

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی ئێران، لەمیانی ئەو چاوپێکەوتنەدا وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری(ڕێگای کوردستان)دەداتەوە و ڕوونیشی دەکاتەوە کە "کۆمەڵەی ئێران دانیشتنی ئاشکرا لەگەڵ ئێران لە وڵاتێکی سێھەم و بە چاودێری ناوەندە نێونەتەوەییەکان ڕەت ناکاتەوە".

 ڕێگای کوردستان: دۆخی ئێستای ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تادێ قەیراناوی تر دەبێت، ئەمریکا بە چەک و جبەخانەیەکی زۆرەوە حزوری فیزیکی و نیزامیشی ھەیە، گەمارۆکانی سەر ئێرانیش تادی چڕتر دەبنەوە، ئێوە پێتان وایە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا پێتان وایە پەلاماری سەربازی بۆسەر ئێران لەگوڕێدا بێت؟

 حەسەن ڕەحمان پەنا: ھەوڵی ئەمریکا تا ئێستا توندتر بوونەوەی زەختی ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامی بووە. بە سفر گەیاندنی فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە و دابڕانی ھەرچی زیاتری ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی بووە لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا. 

ئەگەرچی ئابووری ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەزۆر ھۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە گەندەڵی و دزی و تەداخولی بەردەوامی سپای پاسداران، ئەو ئابووریەی نەخۆشتر و شپرزەتر کردووە، بەڵام گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکاش لە پانزدە مانگی ڕابردوودا، ئاسەواری نێگەتیڤی زیاتری لەسەر ئابووری نەخۆشی ئێران داناوە و ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەی زۆر زۆر لە جاران دژوارتر کردوە. 

سیاسەتی دەوڵەتی ترامپ بۆ پەلاماردانی نیزامی وەک ئەوەیکە لە عێراق و ئەفغانستان روویاندا کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بێت، بە دی ناکرێت . 

بەڵکوو بە قسەی خۆیان ئاڵوگۆڕ لە ڕەفتاری حکوومەتدایە، نەک لەناوبردنی دەسەڵات. بەڵام بەھۆی میلیتاریزە بوونی ناوچەکە، بە تایبەت کەنداوی فارس و چەند بەرکەوتەی چکۆڵە کە تا ئێستا ڕوویان داوە و کۆنتڕۆڵ کراون، لەوانە خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای ئەمریکا و یان پەلاماربردن بۆ سەر چەند کەشتیی نەوت ھەڵگر لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، ئیمکانی بەرکەوتەی نیزامیی بەرتەسک لە نێوان ئەمریکا و ئێران، یەکێک لە ئەگەرەکان بووە و لە داھاتویشدا ئیمکانی دووپاتبوونەوەی ھەیە. 

سیاسەتی ئەمریکا دەرحەق بە ئێران تا ئێستا دەست پی ھەڵگرتن لە زیادەڕەوییەکانی بووە.

قسەکانی ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی کە چەند رۆژ پێشتر رایگەیاند "لەگەڵ ھەرکەسێک کە پێویست بکات لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەییدا دادەنیشم"، داگیرسانی گڵۆپی سەوز بۆ دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و شەخسی ترامپ بوو. 

بەڵام دیارە بۆ ئەو کارە دەبێ ڕەزایەتی سوپای پاسداران و "بەیتی ڕەھبەری" بە تەواوی لەگەڵ بێت، ئەگەر ڕاگەیەندراو و بە ئاشکراش نەبێت. 

بۆیە بە باوەڕی من ئەگەری ھەڵگرسانی شەڕێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا تا ئێستاش دیاردەکانی دیار نییە و ھەستی پێناکرێت. 

بەڵام لێدان لە ھێز و پێگە و لایەنگرانی ئێران لە سووریا، عێراق و لوبنان لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە بێ ڕەزامەندیی ئەمریکا بەڕێوەناچێت کە لە ڕاستیدا شەڕێکی بە وەکالەتە کە ئیسرائیل لە جێی ئەمریکا دژبە ھێز و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی دەیکات. 

ئەو ھەڵسووکەوتە کورتکردنەوەی زیاتری دەستی کۆماری ئیسلامی لە ڕووداوەکانی ناوچەکە و تەسلیم بوون بە بەشێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا بە بێ شەڕ و بەرکەوتنی نیزامییە.

