ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر مەسەلەی نوسینەوەی دەستوور و کۆمەڵیک پرسی چارەنووسساز، ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ 2019/9/11، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی حزبی شیوعی کوردستانی کردو لەلایەن د.کاوە مه‌حمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، كه‌ بۆ دروستكردنی كۆده‌نگییه‌ له‌سه‌ر کۆمەڵێک بابه‌ت كه‌ ره‌هه‌ندی چاره‌نووسسازیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌وانه‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی چاكسازی و دانوستاندنه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند، سه‌باره‌ت به‌ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق-یش داوایان کرد سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بکەن.

لەلایەن خۆیانەوە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان به‌و هەنگاوە گرنگەی پەرلەمانی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نیشانداو پشتیوانیی تەواویشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد لە دانانی ئەو ئەولەویەتانەو ئامادەیییان بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسه‌ی چاکسازی و نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەربڕی، هاوڕاشبوون لەوەی یەکریزی بپارێزن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسە نیشتیمانییەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان بێت.

پاشان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هاوڕێ باباعەلی، جێگری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند: دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە، بەڵام ناوەڕۆكی دەستورەكە بەلای ئێوە گرنگە، دەستورەكە علمانی بێت و مافی تەواوی پێكهاتەكان مسۆگەر بكات.

چالاکی حزبی