ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سازدانی؛ ڕێبین

زیرەک کەمال نووسەر و ڕۆشنبیر لە چاوپێکەوتنێکی (ڕێگای کوردستان)دا، هەڵوەستە لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی لە باشووری کوردستان دەکات. لەڕووی کارایی و کاریگەرییەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن بزاڤی ڕۆشنبیری لە قۆناخی پێش ڕاپەڕین، سەرەڕای سانسۆری زۆری بەعس، بەڵام هێشتا کاریگەریی لە ئێستا زیاتر بوو. هەروەک ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ساڵانی دوای ڕاپەڕین حزبەکانی باڵادەست پرۆژەیەکی گەورە و مەترسیداریان بە ئاراستەی بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیریی دەستپێکردووە.

بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە باشووری کوردستان لە دۆخی ئەمڕۆدا چۆن دەخوێننەوە؟

- بزاڤی ڕۆشنبیری کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاجیای لێدەبێتەوە، ڕۆشنبیری ناکرێت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و بەرتەسک خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەوەی لە کوردستان پەیوەست بە بزاڤی ڕۆشنبیری دەگوزەرێت لە پەراوێزی ڕووداوەکان و لەپەراوێزی واقیعی ژیانە. چونکە دواجار ڕۆشنبیری بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە سیاسەت و فیکر و فەلسەفە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە، دواجار هەموو ئەوانە، مادەم بەرهەمی عەقڵی مرۆڤن و لەخانەی مەعریفەی مرۆیین، لەوێشەوە دەبێت سەیریان بکرێت، بەداخەوەی ئەوەی ئێستا لە کوردستان تایبەت بە بزاڤی ڕۆشنبیری دەگوزەرێت، دووبارەبوونەوەی ئەو واقیعە سیاسییە تاڵەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و پێشتریشدا هەبووە، وەک چۆن ئەوکات لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، بزاڤی ڕۆشنبیری لە پەراوێزدا دەژیا و نەیدەتوانی کاریگەریی تەواوەتی لەسەر کۆمەڵگە دابنێت، لەدوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیش لەو چەند ساڵەی دوایی کە سیاسەت هەموو شتێکی بێ نرخ و بەها کرد، بزاڤی ڕۆشنبیری دیسان کەوتەوە پەراوێزەوە.جاران سەرەڕای ئەوەی ئێمە شاعیر و ئەدیب و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەمان هەبوو، بەڵام ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر کۆمەڵگە نەبوو، چونکە دیکتاتۆریەت فەزای سیاسی بەڕێوە دەبرد، دیکتاتۆریەت دوو جۆر سانسۆری لەسەر ڕۆشنبیران هەبوو، یەکەم؛ لەسەر ماهیەتی سیاسییان، کە ڕۆشنبیرانی ئێمەش بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری وەک تەواونەبوونی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و ئەو زوڵم و ستەمەی بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە، زۆرینەی ڕۆشنبیران چوونە ناو سیاسەتەوە، واتە ڕۆشنبیران وەک بوونەوەر و کارەکتەرێکی سیاسی سەیر دەکران. دووەمیان؛ خودی ڕژێم سانسۆرێکی سیاسی بەسەر ڕۆشنبیران و ئەو بزاڤە ڕۆشنبیرییە هەبوو کە لەسەر ئاستی داهێنان پلەیەکی بەرزیان هەبوو. بۆنموونە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و پێشتریشدا ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب نەبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب هەبوو، لە سەردەمی بەعس ئازادی قسەکردن و بیروڕا دەربڕین نەبوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین ئەو ئازادییە هەبووە، بەڵام ئەگەر لەکۆی فۆڕمە گشتییەکە تەماشا بکەین کێشەکە ئەوە نییە بەعس بزاڤی ڕۆشنبیری خستبووە پەراوێز و ژێر سانسۆرێکی زۆر چڕەوە، هەروەها کێشەکە ئەوە نییە لەدوای ڕاپەڕین ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە و ئازادی قسەکردن و بیروڕا هەبووە، کێشەکە ئەوەیە کە بزاڤی ڕۆشنبیری لەسەردەمی بەعسدا هێشتا کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە زیاتر بوو تا بە قۆناغی دوای ڕاپەڕین. واتە بەعس جگەلەوەی سانسۆرێکی توندی لەسەر ڕۆشنبیران هەبوو، مامەڵەیەکی توندوتیژی لەگەڵ بزاڤەکەدا دەکرد، بەڵام هەموومان لەبیرمانە کاتێک نامیلکە و کتیبێک دوای تێپەڕبوونی بە چەندین فلتەری بەعسدا، بەڵام لە کتێبخانەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و شارەکانی دیکە نۆرە دەگیرا بۆنموونە بۆ کڕینی کتێبێکی وەک ڕۆمانی (حەمەدۆک) و (کاریتە یان ئەودیو چیا)ی یەشار کەمال. بزاڤی ڕۆشنبیری لەوکاتدا کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر کۆمەڵگە هەبوو، هەرچەند میکانیزمی گەیشتن بە کۆمەڵگە لاواز و سنووردار بوو، چونکە ڕادیۆ و تیڤییەکی ئازاد، ڕۆژنامە و گۆڤارێکی ئازاد نەبوو، بەوحاڵەیشەوە کاریگەرییەکە لەوکاتدا زیاتر بوو، ئەوکات مەسەلەی ئەدەب و ڕۆشنبیری بە هەموو بوارەکانییەوە لای خەڵک قەزیە بوو، کاری نووسین و ڕۆشنبیری هیی ئەو کەسانە بوو کە خولیا و تاسە و ئەشقیان بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیری هەبوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە دۆخێکی دیکە هاتە پێشەوە. لەبەرئەوەی لەناو کەلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەدا بەردەوام نووسەران و شاعیران و ئەدیبان ڕێزگیراون، خەڵکانێک ویستیان خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەو سەروەرییە، بیرمان نەچێت لە قۆناغی پێش ڕاپەڕین کاتێک نووسەرێک دەقێکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەیەک بڵاودەبووەوە، پیرۆزبایی لە نووسەرەکە دەکرا، زۆرجار نووسەرەکە بەو بۆنەیەوە داوەتی خەڵکی دەکرد، چونکە بابەت و وتارێکی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بڵاوکراوەتەوە، جا ئەگەر بگەیشتبووایە بڵاوکردنەوەی نامیلکە و کتێب، ئەوا وەکوو قوتبێکی گەورەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری سەیر دەکرا، بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕین پرۆژەیەکی سیاسی بۆ بێنرخکردنی هەموو شتەکان کاری کرد، لەناو ئەوانەشدا بزاڤی ڕۆشنبیری.

ئەو پرۆژە سیاسییە چۆن و بۆچی کاری لەسەر بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیری کرد؟

-قسەیەک هەیە دەڵێ؛ ئەگەر ویستت شتێک لەناوببەیت، یەکەمجار بێرخی بکە، دواتر پەلاماری بدە و لەناوی ببە. لەدوای ڕاپەڕین بەهۆی سیاسەت هەموو کەلینەکانی ژیانی ئێمەی داگیرکرد، پرۆژەیەکی وردی ئاراستەکراوی حزبی هەبوو بۆ بێرخکردنی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیران، ئەدەب و ئەدیب، هونەر و میوزیک و ...هتد، سیاسییەکان هەموو کایەکانی کۆمەڵگەیان داپۆشی و بۆ خۆیان برد. حزب سەندیکای هونەرمەندان و ئەدیبان و مامۆستایان و قوتابیان و ژنان و ...هتد دامەزراند، وەک چۆن لە قۆناغەکانی پێشوو ڕژێمە تۆتالیتارەکان کۆنترۆڵی هەموو کایە و بوارەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد، تا بە ئێستایش دەگات هەموو ناوەندەکانی پەیوەست بە بزاڤی ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، دەبێت لەسایەی حزبدا هەناسە بدات، ئەمڕۆیشئێمە شاعیر و نووسەری گەورەمان هەیە، بەڵام دەبینی حزب لەپڕ وەکوو دەبدەبە(میزەڵدان) یەکێک پف دەدات و دەیگەیەنێتە ئاسمان، لەکاتێکدا ئەو کەسە هیچی پێ نییە. یان ئەوەی جاران جگەلە سانسۆرە وردەکە، دەبوو ئەوەی کتێب و نامیلکەیەک بەچاپ دەگەیەنێت لەڕووی ناوەڕۆک و تا زمان و ڕێنووسەوە دەوڵەمەند بێت، جگەلەو سانسۆرە سیاسییەش هەبوو، بەڵام کەم نین ئەو کتێبە گرنگ و بەنرخانەی لەسەردەمی بەعس لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردەوە چاپ و بڵاوکرانەوە و هەروا بە کاریگەریی خۆیان ماونەتەوە. لەو پرۆسەیەدا چ وەرگێڕانی دەق و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی نووسەرانێکی وەکوو یەشار کەمال و مەکسیم گۆرکێ و ...هتد بێت یان ئەو وتار و بابەتانەی نووسەرانێکی وەکوو د. کەمال مەزهەر و کاکە حەمەی مەلا کەریم و د. عیزەدین مەلا ڕەسووڵ و چەندانی دیکە لەپاڵ دەقە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ...هتد، هەموو ئەوانە کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر خەڵک و کۆمەڵگە دروست دەکرد، واتە سەرەڕای ئەوەی بەعس لەڕێگەی سانسۆرەوە هەوڵی بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیری دەدا، بەڵام نەفەسێک هەبوو بۆ نووسین و بڵاوکردنەوە، ئەو کەمە نەفەسە، کاریگەریی زۆری زیاتری لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگە هەبوو، بەراورد بە بزاڤی ڕۆشنبیری لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین کە ئازادی نووسین و ئازادی بڵاوکردنەوە هەبوو.

لەدوای ڕاپەڕین ژمارەی ناوەندەکانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بەخێراییەکی زۆر هەڵکشان، حزبەکان بوون بە خاوەنی ناوەندی گەورە و زۆر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دامەزران، ژمارەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان زۆر بەرزبوونەوە، واتە گەشەیەکی زۆر و خێرا لەڕووی چەندایەتییەوە ڕوویدا، بەڵام بۆچی بزاڤەکە لەدوای ڕاپەڕین کاریگەرییەکەی لە کورتی دا، ئێوە تێبینیتان لەسەر باری چۆنایەتی هەیە؟

-مەسەلەی چەندایەتی و چۆنایەتی کاریگەریی زۆر و فرەلایەنی هەیە، لە کوردەواریی خۆمان بەخۆڕایی نەگوتراوە؛ زۆریی و بۆریی. هەموو چەندایەتییەک لەسەر حیسابی چۆنایەتی بووە و دەبێت. ئەو کاریگەرییانەی فەلسەفە و فیکری فەلسەفی لە وڵاتانی ئەوروپا و لەسەر گەلانی ئەمریکا دروستی کرد، چەندایەتییەکە نەبوو چۆنایەتییەکە بوو، دەستپێکی خۆڕاپسکاندن و خۆڕزگارکردن لە فەزای دینی و کەنیسە، کە مارتن لۆسەر و کاڵڤن بەتایبەت مارتن لۆسەر پێیهەڵدەستێت، ئەو پرۆسەی کاریگەرییە تا دەگاتە بۆیل و ئەرخەمێدس و کانت و ڕۆسۆ و تا مارکس و ئەنگڵس و ...هتد، ئەوەی کاریگەریی و گۆڕانکاریی لە سەر هۆشیاری گەلانی ئەوروپا دادەنێت، مەسەلە چۆنایەتییەکە نەک چەندایەتییەکە. لەدوای ڕاپەڕین لەڕووی چۆنایەتییەوە ئێمە دەقی زۆرباشمان هەبوو، وەکوو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، شیعری زۆرباشمان هەبوو وەکوو دەقەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و دەقی چیڕۆکی زۆرباشی نووسەرانێکی وەکوو ڕەوف بێگەرد، عەتا محەمەد، ڕێبوار حەمە ڕەحیم، کاروان کاکەسوور و چەندانی دیکە، بەڵام ئەو بارە چەندایەتییەکە کە دەزگە حزبییەکان لەڕێگەی هەڵڕشتنی پارەوپوولێکی زۆرەوە دروستیان کرد، وایکرد هەر ئەو بارە چەندایەتییە لەشێوەی لەشکرێکی سەربازی و چەکدارەوە پەلاماری بارە چۆنایەتییەکەیان دا. ئەمڕۆ پێش ئەوەی دەست بەو دیدارە بکەین، کتێبێکی شیعرییم خوێندەوە، لەڕووی ڕووخساری کتێب و دیزاین و چاپەوە، تا بڵێی کتێبێکی جوان و سەرنجڕاکێش، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی وێرانەوە. ئەو زۆر و بۆرییەی لەدوای ڕاپەڕین دروست کرا، حزبەکانی سیاسی چەند کاریان کرد لەسەر کۆنترۆڵکردنی کایەکانی ئابووری و سیاسی و حوکمڕانی، ئەوەندەیش بەوێنەی ئەختەبوتێک پەلوپۆیان هاوێشت بۆ کۆنترۆڵکردنی کایەی ڕۆشنبیری و وایانلێکرد، ئەگەر شاعیرێک یان نووسەرێک کۆمەڵێک دەقی جوان یان بابەتێکی جدی هەبێت بە زەحمەت بتوانێت چاپ و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام لە بارەگای حزب و بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیان کتێبی بەرگجوان و پەڕجوانی نەخشێندراو، بەڵام پڕ لە هیچ نەگوتن بڵاو دەکرانەوە.

