ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارێتییانەدا، چیتر بێباك نەبن و پرسی شەهیدان لە ململانێی حزبیی بیپارێزن.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی حزبی شیوعی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی

جەماوەری گەلی كوردستان

بنەماڵەی شەهیدانی حزب و گەلەكەمان. 

رژێمی پاشایەتی عێراق، لە (14) شوباتی ساڵی 1949 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوڕێی سەركردەو دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراق (یوسف سەلمان یوسف) (فەهد) و ژمارەیەك لە هاوڕێیان و سەركردە ی حزب، زەكی بەسیم (حازم) و حسین شەبیبی (صارم)، دەركرد، كە دادگایی كردن و جێبەجێكردنیشی لە دۆخێكی گوماناویدا بە سەرپەرشتی سەفیری بەریتانی بەڕێوەچوو. بەمەش ڕژێمی پاشایەتی تاوانێكی نامرۆڤانەی لە میژووی فەرمانڕەوایی خۆیدا تۆمار كرد. سەرباری ئەم برینە گەورەیە لە جەستەی حزبدا، حزبمان درێژەی بەتێكۆشانداو، كاروانی شەهیدانی شیوعییەكانی عێراق و كوردستان، لە ڕۆژی شەهیداندا نەوەستایەوەو بەردەوام لە ڕووبەرشوبوونەوەی ڕژێمی دكتاتۆری و فاشییەكاندا، ڕۆڵەكانی حزبمان لە مەیدانی تێكۆشان، لە زیندان و پێدەشت و چیا سەركەشەكانی كوردستانا، بەڕابەرایەتی شەهیدانی سەركردە، سەلام عادل و جەمال حەیدەری و هەزاران شەهیدی نەمری دیكە، گیانی خۆیان لەپێناو نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیاردا، بەخت كرد. 

لە رۆژی پیرۆزی شەهیدی شیوعییدا، بەداخ و حەسرەتێكی زۆرەوە بۆ نەمانی سامانیكی مرۆیی مەزنی گەلەكەمان و شەهید كردن و ئەنفال كردنیان لە لەلایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە، یادی شەهیدانی شیوعی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان دەكەینەوەو شانازی بەكەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانەوە دەكەین و سڵاوی ڕێز و وەفدارییان ئاراستە دەكەین و سەری ڕێزو نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین. 

لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، ووڵاتەكەمان بە بارودۆخێكی قەیراناوی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان سەختتر دەبێت. لە دوای پرۆسەی ریفراندۆمەوە، بەهۆی ناتەبایی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی و هەڵوێستی شۆڤێنی و دكتاتۆرانەی دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد و باوەڕنەبوونیان بە مافی گەلەكەمان و چارەسەری دیموكراسییانەی كێشەی نێوان گەلی كوردستان و بەغداد، لە 16 ی ئۆكتۆبەردا، كە داڕمانێكی گەورەی سیاسی و ئابوری و پاشەكشێی پرۆسەی دیموكراسییە، دەسەڵاتی بەغدا لە ڕێگای هێزی میلیشیاییەوە، پەلاماری هەرێمی كوردستانیداو ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانی داگیر كرد و پرۆسەی نەگریسی بەعەرەب كردن دەستی پێكردەوە، ئەم پرۆسە شۆڤێنییە لە كەركوكدا بەڕوونی دیارەو بووەتە هۆی پەشێوی ئاڵۆزكردنی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك. لە هەمان كاتدا، لە سایەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و عێراقدا ناعەدالەتی و نایەكسانی ڕێزنەگرتنی ئیرادەی هاوڵاتیان و چارەسەرنەكردنی گەندەڵی و قەیرانی دارایی و بێكاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و لاوازی و خراپی خزمەتگوزرای گشتی و نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ هاوڵاتیان و نەگەڕانەوەی موچەی خانەنشینان و فەرمانبەران و كۆتایی نەهبًنان بە پاشەكەوتی زۆرەملێ‌ و دواكەوتن لە پێكهێنانی حكومەت و ڕێككەوتنی دوقۆڵی لە پێناو بەرژەوەندی حزبیی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و نەبوونی دەستوری هەرێم درێژەی هەیە . بوونی ئەم گرفتانە بەگشتی و جیًبەجێنەكردنی ئەركی سەرشانی خۆیان لە بەرزو پیرۆز راگرتنی مێژوو و ناسنامەی شەهیدانی گەل و نیشتمان بەتایبەتی، دەسەڵاتدارانی ناوەند و هەرێم لێی بەرپرسیارن. 

لەم بۆنە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە، كە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارێتییانەدا، چیتر بێباك نەبن و پرسی شەهیدان لە ململانێی حزبیی بیپارێزن، ئەم ئەركانە بەجێ‌ بگەیەنن: 

1- گەڕانەوەی مافی ڕاستەقینەی شەهیدان و ڕاستكردنەوەی پلەی شەهیدانی حزبمان و هەر شەهیدێكی كوردستانی، كە بەهۆی جیاوازی بیرو باوەڕی سیاسی و گەندەڵییەوە پلەی ناشایستەیان بۆ دانراوەو نادادپەروەری تێدا كراوە.

2- باشكردنی بارو گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و دەستەبەر كردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی لە ڕێگای كردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بۆیان. پەلە كردن لە جێبەجێكردنی هاوتا كردنی موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم لەگەڵ عێراقدا.

3- چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدان.

4- بەخشینی كەسوكاری شەهیدان لە هەموو جۆرە باجێكی فەرمی كە بەڕێژەیەكی نادادپەروەرانە حكومەتی هەرێم بەسەرهاوڵاتیانیدا سەپاندووە.

5- دووپاتی دەكەینەوە، پەرلەمانی كوردستان و عێراق، و لەبەرژەوەندی كەسوكاری شەهیداندا، چاكسازی لە یاسای شەهیدان و ئەنفالكراواندا ئەنجام بدەن. 

6- لەم بۆنە پیرۆزەدا، جەخت دەكەینەوە، كە پەرلەمانی عێراق و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان، بەپێی ڕێككەوتنامەی ساڵی 1948 ی نەتەوە یەكگرتووەكان، كارەساتی ئەنفال و شەنگال و هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكەی هەرێم بە تاوانی جینوسایدا بناسێنن.

7- داواكارین دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە مرۆیی و مەدەنییەكان، تەواوی ئەو كۆمپانیاو كەسانەی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەستیان لە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵبجە ناوچەە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا، هەیە، دادگایی بكرێن و بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، بەڵێنی تێكۆشان لەگەڵ حزبماندا نوێ‌ دەكگەینەوەو بەڵین دەدەین درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی شەهیدانمان بین. 

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی (14)ی شوبات و سەرجەم شەهێدانی ریًگای ڕزگاری كوردستان و گەلانی ئازادیخواز و دیموكراتیخواز.

سەری رێزو نەوازش بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان - عیراق

14 / شوبات / 2019

چالاکی حزبی