ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان

  د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان)، هەڵوێستی حزبی شیوعی کوردستان لەبارەی ئەو بارگرژییانەی ئەمدواییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەخاتە ڕوو. سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێداگیری لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ دەکات لەپێناو چارەسەرکردنی گرژی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان و لەو چوارچێوە ئاماژە بە سیاسەتی دەستێوەرنەدانی لایەنەکان لە کاروباری هەریەک لە پارچەکانی کوردستان دەکات. ئەو پاڵپشت بەخوێندنەوەی حزبی شیوعی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە نابێت پەیوەندی لایەنەکان لەگەڵ حکوومەتەکانی ناوەندی لەسەر حیسابی لایەکانی دیکە لە بەشەکانی دی بێت.

بەهۆی بایەخەکەیەوە، هەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) دەقی چاوپێکەوتنەکەی د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

  ئێوە ئەو بەیاننامەتان چۆن دەرکرد و دەتانەوێ لەو بەیاننامەیەدا چی بڵێن؛

-بەیاننامەکەی ئێمە ئەگەر بەشێوەیەکی ستراتیجی تەماشای بکەیت، بابەتیکی نوێی تێدا نییە، بەردەوامبوونی هەڵوێستەکانی پێشوومانە سەبارەت بە درووستبوونی ناکۆکی لە نێوان هەر پەلێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، لەبەشێکی دیکەی کوردستان، بنەمای سەرەکی ئەمە کە چۆن بتوانین کار بکەین شەڕی براکوژی، شەڕی ناوخۆیی لە نێوان ئەو لایەنانە ڕوونەدات بەشێوەیەک ئەم بابەتە بەتەواوەتی مەحرووم بکرێت، هەروەها مەحروومکردنی ئەم بابەتە پەیوەندی بە لابردنی چاوگەکانی بارگرژی لەم بارەیەوە هەیە. بۆیە خاڵەکانی دیکەی کە لە بەیاننامەکەماندا هاتووە، پشتگیریکردنە بۆ خاڵی یەکەم، یەکێک لەوانە لە هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستاندا کە بەشێوەیەکی مێژوویی ئەم حالەتە درووست بووە، هەلومەرجێک و ڕەوشێکی سیاسی تایبەت هەیە، تەنانەت ئەو ڕەوشە سیاسییە، کاری کردووەتە سەر بەرنامەی هەر پارچەیەکی کوردستان و هەروەک کاری کردووەتە سەر تەکتیک و ستراتیجی هەر لایەنێکی کوردستانی، بۆیە بنەمای ئەوەی کە ئەو پێکدادانە ڕوونەدات ئەوەیە کە هەر لایەنێکی کوردستانی لە هەر بەشێکدا ڕێز لە هەڵوێست و شێوازی تێکۆشانی لایەنەکەی دیکە بگرێت، حالەتی سێیەم ئەوەیە کە ئەو ڕێزگرتنە نەگاتە حالەتی دەستێوەردان، واتە ئێمە ناکرێت لە باشوور سیاسەت بۆ باکوور دابڕێژین و ناکرێت لە باشوور سیاسەت بۆ ڕۆژئاوا دابڕێژین، بەهەمان شێوە ناکرێت ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا سیاسەت بۆ باشوور دابڕێژن. ئەوەی سیاسەت بۆ باشوور دادەڕێژێت لایەنە سیاسییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و حزبە سیاسییەکانن لەباشووردا، ئەوە وامان لێدەکات کە ڕەچاوی ئەوە بکەین کە نابێت دەستێوەردان هەبێت لەکاروباری ناوخۆیی هەریەک لە بەشێک لە بەشەکانی کوردستان، ئەوە بنەمایەکە بۆ ئەوەی بارگرژی درووست نەبێت، جگەلەوە بەهۆی ئەو وەزعە سیاسییەی کە هەیە، پەیوەندییەک درووستبووە لە نێوان لایەنەکانی هەر بەشێک لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان، گرنگ ئەوەیە ئەو پەیوەندییە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گەلی کوردستان یان بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی لە بەشەکەی دیکە نەبێت. بۆنموونە لەم حالەتەی کە هەیە، پارتی پەیوەندی ئابووری یان سیاسی هەیە لەگەڵ تورکیا یان لەوانەیە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ئێراندا، یان لایەنێکی سیاسی بۆنموونە یەکێتی لەوانەیە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ئێران یان تورکیا یان ئێران، گرنگ ئەوەیە ئەو پەیوەندییە لەسەر حیسابی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات نەبێت، لەسەر حیسابی لایەنەکانی باکوور نەبێت یان لەسەر حسابی ڕۆژئاوا نەبێت. بەهەمان شێوە تۆ دەبینی پەکەکە بۆنموونە پەیوەندییەکی هەیە لە ناوچەی شنگالدا لەگەڵ حەشدی شەعبی دا، ئەو پەیوەندییە نابێت لەسەر حسابی باشوور بێت. واتە دەبێت لایەنە سیاسییەکان زیاتر لەوەی بیر بکەنەوە لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان ڕێککەون لە دەوروبەردا، بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر کێشەیەک هەیە لەچوارچێوەی کورد و کورد خۆیان ڕێککەون، ئەوە بنچینەی قەزیەکەیە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەنگاو بنێیین ناکۆکی درووست نەبێت. ئەوەی پەیوەندی بە کوردستان باشوور یان هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت کار بکرێت کە ئەم ناکۆکیی و بارگرژییە نەچێتە خانەی ئەوەی کە بارگرژییەکە لە نێوان پارتی و پەکەکە بێت، یان سبەی ڕۆژ لە نێوان گۆڕان و پەکەکە بێت یان لە نێوان یەکێتی و پەکەکە بێت، چونکە جاری وایە ئەو حالەتانە درووست بووە، بەهۆی ئەو ڕەوشەی لە کوردستاندا هەیە. لە کوردستاندا بابەتێک هەیە پێی دەڵێن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئێمە دەنگ دەدەین بە حکوومەتی هەرێم یان دەنگی پێنادەین، پشتگیری دەکەین لە سیاسەتیدا یان پشتگیری ناکەین، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەزگایەکی شەرعییە، ئەو دەزگا شەرعییە بەرپرسە لە درووستکردنی سەقامگیری سیاسی لە کوردستاندا. لەبەرئەوە دەبێت ئەو قەزیانە لە دەرەوەی تەعامولی حزبی تەعامولی لەگەڵ بکرێت. ناکرێت یەکێتی بە تەنیا مامەڵە بکات، ناکرێت پارتی بە تەنیا مامەڵە بکات، دەبێت حکوومەتێک هەبێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژهەڵات مامەڵە بکات، لەگەڵ لایەنەکانی باکووردا، لەگەڵ پەکەکەدا مامەڵە بکات، لەگەڵ ڕۆژئاوادا مامەڵە بکات، بێدەستێوەردان، بنچینەی ئەو مامەڵەیەش ئەوەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە وەزعێکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵێک ئیلتزاماتی نێودەوڵەتی هەیە، لەبەرئەوە دەبێت ڕەچاوی ئەو حالەتە بکرێت. لەبارەی حزبی شیوعی کوردستانەوە، ئێمە تەرەف نین لەو ململانێیە، لەبەرئەوەی تەرەف نین لە ململانێیەکە، ئەوە یارمەتیمان دەدات کە ئێمە بتوانین کار بکەین تا لایەنەکان لە یەکترنزیک ببنەوە، بە پشت بەستن بەو پرەنسپانەی هەمانە و بە ئاشکرا باسمان کردووە و ئەوەی بۆ جەنابتان باسی دەکەم لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە باسمان کردووە و لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی باسمان کردووە، ئەوەش یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی ڕۆڵی نزیککەوتنەوە ببینین، بەڵامنزیککەوتنەوە بەوە دەبێت ئەو لایەنانەی کە هەن، ئامادەبن لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانەی دامانناوە ڕێگەچارە بدۆزینەوە.

