ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سازدانی: ماڵپەڕی رێگای كوردستان

 تادێت دۆخی سیاسی‌و ئابووری‌و ئیداری لە هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە رووە‌و شپرزەیی‌و ئاڵۆزی دەڕوات، لە سایەی ئەو دۆخە ناهەموارەش ژیان‌و گوزەرانی گەلی كوردستان تا دێت سەختتر دەبێت، بۆ تاووتوێكردنی ئەم واقیعە‌و فۆرمۆڵەكردنی زیاتری گوتاری سیاسی دژ بە گەندەڵی‌و نادادی، ماڵپەڕی رێگای كوردستان بەپێویستی زانی ئەم تەوەرە بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرسیارەكانی ئاراستەی بەڕێز (ئەبو كاروان) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كرد، لە وەڵامدا بەڕێزیان گوتی:

 *خەریكە شاڕەگی ئابووری هەرێم لەنێو گەندەڵیدا بەیاسایی دەكرێت، چی بكرێت بۆ رزگار كردنی؟

+لە پرسیارەكەتان دەڵێن خەریكە! بە دیدی ئێمە ئێستا لە قۆناغی پاش خەریكە-داین!، نەوەك یاسا بەڵكو سیستەمەكەشیان بۆتە سیستەمێكی گەندەڵی، سیستەمی گەندەڵ، لە كورتترین پێناسەدا: بریتییە لە نەمانی جیاوازی لە نێوان موڵك و سامانی گشتی و تاكە كەسدا، بەجۆرێك نوخبەی دەسەڵات چۆنی بوێ بەو چەشنە مامەڵە لەگەڵ سامانی گشتی دەكات. 

ئەم پێناسەیەش رێك پڕ بەباڵای دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستانە. ئەوەتا بەڕۆژی ڕووناك بیری نەوت وەك سامانێكی سروشتی خەڵك لەلایەن خێزانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەكاردێت.

بۆ ڕزگاركردنی ئەم دۆخە، ئێمە پێشتریش و لە مینەبەری دی، بانگەوازی كاری پێكەوەیی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و گروپە جیاوازەكانی ناڕازیمان لەسەر بەرنامەیەكی گۆڕانكاری هەمە لایەن كردووە. 

پرۆسەی گۆڕانكاری و ڕزگاربوون لەم سیستەمە خێزانی، حیزبی و گەندەڵە سەخت بووە، پێویستی بە چوارچێوەیەكی بەرفراوان هەیە لە هێزی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی، كە بنەماكەی هەڵتەكاندنی ئەم دۆخە و جەهەنمی ژیانەبێ.

 *تەمەنی حكومەتی هەرێم بۆ سی ساڵ دەڕوا هێشتا بەدەست دوو پارتەوەیەو ئەوانیش خستویانەتە بەرژەوەندی خۆیان، كاتی گۆڕانكاری نەهاتووە؟

+هەڵبەت گۆڕانكاری زۆر دواكەوتووە، هەموو بەردەوامییەكی ئەم دۆخە یەكسانە بە زیاتری ناهەموواری ژیان و تاڵانكاری و گەندەڵی، ئێستا نەچووە بچێت! خۆ هەر دەبێ هەمووان دەسپێبكەین. ئەم كابینەیە هەموو ڕۆژێك‌و لە هەر كەرتێك تەماشای ئەدای دەكەی بۆ جاری سەدەم شكستیی خۆی دەسەلمێنێتەوە.

 *دەست و ئەجندای وڵاتە هەرێمایەتییەكان تا دێ‌ درێژتر دەبێت و كاریگەری نەرێنی درووستكردووە، پێتوانییە بوونی ئەزموونەكەمان بەرەو لەناوچوون دەبا؟

+پرسیارێكی جوانە، دۆخی هەرێمی كوردستان و دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەكە تادێت درێژتر دەبێ، ڕۆڵ‌و پێگەی هەرێمەكەمان تادێت لاوازتر دەبێ، لەڕاستیدا بەبەردەوامی ئەم باردۆخە دەبێ چاوەڕوانی خراپتریش بكەین. ئەوە ڕاستییەكی تاڵە. ڕۆژگارێك ئەگەر حكومەتی عێراق لە یەكێك لە شارە گەورەكانی هەرێم پێكنەهاتبایە ئەوا لایەنی كوردستانی مافی ڤیتۆی هەبوو، مەرجی خۆی دەچەسپاند، كەچی ئێستا وای لێهاتووە داوای هەرێمی كوردستان و هاتووچۆی هەمیشە نوخبەی دەسەڵاتی هەرێم بۆ داوای پارە و موچەیە، ئەمە لە كوێ و ئەوكات لە كوێ؟

