پێداچونەوەی – باوكی رۆزا
لەدانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت بوو بەگفتوگۆی پرۆژە یاسای چاكسازیی مووچە و خانەنشین و ئیمتیازات، ئەو بڕگەیە پەسەندكرا كە باس لەموچەی خانەنشینی دەكات.
ئەبوكاروان ، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەری رێگای كوردستانی راگەیاند: " بەپێی ئەو ماددانەی پەسەندكران، هەركەسێك گەیشتە تەمەنی خانەنشینی كە 63 ساڵە، پێویستە خانەنشین بكرێت."
ئەبوكاروان ووتیشی " بڕیاردرا كەمترین مووچەی خانەنشینی 300 هەزار دینار بێت، كە ئێمە وەكو فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگمان پێ نەدا . پێمان وایە ئەو برە پارەیە زۆر كەمە و هیچ كەسێك نییە ئەمرۆ بتوانی لە هەڵومەرجی گرانی بازار وپێداویستییەكانی بتوانێت ژیانێكی شەرەفمەندانە بژیت. "
ئەبوكاروان كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانیشە لە بارەی خانەنشینان ومووچە خۆران زیاتر ووتی "ئێمەوەك هێزە چەپەكانی كوردستان دەمێكە رامانگەیاندوە سیاسەتی ئابوری حكومەت لەخزمەتی توێژێكی سەرمایەداری مشەخۆرە و دژی بەرژەوەندی گشتی و هەژارانە ،ئێمە هەر لەسەرەتاوە دژی هەر گۆرانكارییەك بووین لەسەر حیسابی هەژاران وخەڵكی تێكۆشەر .
لە ساڵی 2017 وە هێزە چەپەكانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە هەر یەكە لە حزبی كۆمەنیستی كرێكاری كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بزوتنەوەی دیموكراتی گەڵی كوردستان و یەكێتی خانەنشینان، هەڵمەتێكیان ڕاگەیاند بە ناونیشانی "هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی لە مافی خانەنشینان و مووچە خۆران." ئامانج لەم هەڵمەتە ئەوە بوو فشار بخرێتە سەر حكومەت بۆ باش كردنی ڕەوشی مووچە خۆران بەگشتی و خانەنشینان بەتایبەت و رەتكردنەوەی سیاسەتی زگ گوشینی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری.