ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تایبەت بە هەفتەنامەی رێگای كوردستان

ڕۆژی 29ی تشرینی دووەمی 2018 لە شاری هەولێر، ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەهاوكاری فریاگوزاری میللەتی نەرویجی ڕاپۆرتی ڕەوشی ژیانی كرێكارانی بیانییان ڕاگەیاند.لەو ڕاپۆرتەدا كۆمەڵێك زانیاری و ژمارە و ڕاسپاردەی گرنگ خراونەتە ڕوو كە لێرەدا بەشێكیان دەخەینە ڕوو.

بەشی دووەم

جیاوازی کلتووری و پێشێلکردنی مافە کەسییەکان

کرێکارانی بیانی لە ٢٧ وڵاتی دنیاوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە ڕووی زمان و ئایین و نەتەوە و تەنانەت هەندێکجار ناسنامەی ڕەگەزییشەوە ئەم کرێکارانە زۆرجار جیاوازن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کارلێکیان لەگەڵ دەکەن و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ دەبەستن لە کۆمەڵگای کوردستانی. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم کرێکارە بیانییانە بە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی جیاوازدا تێپەڕیوون لە کۆمەڵگاکانی خۆیان. بێگومان ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بیروباوەڕ و دنیابینییان و لێکەوتەی دەبێت لەسەر ئەو پەیوەندی و کارلێکە کۆمەڵایەتییانەی کە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگای کوردستانی دەیبەستن. هەروەک بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە ئاماژەیان پێداوە، ئەم حاڵەتە بە ئاشکرا کاریگەری هەیە لەسەر واقعی ژیان و ڕادەی پیشێلکارییەکان کە دژ بە کرێکارانی بیانی ئەنجام دەدرێن.

نازدار کە فەرمانبەرە لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانی ئاماژە بەوە دەکات کە ناسنامەی ئایینی ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر داواکاری ماڵان بۆ تایبەتمەندی ئەو کەسەی کە دەیانەوێت وەک خزمەتکار لە ماڵەکەیان کار بکات. ئەو دەڵێت؛

" زۆرجار عائلە دێت دەڵێت ئیلا دەبێت خادمەکە موسوڵمان بێت...خادمە موسوڵمان بێت یان نا ئەو لەگەڵ ماڵەکە دەگونجێت. بەس هەیە ئاوایە، وادەزانێت ئەگەر موسوڵمان نەبێت، یەعنی خراپە. بەس وانییە، هەیە نیپاڵی بوزی دەباتەوە، دەچێت حجابی لەسەر دەکات، ئیعتیادییە، کچەکە ڕەفزی ناکاتەوە. بۆ جلک کچەکە هەرچی پێ بڵێی ڕەفزی ناکاتەوە...جاری واهەیە کچی نیپاڵی دەبەنەوە، جلکی موسوڵمانی لەبەر دەکات دێتەوە وادەزانیت موسوڵمانە. ئەمان موشکیلەیان نییە، بەس عایلەکان بە مشکلەنە."

بە سەرنجدان لە قسەکانی نازدار ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کرێکارانی بیانی چاوپۆشی لە مافی کەسی خۆیان دەکەن لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ماڵەی کە کاری بۆ دەکەن. هەرچەندە مافی پۆشینی جل و بەرگ مافێکی کەسییە و دەبێت پارێزراوبێت، بەڵام لەو قسانەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کرێکارانی بیانی لەم مافەی خۆیان خۆش دەبن.

بەشداربووانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەبوونی شارەزایی دەربارەی کلتووری کۆمەڵگای کوردستانی زۆرجار دەبێتە هۆی ئەنجامدانی پیشێلکارییەکان دژ بە کرێکارانی بیانی. ئازاد محەمەد کە چالاکوانێکی بواری کرێکارانی بیانییە و لە نزیکەوە ئاشنایە بە ڕەوشی ژیانی کرێکارانی بیانی ئاماژە بەوە دەکات کە؛

"شارەزا نەبوونی کرێکارانی بیانی وایکردووە کە ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان ببنەوە. ئەوان هیچ شارەزاییەکیان نییە دەربارەی ئەم وڵاتە و کلتووری ئەم وڵاتە..."

لە هەندێک باردا جیاوازییەکان وایان کردووە هەندێک پیشێلکاری دژ بە کرێکارانی بیانی ڕووبدات بە جۆرێک کە ڕێگریان لێ بکرێت لە مومارەسەی مافە کەسییەکانی وەک مافی جیبەجێکردن و بەشداریکردن لە بۆنە و چالاکییە ئاینییەکان. بۆنموونە ئافیە، هاووڵاتییەکی غاناییە و وەک خزمەتکاری ناوماڵ ماوەی ٢ ساڵ لە شاری هەولێر کاری کردووە. ئەو کە تەمەنی ٢٢ ساڵە ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن ئەو ماڵەی کاری تێدا دەکرد، ڕێگرییان لێ دەکرد بچێتە کەنیسە بۆ بەجێ ‌هێنانی واجبە ئاینییەکانی. ئافیە پاش تەواوکردنی دوو ساڵ گرێبەستی کارکردن وەک خزمەتکار لە ماڵێک، گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و دواتر بە ڤیزای سەردانیکردن دووبارە گەڕاوەتەوە هەرێم. ئەو ئێستا لە ئارایشتگایەکی شارۆچکەی عەینکاوە کار دەکات و باسی ئەزموونی ژیانی خۆی بەم جۆرە کرد:

"پێشتر کە لەو ماڵە بووم لە ماوەی دوو ساڵ نەمتوانی بچمە کەنیسە، لەبەر ئەوەی خاوەن ماڵەکە ڕێگای نەدەدا، بەڵام ئێستا کە سەربەخۆ کاردەکەم، هەموو هەفتەیەک سەردانی کەنیسەی ئێرە دەکەم لە عەینکاوە..."

سەبارەت بە جیاوازی کلتووری و کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان کرێکاران و خاوەنکار یان ماڵان، زۆرینەی بەشداربووان، بەتایبەتی خاوەن کۆمپانیاکان و بەرپرسانی وەزارەتی کار ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جیاوازییە وایکردووە زۆر جار کێشەی نەگونجان لە نێوان کرێکاری بیانی(بەتایبەتی کرێکاری ماڵان) لەگەڵ خاوەنکار (خاوەن ماڵ) دروست ببێت. ڕەنگدانەوەی ئەمەش لەو حاڵەتانەدا هەیە کە دەبینین زۆرجار خزمەتکارێک لە وڵاتێکی ترەوە دەهێنرێت بۆ ماڵێکی دیاریکراو، بەڵام هەر زوو کرێکارەکە و خاوەن ماڵەکە بە یەکەوە ناگونجێن و دەبێت کرێکارەکە بگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیا و بدرێتە ماڵێکی تر. بەپێی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٥) خاوەن ماڵ تا ماوەی (٣) مانگ ئەگەر لەگەڵ کرێکارێک نەگونجا، مافی هەیە کرێکارەکە بداتەوە بە کۆمپانیا و داوای دانەیەکی تر بکات. 

بەڕێوەبەری کار لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە؛

"ماڵ هەیە هەشت کرێکاری گۆڕیوە تا دانەیەکی دەست کەوتووە کە خۆی دەیەوێت..."

بەڵام خاوەن کۆمپانیایەک دەڵێت:

"ئێمە کرێکارمان هەبووە چوار ماڵی گۆڕیوە هەتا لە ماڵێک جێگای بووەتەوە و لەگەڵیان گونجاوە..."

   هەرچەندە بەشێک لە کرێکاران باس لەوە دەکەن کە ژیانێکی خۆشیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و بە ڕادەیەکی باش توانیویانە خۆیان بگونجێنن، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە جیاوازی کلتوور بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتتریش جیاوازی زمان و ئایین وایکردووە کە پیشێلکاری دژ بە کرێکارانی بیانی ئەنجام بدرێن. حاکم خەلیل دادوەری پێشووی دادگای کار لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا کە؛

"زۆرجار لە دانیشتنەکانی دادگا لەبەر ئەوەی کرێکارە بیانییەک زمان نازانێ، ناتوانێت بە پێی پێویست پەیامەکەی بگەیەنێت بۆ ئەوەی مافەکەی نەخورێت، بەداخەوە لە دادگاکانی کوردستان تا ئێستاش نەمانتوانیوە وەرگێڕ بۆ ئەو کەیسانە دابین بکەین کە کەیسی کرێکاری بیانیین."

 

نەبوونی گرێبەستی کار و کەموکوڕییەکانی بواری گرێبەست

هەرچەندە مافی گرێبەستی کار بۆ کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بە ڕێنمایی مسۆگەرکراوە، بەڵام لە واقیعدا پێشێلکاری زۆر دەرحەق بەم مافە بوونی هەیە. لە مادەی شەشەمی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)دا لە (بەندی یەک)دا هاتووە کە "پێویستە لەسەر ئەو کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژانەی کە کار بەکرێکاری بیانی دەکەن، گرێبەست بکەن لەگەڵ کرێکاری بیانی کارپێکراو بە پێی یاساکانی کار و خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران و ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەت دەرچووە."

تێنزیج کرێکارێکی نیپاڵییە و تەمەنی ٢٥ ساڵە، ئەو پێش دوو ساڵ بە ڤیزای سەردان هاتۆتە کوردستان و لێرە ماوەتەوە. بۆ ماوەی ساڵێک و دوو مانگ لە ڕیستۆرانێکی شاری سلێمانی وەک شاگرد کاری کردووە. ئەو باسی چۆنیەتی هاتنی خۆی کرد و ئاماژەی بە نەبوونی گرێبەستی کارکرد و گوتی: 

"٣٠٠٠ هەزار دۆلارم دا بە بریکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەوەی بمهێننە کوردستان. کاتێک هاتمە ئێرە، ماوەیەک لە هۆتێل مامەوە و خۆم بە دوای کاردا دەگەڕام...کاری یەکەمم لە ڕیستۆرانتێک بوو کە وەک شاگرد دەستم پێکرد. هاوڕێیەکم کارەکەی بۆ دۆزیمەوە. پێکەوە چووینە ڕیستۆرانتەکە و لەگەڵ خاوەن ڕیستۆرانتەکە قسەمان کرد. هەندێک پرسیاری لێکردم دەربارەی زمان و ئەو شتانە. هەر ئەوەندە بوو تەواو، ئیتر دەستم بەکار کردن کرد و هیچ گرێبەست و شتێکی نووسراو نەبوو لە نێوانمان، تا ئێستاش کە لەگەڵ هەمان کەس کار دەکەم لە مارکێتێک، هەر گرێبەستم نییە."

بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەهەمان خاڵدا و گوتی:

"ئێمە وەک نووسینگەی سلێمانی بەدواداچوونمان زۆر کردووە بۆ کرێکارانی بیانی و تەنانەت زۆرجار کرێکاران خۆیان سەردانمان دەکەن وەک کرێکاری عەرەب و نیپاڵی...یەکێک لەو پیشێلکارییە زەقانەی کە هەیە بریتییە لە نەبوونی گرێبەست لە نێوان کرێکاری بیانی و خاوەنکار. ئەمە بۆخۆی فەراغێکی قانوونی دروستکردووە و وایکردووە ئیستغلال دروست ببێت، بۆ؟ چونکە ئەگەر گریبەستێک نەبوو، خاوەنکارەکە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی یاری پی بکات بۆ ئەوەی کە قازانجی خۆی پێ زیاد بکات."

نەبوونی گرێبەستی کار تا ڕادەیەکی زۆر لە سوودی خاوەنکارە. بە تایبەتی کە خاوەنکار لە هەندێک باردا بە مەبەست و بۆ خۆدەربازکردن لە پێدانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، گرێبەست لەگەڵ کرێکار ئەنجام نادات. ئەگەرچی نەبوونی گرێبەست خۆی لە خۆیدا پێشێلکارییە دژ بە کرێکاری بیانی، لە هەمان کاتدا سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی کە کرێکار نەتوانێت لە ڕێی یاساوە تا ڕادەیەک مافە پێشێلکراوەکانی خۆی وەربگرێتەوە. هەرچەندە دادگاکانی کار جگە لە گرێبەست پشت بە ڕێگای تری وەک شاهید دەبەستن بۆ وەرگرتنەوەی مافی کرێکار، بەڵام گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە بۆ کرێکاری بیانی تاڕادەیەک زەحمەتە بتوانێت بە پشت بەستن بە بەڵگەی تر جگە لە گرێبەست مافەکانی خۆی لە ڕێگای دادگاوە وەربگرێتەوە. حاکم "خەلیل ساڵەیی" کە سەرۆکی دادگای کارە لە شاری هەولێر، لە بارەی نەبوونی گرێبەستەوە دوا و گوتی:

"زۆر زۆر بەداخەوە، زۆر کەیسمان بۆ دێت سەیر دەکەیت کۆمپانیای گەورەیە، بەڵام عەقدی تحریری ناکەن لەگەڵ کرێکار، هەر عەقدی بۆ ناکەن، ئەوە مخالەفەیەکی زۆر گەورەیە...کاتێک دێن بۆ دادگا دەڵێم کاکە کوا عەقدەکەت، دەڵێ وەڵا عەقدم نییە، عەقدم بۆ نەکراوە. ئەوە بەڕاستی مخالەفەیەکی گەورەیە بۆ یاسا. هەروەها شتێکە غەیر حەزارییە...خۆشبەختانە یاسای کار ئەو مافەی داوە بە کرێکار کە بە هەر ڕێگایەک بێت مافەکانی خۆی بۆ مەحکەمە بسەلمێنێت حەتتا ئەگەر بە شاهیدیش بێت...یاسادانەران ئەم فەقەرەیەیان داناوە بۆ پاراستنی کرێکار، نەوەک خاوەنکار غەدری لێ بکات و عەقدی بۆ نەکات."

ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە ئەوانەی گرێبەستی کاریان نییە بەزۆری ئەو کرێکارە بیانییانەن کە لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆوە بە ڤیزای سەردان دێنە هەرێمی کوردستان و دوای دەمێننەوە. هەروەک بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر ئاماژەی پێدا:

"کرێکاری ناوماڵ هەموو گرێبەستیان هەیە، کرێکاری تریش ئەوەی لە ڕێگای ئێمە 'وەزارەتی کار' بێت هەمووی هەیەتی."

زۆرجار ئەو گرێبەستانەی کە دەکرێن بە زمانێک دەکرێن کە کرێکار لێی تێناگات. ئەمەش وادەکات کرێکارەکە نەزانێت ئەرک و مافەکانی چین. بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەڵێت:

"سەرباری ئەوەی کە کرێکارانی بیانی زۆرجار گرێبەستیان نییە، بەڵام ئەگەر هەش بێت بە زمانی خۆیان نییە. "

سەبارەت بە زمانی گرێبەستەکان، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پارێزگای هەولێر دەڵێت:

"گرێبەستەکان بە پێی ڕێنمایی ئێمەیە. گرێبەستەکان بە زمانی کوردی، عەرەبی، وابزانم ئینگلیزیش هەیە ئەگەر غەڵەت نەبم. ئەوانەی دێنە ئێرە عەرەبییان باشە. زیاتر ئەوانەی ئەندەنووسی و نیپاڵین ئەوانە عەرەبییان باشە. ئیشکالیان بۆ دروست نابێت."

هەرچەندە یاسای هەموارکراوی کاری عێراقی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٥ لە مادەی (١٦) ئاماژە بەوە دەکات کە زمانەکانی عەرەبی و کوردی زمانی پشت پێ بەستراون بۆ گرێبەست، بەڵام بە پێی پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زمانی گرێبەست دەبێت زمانی دایک بێت و کرێکار لێی تێ بگات.

لایەنێکی تری گرێبەستەکان پەیوەندیدارە بە دادگاکانی کارەوە. هەندێک جار لە گرێبەستی کارەکان ئەو دادگایەش دیاری دەکرێت کە بۆ یەکلایی کردنەوەی هەر کێشەیەک پەنای بۆ دەبرێت. ئەمەش وادەکات دادگاکانی کار لە هەندێک باردا لە هەرێمی کوردستان هیچ ڕۆڵێک نەبینن لە یەکلاییکردنەوەی کەیسی پێشێلکارییەکان. هەروەک حاکم خەلیل ساڵەیی بە ڕوونی باسی لەم بابەتە کرد و گوتی:

"... ئەگەر عەقدەکە لە وڵاتێکی تر کرابێت، ئێمە دەبێت تەماشای بنودی بڕگەکانی ئەو عەقدە بکەین. زۆر هەیە بەندێک لەعەقدەکە ئیزافە دەکرێ، مەسەلەن دەڵێ ئەگەر هەر کێشەیەک لەم عەقدە ڕوویدا، فڵان دادگای فڵان شوێن تایبەتمەندە بە بینینی داواکە. پێشەکی یەکلایی دەکەنەوە. ئەوکاتە ئەگەر بێتە لای ئێمە داواکە، دەڵێین کاکە عەقدەکەی ئێوە دەڵێت فڵان شوێن تایبەتمەندە، تەماشای ناکەین....."

 

چەپ وكرێكاری