 *بۆچونێك هەیە هەموو ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناساند بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بەرژەوەندیەكان كپی كردنەوە، ئاخر ئەوەی ئەمڕۆش خەریكی جوڵاندنی شەقامە هەروایە ، چۆن ئۆپۆزۆسیۆنێكی تەندرووست درووست دەبێ‌؟ 

+ئۆپۆزسیۆنی پێشووتر لە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی ئێجگار خراپی بەخەڵك پیشاندا، خەڵكی تەواو نا ئومێد كرد، هەموو ئەو دروشمانەی هەڵیگرتبوو هەر خۆی بەتاڵی كردەوە. ئامانجەكانی بەپلە و پۆست و بەرژەوەندی گۆڕییەوە. 

ئۆپۆزسیۆنی ئێستاش بە هەموو لایەنەكانییەوە هەریەك لەلای خۆیەوە لە ئاوازێك دەخوێنێت، ژیانی خەڵكیش تا دێت سەخت و دژوارتر دەبێ. بەڵێ ئێوە ڕاست دەكەن هەندێ لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن سەرگەرمیی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیانن.

ئۆپۆزسیۆنی تەندروست پرۆژەیەكی جدی گۆڕانكاری و بەدیلە، جاڕسكەر و چاودێریكەری دەسەڵاتە، تەنها لە میدیا قسە ناكات، تەنها لە تیوەرەكاندا نیشتەجێ نابێت، بەڵكو ئامرازە جیاوازەكانی خەبات‌و فشار دەبێت كاری ڕۆژانەی بێت. 

ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دەبێ بەرنامەی ڕۆخانی ئەم دەسەڵاتەی بەئامرازە مەدەنی و ئاشتیانەی هەبێ، هەروەها بەرنامەی پاش رووخانیان، بەبێ بوونی بەرنامە و ڕۆئیایەیەكی ڕوون و تۆكمە بۆ چۆنێتی دروستكردنەوە و ئەو وێرانەیەی جووت حیزبی دەسەڵات خوڵقاندوویانە تەنانەت بەلاچوونیشیان گرفت و قەیرانی قوڵ بەرۆكمان دەگرێ. بۆیە بەدیدی ئێمە ئەركی ئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغە بەكورتی بریتییە لە سێ ئەرك:

یەكەم: چوارچێوەیەك بۆ كار و فشار و خەباتی هاوبەش.

دووەم: بەرنامەیەكی هەمەلایەن بۆ گۆڕانكای ئاشتیانە.

سێیەم: بەرنامەیەكی گشتگیر بۆ پاش گۆڕانكاری.

 *ئێستا شەقام توڕەیەو بەڵام كەس نییە پێشڕەویان بكات، حزبی شیوعی پێشتر ئەزموونی هەبوەو بەڕای بەڕێزتان كاتی گرتنە دەستی شەقام نەهاتووە؟

-+هەر كاتێك شیوعی لەشەقام‌و ئێش و ئازارەكانی خەڵك دابڕا لە شیوعیبوون وەك هەڵوێستێكی بەرزی ئینسانی دەكەوێت، ئێمە لەم لایەنەوە بەدەرنین لە كەمووكوڕی، بەتایبەت لە ئاستی سەركردایەتیمان. ئەم ئەدایە خەڵكی زۆری لێڕەجاندووین، بەڵام لەسەر ئاستی بەشێكی تر لە كادیرو تەنانەت سەركردەكانمان ڕۆژانە لەنێو بزووتنەوەكانی ناڕازیی و خۆپیشاندانەكان ڕۆڵی جوامێرانەیان هەیە. كاری شانازیبەخش ئەنجام دەدەن، كاتی ئەوە هاتووە سەكردایەتی حیزبەكەمان كەڵك لە هەڵوێستی شەرفمەندانەی كادیرەكانی وەربگرێت، تەنانەت لێیانەوە فێر بێت. بەڵێ دەبێ ئێمە پێش هەمووان پێشڕەوایەتی خەڵك بكەین، ئەزموونی دەوڵەمەندمان لە بزووتنەوەی جەماوەری بۆ ڕزگاركردنی ئەم جەهەنمی ژیان و گوزەران و گەندەڵیە بخەینە گڕ، جا لەو شەقامی شەڕەفە چارەنووسی ئێمە چی دەبێت با ببێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە خەڵك بەجێنەهێڵین.

 

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان