ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان
خەباتی جەماوەری و ئازادیخوازی گەلی كوردستان، بەهەموو پێكهاتەكانییەوە، لە5ـی ئاداری 1991 بەپیشتیوانی بەرەی كوردستانی، لەدژی زوڵم‌و ستەمی رژێمی بەعس‌و سەدامییەكانی عێراق ، راپەڕینی مێژوویی خۆی بەرپاكرد، كە حزبیشمان، حزبی شیوعی ، رۆڵی سەرەكی‌و پڕ لەشانازی لەم نێوانەدا بەردەكەوێت و توانی بە قورساییەوە بەشدار بێت لە ئازادكرنی تەواوی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوو.
ئەم راپەڕینە جەماوەرییەكەلە رانییە و ناوچەكانی دەوروبەری دەستی پێكرد‌و پاشان هەموو كوردستانی گرتەوە، شار‌و پارێزگاكان بەدوای یەكدی ئازادكران ، ئەمەش بوە هۆكاری دامەزراندنی بنەماكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها خەباتی رزگاری نیشتمانی لەرێگای تێكۆشانی خۆیدا، هەنگاوێكی گرنگ چووە پێشەوە، هاوكات ئەمجارە، لەدوای یەكەم هەڵبژاردن‌و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردسان ،پرسی یەكسانی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بووە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم، كەهاونیشتمانیان داوای مافە سەرەتایی‌و رەواكانی ژیان و گوزەرانیان لێبكەن، ئەمەش بووە بەریەككەوتن لەگەڵ حكومڕانییەك، كەهەردوو حزبی (پارتی‌و یەكێتی) هەموو شتێكی ئەم وڵاتەیان قۆرخكرد‌و، لەكایەی دەوڵەتدارییشدا، هەموو پلەوپایە‌و ئیمتیازاتیان بەسەر خۆیان‌و هەوادارانیان دابەش كرد‌و،خێروبێری وڵاتیشیان كەوتە بەردەست،.. لەدوای 28ساڵی حوكمڕانیش، تائێستا شكستیان هێناوە لە چەسپاندنی سەقامگیرییەكی بەردەوام‌و دەوڵەتی دامەزراوەیی‌و سەروەری یاسا‌و گەشەپێدانی بنەماكانی دیموكراسی ، بەشێوەیەك لەهەر قۆناغێكی دوای هەڵبژاردنەكاندا، ناجێگری سیاسی ‌و ناتەبایی‌و قەیرانی ئابوری ‌وسیاسی دروست دەكەن‌و دواتر لەسەر دابەشكردنەوەی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا رێك دەكەونەوە ، بێ ئەوەی پلانێكی ستراتیژی‌و پەیڕەوێكی حكومڕانی باش بۆ ئێستا‌و نەوەكانی داهاتوو مسۆگەر بكەن.
حزبی شیوعی هەردەم‌و بەهەموو شێوەیەك توانای خۆی بەكار هێنا بۆئەوەی رێڕەوی خەباتی حوكمڕانی بەپەیڕەوكردنی سیاسەتی راست‌و دروستی ئابوری‌و دامەزراوەیی‌و دەستوری لەپێناو نەهێشتنی نادادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و نادادی یاسایی‌و دووبەرەكی ناوخۆیی، وڵاتەكەمان لەمەترسیەكان بەدوور بگیرێت‌و ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان دابین بكرێت، بەڵام بەو هەڵبژاردنانەی ساز دەكرێت كە بەدەر نییە لەدەست تێوەردان‌و ساختەكاری، شێوازی خۆ سەپاندنەوە بەرهەم دێننەوە‌و لەسەرهەمان شێوازی كۆن حوكمڕانی دەسپێدەكەنەوە..
هاونیشتمانیانی كوردستان
گەلی كوردستان لەدژی زوڵم‌و ستتەمكاری راپەڕینی بەرپاكرد، بەڵام، لەماوەی 28ساڵی رابردوودا، جارێكی دیكە، نەهامەتی زۆر یەخەی گرتووەو دەگرێت ، رۆژانە بەدوای دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانەیە بۆخۆی، بەڵام حوكمڕانان گرنگییان پێنەداوە، گەلی كوردستان هەمیشە رۆڵەكانی لەهێزی پێشمەرگە دەكاتە قوربانی لەپێناو ئازادی‌و پاراستنی كوردستان ، بەڵام پاداشتی ئەو مەردایەتییە نەدراوەتەوە.
لەساڵڕۆژی راپەڕینی گەلی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، وێرای ئەوەی پشتیگری هەموو هەوڵ و هەنگاوێك بۆ هێنانەدی سەقامگیری و باشكردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان دەكات، هاوكاتیش حزبی شیوعی كە هێزێكی نیشتمانی خاوەنی هەزاران شەهید‌و تێكۆشەر‌و پێشمەرگەی دێرینە، خۆی وەكو هێزێكی چەپی دیموكراتی ئۆپۆزسیۆن ، بەپرۆژەیەكی بەرنامەیی ،خەبات‌و تێكۆشانی مەدەنی راگەیاندوەو داوا دەكات هەموو گەل لەدەوری كۆببنەوەو هەروەها بانگی گشت هێزە چەپەكان‌و كەسایەتی‌و تێكۆشەرانی رێگای هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی ‌و یەكسانی دەكات دەستی هاوبەشیی خەبات بۆیەكتری درێژ بكەن، بەڵكو توانای تێكۆشانمان بەهێزتر ببێت‌و كار بۆ فشاری زیاتر بكەین تاوەكو قۆناغی رزگاری نیشتمانی تەواو بكرێت‌و گڕو تێكۆشانی زیادتریش بكرێت بۆ هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و یەكسانی‌و سۆسیالیزم.
نەمری‌و سەربەرزی بۆ شەهیدانی راپەڕین‌و شەهیدانی رێگای ئازادی‌و پاراستنی كوردستان
كۆمیتەی ناوەندی / حزبی شیوعی كوردستان
5ـی ئاداری 2019

چالاکی حزبی