رێگای كوردستان-هەولێر
تایبەتمەندی جوتیارانی حزبی شیوعی كوردستان، سەردانی نوسینگەی پەرلەمانی عێراق دەكات لە شاری هەولێر.
رۆژی پێنجشەممە، 1-8-2019 لە شاری هەولێر وەفدێكی تایبەتمەندی جوتیارانی حزبی شیوعی کوردستان، سەردانی نوسینگەی پەرلەمانی عێراق دەكەن و یاداشتێکیشى داوەتە نوسینگەكە، بۆداکۆکی کردن لەمافی ڕەوای جوتیاران و وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان و قەرەبوی کارەساتی سروشتی وسوتانی گەنمو و مڕەشە وکەلوپەلی جوتیاران بۆچارەسەرکردنی کێشەی خاوەن دارێتی زەوی لەسنوری مادەی 140.
دەقی یاداشتەكە:
بەڕێزان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێزسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
بەڕێزان لایەنەپەیوەندیدارەكان
بەڕێزان وەك دەزانن كێشەی جووتیاران ماوەیەكی زۆری خایاند كە بەشێك لە كێشەكان چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە، بۆیە ئێمە لە 7/3/2018 یاداشتێمان لەسەر شایستە داراییەكانی جووتیاران پێشكەش كرد و لە نیسانی ئەمساڵیشدا یاداشتێكمان بە واژووی نزیكەی(3000) جوتیار ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد، بەڵام بەداخەوە وەڵامێك نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێ كە دەڵێن لێژنەی بۆ پێكهێنراوە و لە واقیعیشدا هیچ ئەنجامێك دیار نییە. بۆیە جارێكی تر پێداگری لەسەر مافەكانمان دەكەینەوە كە خۆی لەچەند خاڵێك دەبینێتەوە.
1- خەرجكردنی شایستەداراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵانی( 2014 و 2015 و 2016).
2-قەرەبووی زیان لێكەوتەوەكانی رووداوە سروشتیەكان، وەكو تەزرە و لافاو.
3-قەرەبووی زیان لێكەوتوانی ئاگر و سوتانی دەغڵودان و مەڕەشە و رەزوباغ و پڕۆژە و كەلوپەل و ئامێرەكانی كشتوكاڵ.
4- پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ كۆتایی بە كێشەی زەویی كشتوكاڵی لەسنوری مادەی 140 كە ئێستا رێگریی لە بەكارهێنانی زەوییەكانیان دەكرێت.
5- هەڵوەشانەوەی بڕیاری گۆڕینی خاوەندارێتی زەوی كە لەلایەن لێژنەی كاروباری باكوور و سەركردایەتی شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوە، دەركران و دووبارە بەناوكردنەوەی زەوییەكانی سنووری مادەی 140 بۆ سەر ناوی خاوەنە رەسەنەكانیان.
تایبەتمەندی جوتیارانی حزبی شیوعی كوردستان
تەمووزی 2019