ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تادێت دۆخی سیاسی و ئابووری و ئیداری لە هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە رووەو شپرزەیی و ئاڵۆزی دەڕوات، لە سایەی ئەو دۆخە ناهەموارەش ژیان و گوزەرانی گەلی كوردستان تا دێت سەختتر دەبێت، بۆ تاووتوێكردنی ئەم واقیعە و فۆرمۆڵەكردنی زیاتری گوتاری سیاسی دژ بە گەندەڵی و نادادی، ماڵپەڕی رێگای كوردستان بەپێویستی زانی ئەم تەوەرە بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرسیارەكانی ئاراستەی بەڕێز هاوڕێ (هیوا عومەر) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كرد.

سازدانی: ماڵپەڕی رێگای كوردستان

*خەریكە شاڕەگی ئابووری هەرێم لەنێو گەندەڵیدا بەیاسایی دەكرێت، چی بكرێت بۆ رزگار كردنی؟

وەڵام : دەمێكە بنەمای ئابووری هەرێم رووبەرووی گەندەڵی بۆتەوە لەو رێگایەشەوە حزب كەناڵ و چەندین دامەزراوەیی تری گەورەی پێ بنیادنراوە. كاتێك حزبە دەسەڵاتدارەكان كۆمپانیاكانیان و سیاسییە حوكومڕانەكان رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەنتر دەبن لە چوارچێوەی حوكمرانی "ئۆلیگاریشی" بە پێچەوانەشەوە زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە رووبەرووی هەژاری و بێكاری و دابەزینی ئاستی داهاتی تاك دەبینەوە. ئەم دۆخە قەدەرنییە بەڵكو ئەنجامە، كە هۆكارەكەی گەندەڵی و جێگاكردنەوەیەتی لە چوارچێوەی یاساكاندا وەك رەنگدانەوەی پرۆژەی ئایدۆلۆژی بۆرژوازی حكومران لە چوارچێوەی فەرزكردنی سیاسەتی نیولیبرالیزم بەسەر كۆمەڵگە. لەئاستی ئابوری و كۆمەڵایەتیدا لە دوای نەوەتەكان و بەتایبەتی لە ساڵی 2005 وە پرۆسەی گۆرینی پەیكەری ئابوری و كۆمەڵایەتی بەچڕی دەستی پێكرد بە جۆرێك ڕۆژانە هاوڵاتیان لەمسی لێكەوتەكانیان دەكرد لە وێرانكردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە دەستیان هێنابوو لە ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتیمان كە لە پێشوو لە ئەنجامی تێكۆشانی كرێكارانی بیروبارزوو و هێزە چەپەكان لەسەر دەوڵەت فەرزكرابوو. پرۆسەی گۆرینەكە لە چوارچێوەی پرۆژەی نیولیبرالیزمی ئابوریدایە وەك پاكێجێك كە بینیمان چۆن دەسەڵات وازی هێنا لە ئەركەكانی بەرامبەر كۆمەڵگا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان هاوكات دانانی باج و سەرانە لەسەر هەمووشتێك بە خۆڵ و خاشاكی ماڵانیشەوە، ئەم نیولیبرالیزمە ئەگەر بۆ وڵاتانی خۆراوا و ئەمریكای لاتین جارێك زیانی هەبوو بێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە چەندین ئاستە، بەجۆرێك قەدەری ژیانیان نەك بە ئابوری بازار بەڵكو تەسلیمكرا بە ئابورییەكی بازار كە مافیای سیاسی ڕاستەوخۆ كۆنترۆڵی كردووە و چۆنی بوێت ئاوا بەكاری هێناوە لە دزینی سامان و كۆكردنەوەی هێز وەك هێزێكی بۆرژوازی مشەخۆری پاشماوەی خێڵەكی و پاشكۆی هێزە سەرمایەدارەكانی جیهانی.

لە ئێستادا كاتێك ڕووبەڕووی پەتایەكی وا بەناوی كۆرۆنا دەبینەوە تێدەگەین چ ژێرخانێكی وێرانەی تەندروستی و ئابوریمان هەیە، ئەوەی تا ئێستا كرابێت بۆ خۆپارێزی لەسەر شانی هاوڵاتیان بووە لە رێگای قەدەغەی هاتووچۆوە بەبێ ئەوەی حكومەت هیچ ئەركێكی لە ئاستی ژیانی جڤاكی و ئابوریدا جێ بەجێ بكات، تەنانەت كار گەیشتووە بەوەی مووچەی كرێكارانی كەرتی گشتی (فەرمانبەرانیش) دابین ناكات، رێژەی هەژاری و بێكاری لە ئاستێكی مەترسیدایە بەجۆرێك هەندێك داتا ئاماژە بە ئاستی 40 % لە بێكاری دەكەن لە بەرامبەریشدا كەمینەك لەناو دەسەڵات و بازار تادێت دەوڵەمەندتر دەبن؟!

*تەمەنی حكومەتی هەرێم بۆ سی ساڵ دەڕوا هێشتا بەدەست دوو پارتەوەیەو ئەوانیش خستویانەتە بەرژەوەندی خۆیان، كاتی گۆڕانكاری نەهاتووە ؟

وەڵام : ئەوەی گۆرانكاری فەرزدەكات هەڵكشانی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە نیە بەڵكو هەڵكشانی قەیران و شكستەكان و گەیشتنیەتی بە دۆخی بنبەست لە ئاستی تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و هەڕەشەكانی سەر مافە سیاسی و مەدەنیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییەكان و دەست وەردانی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، بەجۆرێك هەرێم گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەكەم، هەموو ئەمانە ئاماژەن بە كەوتنی ئەم مۆدێلە لە حوكومڕانی، ئەوەی وایكردووە تا ئێستا بمێنێتەوە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە هاوسەنگی هێز و غیابی پرۆژەیەكی سیاسی و ئابورییە وەك بەدیل.

*بۆچونێك هەیە هەموو ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناساند بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بەرژەوەندیەكان كپی كردنەوە، ئاخر ئەوەی ئەمڕۆش خەریكی جوڵاندنی شەقامە هەروایە، چۆن ئۆپۆزۆسیۆنێكی تەندرووست درووست دەبێ؟

وەڵام : نارەزایەتییەكانی فەرمانبەران و كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان بەشێكە لە تێكۆشان دژ بە سیستەمی چینایەتی لە چوارچێوەی داواكردنی مافی كار و مووچە و عەدالەتی كۆمەڵایەتی. چەند تێبینیەك بەگرنگ دەزانم لە مڕۆدا وەك مەترسییەك لەسەر ئاڕاستە و ئەنجامی نارەزایەتییەكان و رۆڵی ئەو هێزانەی لەسەر بلۆكی ئۆپۆزسیۆن ئەژمار دەكرێن .

یەكەم: لەلایەك ئەم ناڕەزایەتیە لە كاتێكدایە هێزە ڕاستڕەوەكانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هەوڵی بەكارهێنان و قۆرغكردن و بەلارێدابردنی دەدەن بەپێی ئەجندای تەسكی بەرژەوەندی و ناكۆكییەكانی خۆیان واتە تەنانەت شەقامیش دوورنیە لە كارلێكردن و ناكۆكی و نارەزایەتی بۆرژوازی نابێت بە چاوێكی موقەدەسەوە سەیری شەقام بكرێت، ئەوە بەمانای ئەوەنییە وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكردووە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی شەقام بەشێك نەبێت لە ململانێی چینایەتی، بەبێ دوودڵی پێویستە پاڵپشتی بكرێت و وەك ئومێدێك بۆ گۆڕانكاری سەیری بكرێت.

دووەم: لە لایەكی تر مەترسی دیاردەی پۆپۆلیزمە، لە ڕابردوو چەند هێزێكی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات بەكاریان هێنا، كاریگەری مەترسیەكانی هێشتا بەردەوامە لەسەر ئەو بزوتنەوە كۆمەڵایەتیانە لە بڵاوبەونەوەی بێ هودەیی لە ئەنجامدانی تێكۆشانی جەماوەری بۆ گۆڕانكاری. لەم ساتەوەختەدا جارێكی تر ئەم دیاردەیە لە رێگای سەرۆك و میدیای پۆپۆلیستەوە خەریكی تەلقیندانی خەڵكن بەوەی سەرۆكی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوی ناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەك فریادرەس و ڕزگاركەر نیشاندەدرێن كە خاڵی جەوهەری ئەوان تەنیا ڕازیكردنی خەڵكە بۆ گەیشتن یا مانەوە لە دەسەڵات وەك ئەوانی پێشوو بەبێ هیچ پرۆژەیەكی لە ناوەڕۆكدا جیاواز بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی و ئابوری لە خزمەتی كرێكاران و خەڵكی كوردستان ئەنجامیدا و ئێستاش بونەتە بەشێك لە دەسەڵات.

