ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

حزبی شیوعی كوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بە یاننامەیەك بڵاودەكاتەوە.


دەقی بەیاننامەكە:

واجاریکی دیكە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا یادیکی پڕشکۆ و شانازی كە لە دایکبونی حزبە تێکوشەرە کە مانە حزبی شیوعی كوردستان،دەکەینەوە. ئەوەتا لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵدا تەمەنی تێکۆشانی شیوعییەکانی کوردستان و عێراق دەگاتە هەشتاو شەش ساڵ، کە کاروانێکی پڕ قوربانی و گیانفیدایی لە پێناوی بەرژەوەندی و داوا ڕەواكانی گەل و نیشتمان بووە. لەم کاروانەدا هەزارەها تێکۆشەری لێهاتوو و بەتاوانا و کارامە لە بوارە جۆراجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندی نیشتمان و چینی کرێکار و تەواوی زەحمەتکێشانی گەلیان لە سەروو بەرژەوەندی خۆیانەوە دانا، و لە ئاستی ئەو بەڵێنەدا بوون کە بە جەماوەریان دابوو لەو ڕوانگەیەوە کە حزبیەکەیان حزبی تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتییە، و وەك پێداویستییەكی بابەتی و له پيناو بەرژەوەندی كرێكاران و جوتیاران و هه ژاران و ڕەنجدەرانی بیروبازو لە دایک بووە، و لە پێناوی نیشتمانیکی ئازاد و گەلێکی بەختیاردا خەبات دەکات، و رێگای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و سۆشیالزمی وەک هەڵبژاردەیەکی مێژووی دەستنیشان کردوە، و لە بواری کار و کردەوەی و تیۆریدا مارکسیزم و شوناسی نیشتمانی کوردستانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی چینە زەحمەتکێشەکان، و داکۆکی لە ئازادییەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و دیموکراسیی، ڕێبازی سەرەكی تێكۆشان بووە، و ھەردەم لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی واقیعی گۆڕاوی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بنەمای داڕشتنی بەرنامە و ئەرکەكانی بووە.
بە پشتبەستن بەم بنەمایانەی باس كران، شیوعییەكانی كوردستان و عێراق لە سەردەمی حوكمی پاشایەتییوە تا ئێستا پێشڕەوی تێكۆشان بوون لە تێكڕای چالاكییە جەماوەرییە جۆراوجۆرەكان و لە مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی جوتیاران و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان و عێڕاق و ئەم تێكۆشانەشی بە خوێنی گەشی سەركردە و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی بووە و شەھیدبوونی فھدی سەركردە و سلام عادیل و جەمال حەیدەری گەواھی ئەم ڕاستییەن.
ئەمرۆ لە ساڵرۆژی دامەزراندی حزبی شیوعی کوردستاندا کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵرۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق دووپاتی پەیامی یەکریزی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە بەردی بناغەی مسۆگەرکردنی تێکوشانە لە پێناوی مافی چارەنوس بۆ گەلی کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق، و لەو ڕوانگەیەوە حزبمان پشتگیری داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری 2019 دەکات کە بە داخەوە تا ئێستا دەستەی حوکمران لە عێراقدا فەرامۆشی کردوە.
ئەمڕو شیوعی و دۆست و لایەنگرانیان لە هەلومەرجێکدا یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبەکەیان دەکەنەوە کە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە چاوگی ململانێی و ناکۆکی، و گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش بۆتە بەشێک لە ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندی گەلەکەمان شکاوەتەوە، و لە هەمان کاتدا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا فشارێکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستان کردوە و بۆتە هۆی پەکخستنی رێڕەوی ئابوری و جۆڵەی بەرهەمهێنان، لە کاتیکدا کە موچەی سەرجەم فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دابین نەکراوە، و ئەمەش لە تەک کۆرونا بێزاری و دڵەڕاوکێی لای جەماوەر درووست کردووە، بەتایبەتی کە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا کەم دەبێتەوە و مەترسی قەیرانی ئابوری جیهانی وەک قەیرانی جیهانی ساڵی 2008 لە ئارادایە.
ھاوكات لەگەڵ تێكڕای ئەم ڕەوشەدا ململانی نا ڕەوایانەی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەردەوامی ھەیە و ھەندێ جار بە شێوازی ململانێی نێوان دەزگا ئەمنییەكان دەردەكەوێت بە عەقلیەتی بەردەوامی لە سەر ڕێبازی زۆنی زەرد و سەوز، و جاری واش ھەیە مەترسی سەنگەر لەیەكتر گرتن و پێكدادانی لێدەردەكەوێت، جگە لە شەڕی ڕاگەیاندن، كە تێكڕای ئەم ڕەوشە بێزاری و دڵگرانی لای جەماوەری گەلی كوردستان، درووست كردوە.
لە کاتێکدا حزبمان داوا لە جەماوەری گەلەکەمان دەکات کە پابەندی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بن، و دەستخۆشی لە دەزگاكانی تەندرووستی و پۆلیس و ئاسایش و تێكڕای ئەو كەس و ناوەندانە دەكات كە وەك سەربازی وون بۆ پاراستنی تەندرووستی گشتی و زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاردەكەن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم بە ئەرکەکانی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و دابینی پێداویستی تەندرووستی و بژێوی جەماوەر و موچە بکات، و زەمینەی لەبار بۆ هەماهەنگی خەڵک و حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە تەندرووستییە درووست بێت.
حزبمان لەو قەناعەتەدایە کە مرۆڤایەتی بە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر ئەم قەیرانە تەندرووستییە تێدەپەرێنێت، بەڵام بوونی ئەم قەیرانە و لێکەوتەکانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ئەوە دەردەخات کە ناکرێ تەندرووستی مرۆڤایەتی بە عەقلیەتی و میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ و قازانجی كۆمپانیا سەرمایەدارەكان، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە هەمان کاتدا نابی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە تەندرووستییە، ئەرکە سەرەکییەکانمان لە کوردستاندا لە بیر بباتەوە کە لە ڕوانگەی حزبمانەوە وەک حزبێکی ئۆپۆزیسونی چەپی دیموکراسی خۆی لە ئەرکی پاراستنی ئازادییەكان و مافی ژنان و گرتنەبەری چاکسازی هەمەلایەن و ڕاستەقینە و پیادەكردنی شەفافیەت لە خستنەڕووی داھات و خەرجی بەتایبەتی لە بواری نەوت و گاز و داھاتی گمرگی وێستگە سنوورییەكان و نەهێشتنی گەندەڵی و کۆتایهێنان بە دیاردەی دوو ئیدارەیی بەتایبەتی لە بواری ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و بنیاتنانی دامەزراوەکان و دانانی دەستورێکی دیموکراتی عەلمانی لە کوردستان، دەبینێتەوە، و هاوکات لە گەڵ دانانی سیاسەتێکی ئابوری نوێ بە پێچەوانەی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بەتایبەتکردنی ڕەها و ئابوری بەرخۆر. هەروەها پێویستەحکومەت ئەرکەکانی خۆی لە بواری خوێندن و تەندرووستی وخزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و كەمكردنەوی باج ببینێت، و پەرلەمان یاسای كار و بیمەی كۆمەڵایەتی و یاسای بیمەێ تەندرووستی و یاسای وەبەرهێنانی بیانی هەموار بکات، وشەفافیەت لە بوارە جۆراجۆرەکانی سیاسەتی نەوت وگاز مسۆگەر بکرێت.
لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەکیدا حزبمان جەخت لەسەر سیاسەتێکی دەرەکی سەربەخۆ ویەکگرتووی کوردستان دەکاتەوە لەسەر بنەمای بریاری نیشتمانی سەربەخۆیی کوردستانی دوور لە جەمسەرگیری، و هەر ئەم سیاسەتەش لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان ولە سەرئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان رێگا لە ناکۆکی لاوەکی و شەری ناوخۆیی دەگرێت.
لە ساڵرۆژی لە دایکبوونی حزبمان سڵاوی رێز و وەفاداری خۆمان بۆ خێزانی شەهیدانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق، و خێزانی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی بزوتنەوەی دیموکراتی عێراق رادەگەیەنین، وبەلێنی بەردەوامبونی تێکۆشانی حزیمان دووپات دەکەینەوە، و بە هەمان شێوە سڵاوی تێکۆشان وهاوسەنگەری خۆمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان داکۆکیکەری خاکی کوردستان، دەنێرین.
هەشتاو شەشەمین ساڵرۆژی لە دایکبوونی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق بەرز و بەرێز بێت.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
کۆتایی ئاداری 2020

چالاکی حزبی