  -ئەم دوو حزبە کەسایەتییە دیارەکانیان بەردەوام لێدوانی زبر دەدەن، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو لێدوانە زبرانە دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، ئەم لێدوانانە کاریگەریی لەسەر دۆخەکە درووست دەکات؟

-لە ڕاستیدا ئێمە نابێت لە ئێستاوە نوقڵانەی شەڕی ناوخۆ لێبدەین، واتە وا تێنەگەین لە ئێستاوە مادام لێدوانی زبر دەدرێت، ئێمەش تەپڵ لێدەین و بڵێین مادام ئەو لێدوانە زبرانە هەبێت، مانای ئەوەیە ئیتر شەڕی ناوخۆیی لە ئارادایە. لە هەموو کاتێکدا بەهۆی ئەوەی ئەو مەترسییانە هەیە، لە هەموو کاتێکدا پێکدادان و ناکۆکی لەوانەیە بگاتە شەڕی ناخۆ، ئەم شتانە لە ئارادایە، بەڵام ئێمەمانان لە ڕاگەیاندندا یان لە هەڵوێستی سیاسییدا، چاوەڕیی ئەوە نەکەین کە چۆن شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات، بەڵکو چاوەڕێی ئەوە بکەین کە چۆن کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی ڕووبدات، بۆ ئەوەی چاوگەکانی ناکۆکی چارەسەر بکەین، ئەوە ڕۆڵی ئێمەیە. لەبەرئەوە ئێمە ئاراستەی بۆچوونی خۆمان کردووە بە هەردوو لایەن یان بە هەموو لایەنەکان، ئەوەیە کە لە حالەتی بوونی بارگرژیدا هەوڵ نەدەن پەنابەرنە بەر میدیا و هێرشی ڕۆژنامەوانی و لێدوان و شتی وا کە بارگرژی زیاتر درووست بکات، دەبێت دان بە خۆیاندا بگرن و بە هێمنی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی هەموو خەڵکی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن.

 ئەگەری ئەوەیە هەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان جارێکی دی بگەنە ڕێککەوتن و ئەو گرژییەی لە نێوانیاندا هەیە، نەمێنێت؟

-دەبێت هەر هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو حکوومەت پەیوەندییەکانی لەگەڵ باکووردا، لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕێک بخاتەوە لەسەر بنەمای دەستێوەرنەدان، نە دەستێوەردانی ئەوان لە کاروباری ئێرە و نە دەستێوەردانی ئێرە لە کاروباری باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەو بنەمایە دەتوانێت چاوگەکانی بارگرژی لابەرێت.

 لەئاستی پەرلەمان و لە ئاستی سەرۆکایەتی حکوومەت کێ دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت بۆ ئەوەی نێوانگیری لە نێوان ئەم دوو حزبەدا بکات؟

-لەڕاستیدا ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، ئەو پرسیارە دەبێت لە خۆیان بکەیت لە سەرۆکایەتی حکوومەت، لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی بکەیت، ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە، لەچوارچێوەی ئەو هەڵوێستەدا هەوڵ و کۆششی خۆمانمان داوە و بەردەوامین لەم هەوڵ و کۆششە و بە گەشبینییەوە تەماشای ڕووداوەکان دەکەین نەک بە ڕەشبینییەوە. ڕەشبینی ئەوەیە کە چاوەڕێی شەڕی ناوخۆ بکەین، گەشبینی ئەوەیە کە چاوەڕێی ئەوە بکەین چاوگەکانی بارگرژی بکوژێنینەوە.

