ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سازدانی : ئاودێر

لەم دیمانەیەدا د. محێدین حەسەن سەرۆکى فراکسیۆنى ئازادى لە پەرلەمانى کوردستان باس لە کێشەکانى ئەم دوایەی پەرلەمانى کوردستان و هۆکارى نەخستنەبەرنامەى کارى مووچەى فەرمانبەران دەکات لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە، هاوکات باس لە چارەنووسی مووچەى فەرمانبەران و پێنەدانى شایستەى دارایی مووچەخۆران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان دەکات، ئەمە جگە لە نەبوونى پڕۆژەیاسای بودجە لەماوەى هەشت ساڵى ڕابردوودا و ڕەوانە نەکردنى ژمێرەى کۆتایی بۆ پەرلەمان. لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش جەخت لە گرنگى بوونى کاندیدێکى قبوڵکراو لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەکات و هۆشداریش دەدات لە دابەزینى رێژەى دەنگى کورد لە ناوچە کوردستانییەکان.

 ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران چەندینجار یاداشتیان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەى تایبەت لەسەر مووچە کردووە، بەڵام وەڵامى ئەرێنى نەبووە، هۆکارى ئەمە چییە؟

ئێمە لە پێنجى کانوونى دووەم یاداشتێکمان بە واژۆى 22 ئەندامى پەرلەمان پێشکەشی دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کرد، داواى ئەومان کرد کە جگە لەو دوو خاڵەى لە کۆبوونەوەى شەشی مانگ دانراوون، خاڵێکى دیکە زیاد بکرێت کە تایبەت بێت بە مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، لە هەمان کاتدا چارەنوسی مووچەکانى مانگى 11 و 12ى ساڵى ڕابردوو، و ئەو پێنج مووچەى کە بەناوی پاشەکەوت کراوە بخرێتە بەرنامەى کارەوە، بەڵام بەداخەوە نەخرایە بەرنامەى کارەوە، ئەوە گرفتێکى گەورەى لە پەرلەمانى کوردستان دروستکرد، جگە لەمە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پێشنیارى ئەوەى کرد کە کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە بارودۆخى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بکرێت، ئینجا دەکرێت لەسەر داواى دەستەى سەرۆکایەتى بێت، یاخود بە واژۆى یەک لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمان بێت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان ئەنجام دەدرێت و یەکێک لەو خاڵانەی ئێمە دەیخەینە بەردەم دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دانیشتنێکى تایبەتە بە دۆخى مووچەخۆران و پێنەدانى شایستەى دارایی مووچەخۆران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان.

 پێشتر سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان چەند جارێک ئەم داواکارییەى ڕەت کردووەتەوە، پێتوایە لە دانیشتنەکەى ئەمڕۆدا دانیشتنێکى تایبەت لەسەر پرسی مووچە بخاتە بەرنامەى کارەوە؟

پەیڕەوى ناوخۆی پەرلەمانى کوردستان دوو میکانیزمى داناوە، یان دەبێت یەک لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمان واژۆ بۆ دانیشتن کۆ بکەنەوە، یاخود دەکرێت دانیشتنەکە لەسەر داواى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بێت، ئەگەر دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ئەوەى نەکرد پێویستە ئێمە ژمارەى پێویست کە 37 واژۆیە ئاڕاستەى دەستەى سەرۆکایەتى بکەین و  پابەندی بکەین بە دانیشتنێکى تایبەت کە پەیوەندى بە مووچەوە هەبێت.

 ماوەى چەند ساڵێکە حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ پڕۆژەیاسایەکى بودجەى نییە، هۆکارى ئەمە چییە؟

لە ساڵى 2014ەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بە پاساوى ئەوەى حکوومەتى عێراق بەشە بوودجەى نەناردووە، پڕۆژەیاسای بودحەى ئاڕاستەى پەرلەماى کوردستان نەکردووە، ڕاستە بەغدا بڕیویەتى، یاخود ئەگەر نێردرابێت کەمتر بووە لە بەشەبودجە و شایستە داراییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هەرێمى کوردستان لەو داهاتانەى دەستى دەکەوێت پڕۆژە بودجە ئامادە بکات و ڕەوانەى پەرلەمانى کوردستانی بکات، چونکە پڕۆژە یاسای بودجە شتێکى خەمڵێنراوە، کە پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت، بۆیە دەکرا بەو داهاتەى کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، مانگانە یاخود ساڵانە دەستى دەکەوت بیخەمڵێنێ و ڕەوانەى پەرلەمانى بکات، جگە لەوەش ئێمە تەنانەت داوامان کردبوو  ئەگەر حکوومەت پڕۆژەیاسای بودجە پێشکەش ناکات، لانى کەم ژمێرەى کۆتایی رەوانەى پەرلەمان بکات، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا ئەوەشی نەناردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە هیچ چاودێرییەک لەسەر ئەو خەرجییانەى حکوومەت نەبێت کە لەماوەى ساڵێکدا خەرجیان دەکات، چونکە ئێستا هەم  پەرلەمان، هەم دیوانى چاودێرى دارایی ناتونان لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە چۆنییەتى خەرجکردنی بکەن.

 حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام باسی ئەنجامدانى چاکسازى دەکات، بوونى پڕۆژەیاسایەکى لەو شێوەیە تاچەند هاوکار دەبێت لەشەفافییەت و رێگرى لە گەندەڵى؟

پڕۆژەیاسای بودجە رێگرى لەو گەندەڵییە بەربڵاوە ناکات کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەلانى کەم پەرلەمانى کوردستان، یاخود ئەو لایەنانەى چاودێرى خەرجکردنى بودجەکە دەکەن دەتوانن لەسەر ئەو بنەمایە لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە حکوومەت بکەن، ئەو گەندەڵییانەى کە دەکرێن لەدەرەوەى پرۆژەیاسای بودجەیە، پەیوەندى بە کۆمەڵێک پرۆژەى وەبەرهێنان و دەروازە سنوورییەکان، گرێبەستە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانى سکویریتییەوە هەیە کە کۆمەڵێک کەسی دەستڕۆشتوو دەیکەن.

 بڕیارە لەناوەڕاستى ئەمساڵدا هەلبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەرێوە بچێت، پێتوایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟

خودى یاسای هەڵبژاردن بۆ کورد باش نییە، هیوامان دەخواست کە یاسایەک هەبێت عێراق بکاتە یەک بازنەى هەڵبژاردن ئەمە نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاکان دابەشکران بەسەر زیاتر لە 80 ناوەنددا، کە ئەمە دەنگەکان پەرت و بڵاو دەکات، ئەوەى پەیوەندى بە دۆخى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانەوە هەیە کە بەداخەوە رەنگە کورد زیانى گەورەى بەربکەوێت، ئەمەش لەبەر خودى یاساکە و هاتنى داعش و ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە و عەرەبی هاوردە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونى خەڵکى رەسەنى ناوچەکە بۆ هەولێر و سلێمانى بەتایبەتى لەناوچەى داقوق، دوز، شەنگال، مەخمور، سەعدیە و گوڵالە و ناچەکانى دیکەش، کە رەنگە رێژەى دەنگى کورد بەشێوەیەک کەم بکات نەتوانین پارێزگارى لەو دەنگانە بکەین کە لەماوەى رابردوودا هەمان بووە. بۆ ئەوەى پارێزگارى لەو ناوچانە بکەین، پێویستە سەرکردایەتى سیاسی کورد، بتوانێت هێزە سیاسییەکان، یاخود لایەنە کوردستانییەکان رێکبکەون لەسەر کاندیدێکى قبوڵکراو لەلایەن خەڵک و حزبەکانەوە، وابکەین کە ئەو نوێنەرە قبوڵکراو بێت و متمانە پێکراوى هاووڵاتییانى کورد بێت، لەو ناوچانە هانى هاووڵاتییانى کورد بدرێت خۆیان لە بایۆمەترى تۆمار بکەن، هاوکات سندوقى تایبەت بۆ ئەو ئاوارانە بکرێتەوە کە ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان نیشتەجێن تاکو بتوانن دەنگ بدەن.

ئەگەر ئەمە نەکرێت، هەرێمى کوردستان لەرووى سیاسییەوە ئەو ناوچانە بەتەواوى لەدەست دەدات، وەک ئەوەى ئێستا لەرووى سەربازییەوە لەدەستى داون؟

رەنگە لەدەستدانێکى کاتى بێت، بەدرێژایی مێژووى حکومڕانى عێراق، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان، پڕۆسەى بەعەرەبکردن و راگواستن و ئەنفالیان ئەنجامداوە، ئەو ناوچانە کوردستانین لەرووى میژوویی و جوگرافییەوە، ئەگەرچی ئێستا خراونەتە ژێر دەسەڵاتى ملیشیا و هێزە عێراقییەکان، بەڵام ئەم ناوچانە هەر وەکو خاکى هەرێمى کوردستان دەمێننەوە، ئەوەى گرنگە کار بکرێت ئەو رێژەیە پێشتر کورد لەو ناوچانە هەیبووە دانەبەزێت، چونکە لە حاڵەتێکى لەو شێوەیەدا کەمى رێژەى کورد وەکو کارتى فشار دژمان بەکار دەهێنرێت، دەکرێتە بنەما بۆ رێژەى کورد، بۆیە گرنگە لانى کەم ئەگەر نەتوانرێت ژمارەى ئەندامەکان زیاتر بکرێت پارێزگارى لە رێژەکە بکرێت.

دیدارو چاوپێكەوتنەكان