سێیەم: ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی گۆڕانكاری بەڵام ئەوە بەبێ خۆڕێكخستنی ناڕازیبوان و یەكگرتوویی یا كاری بەیەكەوەیی لەناوچەپەكان و لەگەڵ جەماوەر و كرێكاران و فەرمانبەران لە چوارچێوەی خستنەڕووی بەرنامەی بەدیل بەدی نایەت، ئەزمونی وڵاتانی عەرەبی و ڕاپەرینەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی عێراق دواین ئەزمونن شایانی وانەن بۆ ئێمە، واتە یەكگرتوویی خەڵكی زەحمەتكێش و لەگەڵ بەیەكەوە كاركردنی چەپەكان لە تێكۆشانی جەماوەری و بوونی ڕوئایەكی ڕوون وەك بەدیل لەم دۆخە فاكتەری سەرەكی سەرخستنی نارەزایەتی كرێكاران و فەرمانبەران و خەڵكی بەشمەینەتە، ئەمەش دەبێت وەك پرۆسەیەك بیبینین لە ئەنجامی كەڵەكە بوونی دەگات بە ئەنجام و گۆڕانكاری ڕاستەقینە لە خزمەتی زۆرینەی كۆمەڵگا.

*ئێستا شەقام توڕەیەو بەڵام كەس نییە پێشڕەویان بكات، حزبی شیوعی پێشتر ئەزموونی هەبووەو بەڕای بەڕێزتان كاتی گرتنە دەستی شەقام نەهاتووە؟

وەڵام : هیچ هێزێك ناتوانێت تاسەر شەقام بەدەست بهێنێت بەڵام ئەوەی وادەكات رۆڵی گرنگی تیاببینێت و بمێنێتەوە بەرنامەی سیاسی و ئابوری و تەكنیكی سیاسی و رۆڵی حزبی پێشڕەوە و باری بابەتییە. مێژووی نزیكەی سەدەیەكی عێراق و كوردستان تەژییە لە تێكۆشانی چەپ و كۆمۆنیستەكان لە ناو شەقامدا لە ساڵانی چل و پەنجا و دواتری سەدەی رابردووەوە كۆمۆنیستەكان پێشڕەوایەتی خۆپیشاندانی هەزاری وملیۆنی خەڵكی كوردستان و عێراقیان كردووە كە لە مێژووی عێراقدا نمونەی نەبووە، بنەمای كاری رێكخستنی كرێكاری و سیاسی لە عێراقدا لەسەر دەستی كۆمۆنیستەكان گەشەدەكات و دێتەكایەوە. ئەو مێژووە ئەزموون و سەرمایەكی گەورەی بە ئێمە داوە كە هیچ كام لە لایەنەكانی تر نیانە، سەرەرای جیاوازی هەلومەرجی ئێستا لە ساڵانی ناوەراستی سەدەی رابردوو بەڵام ئێستاش كۆمۆنیستەكان دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن، لە رووی رێكخستن و تواناو بیروباوەرەوە ركابەرمان نییە، لە مێژوودا ئێمە زۆرجار بەهۆی قەیرانی بەرێوەبردنی حزب و سەركردایەتییەوە هەلی گەورەمان لە دەستداوە. دەبێت ئێمە باوەرو متمانەمان بەخۆمان بێت بۆ ئەو كارە، هاوكات قوربانی و وە لاوەنانی بەرژەوەندی كەسی و خوێندنەوەی هاوپەیمانیەتی و پەیوەندییە سیاسیەكانمان بە چاوێكی رەخنەگرانەوە پێویستە. سەرەرای ئەوەی لە زۆربەی خۆپیشاندان و بزوتنەوە جەماوەرییەكانی ئەم چەند ساڵەش هاورێیانی ئێمە رۆڵی گرنگیان تیابینیوە كە لە هەندێكیان وەك ئەوەی مامۆستایانی هەولێر و هتد .. رۆڵی پێشڕەوایەتی جەماوەریان بینیوە و كاریگەری گەورەی خستەوە لە دەربازكردنی نارەزایەتی جەماوەری لە حالەتی خۆرسكی و بێ بەرنامەیی، نابێت ئەوەشمان بیربچێت رادیكاڵبونی حزب دابڕاونییە لە مەدی رادیكاڵبونی كۆمەڵگەو ئاستی ئامادەیی جەماوەر بۆ رزگاركردنی خۆی و گۆرینی واقعیی فەرزكراو.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان