ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رێگای كوردستان/ دیمانە

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان ڕای دەگەیەنێت ساختەكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردن كراوە و لە دەرئەنجامەكە ڕازی نین، لەسەر ئەو بنەمایەش ژمارەیەك لەكاندیدەكانیان سكاڵا دژی كۆمسیۆن تۆمار دەكەن، هاژە سلێمان جەخت هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ پشكپشكێنەی حزبی نەبوون و پێیانوابووە كە ئەم كۆمسیۆنە سەركەوتوو نابێت، بەڵام گوێیان لێ نەگیراوە، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەداوی ڕاپەڕینەوە هەڵبژاردنی خاوێن بەڕێوە نەچووە و ئەم هەڵبژاردنەش خراپترینیان بووە، ڕونیشی دەكاتەوە كە حزبی شیوعی كوردستان هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەدات.

پێتانوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساختەكاری تێدا كراوە؟ تاچەند لە دەرئەنجامەكان ڕازین؟

بێگومان لە هەڵبژاردنی 30-9-2018 كە بۆ پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو ساختەكاری زۆری تێدا كراوە، بە بەڵگەی ئەوەی كە دەنگی 119 هەزار كەس كە 98 سندوق بوون بەتاڵ كراوەتەوە. ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان كە توانیومانە كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست بێنین و زیاتر لە هەشت هەزار دەنگمان بەدەست هێناوە ئەو دەرئەنجامە لەلای ئێمە چاوەڕوان نەكراوو بوو، ئێمە لەو دەرئەنجامە ڕازی نین كە بەدەستمان هێناوە و گومانمان لەوە نییە كە ئەو دەنگانەی كۆمسیۆن ڕای گەیاندوون ژمارەی راِستەقینەی دەنگەكانی ئێمە نییە، لەسەر ئەم بنەمایەش زۆربەی كاندیدەكانمان بەنیازن سكاڵا پێشكەش بكەن، چونكە ئەو دەنگانەی كە لای چاودێرەكانمانە زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو دەنگانەی كۆمسیۆن ڕای گەیاندوون.

كۆمسیۆن بەشێك بووە لەو ساختەكارییەی كە كراوە؟

لەسەرەتای دروستبوونی كۆمسیۆنەوە كە یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، وەكو حزبی شیوعی كوردستان ناڕەزایەتیمان دەربڕی، ئەم ناڕەزایەتییەشمان گەیاندە لایەنە سیاسییەكان و ڕامانگەیاند كە دروستبوونی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای حزبی هەنگاوێكی هەڵەیە، هەر كۆمسیۆنێك لەسەر بنەمای حزبی دروست بێت، گومانی تێدا نییە كە هەڵبژاردنەكەی بەبێ ئەنجامدانی ساختەكاری تێ ناپەڕێت، چونكە هەر ئەندامێكی كۆمسیۆن دەیەوێت لەبەرژەوەندی حزبەكەی كار بكات، ئەوكات و ئێستاش ئێمە مەبەستمان ئەوە نەبووە كە نوێنەری حزبی شیوعی كوردستانیش لەناو كۆمسیۆندا هەبێت، بەڵكو بڕوای تەواومان بەوە هەبوو كە ئەو كەسانەی دەبنە ئەندامی كۆمسیۆن شارەزا و لێ هاتوو بن، تاكو كارەكانی كۆمسیۆن بە باشی بەرڕێوە بچێن و ئەو ناڕەزایەتییەی ئێستا دروست نەبێت كە دروست بوو، بەڵام بەداخەوە گوێ لە ناڕەزایەتییەكانمان نەگیراو دەرئەنجامەكەشی ئەو هەڵبژاردنە بوو كە سەركەوتوو نەبوو، بەتایبەتی ڕانەگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دواخستنی بۆ ماوەی سێ هەفتە كە گومانەكانی هێندەی دێگە زیاتر كرد. زۆربەی كاندیدەكان پێیانوایە كە مافیان خوراوە، دەكرا كۆمسیۆن بەشێوەیەك كارەكانی بكات كە جێگەی متمانەی هاووڵاتیان بێت و زەختی حزبیان لەسەر نەبێت، بەڵام ئەمە نەكرا.

كاتی خۆی، گوێ لەو داواكارییەی حزبی شیوعی نەگیرا كە داوای كۆمسیۆنێكی بێ لایەنی دەكرد، هەڵوێستی ئێستاتان چی دەبێت؟

زۆر شت هەیە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، چونكە ئەو دەسەڵاتەی ئێمە هەمانە لەرێگەی پەرلەمانەوەیە و ئەویش تەنیا كورسیییەكی پەرلەمانییە، لە كابینەی پیشتریش حزبی شیوعی كوردستان هیچ بەشدارییەكی نەكردووە تاكو لەو رێگەیەوە فشار دروست بكات، بەڵام حزبی شیوعی كوردستان لەرێگەی جەماوەرەوە هەوڵی فشاری داوە و پاڵپشتی بۆ ئەو مەبەستە كۆكردەوە، بەڵام بۆ لەمەودوا لەڕێگەی هاووڵاتییانەوە دەتوانین فشارەكان زیاتر بكەین، دەبێت ئەوە روون بێت كە حزبی شیوعی كوردستان كێشەی لەگەڵ ئەو كەسانە نییە كە حزبەكان وەكو ئەندامی كۆمسیۆن هەڵی بژاردوون، بەڵكو گرفتی سەرەكی ئێمە لەسەر شێوازی دروستكردنی كۆمسیۆنەكەیە، گرفتی ئێمە لەسەر ئەو پشكپشكێنە حزبییەیە كەلەو دامەزراوە گرنگە كراوە.

جگە لە حزبی شیوعی كوردستان، چەند لایەنێكی دیكەش كە نوێنەریشیان لەناو كۆمسیۆن هەیە دەرئەنجامی هەڵبژاردن ڕەت دەكەنە، حزبی شیوعی تاچەند هەوڵی دروستكردنی بەرەیەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا دەدا كە پێشتریش پێیوابووە دروستكردنی لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی هەڵەیە؟

كۆمسیۆن یاسای تایبەتی خۆی هەیە كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، دەكرێت ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە و كۆمسیۆن لەچوار چێوەی ئەو یاسایە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ڕەنگە ئێمە نەتوانین وەكو لایەنێكی سیاسی داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن بكەین، بەڵام ئێمە وەكو حزب، هەڵوێستی سیاسی خۆمان دەبێت، هەرچەندە پێویست بوو ئەو سێ لایەنە ناڕازییە پێشتر هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، چونكە ئەوان ئەندامیان هەبوو لەناو كۆمسیۆن و سەرپێچییەكانیش هەر لەسەرەتاوە زۆر بەڕوونی دیار بوون، واتە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی ساحتەكاری گیراوەتەبەر. 

تاچەند گرنگە متمانە لەنێوان كۆمسیۆن و هاووڵاتیان دروست بكرێتەوە؟

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەزگایەكی زۆر گرنگە لە هەرێمی كوردستان، دەكرێت ئەو متمانەیە بۆ ئەو دەزگایە بگەڕێنرێتەوە كە لەیەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە متمانەی هاووڵاتی بە هەڵبژاردن بەرەبەرە لاواز دەبێت، سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لەداوی راپەرینەوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، كە ئەمجارەیان خراپترینیان بوو متمانەكە زۆر لاواز بووە و زۆر گرنگە ئەو متمانەیە بگەڕێنرێتەوە.

 

چالاکی حزبی