ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ڕاگەیەندروای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

کۆبوونەوەی قەوارە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت چارەی لێکەوتەکانی گەندەڵی و بەشبەشێنە بکات

ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2019 لەبارەی کۆبوونەوەی ژمارەیەک هێز و قەوارەی سیاسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەنێویاندا هەندێک هێزی کوردستانی، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بەزمانی عەرەبی بڵاوکردوە کە تیایدا هاتووە؛ (ژمارەیەک هێز و قەوارەی سیاسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەنێویاندا چەند هێزێکی کوردستانی لەسەر بەیاننامەیەکی سیاسی ڕێککەوتن کە چەند ڕێکارێکی بەناوی چاکسازی لەخۆدەگرێت و مۆڵەتی تا کۆتایی ساڵی 2019 دەدات بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەوانەی کە ئەو هێزانە پێیان وایە چاکسازییە، لەکاتێکدا کە ئازارەکانی جەماوەری پەراوێزخراو کەڵەکە بووە و بەدەست بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و نەبوونی دەرفەتی کار و کەمی داهات و نەبوونی بیمەکانی کۆمەڵایەتی و تەندرستی و سەرکوتکردنی دەنگی سیاسی دەناڵێنێت...تد).

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە؛ (چاوەڕوانکراو بوو کە جەماوەری پەراوێزخراو ڕابپەڕن وەک گوزارشتێکی ڕاستەقینە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری و ئاراستەکردنی ئابووری بەرەو بەرهەمهێنانی ئاشتییانە و بەدیهاتنی پەرەپێدانی بەردەوام و دەربازبوون لە ئابووری ڕەیعی و دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان بە پاڵپشتی چاکسازی سیاسی کە بەشبەشێنە تێپەڕبکات، زەمانەتی فراوانترین ڕووبەری دیموکراسی بکات و دەرفەتی گفتوگۆی دیموکراسییانەی دوور لە هێڵە سوورەکان بڕەخسێنێت، لەنێویاندا چارەکردنی ئەو گیروگازە مێژووییانەی کە لە عێراقدا هەن).

لەلایەکی دیکەوە لە ڕاگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە؛ (هەوڵەکانی قەوارە سیاسییە دەستڕۆشتووەکان بۆ سواربوونی شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، دەیانەوێت هۆشیاری سیاسی بشێوێنن لە ڕێگەی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەبری دادگاییکردنی ئەندامە گەندەڵەکانی ناو ئەو ئەنجوومەنانە، گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی لەبری پتەوکردنی سیستەمی پەرلەمانی، هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسایەکی هەڵبژاردن کە بونیادنرابێت لە سەر یەک بازنەیی بۆ هەموو عێراق و یاساکە پشت بە ڕێژەیی سادە ببەستێت لەپێناوی نەهێشتنی سیستەمی سانت لیگۆی بەدناو لەبری ئەوە ڕەشنووسی یاسای فرەبازنەیی خراوەتە ڕوو کە پەرتەوازەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە. داواکاری بۆ هەموارکردنەوەی دەستووریش گوزارشتێکە بۆ هەرەسی پڕۆسەی سیاسی کە لە ساڵی 2003 وە دەستیپێکردووە و دواتر لە 2005 دەستوور دەرکراو لە بێ بڕوابوونی هێزە دەستڕۆشتووەکانی دەسەڵات کاری پێنەکرا...تد).

ڕاگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە کە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان قەوارە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێگەخۆشکردنە بۆ حکوومەتی عێراق لەخۆدزینەوە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق کە شەهید و قوربانییان داوە و خۆپیشاندانەکانیان ڕووبەڕووی بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکوتکردن بۆتەوە.

لەبەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە؛ (حزبی شیوعی کوردستان لەوکاتەی پشتگیری و پاڵپشتی خۆی بۆ داوا ڕەواکانی جەماوەری پەراوێزخراو دووپات دەکاتەوە کە پێویستە مافەکانیان بەدەستبهێنن لە کەرەستەکانی ژیانێکی شایستە لەهەموو ڕوویەکەوە، لەهەمانکاتدا پێی وایە پاڵپشتیکردنی حکوومەتەکەی ئێستا ڕێگایەک نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە چاکسازی ئابووری پێویستی بە پاڵپشتی چاکسازی سیاسی هەیە کە زەمانەتی فراوانکردنی سیستەمی دیموکراتی فیدراڵی مەدەنی بکات و بەکارهێنانی ئاین لەکاری سیاسی سنووردار بکات. حزبمان پێی وایە ڕێککەوتنی قەوارە سیاسییە پەرلەمانییەکان کات کوشتنە و شێوەیەکی دیکەیە لە بەلاڕێدابردن و لەئاستی مەترسی بارودۆخی سیاسیدا نییە، وەڵامدەرەوەی داوا ڕەواکانی ئەو جەماوەرە نییە کە شەهید و برینداری داوە لە پێناوی بەدەستهێنانی داواکانی.

ئەزموونی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری جۆراوجۆر کە ئێستا لە گەشەکردندایە لە لوبنان و عێراق و ئێران، ئەوەی سەلماندووە ناکرێت بەهێز و توندوتیژی، بەلاڕێدا بردن و تەگەرە خستنەبەردەمی ڕووبەڕووی ببێتەوە، باشترین ڕێگە لەبەردەم دەسەڵاتداران بەدەمەوەچوونی داواکانی خۆپیشاندەرانە بەشێوەیەک کە خزمەتی ئیرادە و خواستی گەلان و ئاشتەوایی و دیموکراسی و پێکەوەژیان بکات).

 

چالاکی حزبی