 دەستێوەردانی دەرەکی کاریگەریی لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستا دەبێت کە باس لە دەستێوەردانی دەرەکی دەکرێت، خۆشتان لە ڕاگەیەنراوەکەتاندا باستان لێوە کردووە، چ کاریگەرییەکی دەبێت؟

-دوو بابەت هەیە کە کار دەکاتە سەر هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لە نێوان خودی لایەنە سیاسییەکانی هەر پارچەیەکیش جگەلە لایەنەکانی دیکە. یەکەمیان؛ لەم بارودۆخەدا کە ئێستا هەیە جاری وا هەیە دەستێوەردانی دەرەکی ڕۆڵ دەبینێت، ڕۆڵبینینەکە چییە، وا دەکات زەمینەخۆش بکات تا چاوگەکانی بارگرژی زیاد بکات، ئەوە یەک، حالەتێکی دیکە هەیە؛ لەبەرئەوەی لە نێوان لایەنەکانی سیاسی ناکۆکی هەیە، ئەم ناکۆکییە وا تەفسیر دەکرێت کە بۆ نموونە من وا لێکدەدرێتەوە کە سبەی ڕۆژ ئەم ناکۆکییەی لەبەر پارتییە، ئەگەر من حزبی شیوعی بم چاوەڕێی ئەوە بکەم، لەبەرئەوەی دەنگم بە حکوومەتی پارتی نەداوە، چاوەڕوانی ئەوە بکەم پارتی لاواز بکرێت، یان ئەوانەی لەناو ئیئتلافی خودی حکوومەتن، لەبەرئەوەی ناکۆکییان هەیە لەنێوان خۆیاندا، وا چاوەڕێ بکەن کە ئەم ناکۆکییە دەبێتە هۆی لاوازکردنی پارتی یان دەبێتە هۆی لاوازکردنی پەکەکە. لەڕاستیدا ناکرێت ئێمە بەو ئەقڵیەتە مامەڵە بکەین، لاوازکردنی هەر لایەنێک لەو وەزعیەتە، لاوازکردنی هەموو لایەنێکە، خوێنێک لە هەر پێشمەرگەیەکی کوردستان بڕژێت لە هەر بەشێکی کوردستان، زەرەر و زیانی هەیە بۆ هەموو گەلی کوردستان، لەبەرئەوە دەبێت دوور لە ئەقڵیەتی بەرتەسکی حزبایەتی، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەین.

  جگە لەم هەڵوێستەی کە بەیاننامەتان دەرکردووە، هەڵوێستی دیکەتان چی دەبێت، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی نێوانگیرییەک بکەن لەم بارودۆخەدا؟

-بێگومان ئێمە هەموو هەڵوێستەکانمان، هەموو هەنگاوەکانمان لەپێناو سەقامگیری سیاسییە، لەپێناو ئاشتییە، پێمان وایە ئاشتی و سەقامگیری سیاسی وامان لێ دەکات کە خەڵکەکە ئاگەداری بابەتە سەرەکییەکان بێت. وەزعی کوردستان لەبواری ژیان و گوزەران، لەبواری ئەوەی وەزعی خەڵکەکە خراپە، لەبواری بژێوی و ئابووریدا، لەڕاستیدا ئەوانە هەر هەمووی ئەگەر سەقامگیری سیاسی نەبێت و ئەگەر بارگرژی درووست بێت، هەموو ئەوانە وەلادەنرێت، لەبەرئەوە دەبێت بێینەوە سەر بابەتە ڕاستەقینەکان، چۆن هەوڵ بدەین سەقامگیری سیاسی هەبێت و هەوڵ بدەین ئەم کێشانە درووست نەبێت، بۆ ئەوەی هەموو هەوڵ و کۆششەکان لەپێناو ئەوەدا بێت چۆن بتوانین بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین لە بواری ئابووریدا، لەبواری ئەو سیاسەتانەی حکوومەت پەیڕەوی دەکات لەبواری بەتایبەتکردندا، کە خزمەتی خەڵک ناکات، کە هەر سێ لایەنەکەی ئیئتلافی حوکمڕان بە پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە هەرسێکیان لەگەڵ ئەم سیاسەتە ئابوورییە ڕۆیشتن، کە ئەم سیاسەتە ئابوورییە زیانی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان، لەبەرئەوە ئێمە کە باسی سەقامگیری سیاسی دەکەین، لەولاوە پێمان وایە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سەرنج و ئەندێشەی خەڵک بۆ بابەتە سەرەکییەکان بێت.

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان