ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆر جار گوتوومانە کە کورد لە شاخەکانی کوردستان بەولاوە هیچ پشت و پەنایەکی دیکەی نییە . ئەم قسەیە زێدەڕۆیی تێدا نییە , چونکە رووداوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە گەلی کورد زۆر جار کراوە بە مەقاش ( ماشە) و ئاگری پێ دەرهێنراوە . خۆ ئەگەر لایەنێکیش یارمەتی دابێت , دیارە ئیشی پێی بووەو لەبەر خاتری چاوە ڕەشەکانی نەبووە و هەر کە کارەکەی تەواو بووە , بە جۆرێک پشتی تێ کردووە هەر وەک نەیناسیبێ وابووە. نموونە زۆرن , بەڵام من مستەفا کەمالە بە نموونە دەهێنمەوە . لە گەرمەی هەڵبژاردن لە تورکیا لە ناوەڕاستی نەوەتەدان نجم الدین ئەربەکانی بیروباوەڕ ئیخوانی کە ئەوسا ئەستێرەی لە درەوشانەوەدا بوو حەزی بە مستەفا کەمال و ڕێبازەکەی نەدەکرد , لە دیدارێکدا بە باشی باسی دایکی مستەفا کەمال ناکات و وای ناو دەبات کە یەکێک بووە لەو ژنانەی دڵی سەربازانیان خۆش کردووەو مستەفا کەمال کوڕی ئەو دایکەیە کە ئەربەکان وای پێ دەڵێ . دوای شکست هێنانی دەوڵەتی عوسمانی , مستەفا کەمال کە ئەفسەرێکی تورک بوو , هەوڵی دروست کردنی تورکیایەکی نوێی دا . یۆنانەکان دەستیان بەسەر زۆر شوێنی تورکیای ئێستا داگرتبوو. مستەفا کەمالی لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی بێ بەش هانای بۆ کورد برد کە یارمەتیی بدەن بۆ وەدەرنانی یۆنانەکان , دوای ئەوە هەموو مافەکانی کورد دەستەبەر دەکات , بەڵام کە کارەکەی بۆ یەکلایی بووەوە , بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کەوتە وێزەی کورد , بەشێوەیەک کە تەنانەت نکوولی لە بوونی نەتەوەی کورد کرد و هەموو کەسێکی سەر خاکی تورکیای بە تورک دانا و تەنانەت قسەکردنی بە زمانی کوردی لێ قەدەغە کردن و شێوەی جل و بەرگیشی پێ گۆڕین . ئەو سیاسەتە تا بینەقاقا رەگەزپەرستانەیە تائێستاش هەر بەردەوامە و سوڵتان ئەردۆغان بە وردی پەیڕەوی دەکات . تورکی ڕەگەزپەرست هەرچەندە دژی هەموو نەتەوەکانی دیکەی تورکیایە, بەڵام بە پلەی یەکەم ڕقی لە کوردە و کورد گوتەنی ( هەوێیەکی هەیە ناوی کاڵێیە) . ئەوەتا سوپای تورک لە باشووری کوردستان بە بەر چاوی هەموو جیهان لە باشووری کوردستان دەسووڕێتەوە و ئێمەش نابێ ناڕەزایی دەربڕین و دەبێ دەست لەسەر سینگ بۆی بوەستین و بەخێرهاتنی بکەین و ئەگەر کەسانێکیش ناڕەزایی دەربڕنبەرانبەر بە بوونی سوپای تورک لەسەر خاکی هەرێمی گوردستان , دەڵێن قوربان ئەوانە نەزانن چاکەو خراپەی خۆیان نازانن لێیان مەگرن . بە چاوی خۆشمان دیتمان لە خۆرئاوای کوردستان چۆن عەفرینی شەهیدی لە خوێنێ گەوزاند و کەسیش دەنگی لێ دەرنەهات .

هەرچەندە داگیرکەرانی کوردستان هیچ درێغییەکیان نەکردووە لە بەکار هێنانی ئەوپەڕی توندو تیژی و زەبروزەنگ دژی هەر جووڵانەوەیوکی میللەتی کورد بۆ گەیشتن و وەدەست هێنانی مافە نەتەوەییە سروشتییەکانی , بەڵام تورکەکان , مەبەستم دەسەڵاتدارە ڕەگەزپەرستە تورکەکانە , لە بەکارهێنانی دڕندانەترین شێوازی سەرکوت کردن و کوشتن و بڕینیی بە کۆمەڵ , پێشەنگی ڕەگەزپەرستانی عەرەب و عەجەم بوون . 

لە دانیشتنێکدا لە ماڵی نووسەری پێشکەوتنخوازی بە ئەسڵ ئەرمەنیی عەرەبینووس لە ساڵی ١٩٦١لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول لە ماڵی خۆیان لە هەولێر گوتی : بەڕاستی مرۆڤایەتیی بەرانبەر بە کورد شەرمەزارە , چونکە کورد زۆری بۆ مرۆڤایەتیی کردووە , بەڵام مرۆڤایەتی بە دەنگی کوردەوە نەهاتووە . لە قسەکانی بەردەوام بوو و گوتی مامم خۆی بینیویەتی دەڵێ : چاڵی گەورەیان بە دیلە کوردە دەسگیرکراوەکان هەڵدەکەند و دوای ئەوە ناچاریان دەکردن بە گەورەو گچکە وژن و منداڵەوە بچنە نێو چاڵەکانەوە و گڵ و خۆڵەیان بە سەردا دەکردنەوە , ئینجا سەربازانی تورک بە سواری رمبازییان بەسەر چاڵەکاندا دەکرد و دەیانکوتایەوە . یان ژن و منداڵ و گەنج و پیری کوردیان لەو شاخانە دەکردە ئەشکەوتانەوە بێ نان و ئاو دەرگای ئەشکەوتەکانیان بە دیواری پان هەڵدەچنی ئەو خەڵکە هەشبەسەرانە لە نێو ئەو ئەشکەوتاندا دەمردن . بەم شێوەیە گۆڕی بە کۆمەڵیان بۆ دروست دەکردن و بەعسی فاشیستیش لەوانەوە فێری گۆڕی بەکۆمەڵ بوو بۆ کورد . لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەمیشە کورد بۆ وەدی هێنانی ئامانە نەتەوەییەکانی شۆڕشی کردووە , بەڵام لە باکوور زیاتر بووە , چونکە توندو تیژی تورکان بێ وێنە بووە و بۆ دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشانە بێ بەزەییانە شێوازی هەمەجۆریان بە کارهێناوە و جیهانیش لە ئاستی ئەو زوڵم وزۆری و دڕندایەتییە بێ دەنگ بووە . بۆ نموونە کە مستەفا کەمال لە هەوڵی دروست کردنی تورکیای نوێدا بوو و کوردیش داوای مافی خۆی دەکرد و بەرەنگاری کەمالییەکان دەبووەوە , تەنانەت شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە تازە بەرپا بوو بوو دژی خواست و ئاواتی کورد وەستا , یان لێی بێ دەنگ بوو , چونکە مستەفا کەمال وای لە سەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەگەیاند کە کوردەکان دەیانەوێ خەلافەت بۆ تورکیا بگەڕێننەوە و عوسمانیی زیندوو کەنەوە بە دەلیلی ئەوەی کە سەرانی شۆڕشی کورد هەموو پیاوی ئاینین وەکو شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبێدوللای نەهری و لە ترسی ئەوەی نەوەک مستەفا کەمال پاڵ بدات بە ئینکلیزو فەرەنسا کە نەیاری شۆرشی یەکێتیی سۆڤیەتی تازە دروست کراو بوون , بۆیە مستەفا کەمال پشتیوانیی لێ کرا لە لایەن سۆڤیەتەوە کە گوایا بزووتنەوەی کەمالێ بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەیە بۆ رزگار کردنی تورکیا لە چنگی ئیستیعماری بەریتانیاو فەرەنساو .ئەو دوو دەوڵەتانەش نەرمییان نواند بەرانبەر بە مستەفا کەمال نەوەک بەلای یەکێتیی سۆڤیەتدا دایبشکێنێ و یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەروگۆڕینی بە پەیمانی لۆزان ئەو مەترسییە بوو . وەکو گوتم شۆڕش لە باکووری کوردستان دژی داگیرکەرانی تورک هەر بەردەوام بووە و کاردانەوەی ئەو توندوتیژییەی سەرانی تورکیای کەمالی نواندوویانە بووە هۆی دروست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ لە لایەن چەند لاوێکی مارکسیستەوە کە عەبدوڵلا ئوجەلانیان بە سەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژارد و چالاکییە سەربازییەکانی لە ساڵی ١٩٨٤ دەست پێ کرد . پارتی کرێکارانی کوردستان لە چاو بزووتنەوەکانی پێش خۆی رێکوپێکتر و توندوتۆڵتر بوو و زیاتر خەوی لە سەرانی تورکیا حەرام کرد . سەرانی تورک شێوازی جۆراوجۆریان بە کارهێنا بۆ شکست پێ هێنانی ئەو بزووتنەوەیە , بەڵام بێ سوود بوو . ویستیان بە دەسگیر کردنی ئۆجەلان شۆڕشەکە دامرکێننەوەو پارتی کرێکاران ( پەکەکە) لێک هەڵوەشێننەوە , بەڵام بۆیان نەکرا . ئۆجەلان لە بیقاعی لوبنانی بوو کە ئەوسا سوریا لە لوبنان دەستڕۆیشتوو بوو . دوای مردنی حافڤ ئەسەد و هاتنی بەشاری کوڕی , سەرانی ئەو سەردەمەی تورکیا گوشاریان خستە سەر سوریا بۆ وەدەرنانی ئۆجەلان و تەنانەت مەسعود یەڵمازی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا هەڕەشەیەکی سەرسەرییانەی لە سوریا کرد گوتی ئەگەر ئۆجەلان وەدەرنەنێن , ئیمە چاوی سوریا دەردێنین . لێرەوە دەربەر کردنی ئۆجەلان دەستی پێ کرد , چوو بۆ ئیتاڵیا , بەڵام ئیتالیا وەک پەنابەر وەرینەگرت . چوو بۆ روسیا , ئەویش بە هەمان شێوە پاڵی پێوەنا و وەرینەگرت . تا سەرەنجام سەری دنیایان لە عەبدوڵلا ئۆجەلان هێنایەوە یەک و پەنای برد بۆ باڵیۆزخانەی یۆنان لەنایڕۆبی پایتەختی کینیا . لێرەدا سیای موخابەراتی ئەمریکا و مۆسادی ئیسڕائیلی, کە ڕۆڵی سەرەکی بینی و موخابەراتی کینیا کە هەر لە زووەوە دەستەمۆی مۆسادی ئیسرائیلی بوو , جگە لە میتی تورکی ,توانییان بە فێڵ ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان بهێننە دەرەوە و ئینجا لە ١٥/٢/١٩٩٩زەفەریان پێ برد و دەسگیریان کرد و بە پلاستەر دەمیان داخست و کەلەپچەیان کردە دەستی و دەڵێن دەرزیی بێ هۆشکەریان لێ داو وەک هێلکەیەکی پاک کراو دایانە دەست میتی تورکی و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی گەیاندیانە تورکیا . هەر چەندە تورکیا ئەوەی بە هەنگاوێکی سەرکەوتووبۆ خۆی لە قەڵەم دا , بەڵام دەسگیر کردنی ئۆجەلان بەو شێوەیە و هاوکاریی کردنی موخابەراتی چەند دەوڵەتێک لەو کارە نامرۆڤانە قێزەونە , ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی دەنوێنێ , بە تایبەتیش بۆ ئیسڕائیل کە مۆسادڕۆڵی تەوەرەیی تێدا بینی لە کاتێکدا کورد هێچ زیانێکی بۆ جوولەکە نەبووە . ئەمڕۆ ٢٠ ساڵە عەبدوڵلا ئۆجەلانی ناسراو بە ماندێلای کورد لە دورگەی ئیمڕاڵی زینداییە دوور لە هەموو مافێک کە دەبێ زیندانی سیاسی هەیبێ , وەک سەردانی لە لایەن کەسوکارییەوە , سەرپەرشتی کردنی پزیشکی و گەلێک مافی دیکە . ڕۆژ بە ڕۆژیش دەسەڵاتدارانی تورک گوشاری زێتر دەخەنە سەری بۆ ڕووخاندنی لە ڕووی دەروونییەوە . ئەمڕۆ لە هەمووجیهاندا ئۆجەلان تاکە زیندانی سیاسییە کە ئەو ماوە زۆرە لە زینداندا بێت , هەر بۆیە بە ماندێلای کورد ناونراوە . ئێستاش لەم سەردەمە کە بە سەردەمی دیموکراسی دەناسرێ ئێمەی ئازادیخوازانی کورد رووی دەممان دەکەینە ئازادیخوازانی جیهان بە گشتی و ئازادیخوازانی تورک بە تایبەتی بۆ بەڕیوەبردنی هەڵمەتیکی گوشارهێن بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تورک لە پێناوی ئازاد کردنی ئۆجەلان لەو زیندانە تاکە کەسییەی ئەوە بیست ساڵە تێی خزێنراوە , بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی خۆی لەو شەرمەزارییە رزگار کات بەرانبەر بە کورد . با لەمڕۆوە بیسمیللای لێ بکەین و ئەو هەڵمەتی ئازادکرنەی ئۆجەلان دەست پێ بکەین تا ڕووسپی و ڕووڕەشی ئەم دنیایەمان بۆ دەرکەوێ .

چالاکی حزبی