کەواتە پرۆسەیەک کە حزبەکانی سیاسی لەڕووی چەندایەتییەوە کاریان لەسەر کرد، لەکۆتاییدا بە ونکردنی بارە چۆنایەتییەکە، واتە ونکردنی دەقە بەرزەکان کۆتایی هات؟ واتە چۆنایەتییەکە لەناو زۆری و بۆریی و بارە چەندایەتییەکەدا ون کرا و هەژموونی بەسەردا کرا؟

-قسەیەک هەیە، دەڵێ؛ ئەگەر ویستت شتێک بێنرخ بکەیت زۆر دووبارەی بکەوە، ئەگەر ویستت کاڵایەک لە بازاڕ بێنرخ بکەیت زۆری بکە، دەزانی ئەوەی لەبازاڕدا زۆر دەکرێت، بێنرخ دەبێت، مەترسی چەندایەتییە لەوێدایە کە بەپێوەر و لێکدانەوەی کوردەواریی خۆشمان، کاریگەریی لەسەر باری چۆنایەتی دادەنێت و دایدەپۆشێت. ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت ئەو چەندایەتییە مەترسییەکی گەورە بووە لەسەر چۆنایەتی. زۆری و بۆرییەکە، بەڕادەیەک بووە کە دەق و نووسینی جدی تێدا ون دەکرێت، بیرمان نەچێت تا دروستبوونی ئەو قەیرانە ئابوورییە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو، نووسراو و بیستراو لە هەرێمی کوردستان هەبوو، جگەلە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا، ئەو زۆریی و بۆرییە زیانیکی گەورەی بە بزاڤی ڕۆشنبیری گەیاند، زیانێکی زۆری بە کتێب گەیاند، تێبینی بکە، لەو ماوەیە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەڕێگەی بڕیارێکەوە هەوڵیدا ئازادی چاپەمەنی بخاتە ژێر سانسۆرەوە، کە من بەڕاستی دژی بووم، چونکە ئەو پەراوێزە ئازادییەی هەیە، ئەویش نامێنێت، بەڵام لەڕوویەکیشدا سەیر دەکەیت سەر ڕەفەی کتێبخانە و کتێبفرۆشییەکان یەکپارچە لە کتێبی بەرگجوانی ناوەڕۆک بەتاڵن. ئەو بارە چەندایەتییە لەشێوەی داپۆشیندا، کاریگەرییەکی تەواو نەرێنی لەسەر باری چۆنایەتی دروستکردووە، هەروەک پرۆژەیەکی ترسناک هەیە لەپشت بێنرخکردنی گوتن و بڵاوکردنەوەوە.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، لەپاڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کە خاوەندارێتییان بۆ حزبەکان دەگەڕێتەوە، کۆمەڵێك دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دیکە لەشێوەی کۆمپانیای تایبەت پێکهاتن، ئەوان چ کاریگەرییەکیان لەسەر بزاڤە ڕۆشنبرییەکە دروستکرد؟

-هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە، فەزا سیاسییەکە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەی داگیرکرد، لە هەوڵی ئەوەدابوون و کاریان بۆ کرد و سەرکەوتووش بووین لە کۆنترۆڵکردنی هەموو کایەکانی ڕۆشنبیری، ئەدەب و هونەر و وەرزش و ...هتد، سیاسەت وەکوو ئەختەبووت دامەزراوەکانی لەسەر بنەمای پەیکەری سیاسی خۆی داڕشتەوە، حزبەکان بەهەمان شێوەی دامەزراوەکانی سیاسی، ویستیان سەرجەم ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و مەعریفی، بەو شێوەیە دروست بکەنەوە کە خۆیان دەیانەوێت. بۆنموونە لەکایەی کارگێڕیی، شتێکم بیست و بەدواداچوونم لەسەر کرد و ڕاستی بوو، حزبێکی سیاسی کەسێک دەکاتە وەزیر، ڕۆژێک بەڕێوەبەری نووسینگەکەی، مامەڵەی هاووڵاتییەکی بۆ دەبات و دەڵێ؛ جەنابی وەزیر هامشێک لەسەر نووسراوەکە بنووسە، هامش بەواتای ڕای وەزیرەکە، بەڵام جەنابی وەزیر هەر ڕێک و ڕاست لەسەر نووسراوەکە دەنووسێت؛ هامش! ئەوە نموونەیەکە چۆن لەکایەی کارگێڕیی و حوکمڕانی کەسانی بێتوانا و ناشارەزا پۆستی جیاجیا و بەرزیان وەرگرت، دامەزراوە و ناوەندەکانی ڕۆشنبیرییش بەو شێوەیە پێکهێنران. تا ئەو قەیرانە دروست نەبوو لە هەرێمی کوردستان ٥٤١ سەنتەری ڕۆشنبیری هەبوو، من خۆم سەردانی زۆر لەو سەنتەرانەم کردووە، لەکۆی هەموو ئەوانەدا، سێ سەنتەری لێدەربکەیت، کە هەندێک سیمای ڕۆشنبیری لەخۆدەگرت، هەموو ئەوانی دیکە هیچ سیمایەکی ڕۆشنبیرییان پێوە دیار نەبوو. ئەو پرۆژە سیاسییەی لە پشت بێنرخکردنی خودی سیاسەت بوو، سیاسەت ڕووتکرایەوە بۆ ململانێیەکی بێمانای حزبی و داماڵدراو لە هەر بەهایەکی دیموکراسی، لەهەوڵی ئەوەدابوون دامەزراوە و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بەهەمان شێوە بگۆڕن، کاتێک ناوی سەنتەرێک دەهات هەموومان دەمانزانی سەنتەری پارتی یان هیی یەکێتییە. دەمانزانی کام بەرپرس و سەرکردەی حزب لە پشت سەنتەرەکەیە، ڕاستییەکەی، هەوڵی حزبەکان بۆ بە سیاسیکردنی کایەی ڕۆشنبیری، مەترسی کەمتر نەبوو لە ئیسلامی سیاسی کە هەوڵی بە سیاسییکردنی ئاینی دا.

لەدوای ڕاپەڕینەوە چەندین زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان دروستکران، بزاڤێکی ڕۆشنبیرییش لە دەرەوەی ئەو ناوەندانەدا هەبوو یان هەیە، ئایا چۆن کاریگەریی و کارتێکەرییەک لەو نێوانەدا هەبووە؟

