ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژی سێشەممە 8ی ئابى 2017، ئافرەتێكی بەساڵاچوو بەهۆی نەخۆشی و تەنگەنەفەسیەوە لەنێو بانكی شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان گیانی لەدەستدا .

هەڵمەتی نیشتيمانی لەپێناو داكۆكی لەمافسی خانەنشینان راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی ئافرەتێكی بەساڵاچوو لە سەرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا، داوادەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، بەتایبەتی خانەنشینان، لەكاتی خۆیدا دابەش بكات و پاشەكەوتی ئیجباری و هەڵبوەشێنێتەوەو سەرجەم مووچە نەدراوەكان بۆ مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە تێیدا هاتووە.

بەداخێكی زۆرەوە رۆژی 8ی ئابی 2017 لەكاتی دابەشكردنی مووچەی ساڵی رابردووی خانەنشینان، خاتوو حەمدییە سەدیقی خانەنشینكراو لە شارۆچكەی كەلار گیانی لەدەستداو ژمارەیەك لە خانەنشینی تر لە كەلارو بانكی تانجەرۆ لە سلێمانی، بەهۆی خراپی شێوازی دابەشكردنی مووچەو ناچاركردنی خانەنشینان بە مانەوەیان بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەسەرە، بورانەوەو تەندروستیان تێكچوو و ژمارەیەكیشیان رەوانەی نەخۆشخانەكران .
گیانلەدەستدانی خانەنشینان و بورانەوەیان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەكانیان پێشێلكردنی ماف و شكاندنی شكۆی خانەنشینانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین.
ئەوەی روویداوە یەكەم جارنییە، لەئەنجامی سیاسەتی كەمتەرخەمی و وەڵامنەدانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانە بەخواست و داواكانی خانەنشیان.
لە لایەكی ترەوە خانەنشینان بەهۆی سیاسەتی ئابوری حكومەت و پێنەدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیداو دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و بیمە كۆمەڵایەتییەكان، رووبەڕووی پەراوێزخستن و برسیەتی و نادڵنیایی كۆمەڵایەتی دەبنەوە، لە كاتێكدا ئەوان لە هەموو كەس زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی و دڵنیایی كۆمەڵایەتی هەیە .
ئێمە لەكاتێكدا كە هاوخەمی خۆمان لەگەڵ كەس و كارو دۆستانی خاتوو حەمدییە سدیق رادەگەێنین، جارێكی دیكە داوای دابەشكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، خانەنشینان بەتایبەت، لەكاتی خۆیداو هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی ئیجباری و گەڕانەوەی سەرجەم مووچە نەدراوەكان دەكەین. بۆ پاراستنی شكۆیان، بەمیكانیزمێكی گونجاو و هاوچەرخ مووچەكانیان پێ بدرێ، نەك لەبەردەم بانكەكاندا بەسەرمای زستان و گەرمای هاوین چەند كاتژمێر بوەستێنرێن، هەروا داوای زەمانەتكردنی سندوقی خانەنشیانی لە كەرتی تایبەت و گشتی بۆ بەرژەوەندی چین و توێژەكان دەكەین.
هەڵمەتی نیشتمانی لەپێناو داكۆكی لەمافی خانەنشینان

9-8-2017