ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كارڵ ماركس لە 5 ی مانگی ئایاری ساڵی ١٨١٨ لە ناوچەی بروكر جاسی شاری تیری ئەڵمانیا لەدایك بووە.بەهۆی ستەم و هەڵاواردنی ئاینی دەوڵەتی پروسیاوە، باوكی ماركس (( هاینریش ماركس )) بۆ ئەوەی پیشەی پارێزەرییەكەی لە دەست نەدات، پێش ئەوەی ماركس لە دایك بێت , ناچار بوو واز لە ئاینی جولەكە بهێنێت و ببێتە مەسیحییەكی پرۆتستانی.

ماركس تا ساڵی 1830 لە قوتابخانەی تایبەت خوێندی , لە ساڵی 1830 چووە قوتابخانەی باڵای تریر , كە قوتابخانەیەكی لیبراڵی بوو لە ساڵی 1832 داخرا. لە ساڵی 1835 قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە شاری تریری ئەڵمانیا تەواوكرد و چووە زانكۆی بۆن.لە قۆناغی ئامادەییدا توانی زمانەكانی فەرەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی، هۆڵەندی، ڕوسی و ئینگلیزی بە باشی فێر ببێت.

پاش تەواوكردنی كۆلیجی یاسا، لە ساڵی ١٨٣٦دا، دووبارە گەڕایەوە بۆ زانكۆی بەرلین و لە بەشی فەلسەفەدا دەستی بە خوێندنكردەوە.لە ئایاری ١٨٣٨ باوكی كۆچی دوایی كرد, ئەمەش كاریگەری لەسەر باری ئابووری كارل ماركس دانا.لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٤١دا بەشی فەلسەفەی تەواوكرد و بڕوانامەی دكتۆرای پێ بەخشرا, تێزی دكتۆرانامەكەی ماركس لەسەر ناكۆكی فەلسەفەی سروشتی دیموكریتس و ئەپیكۆربوو، كە بە ووردترین و ئاڵۆزترین بابەتی فەلسەفی خەمڵێنراوە.

كارل ماركس لە زانكۆی بەرلیندا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بیریارانی بەرجەستەی بواری سیاسەت، فەلسەفە، ئاین و ئەخلاق ئاشنا دەبێت و پاشان لەگەڵ هیگڵییە لاوەكاندا دەست بە چالاكی سیاسیی و فیكری دەكات.بەدوای ئەوەدا، دەبێتە ڕەخنەگر لە هیگڵییە لاوەكان و زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری تێڕوانینی ماتریالیستی فیورباخەوەو لەساڵانی دواتردا دەبێتە ڕەخنەگر لە تێڕوانیینە فەلسەفیە میتافیزیكییەكانی فیورباخ.لە ئۆكتۆبەری ساڵی ١٨٤٢دا بووە سەرنووسەری ڕۆژنامەی لیبراڵی "راینیشە تسایتونگ".

بەهۆی ڕەخنەی تووندی ماركس و نووسەرانی دیكەی ئەم ڕۆژنامەیە لە دەوڵەتی پروسیا، چەندین جار خرایە ژێر سانسۆرەوە و پاشان بەفەرمانی ڕاستەخۆی سەرۆكی حكومەتی پروسیا، ئەم ڕۆژنامەیە داخراو ماركس بێكاركرا.

بێكاربوونی ماركس، هاوڕابوو لەگەڵ هەژاریدا، بەڵام ئامادەی ئەوە نەبوو كە بە هیچ شێوەیەك سات و سەودا لەسەر بیروڕاكانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی پرۆسیادا بكات.

لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٣دا لە شاری كریوزناخ لەگەڵ جێنی ڤۆن وێستفاڵن كە هەم هاوڕێی منداڵی ماركس و هەم دەستگیرانی قۆناغی زانكۆی بوو، چوونە ژیانی هاوسەرییەوە, جێنی لە خێزانێكی كۆنەپەرستی دەوڵەمەند بوو, برا گەورەكەی جێنی، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی پروسیا بوو.

پاشان ماركس بەهۆی گوشارەكانی دەوڵەت و بێكارییەوە، لە ئۆكتۆبەری ١٨٤٣ چووە فەڕەنسا و لەوێ لەگەڵ ئارنۆڵد ڕوگەدا گۆڤاری " ساڵنامەی فەڕەنسی - ئەڵمانی "یان لە شاری پاریس دەركرد.

لەسەرەتادا لە گەڵ رۆگەو هاوسەرەكەی لە ماڵێكی هاوبەشدا ژیان, بەڵام كە جینی كچی لە ساڵی ١٨٤٤ لە دایك بوو گواستیانەوە بۆ ماڵێكی دیكە بە سەربەخۆیی ژیان.

ئەم گۆڤارە بەهۆی ناكۆكی فیكری نێوان ماركس و ڕوگە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی گرفتی بڵاوكردنەوەی نهێنیانە لە ئەڵمانیادا تەنها یەك ژمارەی لێ چاپكرا.

ماركس دوای ئەوەی ئەنگلسی ناسی كە تا دوا چركە ساتی ژیانی بە هاوڕێیەتی مایەوەو تەواوكەری رێگاكەی و هاوكاریكەری بوو .لەساڵی ١٨٤٤دا لەگەڵ هاینریش هاینەی شاعیر یەكتریانناسی و بوون بە هاوڕێ،لەڕێگای هاینریشەوە ئەندامانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی فەرەنسای ناسی،ماركس دەستیكرد بە ڕەخنەگرتن لە بیروبۆچوونە فەلسەفی و ئابورییەكانی سۆشیالیستە فەڕەنسییەكان.

لە ساڵی ١٨٤٥دا دەوڵەتی پروسیا هەستی بە مەترسی فیكری و جموجوڵە سیاسییەكانی ماركس كرد و بە ڕەسمی داوای لە دەوڵەتی فەڕەنسا كرد تا لەو وڵاتە دەری بكات.

پاشان ماركس ناچاربوو بەرەو برۆكسڵ بڕوات.

لە كانوونی یەكەمی ١٨٤٧ بۆ كانوونی دووەمی ١٨٤٨ لە شاری برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ماركس ئەنگلس مانفێستی كۆمۆنیستیان نووسی ، ئەو نامیلكەیەی تارماییەكەی تا ئێستا سەرمایەداری تۆقاندووە.

ماركس ٥ بۆ ٦ هەزار فرەنك میراتی بۆ مایەوە , پارەكەی بەكار هێنا بۆ چەكداركردنی كرێكارانی بەلجیكا ، بەو هۆیەوە وەزارەتی دادی بەلجیكی بڕیاری دا لە وڵات دەری بكات.

لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٨٤٨لە فەڕەنسا، ماركس لە بەلجیکا دەركراو دووبارە گەڕایەوە بۆ پاریس پشتیوانی لەو شۆڕشە كرد .

لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەڵمانیاش لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٤٨دا، ماركس گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیاو لە شاری كۆڵن نیشتەجێ بوو.لە شاری كۆڵن ڕۆژنامەی " ڕاینی نوێ "ی دەركرد.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی حكومەتی نوێ لە ساڵی ١٨٤٩دا، یەكەمین دادگاییكردنی لەدژی ماركس بوو، بە فەرمانی دادگا، دووبارە ماركس لە ئەڵمانیا دەركراو لە مانگی ئایار گەڕایەوە شاری پاریس، بەڵام پاش خۆپیشاندانەكانی مانگی تەموزی ١٨٤٩ی پاریس, بڕیاری دەركردنی درا , لە مانگی ئاب بەرەو لەندەن بەڕێكەوت، تا مردن لەو شارە مایەوە.

لە ساڵی ١٨٦٧ بەشی یەكەمی پەرتوكی سەرمایەی بڵاو كردەوە , كە ٢ بەشەكەی تری دوای مەرگی لە لایەن ئەنگلزی هاوڕێیەوە بڵاو كرایەوە.

لە ساڵی ١٨٧١ پشتیوانی لە كۆمۆنەی پاریس دەكات ، كە یەكەم حكومەتی كرێكاری بوو لە مێژوودا ، كە ماركسیەكان كەمایەتی بوون لە دەستەی بەڕێوە بەری حكومەتەكە ، بە دوای كۆمۆنە پەرتووكی شەڕی ناوخۆیی فەرەنسای نووسی.

ماركس ٧ منداڵی هەبوو,بەهۆی هەژاری و قەرزارییەوە تەنها ٣ منداڵی لە مەرگ رزگاریان بوو , چوارەكەی دیكە هەر بە منداڵی مردن.

ماركس بەهۆی راوەدونانەوە زۆر جار نازناوی بۆ خۆی داناوە بۆ ئەوەی دەستگیر نەكرێت , لە پاریس ناوی مسیۆ رامبۆز و لە لەندەن ناوی ویلیامزی بەكار هێناوە.

لە كانوونی یەكەمی ساڵی ١٨٨١ جینی هاوسەری كۆچی دوایی كرد.

ماركس لە دوا ١٥ مانگی كۆتایی تەمەنی تووشی نەخۆشی بوو كە بووە هۆی مردنی لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٨٨٣

 

چەپ وكرێكاری