 ڕێگای کوردستان: بەرپرسانی ئەمریکا باسی ئەوە دەکەن کە ئەوان نیازی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان ھەیە نەک گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی، ئایا ئێوە جیاوازییەک دەبینین لەنێوان گۆڕینی ڕێژیم و گۆڕینی ڕەفتار و ھەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕێژیمە؟ یان ئایا دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران ھیچ گۆڕانێک بەخۆوە دەبینێ لە ئەگەری گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕێژیم؟ پێتان وایە چارەنووسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر کاریگەری ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی ئامریکا بەکوێ دەگات؟

 حەسەن ڕەحمان پەنا: بەڵێ لە نێوان گۆڕین ڕەفتار و گۆڕینی ڕژیمی دەسەڵاتدار لە سەر ئێران جیاوازیی زۆر ھەیە. گۆڕینی ڕەفتار بە مانای دەست ھەڵگرتن لەو زیادەڕەویی و تەداخۆلانەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەوانە ‌ فەڵەستین، لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و شوێنەکانی دیکە دەیکەن. بە مانای دەست ھەڵگرتن لە درووشمی لە نێوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەسەر گۆی زەوییە.

بە مانای دەست ھەڵگرتن لە سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا و ئیسڕائیل لە خۆپیشاندانە دەوڵەتییەکان لە ئێران و دەست ھەڵگرتن لە ھەڕەشە و گوڕەشەکانی ئاخوندەکان لە نوێژی ھەینی و ھەروەھا بە مانای دەست ھەڵگرتنی سوپای پاسداران لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی لەم وڵاتەیە. دیارە ھەموو ئەمانە بە مانای گۆڕینی ڕەفتاری ڕژیمە کە لە کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە. 

بەوتەی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی "ئەگەر ھەر کات دەسەڵاتی ئیسلام بکەوێتە مەترسییەوە، دەست ھەڵگرتن لە ھەموو ئەو یاسا ئیسلامیانە ی کە ئەو پێی دە گوتن یاسای (ثانوییە) ڕێگاپێدراوە" ، کە وایە لە کۆماری ئیسلامی دا گۆرینی کردار بۆ مانەوەی دەسەڵات زۆر رێگا پێدراوە. 

بەڵام ڕووخاندنی ڕژیم بە مانای دووپاتکردنەوەی سیناریۆکانی وەک عێراق لە دژی سەدام حسێن، ئەفغانستان لە دژی تاڵی‌بان و لیبیا لە دژی معەممەر قەزافی، بە باوەڕی من تا ئێستایشی لە گەڵ بێت لە نەخشە و پلانی دەوڵەتی ئەمریکا دا نییە و بە ئاسانی ئەو دەوڵەتانەی کە ئاماژەیان پێکرا جێبەجێ نابێت .

ڕەوتی ڕووداوەکانی تا ئێستا ھەروەکوو لە وەڵامی ‌ پرسیاری یەکەمیشدا ئاماژەی پێدرا، وەھا داھاتوویەکمان پێ نیشان نادات.

گۆڕینی ڕەفتارەکانی ڕژیمی ئێران، ویست و داخوازی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایە کە ئەگەر ئەوانە ڕووبدا دەبێت گەمارۆ ئابووریەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی لابچن. 

بەڵام لە ئەگەری وەھا ھەلوومەرجێک دا و تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی بەو شەرت و مەرجانە، ئەوەیکە دەمێنێتەوە کۆماری ئیسلامی ناسراوی تا ئێستا نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکی سەرو گوێکراوە کە کەمتر لە ‌دەسەڵاتی ٤٠ ساڵی ڕابردووی ئەو حکوومەتە دەچێت.

بەڵام ویست و داخوازی جەماوەری ناڕازی و دڵ پڕ لە قینی خەڵکی ئێران کە ٤٠ ساڵە ئەسیری ئەو دەسەڵاتە زاڵم و سەرەڕۆیەن، نەک تەنیا گۆڕینی کردار و ڕەفتاری ڕژیم لە دەرەوەی سنوورەکان و ڕووبە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بەڵکوو کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی لە ناوخوی وڵات دایە. 

ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە بواری کۆمەڵایەتیی ، ئابووری و سیاسیی ئێران، بەھاتنە مەیدانی زۆرینەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە واتە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خۆڕێکخستن لە دەوری حیزب و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕ و جەماوەری تەیار بە سیاسەت، ستراتێژی سۆسیالیستی بۆ کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەبێت. 

وەھا ویست و داخوازییەکیش لە خزمەت بە سیاسەت و بەرژەوەندەکانی ئەمریکا و ھیچ کام لە زلھێزە کان و ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆ نییە.

 ڕێگای کوردستان: ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە چ ئەرکێک دەخاتە سەرشانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان؟

 حەسەن ڕەحمان پەنا: ھێز و لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا یەک سیاسەت، ڕێباز، تاکتێک و ستراتێژیان بۆ ئێستا و دواڕۆژی پاش کۆماری ئیسلامی نییە. ھەر حیزب و لایەنێک بە پێی بۆچوون و سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئەو ھەل و مەرجە ھەڵسووکەوت دەکات.

بەشێک لە لایەنەکان بە تایبەت لایەنی لیبڕاڵ و راست ڕەوە کان ، زۆر لە سەر لێشێواویدا بەسەر دەبەن و ھەر رۆژێک شتێک دەڵێن .

بۆ نموونە، ڕۆژێک چاوەڕوانی تەداخولی ئەمریکا و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە ھیمەتی ئەوانن، ڕۆژێک دڵ بە چاکسازیخوازانی ناوخۆیی دەبەستن، ڕۆژێکی دیکە خەباتی چەکداری دەبێ بە درووشمیان، ڕۆژێک پاش نائۆمێدی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە نەرمی نواندن دەرحەق بە کۆماری ئیسلامی، پەنا بۆ بە ناو دانیشتن و وتووێژ دەبەن. ئەم سیاسەتە لە نەفسی خۆیدا ناتوانێ کۆکەرەوەی ھێز و خزمەتکردن بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بە ھاوپشتی لەگەڵ خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بێت. 

بە نیسبەت حیزبی کۆمەڵە وەک لایەنی چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵگای کوردستان، ھەوڵدان بۆ پشت بەخۆبەستنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، پووچەڵکردنەوەی خۆشباوەڕی لە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە باوەڕ و ڕێبازی لیبڕاڵی و ناسیۆنالیستی، دڵخۆش نەکردن بە تەداخولی نیزامی و عەسکەری ئەمریکا دژبە ئێران، ھەوڵدان بۆ ڕێکخستن و بەھێزکردنی بزووتنەوە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە جەماوەرییەکان لە ناو کۆمەڵگای کوردستان و تێکھەڵپێکان و پەیوەندی دانی ئەم بزووتنەوانە بە بزووتنەوە ھاوچەشن و ھاوشێوەکان لە ئاستی ئێراندا، ئەرکێکی لە پێشینەی ئێمەیە.

لە ھەلومەرجی روو لە ئاڵوگۆری ئێران و ناوچەکەدا، ھەوڵدان بۆ ھاوکاریی ھاوبەش لە ئێستا لە سەر خاڵی دیاریکراو و لە داھاتووی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بۆ گیرۆدە نەبوونی کۆمەڵگای کوردستان بە شەڕی ناوخۆ و ھەروەھا بە ڕەسمیەت ناسینی دەسەڵاتی جەماوەر لە ڕێگای نوێنەرانی ھەڵبژێردراوی خەڵکەوە لە لایەن ھەموو ھێزە سیاسیەکان بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە، ئەرکێکی بەردەوام و ڕۆژانەی ھێزی چەپ و سۆسیالیست لە کۆمەڵگای کوردستانە و کۆمەڵە کاری مسئولانەی بۆ دەکات.

 ڕێگای کوردستان: لەو ماوانەی پێشوودا دەنگۆی دانیشتن و کۆبوونەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و چوار حیزبی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بڵاو بۆوە کە گوایە لەوڵاتی(نۆروێژ) ئەو کۆبوونەوەیە کراوە، ئەو ھەواڵە چۆن بووە؟

 حەسەن ڕەحمان پەنا: ئەوەیکە تا ئێستا بە لێدوانی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە قسەی جۆراو جۆرییان تەحویلی خەڵکی کوردستان داوە. 

بەڵام ئەوەیکە مەعلوومە دانیشتنێک لە وڵاتی "نۆروێژ"ڕوویداوە. ئەوەیشی کە ئاشکرایە، ئەو دانیشتنە ھیچ پەیوەندییەکیان بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی ھێنان بە ستەمی نەتەوایەتی، یان ڕێگا چارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەی سیاسی و نیزامیی ٤٠ ساڵی ڕابردووی نێوان کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستانەوە نەبووە. 

ئەو دانیشتنە لە درێژەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بە مەبەستی پێکھێنانی تەفرەقە و ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە شۆڕشی خەڵکی کوردستان دایە.

ئەو دانیشتنە لە درێژەی ھەمان کردەوە ترۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە تیرۆرکردنی د.عەبدولرەحمان قاسملوو سکرێتری پێشووی حزبی دیموکرات لە شاری "ڤیەنا"ی"نەمسا" بوو. 

بۆیە وەھا دانیشتنێک بە نھێنی کە بە قەولی وتەبێژی ھەندێک لە حیزبەکان لە نێوان ئەوان و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران لە ساڵانی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بووە، ھیچی لێ سەوز نەبووە و سەوز نابێت و لە لایەن خەڵکی کوردستان، بەرەی چەپ و سۆسیالیست و تێکۆشەرانی سیاسی غەیری ئەو چوار لایەنە، نە تەنیا پێشوازیی لێنەکرا، بەڵکوو بە نیگەرانی و گومانەوە درایە بەر ڕەخنە و توانچ.

 ڕێگای کوردستان: ئایا ئێوە لەگەڵ دیدار و کۆبوونەوەدان لەگەڵ حکوومەتی ئێران؟

 حەسەن ڕەحمان پەنا: بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان وەک ھەر بزووتنەوەیەکی ڕەوا و بەرحەقی دیکە، بۆی ھەیە و دەتوانێت لەگەڵ سەرسەخت ترین دوژمنیشدا، واتە کۆماری ئیسلامی دانیشتن و وتووێژ بکات. 

ئەو مافە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بزووتنەوەیەیە و ‌ ھیچ پەلامار و تانە و توانجێکی شۆڤێنیزمی ئێرانی ناتوانێ ئەو مافە لەو بزووتنەوەیە زەوت کات. 

بەڵام بارودوخی ئێستا و ھاوسەنگی ھێز لە نێوان نوێنە رانی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان و رژیم وەھا نییە کە مەجالی گوفتوگوی تێیدا رەخسا بێت. 

گفتوگۆکردن لەو بارودۆخەدا لە لایە ن رژیمەوە تەنیا دەتوانێ بوار خۆشکردن بۆ کۆمەڵێک پیلانی کورت ماوە بێت. 

ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە نیازی دانیشتن و وتووێژ بۆ چارەسەری سیاسی کێشەی خەڵکی کوردستان بە شێوەی ئاشکرا بێت، پێویستە لە زمانی وتەبێژانی ئەسڵییەوە وەھا ویستێک ڕابگەیەندرێت. 

ھەروەھا بۆ نیشاندانی ڕاستگۆیی لە وەھا ئەگەرێکدا، پێویستە کۆمەڵێک کردەوە یان پێش مەرج لە خۆی نیشان بدات تا خەڵکی کوردستان، تێکۆشەرانی سیاسی و حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان باوەڕ بە وەھا دانیشتنێک بکەن. 

لەوانە ئازادیی زیندانیانی سیاسی، کۆتایی ھێنان بە فەزای نیزامی زاڵ بەسەر کوردستان، کۆتایی بە کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران، کردنەوەی فەزای سیاسی بۆ چالاکانی بوواری خەباتی کۆمەڵایەتیی و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کشاندنەوەی ھێزە نیزامییەکان لە شوێنی کار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بۆ ناو پادگان و مەعەسکەرە نیزامییەکان.

لە وەھا کەش و ھەوایەکدا، کۆمەڵەى ئێران دانیشتنى ئاشکرا لە وڵاتێکی سێھەم و بە چاودێری ناوەندە نێونەتەوەییەکان ڕەت ناکاتەوە.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان