ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"بەهۆی نەبوونی کارەوە گیانلەدەستدانی کرێکاران کەمتر بووە"

زۆرینەی ئەو کرێکارانی گیانیان لەدەستداوە گرێبەستی کار و دەستەبەرییان نەبووە

ڕێگای کوردستان- ڕێبین

بەرپرسانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان دووپات لەوە دەکەنەوە، بەهۆی دابین نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لە شوێنکاردا، حالەتەکانی گیان لە دەستدانی کرێکاران بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و ئەمساڵیش نزیکەی ٣٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە کە زۆرینەیان گرێبەستی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نەبووە.

حەسەن ڕەمەزان بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بە "ڕێگای کوردستان"ی ڕاگەیاند؛ "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، هەشت کرێکار لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە".

ئەو ڕوونی کردەوە، "کرێکاران بەهۆی دابین نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لە شوێنکاردا گیان لە دەست دەدەن و ئەو هەشت کرێکارەش لە سنووری پارێزگای هەولێر گیانیان لە دەستداوە، هیچ یەکێکیان گرێبەستی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینیان نەبووە".

لێدوانەی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا دێت، کە چالاکانی بواری کرێکاریی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کار لەسەر دۆسیەی کرێکاران دەکەن، لەو ساڵانەی ڕابردووەوە بەردەوام پێداگییریان لەسەر کێشەکانی پێوەست بە نەبوونی سەلامەتی پیشەیی، نەبوونی گرێبەستی کار و دەسبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران کردووە.

چالاکانی بواری کرێکاریی و بەرپرسانی سەندیکاکانی کرێکارانی دووپات لەوە دەکەنەوە، لەماوەی ساڵانی قەیرانی ئابووری کە بووەتە هۆی هەڵکشانی رێژەی بێکاری و نەبوونی کارەوە، بەو هۆیەوە حالەتەکانی گیان لە دەستدانی کرێکاران کەم بووەتەوە، بەڵام وەک ئەوان ڕوونی دەکەنەوە، کەم بوونەوەی حالەتەکانی گیان لە دەستدانی کرێکاران، پێوەندی بەدابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لە شوێنکاردا نییە، بەڵکو پێوەستە بە نەبوونی کارەوە.

حەمە جەزا سوڵتان جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کوردستان بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ئاشکرا کرد؛ "هەرچەند تا ئێستا داتای تەواوی حالەتەکانی گیان لەدەستدانی کرێکارانمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادە نەکردووە، بەڵام ڕەنگە هەر تەنیا چوار حالەتی گیان لەدەستدانی کرێکاران تۆمار کرا بێت".

زیاتر دەڵێ؛ "ئەمساڵ بەهۆی هەڵکشانی بێکاری و وەستانی پرۆژەکانەوە، کەمترین کرێکار کاریان کردووە و بەو هۆیەشەوە کەمترین حالەتی گیان لە دەستدانی کرێکاران تۆمار کراوە، واتە کەمبوونەوەی حالەتەکانی گیان لەدەستدان پەیوەندی بە کەمبوونەوەی دەرفەتی کارەوە هەیە، نەک دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی و لەو ڕووەوە بارودۆخەکە وەک خۆیەتی".

لە سنووری پارێزگای دهۆک، هاوشێوەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ژمارەیەک حالەتی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە سەندیکاکانی کرێکاران تۆمار کراوە.

عیسا نەسری سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان بە "ڕێگای کوردستان"ی ڕاگەیاند؛ "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە لقی دهۆکی سەندیکاکانی کرێکاران گیان لە دەستدانی تەنیا یەک کرێکار و برینداربوونی ١٠ کرێکاری دیکە تۆمار کراوە".

ڕوونی کردەوە؛ "ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە و ئەو ١٠ کرێکارەش بریندار بوون، کرێکاری بیناسازی بوون کە لە ئەنجامی داڕووخانی باڵەخانەیەک لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بریندار بوون".

ئەو لێدوانەی سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران لەکاتێکدایە کە پێشتر فیراسیاسینبەرپرسیڕاگەیاندنیبەڕێوەبەریبەرگریشارستانیئاکرێڕایگەیاندبوو؛ "دووکرێکاریتەمەن ٢٥-٢٧ ساڵیلەکاتیپاککردنەوەیخەندەقێکلەسنووریئاکرێلە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٨ گیانیانلەدەستداوە، بەوهۆیەوەکەلەکاتیکارکردنداخەندەقەکەبەسەریانداڕووخاوە".

بەڵام وەک دەردەکەوێت گیان لە دەستدانی ئەو دوو کرێکارە، لەلایەن لقی دهۆکی سەندیکاکانی کرێکاران تۆمار نەکراوە. 

بەرپرسەکەی سەندیکای کرێکارانی دهۆک ڕوونی کردەوە؛ "کەم بوونەوەی حالەتەکانی گیان لە دەستدانی کرێکاران لە دهۆک، پێوەندی هەیە بە نەبوونی کارەوە، نەک هۆکاری دیکە، کار کەم بووەتەوە و کرێکاران بێکار بوون، بەو هۆیەشەوە ژمارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران کەم بووەتەوە".

 

چەپ وكرێكاری