ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای وتووێژ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لە نێوان سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشان و حزبی شیوعی و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لەمەڕ ڕەوشی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەتایبەتی دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزکاکانی ئەو ناوچانە، و دواتریش ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، هەر سێ لایەن بە ئەرکی خۆیان زانی کە بە چەند خاڵێک، بۆچونی هاوبەشی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە بۆ ڕای گشتی گەلەکەمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بخەنە ڕوو:
1ـ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دراوە، ئەبوایە تەوافقی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەر هەبوایە، نەک تێپەڕاندنی بریارەکە بە دەنگدانی زۆربە.
2ـ لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە 2003وە تەنها یەک هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک ئەنجام دراوە، و لە ماوەی پانزە ساڵدا حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی عەرەب و توروکمان ڕێگڕیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کردوە، بەڵام کاتێک کە پێیان وایە تەرازوی هێزەکان دووای 2017وە گۆڕاوە، و زەمینە بۆ گەڕانەوەی سیاسەتی تەعریب و گۆڕانکاری دیموگرافی واڵا بووە و بە شێوەیکی پراکتیکی دەستیان پێکردوە، بە فرسەتێکی مێژووییان زانی کە بە سوود وەرگرتن لە سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی ڕەوشێکی قانونی نوێ فەرزکەن و شەرعیەت بە سیاسەتی تەعریب بدەن.
3ـ جگە لە ئاسایی نەکردنەوەی وەزعی کەرکوک و بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بوونی نائارامی لە نێو شار و دەوروبەری کەرکوک، حکومەتی ناوەند بەشێکی زۆری خێزانەکانی داعشی لە کەمپەکانی موسڵەوە هێناوە و لە کەرکوک نیشتەجێی کردووە، و پسولەی خۆراک و بەڵگەنامەیانی بۆ دەرکردوە کە ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی تەعریب.
4ـ بەپێی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشێک لەو کوردانەی کەرکوک کە لە سەردەمی بەعس لەو شارەدا ڕاگوێزراون و بە هۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140، لە بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە بێبەش دەبن، و ژمارەی ئەوانەش نزیکەی 60 هەزار کەسە، و ئەمەش دووبارە بەشێکە لە بەردەوامبوونی سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی و حکومەتی بەغداش کاتێک کە سەرژمێری دانیشتوان لە ساڵی 2020 دەکات ئەوا ئەو کەسانە بە شێوەیکی یاسایی بەدەر لە دانیشتوانی ڕەسەنی کەرکووک تۆمار دەکات.
5ـ بە ڕچاوکردنی سەرجەم ئەم هەلومەرجە، هەر سێ لایەن داوا لە سەرجەم لایەن و حزبە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەن کە هەوڵەکانیان یەک خەن بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک کە لەم هەلومەرجەدا ئاکامەکەی فەرزکردنی سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی دەبێت، و کار بۆ ئاسایی کردنەوەی وەزعی کەرکوک و ڕاگرتنی شاڵاوی تەعریب بکرێت، ئەمەش پێویستی بە دانانی پارێزگای نوێیە کە بەشی فراکسیۆنی برایەتییە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
6ـ لە کاتێکدا ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک بە سەر لایەنە کوردستانییەکان فەرز کرێت، و یاساکە هەموار نەکرێتەوە، ئەوا پێویستە حزب و هێزە کوردستانییەکان بە هەڵوێستی هاوبەش و یەک لیستی هاوبەش لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەشداری بکەن، و ئەمەش پێداویستییەکی نیشتمانی کوردستانییە کە ناکرێت پێشێل بکرێت.
7ـ بەڕچاوکردنی سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە، حزبی زەحمەتکێشان و شیوعی و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، داوای کۆبونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دەکەن، و ئامادەشن بۆ میوانداری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەستنی ئەم کۆبونەوە هاوبەشە لە کاتێکی نزیکدا.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
7/ 9/ 2019

 

چالاکی حزبی