-کاتێک باس لە ئەکادیمیا دەکەین، واتە بەرزترین دامەزراوەی خوێندن و پەروەردە و پێگەیشتن و تێگەیشتن. ڕاستی خودی ئەکادیمییەکانیش وەکوو ڕۆشنبیران و ئەدیبان مەعاناتیان هەیە، حزبەکان پرۆژە و بەرنامەیەکی گەورەیان هەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی زانکۆکان، من بەڵگەم هەیە کە پیاوێک هەتا مرد خۆیی و باوباپیریشی قەساب بوون، ئەو پیاوە کە ئیمزای خۆی نەدەزانی لە کوردستان زانکۆیەکی کردەوە. ڕاستە لە ئەوروپایش دەشێت سەرمایەدارێک زانکۆیەک بکاتەوە، بەڵام تێگەیشتنی بۆ زانکۆ و ئەکادیمیا هەیە. لە هەرێمی کوردستان ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆ هەیە، ساڵانە لە یاریگەکان ڕیزیان دەکەن و کڵاوێکی قووچیان لەسەر دەکەن، ئەو کەسانە لە پێش چوونە زانکۆ و دوای تەواوکردنی زانکۆ لەڕووی هۆشیاریی و مەعریفەوە وەک خۆیەتی. وڵاتی ئێمە پڕە لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، زۆرێکیان مرۆڤی باشن و خزمەتیان کردووە، بەڵام هەمان چەندایەتی و چۆنایەتی باسمان کرد، ناوەندە ئەکادیمییەکانیشی داپۆشیوە. ئێستا وای لێهاتووە لە هیچ گەڕەک و کۆڵانێکدا ماستەر و دکتۆرایەکت نەبێت، ئەوە هەمان بێنرخکردنی ئەکادیما بوو لەژێر کاریگەریی پرۆژە سیاسییەکەدا. بەداخەوە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان نەیانتوانی هەڵوەستە لەسەر پرسە بنچینەییەکان بکەن، بەڵکو هەندێک لەو تیۆرانەی ئێستا لە زانکۆکانی کوردستان دەخوێندرێن، ساڵانێکە بە تیۆری نوێ جێگەیان پڕ کراوەتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەت کراونەتەوە.

ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیریی لە ئاستی ناوخۆ و تاراوگەدا بکەین، یان وردتر هەڵوەستە لەسەر ڕۆشنبیرانی ناوەوە و دەرەوە بکەین، پەیوەندی و گرێدراوییەک لەو نێوەندەدا هەیە؟

-بەداخەوە نەبوونی چوارچێوەیەکی ئەقڵانی بۆ بەدیموکراسیکردنی ململانێی حزبایەتی لە کوردستان و نەبوونی کەلتووری بەیەکەوەژیانی مەدەنیانە، بەڵکو هەبوونی پرۆسەیەکی نادیموکراتییانە لە ئاستە سیاسییەکەوە بۆ ناو ڕۆشنبیران گواسترایەوە. ئەو ململانێ و پێکەوەهەڵنەکردن و بەڕقەوە سەیرکردنی یەکتر، چەند لەئاستی ناوەندە سیاسییەکاندا هەیە، ئەوەندەیش لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا هەبووە. لەبیرمان نەچێت لە سەردەمی بەعسیشدا زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیری کورد هەر قسە و پەیوەندییان بەیەکەوە نەبووە، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەو ناوەند و سەنتەرە ڕۆشنبیرییانەی هەبوون، لەگەڵ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لە دەرەوە بوون، نەک هەماهەنگی و پەیوەندییان نەبووە، بەڵکو زۆرجار شەڕی سیاسییەکانیان کردووە. بۆنموونە گرووپی ڕەهەند، کە بەباوەڕی من کاریگەرترین گرووپ بوون بەسەر کایەی ڕۆشنبیری ئێمەوە، خزمەتێکی گەورەیان بە زمان و فەرهەنگ کرد، کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر بە مەنهەجیکردنی ڕەخنەی کوردی، لەسەر گێڕانەوەی تاکی تۆراوی کورد بۆ ناو دنیای خوێندن و نووسین، کاریگەریی زۆریان لەسەر گەنجەکان دروستکرد بە ئاراستەی خوێندنەوە و نووسین، بەڵام کاتێک ئەندامانی گرووپەکە لە یەکتر جیابوونەوە، لەڕێگەی نووسین و دیدار و لێدانەوە، ئەوەی بە یەکتریان کرد، سیاسییەکانیش لە شەستەکانەوە تا ئێستا هەر ئەوەندەیان بە یەکتر کردووە. بەباوەڕی من ئەو ڕۆشنبیرانەی لە دەرەوە دەژیان، کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەی ناوخۆیی کوردستان دروستکردووە، بەڵام زۆر گرنگ بوو هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان ڕۆشنبیران و نووسەرانی ناوەوە و دەرەوە یان هەر بەگشتی ڕۆشنبیران هەبێت. بەداخەوە دووبەرەکی سیاسی بۆ کایەی ڕۆشنبیری گواستراوەتەوە، لەبیریشمان نەچێت لە شەستەکانەوە، بەشێک لە جەنگاوەرانی شەڕی ناوخۆیی نووسەران و ڕۆشنبیران و میدیاکاران بوون.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان