ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبوو تەحسین عەرەب (تەحۆ) کوڕی سەید موستەفای موسەوییه‌ و‌ خەڵکی(کەربەلا) یه‌، کێشەی چیناییەتی و دوژمنایەتی رژێمی بەعس لە شاری(کەربەلا) هەڵی دەگرێت و لە گوندە دوورەدەست و جوان و دوور لە ئاوەدانی(رۆست)ی به‌ ردەداتە ناو کەش و هەواو سروشتێکی جیاواز  .. ئاخر دڕندەیی بەعسیەکان لەوکات هیچی نەدەپاراست ، دوو برا جوان و نازدارەکەی (تەحۆ) لە کۆشی خێزان و سەید موستەفای باوکیان هەڵگریران و تا ئەبەد جارێکی تر نەگەڕانەوە ..

ئاخر ئەوکات هێشتا (مەزهەبگەرایی) پەرەی نەساندبوو ، مرۆڤبوون وئازادییەکان ، سیمای كةسةكان بوون .

ئەبوو تەحسین ی گۆشکراو بە بیری مرۆڤدۆستی ، لەو دونیا جەنجاڵ و بێئەمەکەدا، دوای ئەو هەموو ساڵە ، کە لە فەیسبووک منی دۆزییەوە . تەژی لە خۆشەویستی پێی ڕاگەیاندم:ـ "عومه‌ر من وەک برای خۆم دەتبینم ".. ئاخر چۆنت وا نەبینم، لەکاتێکا من لە زوڵم و زۆری بەعس هەڵاتم و یەکەم پەناگەی ئارامیم لەتەک باوکت بەنسیب بوو . لێتی ناشارمەوە پەیوەندیم لەگەڵ باوکت سەرەتا بە بەناخۆشی و توڕەبوون دەستی پێکرد و بە خۆشەوستی و سۆزی باوکانە کۆتایی پێهات . لەو ژینگە دژوار و نامۆیە ئه‌و بۆ من بوو بە مامۆستاو باوکێک کە زۆر شتی جوانی فێرکردم ..

یەکەمجار کەباوكتم دیت ، پیرێکی بڕنەو بەشانی دەمامک دراو، سه‌ره‌تا وامزانی گوندییێكە و بەسەردان هاتۆتە بارەگاکەمان . دەستم بۆ بڕنەوەکەی برد و ووتم: بڕنۆیەکی جوانە بە چەندت کڕیوە .. بەم قسەیەم ئاگر لە نێوچەوانی باری رووخساری ڕەش داگەڕا ..وتی جارێکی تر دەست لە بڕنەوەکەم نەدەیت ، ئێمە چەک ناکڕین بەڵکو لەکاتی بەسەر دوژمنانمان دادەدەین بەدەستی دەخەین ..ئەو هەمیشە بڕنەوەکەی وەک( کوڕ) و (کەوەکان)ی خۆشدەویست، هەمیشە بە زەیت و پەڕۆکێکی نەرم بە ئەسپایی بە نەرمی وەک بڵێی "بیلبیلەی چاوەکانی پاک بکاتەوە" ئاوا پاکی دەکردەوە ..

رۆژان هاتن و چوون ، کەوتینە بەردڵی یەکتری ، یەکەم وشەی کوردی لێفێربووم . فێری کردم چۆن جەمەدانی و پشدێن ببەستم . فێری کردم چۆن ڕاوەکەو بکەم ، فێری کردم چۆن (هەنگوین) ی ساغ لە کلۆرەداران دەربێنم و تامی بکەم ، ئەو تامەی هەرگیز لەیادی ناکەم ..

لەوکاتەی پەیوەنیمان گەیشتە پۆپە و بە کوڕی خۆی بانگی کردم . فێری کردم چۆن چەک بەکار بێنم .. بۆ یەکەمین جاریش بڕنۆیەکەی پێدام کە وێنەی پێوە بگرم بەو شەرتەی دەست لە ئاسنەکەی نەدەم بەڵکو تەنها لە شوێنی دار بیگرم..

دوای هەموو ئەوانە پێی وتم: تەحسین کوڕم کاتی هاتووە فێرت بکەم چۆن چەک بەدەست دێنی .. بڕیاری دا لەگەڵ خۆی بمبا بۆ گرتنی یەکەم ڕەبییە .. لە شەوێکی تاریک و نووتەکدا بەڕێگایەکی رک و پێچاوپێچ ی ناخۆش و دژوار بەڕێکەوتین بۆ گرتنی رەبییە و چەک ، مخابن تەموتومان و سەرما و بارانی بەلێزمە و سروشتی دڵڕەق لێنەگەڕا شەڕەفی گرتنی یه‌كه‌م رەبییەم پێبڕێت وبه‌ناچاری گەڕاینەوە .. لێکدابڕانمان برینێکی لە دڵدا جێهێشتووم هێندەی برینی دوو برا جوانەمەرگەکەم قووڵە کە بەدەستی سەرانی بەعس لە سێدارە دران .. بە دۆزینەوەی تۆ(عومەر) لە فەیسبووک برینەکانم ساڕێژ بوونەوە . خۆشمدەوێی ..

چالاکی حزبی