هەموو رۆژێکتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆزبێت
چەندین گەلو نەتەوە لەرۆژهەلاتی ناوەراستو ئاسیا جەژنی نەورۆز بەجەژنی ساڵی تازە و بەهار دەزانن، بەڵام نەورۆز بۆ ئێمەی کورد سەرباری ئەو جەژنانە، سمبولی یەکێتی و بەرخودان و راپەڕینو سەرکەوتنە.
هەرچەندە ئەمساڵ مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری جیهان لەگەڵ گرفتێکی ترسناک رووبەرووە، هەرەشە لەبوونو مانەوەی دەکات، کە ئەویش کێشەی هەرە مەترسیداری ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، کە چەندین کێشەی تەندورستی و ئابووریو کۆمەڵایەتی بۆ سەرتاسەری جیهان دروست کردووە، کە بێگومان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەلی ئێمەدا هەیە، سەرباری ئەو گرفتەش، گەلی کوردستان لەدۆخێکی واهەستیار و ناسک پێشوازی لەنەورۆزو سەری ساڵی (2720) کوردی دەکات. بەداخەوە گەلی ئێمە، لە کوردستانی (رۆژهەلات، رۆژئاوا، باکور) ئەم نەورۆزەش جەژن لەبندەستیدا دەکەنەوەو بەهۆی هێرشو داگیرکاری دڕندەیی دوژمنان لە مافە نەتەویی و دیموکراتیەکانیان بێ بەشن.
رژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران، ئەمرۆش وەلامی داخوازەکانی کوردان و نەتەوەکانی تر بە تانک و تۆپ و لەسێدارەدانی سەدان کوڕو کچی خەباتکارو تێکۆشەر دەداتەوە. لە رۆژئاوای کوردستان، گەلی ئێمە لە هەڵومەرجێکی دژواردا پێشوازی لەنەورۆز دەکات. دەوڵەتی تورک بەبەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیو بەهاوکاری (ئەمریکا، روسیا) لەهێرش کردنو داگیرکاری سەر ئەم بەشەی وڵاتی ئێمە بەردەوامەو گەلێک ناوچەشی داگیرکردوە، لەو دۆخەشدا بەداخەوە هێزە کوردستانیەکان خاوەن یەک هەڵوێست نین. هەرچەندە باشووری کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکە بارودۆخی جێگیرەو ئەمرواقعێکی دەستووری لەناو دەوڵەتی عیراق هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستانیش لەگەل کۆمەلێک کێشە رووبەڕووە، هەول و پلانی داگیرکەران بۆتێکدانی ئەزموونی باشووری کوردستان بەردەوامە.
لە جەژنی نەورۆز سەرباری پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردو هێزو لایەنە سیاسیەکان، داوا لە پارتەكانی باشوور دەكەین، پاراستن و گەشەكردنی دەستكەوتەكانی باشوور پێویستی بە پێداچونەوە بەكاروانی تێكۆشانی ساڵانی ڕابووردوو ھەیە، بەجۆرێك كارەكانی حكومەتی ھەرێم لەئاست داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانی باشوور لەدابین كردنی عەداڵەتی كۆمەڵایەتیو ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە بێت. رەوشی باکووری کوردستان لە پارچەکانی تر باشتر نییە، سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر گەلی ئێمە نەگوراوە، دەوڵەتی تورک گوێ ناداتە داخوازی هێزە ئاشتیخوازو دیموکراتو مەدەنییەکان، هەر وەکو جاران وەڵامی داخوازیە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی گەلی کورد بە ئاگرو ئاسن دەداتەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیو سیاسەتی ملیتاریکردنی کوردستان بەردەوامە، بەئەوەندەش نەوەستاوە، بەبێ گۆێدانە هیچ یاساو رێسایەکی نێودەوڵەتی رۆژانە هەرەشە لەباشوورو رۆژئاوای کوردستان دەکات. بەداگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە تەنانەت ئەگەر بۆی بلوێ هەموو رۆژئاوای کوردستان داگیردەکات.
گەلی ئێمە لە سەرتاسەری کوردستان سەرەرای زۆری و ستەم و ئاستەنگەکان لەبەرخوەدان و خەباتی سیاسیو مەدەنیو جڤاکی بەردەوامە، ئێستاش مەترسی گەورە لەبەردەم خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەماندا هەیە، بۆیە ئێمە لە یادی نەورۆزدا جارێکی دیکە داوا لەهێزو لایەنە وڵاتپارێزەکانی کوردستان دەکەین، لەو پێناوەدا سوود لەهەموو دەرفەتەکانی لێکنزیک بوونەوە وەربگرن، تاکو خەباتو تێکۆشانی گەلەکەمان دەگاتە ئامانج، وەرن با لەنەورۆزی (2720) لەپێناو ئازادی وڵات و بەختەوەری گەلەکەمان، دەست لەناو دەست بنێن، لە بەرامبەر زوڵم و زورداری پەرە بەخەباتو بەرخودان بدەین.
لە جەژنی نەورۆزدا، داوا لەپارتەکانی باشوور دەکەین، لەپێناو پاراستن و گەشەکردنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، لەپێناو دەستکەوتی زیاتر کارو کارنامەیان لەیەکتر نزیک بکەنەوە. هەر لەو جەژنەدا جارێکی دیکە پشتگیری خۆمان بو بەرخودانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات رادەگەیەنین و ئاواتەخوازین هێزو لایەنەکان پەرە بەکارو تێکۆشانی هاوبەش بدەن. داواش لەهەموو هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین، لەسەر پرانسیپەکانی کاری هاوبەشو بەسەرچاوە گرتن لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییو نیشتمانیو لەپێناو مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی گەل هاوکاری یەکتر بن. داوا لە هێزو پارتو لایەنی سیاسیەکانی باکووری کوردستان دەکەین، لەبەرامبەر دەستدرێژیەکانی دەوڵەت دەست لەناو دەست بنێنو لەپێناو ئازادیو سەربەستی پێکەوە کارو خەباتی هاوبەش بکەن. دووبارە جەژنی نەورۆز لە تێکوشەران، لە زیندانیانی سیاسی، لە دایکی شەهیدان، لەگەلی کوردستان پیرۆز بیت.
ئاداری 2720
حزبی شیوعی کوردستان- عیراق، حزبی سوشالیستی کوردستان-باکوور، پارتی کومونیستی کوردستان–رۆژئاوا، پارتی کومونیسستی کوردستان-باکوور، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان- باشوور، كۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی-باشوور