ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەداخەوە دوای ململانییەکی درێژخایەن، هاوڕێ بەهادین ماڵئاوایی یەکجارەکی لێکردین.

هاوڕێ بەهادین کوڕی خێزانێکی تێکۆشەر و ڕۆژانی سەختی پپێشمەرگایەتی و رێکخستنەکانی ناوشاری هەڵەبجە بوو، هەموو گەنجی خۆی لە پێناوی خەندە و یەکسانی خەڵکی کوردستاندا کردە قوربانی، لە پێناوی نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیاردا، ئامادەی هەموو قوربانییەک بوو..

هاوڕێ بەهادین لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەلەبجەی شەهید هاتوە دنیاوە و خاوەنی سێ خوشک و چوار برایە. بابی لە کارگەی توتنی هەڵەبجە کرێکار دەبێ و بەهۆی هەڵویستی نیشتیمانی و بەرگری لە یەکسانی و دادەوەری کۆمەڵایەتییە و دەها جار تووشی ڕاوەدونان لە لایەن سیخورەکانی بەعس داگیرکەرەوە دەبێ و لە ساڵی ١٩٦٣ تاکو ١٩٦٥ لە زیندانەکانی سلێمانی کەرکوک و دواتر کە نوگرە سەلمانی  ئەنفال کۆتدەکرێ. بە هۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە دوای چەند ساڵێک کۆچی دوای دەکا و بەهادین و خێزانەکەی بێ سەرپەرشت دەمێننەوە..

 دوای کۆچی بابیان، هاوڕێ بەهادین و براکانی، شانی لێ شلدەکەن و لە پەنا خوێندندا بەردەوام کاسپی دەکەن. بەهادین دەتوانێ، سەرباری ژیانێکی سەخت ئامادەیی تەواو بکا و دواتر بەهۆی ژەهربارانکردن و ویرانکردنی شارەکەی لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری عێراق ئاخوندەکانی فارسەوە،  وەک سەدان گەنجی ئەو شارە نەتوانێ بخوێنێ..

هاوڕێ بەهادین، کە ستەمی داگیرکەران و زۆردارن دەبینێ، هەرزو تێکەڵ بە خەباتی چینایەتی و نیشتیمانی دەبێ، فەلسەفی مارکسیزم-لینینزم وەک سەرەکەیترین ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵگەکەی دەبینی و زوو دەبێتە ئەندامێکی کاراو چالاکی حزبی شیوعی عێراق. تەنانەت لە هەندەرانیش بەردەوام خۆی بە تێزەکانی مارکسیزم و فەلسفە علمانییەکانی دی زانستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ئاشنادەکا..

 هاوڕێ بەهادینی نەمر، قارەمانێکی خۆپیشاندانەکەی ١٣ پێنجی ١٩٨٧ دەبێ  کە زۆربەی گەرەکەکانی هەڵەبجە و شارۆچکەی زەمەقی و تا سەیدسادق ڕزگارکران و لەگەڵ مەفرەزە نهێنیەکی رێکخستنەکانی ناوشار، قارەمانانە دژی سوپای فاشستەکان لەگەڕکی کانی ئاشقان و گوڵان پێکەوە رێگە بەو تانکانە دەگرن کە دەیانەوە شار داگیربکەنەوە. هاوڕێ بەهادین لیرەدا بریندار دەبێ و ڕۆلێکی ئازایانە دەنوێنێ.

لە کاتێکدا کە سوپای پاسدارنی ئاخوندەکانی فارس و وەهابییە کوردەکانی  شار،  دەست بە ئەڵاهو ئەکبەری سەرکەوتنی درۆزنانە. لە ١٦ مارسی ١٩٨٨ دەکەن و لە ئاسمانیشەوە فڕۆکەکانی سوپای عارەب، شار ژەهرباران دەکەن، هاوڕێ بەهادین و رێکخسنەکانی حزبی شیوعی چالاکانە هاوکاری خەڵکی بریندار و لێقەومادەکەن و خەریکی شاردنەوەی تەرمی شەهیدەکان دەبن. هاوڕێ بەهادین خۆشی بە ژەهری کیمیاوی بریندار دەبێ.

هاوڕێ بەهادین لە ئاوارەیی و ئۆردوگانی ڕۆژەهەلاتی کوردستانیش، ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێ ، لە رێکخستنی ئیش و کاری خەڵک و هاوکاری کردنیان.

بۆ تەواوکردنی خوێندن  هاوڕێ بەهادین لە پایزی ١٩٩٠ کورسی خوێندنی لە ولاتی شورەوەی بۆ دەردەچێ و ڕێگەی هەندەران دەگرێتە بەر. بەداخەوە لەبەر هەرەسهێنانی ئەو وڵاتە، لە وڵاتی سوێد مافی پەنابەر وەردەگرێ و لەوێندەر نیشتەجێ دەبێ.

 هاوڕێ بەهادین خوی ئاسا هەرزوو خۆی دەگونجێێنی و بەشێکی زۆری موچەکەی دەنیرێتەوە بۆ کەسوکاری و هاوکاری لێقەوماوان.

هاوڕێ بەهادین هەرچەندە بەشداری هیچ کورسێکی فیربوون یان خوێندن ناکا لە وڵاتی سوێد، بەڵام دەبێتە کارمەندێکی شارەزایی بواری ئایتێ و بەرنامەڕێژی زمانی کۆمپیتەر و جێپێ ئێسی کۆمپانیای ڤۆڵڤۆ و سکانیا و تاکو دواڕۆژەکانی ژیانی، سەرباری ناساغی کاریان لەگەڵ دەکات.

هاوڕێ  بەهادین، خاوەن ورەیەکی پۆڵاییین بوو، تا دوا هەناسە بروای بە ژیان بوو، چەند رۆژێکی پێشتر پێکەوە قسەمان کرد و باسی خۆشی ژیانی و ڕۆژانی داهاتووی کوردستانەکەی دەکرد.

 هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو قارەمانە و سەرەخۆشی لە هاوڕێیانی و کەسوکاری!

نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتدا دەژین!

بنو هاوڕێم، بنو دوای ژەهربارانکردنی شارەکەت و دەها سنووربڕین لەوڵاتی نامۆیی گیرسایتەوە! 

بنو هاوڕێکەم! شارە ، خنکاوەکەت پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی بازرگانانی شەڕو ئاین  و وڵاتفرۆشانەوە!

بنو هاوڕێکەم! 

وا بەهاری شارەزوو و هەورامانەکەت بۆ گیانی پاکت، بەرگی نیرگزەجاڕ و سەدان گوڵاڵەی رەنگاوڕەنگ رازانوەتەوە...بۆی هەناسەی سەدان تێکۆشەری وەک تۆیان گرتووە.

ئاسۆ بیارەیی

٩ی نیسانی ٢٠١٩

 

 

چالاکی حزبی