ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حزبی شیوعی كوردستان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردی و نەورۆزەوە بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، نەورۆزى ئەمساڵ بەرپرسیارێتی دەخوازێ

 

دەقی بەیاننامەكەی حزبی شیوعی كوردستان:

بەبۆنەى هاتنى ساڵى نوێى کوردى گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەى جەماوەرى گەلى کوردستان ئەکەین، بەداخەوە نەورۆزى ئەمساڵمان بە قەیرانێکى تەندروستى جیهانیدا تێپەڕئەبێت و ناتوانین لەناو سروشتى جوانى کوردستاندا پێشوازى لە نەورۆز بکەین. 

هیوادارین قەیرانى تەندروستى جیهانى کە قەیرانى ئابورى و سیاسى لێکەوتووەتەوەو ڕووى لە هەرێمەکەمان کردووە، ڕۆڵەکانى گەلەکەمان پارێزراو بن. وێڕاى ئەوەى ئەم قەیرانە بەرپرسیارێتى لەسەر هەموومان دادەنێت، بەڵام بەرپرسیارێتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەوە فراونتر دەکات کە تاکو ئێستا پێى هەڵساوە، واتا پێویستە حکومەت لە ڕووى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و تەندروستی و پاراستنى ئاشتى کۆمەڵایەتى و دەرونییەوە، بۆ تێپەڕاندنى ئەم قەیرانە جیهانییە ئامادەکارى باش بکات. 

هەر لەم بۆنە نیشتمانییەدا، جەخت دەکەینەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم قەیرانە، تەندروستییە جیهانییە هاوکاربین بۆ جێبەجێکردنى ڕێنمایییە تەندروستییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت بۆ پارێزگارى تەندروستى هاوڵاتییان، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکى گشتییە. لە هەمان کاتدا حکومەتى هەرێم، بە هەموو شێوەیەک کار بۆ هێورکردنەوەى بارى دەروونى هاوڵاتییان بکات و ئەو قەیران کێشە سیاسییانەى لە نێوان لایەنە فەرمارەواکانى هەرێمدایە لەسەر حسابى هاوڵاتییان یەکلایی نەکەنەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە، حکومەت پەنا بۆ کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و حانەنشینان و هێزەکانى پێشمەرگەو هێزە ناوخۆییەکان نەبات و موچەکانیان دوانەخات و پاشەکەوتى موچە نەکرێتە ڕێگاچارەى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم قەیرانە تەندروستییە.

ڕێکارێکى گرنگى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم قەیرانە، پاراستنى ئاشتى کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەمەش پێویستە، حکومەت لایەنە پێوسستەکانى ژیانى هاوڵاتیان مسۆگەر بکات و خۆراکى مانگانەى هاوڵاتییان دوانەکەوێت و بیمەى تەندروستى بۆ نەخۆشى درێژخایەن دابین بکرێت. لە هەمان کاتدا، حکومەت بە ڕێنمایی پێویست پەیوەندى نێوان کرێچییەکان و خاوەن موڵکەکان لە شوێنى نیشتەجێبوون و بازاڕدا ڕێکبخات و لە دەستپێکدا حکومەت لە باجى ساڵانەى ئەم ساڵى ئەو خاوەن موڵکانە و باجى سەر هاوڵاتییان بە گشتى خۆش بێت. 

هەروەها لە ڕووى ڕاگەیاندن و گەیاندنەوە، هەندێک کەناڵى راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکى خراپ ئەبینن، بۆیە پێویستە حکومەت ڕێنمایی پێویست دەربکات. هەر لەم بۆنەیەدا جەخت دەکەینەوە، حکومەت کۆنترۆڵى کوالیتى ئەو خۆراک و داوودەرمانانە لە ناوخۆو خاڵە سنورییەکاندا، توند و نۆڵ بکات.

لە کۆتاییدا وێڕاى دەسخۆشیمان بۆ ڕۆڵى هاوڵاتییان و پێشمەرگەو هێزە ناوحۆییەکان کارمەندانى تەندروستى ، لە هەمان جەخت لە پاراستنى سامانى مرۆیی هەرێم دەکەینەوەو هیواى تەندروستییەکى باش بۆ هاوڵاتیان و توشبووانى ڤایرۆسى کرۆنا دەخوازین و هیواى چاکبوونەوەى خێرایان بۆ دوخوازین. 

بەرزو پیرۆز بێت یادى نەورۆز 

مەکتەبى سیاسى 

حزبی شیوعى کوردستان – عیراق 

21/3/2020

چالاکی حزبی