ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دیمانه‌: رێگای كوردستان

 دكتۆر محێدین حه‌سه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئازادی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌ی رێگای كوردستاندا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و پرسانه‌.

+كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌رچووه‌، په‌رله‌مانی كوردستان نیازی چی هه‌یه‌؟

 -به‌ڵێ ماوه‌ی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌رچووه‌. ئێستا ده‌بێـت په‌رله‌مانی كوردستان چاره‌ی ئه‌م كێشه‌ یاساییه‌ بكات به‌زووترین كات، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی یاساییه‌ و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت دوو ڕووداوی گرنگیش له‌پێشمانه‌ پێویستی به‌و كۆمسیۆنه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنی خوولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌وی دووهه‌میشیان راپرسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌.

+یاسای كۆمسیۆن كه‌ی هه‌مووار ده‌كرێته‌وه‌، ئێوه‌ له‌ لیستی ئازادی راتان چییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

-تا ئێستا چه‌ند كوبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانى ناو په‌رله‌مان ئه‌نجام دراوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌ 3ی ئه‌م مانگه‌ بوو داوایان له‌ هه‌موو لیسته‌كان كرد رای خۆیان له‌باره‌ی پۆستی كۆمسیۆن و هه‌ڵیژاردن و ده‌ستوور بخه‌ینه‌ ڕوو. له‌ رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ لیسته‌كان رای خۆمان به‌نووسراو پێشكه‌ش كرد. رای جیاواز له‌باره‌ی یاسای كۆمسیۆن به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی پێكهاته‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێک پێیان وایه‌ وه‌كو خوی بمێنێـته‌وه‌، به‌ڵام بۆی هه‌یه‌ كۆمسیاره‌كان بگۆڕدرێن، هه‌ندێكیش له‌گه‌ڵ گۆڕانكارین له‌ یاساكه ‌و پێكهاته‌كه‌ی.

وه‌ك ده‌زانرێت، پێكهاته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌وه‌ختی خۆیدا به‌ به‌شبه‌شێنه‌ی حزبی پێكهێنرا به‌تایبه‌تی له‌نێوان پێنج حزبه‌كه‌دا. ئێمه‌ له‌ لیستی ئازادی ئه‌و كات پێمان وابوو كه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن له‌كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و كه‌سانی شیاو پێكبێت. كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ بێت. ئه‌و كات نه‌یانكرد. ئێستاش هه‌مان داوامان هه‌یه‌، ده‌بێت كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆ بێت و له‌كه‌سانی شاره‌زا و به‌توانا پێكبێت و خاوه‌ن بڕیار بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ناكه‌ن و په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر به‌شبه‌شێنه‌ی حزبی، پێمان وایه‌ ده‌بێت نوێنه‌ری هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهاته‌كانی تێدابێت. پرسی ده‌نگدانیش له‌نێو كۆمسیۆن به‌ ده‌نگدانی ره‌ها بێت بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی.

+ كه‌متر له‌ ساڵێك ماوه‌ بو هه‌ڵیژاردنی خوولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، پرسی یاسای هه‌ڵبژاردن له‌ نێو په‌رله‌مان له‌ كوێدایه‌؟

-گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌ له‌ نێو فراكسیۆنه‌ جیاجیاكان. هه‌ر لایه‌ك رای خۆی پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ روانینی جیاواز هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ندێك لایه‌ن به‌ئاشكرا له‌رێگه‌ی میدیاوه‌ رای خۆی ده‌ربڕیووه‌. هه‌مووانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له‌ رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ رای خویان ده‌ربڕی. هه‌ندێك له‌گه‌ڵ گۆڕانكارین له‌یاساكه‌ و هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق لێبێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شێك پێیان وایه‌ هه‌رێم بكرێته‌ 4 بازنه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شێك داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بكرێته‌ 8 بازنه‌ و پشت به‌ بایۆمه‌تری ده‌نگدانی عێراق ببه‌سترێت بۆ ده‌نگدان. هه‌ندێكی دیكه‌ش پێمان وایه‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بازنه‌ بمێنێته‌وه‌ وه‌كو رابردوو.

ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی ئازادی پێمان وایه‌ ده‌بێت به‌ یه‌ك بازنه‌یی بمێنێـته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ناسنامه‌ی پرسی كوردستانی و یه‌كگرتوویی كوردستان ده‌پارێزێت، نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو نوێنه‌ری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌بن. ده‌رفه‌تی بوونی ده‌نگی جیاواز و گروپه‌ بچووكه‌كان زیاتر ده‌بێت و ئه‌وه‌ش وا ده‌كات په‌رله‌مان فره‌ره‌نگتربێت و گشتگیر تر بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێمان وایه‌ فره‌ بازنه‌یی نوێنه‌ری ناوچه‌یی دروست ده‌كات و زیان به‌ پرسی كوردستانی ده‌گه‌یه‌نێت. ئێمه‌ هێشتا ده‌وڵه‌ت نین، پێویستمان به‌ پاراستنی ناسنامه‌ی كوردستانی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كاندا. به‌تایبه‌تی كه‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و پرسه‌ ڕه‌واكه‌ی ده‌كات.

+پێتان وایه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتی خو یدا به‌ڕێوه‌بچێت؟

-هه‌مووان رایان گه‌یاندووه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت. فراكسیۆنی ئازادیش هه‌مان داوامان كردووه‌، به‌ڵام پێشوه‌خته ‌و به‌په‌له‌ ده‌بێت یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن یه‌كلابكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌بێ كۆمسیۆنه‌كه‌ ناتوانرێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. دوای كۆمسیۆنه‌كه‌ش ده‌بێت یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان یه‌كلابكرێـته‌وه‌، دواتریش ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاتی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، له‌ كۆتایشدا كۆمسیۆنه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌بێت ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌كه‌متر له‌ ساڵێكدا.

ئێستا كه‌متر له‌ مانگ و نیوێك ماوه‌ بۆ پشووی په‌رله‌مان كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو مانگی سێی ساڵی داهاتوو. هه‌ر بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌و یاسایانه‌ پێش پشووی په‌رله‌مان یه‌كلابكرێنه‌وه‌ تاوه‌كو هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

+ پرسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌ كوێ گه‌یشت؟

-سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان داوای رای هه‌موو فراكسیۆنه‌كانیان كرد له‌ باره‌ی ده‌ستووره‌وه‌. هه‌مووان رایان خۆیان پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌. زۆرینه‌ی هه‌ره ‌زۆری فراكسیۆنه‌كان و پێكهاته‌كان له‌گه‌ڵ په‌له‌كردنن له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان. ته‌نیا یه‌ك فراكسیۆن پێیان وایه‌ كاتی نییه‌ و ده‌كرێت دوابخرێت.

ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی ئازادی له‌باره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشووتر وتوومانه‌و ئێستاش ده‌یڵێینه‌وه‌ كه‌ ده‌ستوور زۆر دواخرا، نابیت به‌هیچ پاساوێك هیچی دیكه‌ دوابخرێت. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوورێكی دیموكراتی، مه‌ده‌نی، عه‌لمانین. ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێـت لێژنه‌یه‌كی نوێ بۆ نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوور دابنرێـت و سوود له‌ كه‌سانی نێو لێژنه‌كانی رابردوو، سوود له‌كه‌سانی سیاسی و یاسایی و پسپۆڕ و شاره‌زا وه‌ربگیرێت.ره‌چاوی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان بكرێـت له‌ پێكهاته‌ی لێژنه‌كه‌.

ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی ئازادی و حزبی شیوعی پێمان وایه‌ پێویسته‌ له‌و لێژنه‌یه‌ بین، چونكه‌ خۆمان به‌ ره‌وتێكی هزری و خاوه‌ن ده‌ربڕین ولێكدانه‌وه‌ی سیاسی و ئابووری خۆمانین و له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌ناو په‌رله‌ماندا بوونمان هه‌یه‌.

پێمان وایه‌ ئه‌و لێژنه‌ نوێیه‌ به‌ پێكهاته‌ی نوێوه‌، كاری لێژنه‌كه‌ی ساڵی 2009 بكاته‌ بنه‌مای كاركردنیان. هه‌روه‌ها پێویسته‌ سوود له‌ ئه‌زموونی رابردووی لێژنه‌ی ئه‌وكات وه‌ربگیرێت و هیچ لایه‌ك مافی ڤیتۆی نه‌بێـت له‌ لێژنه‌كه‌ كه‌ هۆكارێك بوو بۆ په‌كخستنی كاری لێژنه‌كه‌ له‌و كاته‌دا، به‌ڵكو ده‌كرێ له‌ لێژنه‌ی نویدا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی پشت به‌ده‌نگدانی ره‌ها ببه‌ستێت.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دواخستنی ده‌ستوور نین، ده‌كرێ په‌له‌ بكرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌نگ بۆ ده‌ستووریش بدرێت و راپرسی له‌سه‌ر بكرێـت له‌ هه‌مان كاتدا.

+ كێشه‌ی كۆچی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ئێستا پرسێكی گه‌وره‌یه‌، راتان چییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

-به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ی كۆچكردن یه‌كێكه‌ له‌و دیارده‌ زه‌قانه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنین. ده‌یاره‌ یه‌ك هۆكاریش نییه‌ بۆ ئه‌و كۆچه‌، به‌ڵكو چه‌ندین هۆكاری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تیایدا رۆڵ ده‌بینن. به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی 10 مانگدا 28 هه‌زار هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان كۆچیان كردووه‌، به‌ڵام دوا لێشاوی كۆچ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ زۆر زه‌قكرایه‌وه‌ پێم وایه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ته‌وقه‌ی كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا خستوویانه‌ته‌ سه‌ر ڕووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی و به‌شێكه‌ له‌و ململانێ سیاسییه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ و به‌داخه‌وه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تیایدا بوونه‌ته‌ قوربانی.

چاره‌كردنی كێشه‌ی كۆچكردن په‌یوه‌سته‌ به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. ره‌هه‌ندی ئابووری رۆڵێكی گه‌وره‌ی تیادا ده‌بینن. له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ 8 ساڵه‌ دامه‌زراندن بوونی نییه‌. ئێمه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ساڵانه‌ له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌رده‌چن له‌نێوان 32-34 هه‌زار گه‌نجن، هه‌شتا ساڵه‌ ئه‌وانه‌ دانه‌مه‌زرێندراون له‌كه‌رتی گشتیدا. كه‌من ئه‌وانه‌ی ده‌رفه‌تی كاریان له‌كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ستده‌كه‌وێت. كه‌رتی تایبه‌ت جگه‌ له‌وه‌ی لاوازه‌، به‌ڵام كاری مسۆگه‌ری نییه‌، هاووڵاتی كه‌ زه‌مانی ته‌ندروستی، خانه‌نشینی، زه‌مانی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت ناچێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت. كه‌رتی تایبه‌ت و خزمه‌تگوزاری ئێستا بوونه‌ته‌ شوێنی كرێكاری بیانی به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار كرێكاری بیانی له‌ كه‌رتی تایبه‌تی كوردستان كارده‌كه‌ن ئه‌وه‌ پێویستی به‌ڕێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویسته‌ كاری كه‌رتی تایبه‌ت و بوونی زه‌مان تیایدا و پرسی كرێكاری بیانی تیایدا چاره‌ بكرێت. هه‌مواری یاساكانی وه‌ربه‌هێنان و كار و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێته‌وه‌ به‌قازانجی كرێكارانی ناوخۆیی. خانه‌نشینی به‌رده‌وامه‌، ساڵانه‌ فه‌رمانبه‌رێكی زۆر خانه‌شین ده‌كرێن، ده‌بێت ده‌رفه‌ت بۆ دامه‌زراندنی ده‌رچووانی نوێ بكرێـته‌وه‌ له‌ شوێنی ئه‌وان. پرسی خزمه‌تگوزاری و سوككردنی باری خه‌ڵك و باشتركردنی گوزه‌رانیان و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و شه‌فافیه‌ت و حوكمڕانی باش په‌ره‌ی پێبدرێت. هه‌روه‌ها ده‌ستگیری گه‌نجان و هاوكاریكردنیان له‌ پێدانی قه‌رزی بچووك بۆ پڕۆژه‌ی بچووكی خۆیان گرنگه‌ كاری پێ بكرێت.

