ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان کە پێکهاتبوون لە هاوڕێیان کوردۆ ساڵح سکرتێری مەڵبەند،
مەلابەختیارحەساری جێگری سکرتێری مەڵبەند، بەختیار شەعبی، پەروین عەزیز ئەندامانی مەڵبەند، فاتح موستەفا ئەندامی پەیوەندییەکان ، سەرهەنگ ئەنوەر لە مامۆستایانی پیشەیی، سەردانی نووسەرو ڕۆژنامەنووس مامۆستا مومتاز حەیدەرییان کرد.
لەلایەن بەڕێزیان پێشوازی گەرم لە شاندەکەی حزبمان کراو سوپاسی کردن و هیوای خواست بەردەوامبن لە سەردان و پەیوەندییان لەگەڵ تێکۆشەرانی دێرین و جەماوەر.
هاوڕێیانی مەڵبەند وێڕای دەربڕینی ڕێزو سوپاسیان بۆ مامۆستا مومتاز حەیدەری و تەواوی بنەماڵەی سەرکردەی شەهید جەمال حەیدەری و عاسم حەیدەری و موهیب حەیدەری و ساڵح حەیدەری، ڕۆڵی بەڕێزیان لە دنیای ڕۆژنامەگەری کوردی بە گشتی و ڕۆژنامەگەری چەپ و شیوعی بەتایبەتی بەرزنرخاندو هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژیان بۆ خواست.
پاشان مامۆستا مومتاز حەیدەری چەند یادگارییەکی ڕۆژانی کارکردنی لە ڕۆژنامەو ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی لە سەردەمی قۆناغی نهێنی ناوشار پێش کودەتای شومی هەشتی شوباتی ١٩٦٣ و ڕۆژانی کودەتاو دواتر قۆناغی کاری ڕۆژنامەگەری شیوعی لە شاخ، بۆ هاوڕێیان گێڕایەوە.