ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤-١١-٢٠٢٢ شاندێکی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە باشووری کوردستان سەردانی بارەگای مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان یان کرد.
شاندی میوان لەلایەن هاوڕێ کوردۆ ساڵح ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، هاوڕێ مەلابەختیار حەساری جێگری بەرپرسی مەڵبەند و بەشێک لە ستافی مەڵبەند پێشوازییان لێکرا.
لە دانیشتنێکدا باس لە رەوشی سیاسی ناوچەکە و پەلامار و دەستدرێژییەکانی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی کرا، هەردوولا ئیدانەی ئەم دەستدرێژیانە و بێدەنگی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان کردو دیاریکردنی ناوچەی دژە فڕینیان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بە پێویستیەکی هەنووکەیی ناوبرد.
شاندی هەدەپە سوپاسی حزبی شیوعی کوردستان یان کرد بۆ هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەی لە پشتیوانیکردنی لە تێکۆشانی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەموو بەشەکانیداو ئیدانەکردن و شەرمەزارکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر و تاوانەکانیان لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان و هیوایان خواست تێکڕای حزب و لایەنە سیاسیەکان هاوشانی حشک بن لە هەڵوێستی نیشتیمانی و دژ بە داگیرکاری.