ناسه‌قامگیری سیاسی و ململانێ سیاسییه‌كان و دروستكردنی بارگرژی سیاسی یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ لێشاوی كۆچ زیاتر ده‌كات. پێویستی به‌چاره‌ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئیداره‌دانی ململانێی سیاسی كارنه‌كاته‌ سه‌ر شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستانی.

زۆربوونی رێژه‌ی تاوان و قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش رۆڵی خراپ ده‌گێڕێت له‌ پرسی كۆچدا و پێویستی به‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری سه‌روه‌ری یاسا و هۆشیاری و كاری به‌رده‌وام هه‌یه‌.

دواجاریش گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی باشتر هه‌میشه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ كۆچ له‌ هه‌موو شوێن و سه‌رده‌مێكدا.

  + له‌م خووله‌ی په‌رله‌ماندا، فراكسیۆنی ئازادی هه‌میشه‌ له‌ته‌ك فراكسیۆن و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان بووه‌ بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان، ئه‌و یاداشتانه‌ چیان به‌سه‌رهات كه‌ داواتانه‌ له‌باره‌ی پرسه‌ جیاجیاكانه‌وه‌؟

-له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی لیسته‌ جیاجیاکانی دیكه‌ 11 یاداشتی جۆراوجۆرمان داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌باره‌ی كێشه‌ جیاجیاكانی هاووڵاتییانه‌وه‌. كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌:

-چاره‌كردنی كێشه‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست.

-چاره‌كردنی كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ.

-كۆتاییهێنان به‌ راگرتنی نایاسایی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران.

-راگرتنی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی.

-راگرتنی سه‌پاندنی باج و رسوومات.

-گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی قوتابیان.

-راگرتنی زیاتركردنی باج خستنه‌سه‌ر هێنانی داوده‌رمان.

-دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكان.

-بابه‌تی خانه‌نشینكردنی هێزه‌كانی ناوخۆ.

هه‌روه‌ها یه‌ك دوو پرسی دیكه‌ی گرنگ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان. ئه‌و پرسانه‌ ناخرێن بابه‌تی كاره‌وه‌. رێگرییه‌كه‌ش به‌ندێكی په‌یڕه‌وه‌ی ناوخۆیه‌، كه‌ تیایدا هاتووه‌ هه‌ر بابه‌تێك كه‌ ره‌هه‌ندی دارایی هه‌بێت، پێویسته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ند بێت له‌سه‌ری. ئه‌وه‌ش له‌راستیدا هه‌موو ئه‌و كارانه‌ په‌ك ده‌خات كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانی راسته‌وخۆی خه‌ڵكه‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ خووله‌كانی دیكه‌دا ئه‌مه‌ چاره‌ بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌لایه‌ك راسته‌ ره‌هه‌ندی ئابووری هه‌یه‌، به‌ڵام پێویستی راسته‌وخۆی هاووڵاتیانیشه‌. هه‌روه‌ها گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌تر و ناڕوونتر ده‌بێت كاتێك هه‌شت ساڵه‌ حكوومه‌ت به‌بێ بودجه‌ و به‌بێ ژمێریاری كۆتایی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان