ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  

چاپی یەکەم

٢٠١٩

  

مانیفێستی (ڕێکخراو – حیزب)ی کۆمۆنیستی زانستی ، پەیڕەوێکی نوێی ڕێکخراوەیی و حیزبییە ، سەرجەمی فۆرمی پەیوەندی و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی ڕابردووی پارتە کۆمۆنیستەکان ، دەداتەدواوەو پەیڕەوی لێناکات ، بیرو کردەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێ دەکات بەبەری هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی و حیزبی ، لە قۆناغ و سەردەمێکی نوێدا . تیایدا هەموو ئەندامان سکرتێر و ڕابەر و سەرکردەیە ، لە هەمان کاتدا هیچیشیان نییە . 

خوێندنەوەو پەیڕەوێکی نوێی زانستیانەی لۆجیکی ماتریالیزمی دیالێکتیکیە ، بۆ مێژووی ڕابردوو لە ئێستادا ، بینین و پیشاندانی داهاتووە ، هەوڵی گۆڕانی ڕابردووە لە ئێستادا ، دامەزراندنی داهاتووی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانی بێ چینە .

    پەیڕەو و پڕۆگرام

بەشی یەکەم : پەیڕەو

بەندی یەکەم -(ڕێکخراو – حیزب):

ماددەی -١- 

ئامانجی (ڕێکخراو – حیزب) بریتییه لەناوبردنی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی بۆرژوازییەت و سیستەمی سەرمایەداری و باڵا دەستکردنی پرۆلیتاریایە تەنها لە پێناوی لەناوبردنی یەکجارەکی کۆمەڵگای کۆیلەکردن وچینایەتی سەرمایەداری، بۆ هاڕینی تەواوی چینەکان بنیاتدەنرێت تا ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێی بێ چین وبێ خاوەندارێتی تایبەت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکاندا دێتە دی.

ماددەی -٢-

هەر کەسێک کە دەیەوێت پەیوەندی بکات و ببێت بە ئەندام پێویستە بڕوای بە بیڕوباوەڕی سیاسی و فکری و فەلسەفی خەباتی چینایەتی (ڕێکخراو- حیزب)ی هەبێت . ئەم مەرجانەی لە خۆگرتبێت:

بڕگەی - ١:.سروشتی ژیان و چالاکیەکانی ، لەگەڵ ئامانجی ڕیکخراوەکەدا جوت و هاوتا بێت ئەگەر گونجا.

بڕگەی - ٢:. وزەیەکی شۆڕشگێڕانەی هەبێت و بە پەرۆشەوە بێت بۆ بەیان و بڵاوکردنەوەی ئامانجەکانی (ڕێکخراو- حیزب)ەکە.

بڕگەی - ٣:. سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی مارکسیزمی کردبێتە بیروباوەڕی خۆی.

بڕگەی - ٤:. ملکەچی بڕیارە بەکۆمەڵەکانی (کۆبوونەوەگشتییەکان)ی ڕێکخراو بێت.

بڕگەی - ٥:. پێویستە پارێزگاری لە هەموو لایەنە نهێنیەکانی کە پەیوەستە بە مان و نەمانی ڕێکخراوەکەوە بکات و بکرێت.

بڕگەی - ٦:.خۆدوورخستنەوە و ڕاگرتنی پەیوەندیەکانی بەهەر کۆمەڵە و گروپێکی سیاسی ، نەتەوەیی ، ئایینی ، لیبراڵی، دیموکراسی و دژ بە کۆمۆنیزمی زانستی .

بڕگەی - ٧:. ڕاگەیاندنی شورای گشتی (باڵا) بۆ بە ئەندامبوونی لە ڕێکخراوەکەدا.

بڕگەی - ٨:. بەکۆی دەنگی ٢/٣ ی شورای گشتی (باڵا) هەر ئەندامێک کە ئەم مەرجانەی تێدانەبێت نابێت بەئەندام یا دەردەکرێت لە (ڕێکخراو- حیزب)ەکە.

ماددەی -٣-

پەسەندکردن و بە ئەندامبوونی هەر ئەندامێک هەڵسوڕان و کاروچالاکیەکانی پێویستە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (٢) بێت دواتر بڕیاری کۆتایی ئەندامبوونی بە دەنگدانی دەنگی ٢/٣ی ئەندامانی شوراکەی یا ئەو بازنەیەی کە شوراکەی پێوە پەیوەستە و هەروەها پێویستە شورای گشتی(باڵا) لێئاگادار بکرێت و بڕیاری کۆتایی وەربگرێت.

ماددەی -٤-

ئەندامانی (ڕێکخراو- حیزب) هەر هەموویان یەکسانن لە بەرامبەر ئەرک و بەرپرسیارێتیدا، هاوڕێیانە دەستی هاوکاری و هاوپشتی بۆ یەکتری درێژدەکەن.

ماددەی -٥-

هەموو ئەندامێک لەشوێنی کاروهەڵسوڕانیدا ، بەپێی پێویست ناوی جووڵاوەیی خۆی وەردەگرێت .ماددەی -٦-

پەیکەری ڕێکخستنی(ڕێکخراو- حیزب) پێک دێت لە شورای گشتی، بازنەی بەڕێوەبردن،بازنەکان، شوراکان،کۆنگرە، دەبێت هەموویان بەشێوەیەکی گونجاو وشیاوی سەردەمەکەی دروست و ڕێکبخرێن.

بەندی دووەم –شورا :

ماددەی -٧-

بە لایەنی کەمەوە هەر شورایەک لە سێ ئەندام پێکدێت ، وە نابێت لە بیست ئەندام زیاتر بێت.

ماددەی - ٨-

شوراکان کار و بەڕێوەبردنەکەیان بە شێوەیەکی کۆمەڵ و هاوڕێیانە دەبێت ، هەر لە دروستکردنی سندوقی هاوکاری و هاوپشتی یەکتر و دارایی (ڕێکخراو- حیزب) . بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و ئامانج و مەهامەکانی (ڕێکخراو- حیزب)،لە کاتی گەورەبوونی شوراکاندا ، ئەگەر پێویستی کرد ئەتوانن لیژنە بۆ شوراکان دروستبکەن،بەم مەرجانەی خوارەوە:

بڕگەی - ١:. پێویستە لیژنەکان لە ڕێگەی دەنگدانێکی ئازاد و شەفافەوە هەڵبژێرێت.

بڕگەی - ٢:. پێویستە لیژنەکە دەنگی ٢/٣ ی ئەندامانی شوراکەی بە دەست بهێنێت.

بڕگەی -٣:. دەبێت لە کاتی هەڵبژاردنی لیژنەکاندا ڕەچاوی توانایی سیاسی و ذهنی و فکری و لێهاتووی ئەندامی هەڵبژێردراو بکرێت.

بڕگەی - ٤:.هەرکاتێک بڕیاری دروستکردنی لیژنەکان دراپێویستە شورایی گشتی لێ ئاگاداربکرێت .

بڕگەی - ٥:. پێویستە لە دروستکردنی پێویستی و گرنگی لیژنەکاندا ئەندامانی شورای گشتی لێ ئاگاداربکرێتەوە و ڕەزامەندی ٢/٣ی ئەندامانی بەدەست بهێنێت.

ماددەی -٩-

پێویست ناکات هەموو شوراکان یەکتری بناسن و نامەگۆڕینەوە هەبێت لە نێوانیاندا، تەنها کاتێک ئەرک و چالاکی و مەهامێکی پێویست و گرنگی چالاکیەکانیان دەیهێنێتە پێشەوە، هەروەها دەبێت بەپێ ی ئەم مەرجانە بێت:

بڕگەی - ١:. دەبێت شوراکان یەکی ئەندامێک هەلبژێرن بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی کاری هاوبەش.

بڕگەی - ٢:.دوای تەواوبوون و جێبەجێکردنی مەهامەکانی ئەرکە هاوبەشەکە جارێکی تر هەر ئەندامێک پارێزگاری لە پەیوەندییە تایبەتیەکانی شوراکەی خۆی دەکات.

بڕگەی- ٣:. پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی لەو شێوەیە شورای گشتی لێ ئاگاداربکرێتەوە.

ماددەی - ١٠-

شوراکان ئەتوانن ناوی جیاجیا هەڵبگرن، بەپێ ی شوێن و کاتی چالاکیەکانیان.

ماددەی - ١١-

پێویستە هەر شورایەک خولی خۆ ڕۆشنبیری بۆ دەرەوە و ناوەوەی شورا بکاتەوە و زانیاری لەسەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی بگەیەنێتە ئەندامان و لایەنگران و بەرگریکارانی ئامانجەکانی (ڕێکخراو-حیزب).

ماددەی - ١٢-

پێویستە لەسەر هەر ئەندامێک بە ووریاییەوە کاروچالاکیەکانی ئەنجام بدات وهیچ لەزمەیەک(خاڵی لاواز) نەدات بەدەستی هێزە سیخوڕ و ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە.

بەندی سێیەم – بازنە :

ماددەی - ١٣-

پێویستە هەر بازنەیەک بەلایەنی کەمەوە [٣- سێ] شورای پێوە پەیوەستبێت، وە نابێت لە [١٠- دە] شوراش زیاتر بێت.

ماددەی - ١٤-

هەر شورایەک یەک ئەندام یان دوو ئەندام هەڵدەبژێرن ، بەپێ ی کەوم و زۆری ژمارەی ئەندامانی شوراکان، ئەندامانی بازنە پێکدەهێنن و بە کۆمەڵ و بە هاوبەشی ئەرک و مەهامەکانی بازنەکە بەڕێوە دەبەن.

 

ماددەی -١٥ –

هەموو ئەندامانی بازنە پێکەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی شوراکان و بازنەکەی خۆیان هەیە ، دوای ئەوەی کە بڕیاری زۆرینەی ٢/٣ دەنگی ئەندامانی شوراکانی هەبوو.

ئەگەر پێویستی کرد بازنەکان ئەتوانن:

بڕگەی - ١:. لە ناوخۆی خۆیاندا لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان کە لە پێنج ئەندام کەمتر نەبێت ، ئەگەر پێویستی کرد.

بڕگەی - ٢:. لیژنەکە و ئەندامانی بازنەکە سنووری دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بڕیارەکانی دەستنیشان دەکات، ئەگەر پێویستی کرد.

بڕگەی - ٣:.هیچ ئەندامێک بەتەنها لە بازنە و لیژنەکەدا باڵادەست و بڕیاردەر نییە بەڵکو هەمووان وەک یەکن لە بەرامبەر بڕیار و ئەرک و فرماندا.

بڕگەی - ٤:.لیژنەکە ئەتوانێت ئەرکی دارایی و سیاسی و پراکتیکی لە ئەستۆ بگرێت بەمەرجێک دژی پەرەنسیب و بەرنامەی (ڕێکخراو- حیزب) نەبێت.

بڕگەی - ٥:. لە کاتی دروستکردنی هەر لیژنەیەکدا دەبێت شورای گشتی لە دروستکردنی و کار و چالاکی و ئامانجەکانی ئاگادار بکرێتەوە و ڕەزامەندییان هەبێت ، بەمەرجێک دژایەتی لەگەڵ پەرەنسیب و بڕواکانی (ڕێکخراو- حیزب) دا نەبێت.

ماددەی - ١٦-

هەر شورایەکی دابڕاو یان تەریک کەوتوو ئەتوانێت پەیوەندی بکات بە بازنە ڕابردووەکەیەوە یان بازنەیەکی نوێ پێکهات پێوەی پەیوەست بێت.

ماددەی -١٧ -

هەموو بازنەکان پێویستە لە ناوخۆی خۆیان و بۆ شوراکان و بۆ دەرەوەی خۆیان خولی خۆڕۆشنبیرکردن بە بڕواکانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی بکەنەوە و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو دەردەشەی پرسە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان بکەن ، بە مەرجێک دژایەتی ئامانج و سیاسەتی(ڕێکخراو- حیزب)نەکات.

بەندی چوارەم – سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی بازنەکان:

ماددەی - ١٨-

لە کاتێکدا بازنەی پارێزگا و شار و شارۆچکەکان و ناوەندەکانی کار ، زیادی کرد ئەتوانن بازنەکان یەک بازنەی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کردنیان دروستبکەن لە هەر پارێزگایەکدا .

ماددەی -١٩-

پێویستە بۆ پێکهێنانی بازنەی بەڕێوەبردن ، هەر بازنەیەک ئەندامێک یان دوو ئەندامی هەڵدەبژێرێت ، ئەندامانی هەڵبژێردراوی بازنەکاندەبنە ئەندامی بەڕێوەبردنی بازنەکان .

ماددەی -٢٠-

هەموو بازنە جیاوازەکانی ووڵات یان سنوری چالاکی (ڕێکخراو- حیزب) ، یان پارێزگایەک، بە بازنەی بەڕێوەبردنیشەوە لە ژێر بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی شورای گشتیدایە، پێویستە لە کاتی جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوەی سیاسەت و ئامانجی (ڕێکخراو- حیزب) دا ئەندامانی هەڵبژێردراوی بازنەکان پرس و ڕایان پێبکرێت.

ماددەی -٢١-

دابەشکردنی بازنەکانی(ڕێکخراو- حیزب) بۆ پارێزگاکان و ناوچە و ناوەندە جیاجیاکان، ناونان و بەڕێوەبردنیان لە لایەن شورای گشتییەوە، بڕیاری لەسەر دەدرێت، دوای پرس و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ئەندامانی بازنەکاندا، لە کاتی هەڵبژاردنی ناو و کار و چالاکیەکانیان لە لایەن زۆرینەی دەنگی ٢/٣ ی ئەندامانی بازنەکەوە.

ماددەی - ٢٢-

دامەزراندن و پێکهێنانی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی جێبەجێەکردنی هەر بازنەیەکی پارێزگاکان ، لە لایەن زۆرینەی دەنگی ٢/٣ ی ئەندامانی بازنەکەوەدەبێت ، دواتر پەیوەندی و نامە گۆڕینەوە و ڕاپۆرت لەگەڵ شورای گشتی(ڕێکخراو- حیزب) دا بکەن و بەپێی سیاسەت و ئامانجی ڕێکخراو کار و چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن.

 

ماددەی -٢٣-

ڕێکخستنی هەر بازنەیەکی نوێ پەیوەست دەکرێت بە بەڕێوەبەرانی بازنەکانی نزیک لێیەوە، دوای رێنوێنیکردن و شارەزاکردنیان لە کار و چالاکییەکانیان.

ماددەی -٢٤-

سەرپەرشتیارانی بازنەکان بەرپرسیارن لە بەرامبەر کار و چالاکی و بردنە پێشەوەی سیاسەتی (ڕێکخراو- حیزب) ، بە شێوەیەکی کاتیش بەرپرسیارن لە بەرامبەر شورای گشتی ، وە لە کۆتایدا بەرامبەر بە کۆنگرە.

بەندی پێنجەم–شورای گشتی :

ماددەی -٢٥-

شورای گشتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سیاسی و فکری و یاسایی هەموو(ڕێکخراو- حیزب) ە، وە بەرپرسیارە لەبەردەم کۆنگرەدا، بەرپرسیاری فراونبوون و چونە پێشەوەی کار و چالاکییەکانی (ڕێکخراو- حیزب) ە.

ماددەی -٢٦-

شورای گشتی پێکدێت لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی بازنەکانی بەڕێوەبردن ئەگەر هەبوو وە ئەگەرنائەندامانی هەڵبژێردراوی بازنەکانی هەموو پارێزگا و شار وشارۆچکەکانی سنووری چالاکی(ڕێکخراو- حیزب). بۆ ئەمەش پێویستە:

بڕگەی - ١:. هەر بازنەیەکی بەڕێوەبردن ئەگەر هەبوو پێویستە ئەندامێک یان دوو ئەندام هەڵبژێرن لە خۆیان بە زۆرینەی دەنگی ٢/٣ ی ئەندامان بۆ شورای گشتی ، ئەمەش بەپێ ی زۆری و کەمی ئەندامانیان دیاری دەکرێت .

بڕگەی - ٢:.هەر بازنەیەک پێویستە ، ئەندامێک یان دوو ئەندام هەڵبژێت ، دوای ئەوەی دەنگی ٢/٣ ی ئەندامانی بازنەکەی بە دەست هێنا.

بڕگەی - ٣:. کەمکردنەوە و زیادکردنی ئەندامانی هەڵبژێردراوی ، بازنەی بەرێوەبردن، یان بازنەکانی شار و شارۆچکە و پارێزگاکان بەپێ ی هەلو و مەرجی فراوانبوونی ئەندام و سنوری چالاکیەکانی بازنەکانی (رێکخراو- حیزب) دەستنیشان دەکرێت.

بڕگەی ٤:. پێویستە شوێن و جێگای بارەگای بازنەکان بە پێ ی ڕەچاوکردنی پارێزگاری و سەلامەتی و ئاسایشی گیانی ئەندامانی بێت.

ماددەی - ٢٧-

نامە گۆڕینەوەی نێوان شورای گشتی و بازنەکان و پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردە و پێشنیارەکان لە بارەی کار و چالاکی بازنەکان ، مانگی جارێک یان دوو مانگ جارێک بەلایەنی کەمەوە دەبێت .

ماددەی -٢٨-

پێویستە شورای گشتی بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە (ڕێکخراو – حیزب) ی هەبێت کە بە تەواوی دەربڕی سیاسەت و ئامانج و فکر و فەلسەفەی چینایەتی(ڕێکخراو – حیزب) بێت ، ئەمەش لە ڕێگای:

بڕگەی - ١:. بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری تایبەت و نامیلکە و کتێبەوە بێت.

بڕگەی - ٢:.پەخش کردن و بڵاوکردنەوەی ئەلەکترۆنی و سوودوەرگرتن لە هەموو شێواز و لایەنەکانی.

بڕگەی - ٣:. بەکارهێنانی هۆیەکانی تری بڵاوکردنەوە لە کاتێکدا بەهۆی داهێنانی نوێوە بەرهەم دەهێنرێت ، کە شیاو بێت لەگەڵ چوونە پێشەوەی ئامانج و سیاسەتی (ڕێکخراو- حیزب)دا.

 بەندی شەشەم – ڕێکارە گشتییەکان :

ماددەی - ٢٩–

بەجیا لەیەکتر کۆبوونەوەی شوراکان و ئەندامانی بازنەکان و بازنەی بەڕێوەبردن ،هەروەها شورای گشتی (ڕێکخراو- حیزب) بەلایەنی کەمەوە هەموو پازدە ڕۆژ جارێک دەبێت.

ماددەی - ٣٠–

ئەندامانی بەڕێوەبەری بازنەکان و ئەندامانی شورای گشتی بۆ ماوەی ساڵێک هەڵدەبژێرێن، لەوانەیە هەڵبژێرێنەوە ، هەروەها قابیلی ئەوەشە کە لە هەر کاتێکدا هەڵنەبژێرێنەوە لەلایەن ئەندامانی دەنگدەرو کۆنگرەوە.

ماددەی -٣١ –

هەڵبژاردنی ئەندامانی بازنەکان و ئەندامانی شورای گشتی دەکەوێتە مانگێکەوە کە کۆنگرە و ئەندامانی بازنە و شورای گشتی دەستنیشانی دەکەن.

ماددەی - ٣٢–

لەسەر ئەندامی شوراکان و بازنەکان و بەڕێوەبەرانی بازنەکان و شورای گشتی پێویستە جەدەل و گفتوگۆکانیان لە پێناوی چوونە پێشەوەی ئامانج و سیاسەتی (ڕێکخراو- حیزب) دا بێت. پێویستە ڕەچاوی ئەم دوو بڕگەیە بکرێت :

بڕگەی - ١:.ئەگەر هاتوو شورای گشتی وای دانا کە جەدەل و گفتوگۆکردنی هەندێک پرس بەرژوەندی گشتی و خێرایئامانج و سیاسەتەکانی (ڕێکخراو- حیزب) ی تێدایە ، پێویستە داوا لە هەموو لایەنەکانی (ڕێکخراو- حیزب) بکات ، توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەو پرسانە بکەن و وەڵامی دروست و خێرا بخەنە ڕوو.

بڕگەی - ٢:. هەموو ئەندامان ئازادن لە دەربڕینی بیروبڕوای جیاواز و ڕەخنە و پشنیار ، پەرەنسیپێکی دانەبڕاوی ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتنە ، لەهەموو ناوەندەکانی (ڕێکخراو- حیزب) دا . بیروبڕوای ئەندامانی هەموو ناوەندەکان بەهەند وەردەگیرێت ، لەپێناوی چاککردن و چالاککردنی توانای هەڵسوڕان و بیروو بۆچونی ئەندامانی (ڕێکخراو- حیزب) هەموو بیروو بڕوایەکی جیاواز بەفەرمی وەڵامی ئەرێنی و نەرێنی خۆی وەردەگرێت .

ماددەی - ٣٣–

لەسەر هەمووناوەندەکانی (ڕێکخراو- حیزب) پێویستە بەشێوەیەکی دروستی بەرنامە بۆ داڕێژراو،پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لە هەموو ناوەندەکاندا دامەزرێنن ، لەگەڵ یەکتری ئاڵوگۆڕی کارو چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن ، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئاسایشی هەموو ئەندامان و پەیکەری( ڕێکخراو- حیزب) . پێویستە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی زانیاریەکان بەم شیوەیە بێت :

بڕگەی - ١:.پێویستە شوراکان ، بەلایەنی کەمەوە دوو مانگ جارێک ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکانیان بنێرن بۆ بازنەکەیان .

بڕگەی - ٢:.لەسەر هەموو بازنەکان پێویستە بەلایەنی کەمەوە دوومانگ جارێک ڕاپۆرت بدەن بە بەڕێوەبەرانی بازنەکان ،ئەگەر دامەزرابوو ، لەکاتی نەبوونی بەڕێوبەرانی بازنەکان ،دەینێرن بۆ شورای گشتی . 

بڕگەی - ٣:.لەسەر هەموو بەڕێوەبەرانی بازنەکان پێویستە بەلایەنی کەمەوە سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتی کار و چالاکیەکانیان بنێرن بۆ شورای گشتی .

ماددەی - ٣٤–

لەسەر هەموو ناوەندەکانی (ڕێکخراو-حیزب) پێویستە لە سنووری یاسایی بنەڕەتی و لەژێر بەرپرسیارێتی تایبەتیدا پارێزگاری و ڕێکخستنی ئاسایشی(ڕێکخراو-حیزب) پێویستییەتی جێبەجێی

بکات ، هەروەها چالاکی گرجوگۆڵانەی پێویستی و کارەکانی ، هەڵە و کەموکوڕییەکانی شورای گشتی لێ ئاگادار بکاتەوە بەبێ دواکەوتن.

بەندی حەوتەم – کۆنگرە :

ماددەی - ٣٥–

کۆنگرە دەسەڵاتی یاسادانانی هەموو(ڕێکخراو- حیزب) ە، بەڕێوەبەرانی هەموو بازنەکانی دوای جەدەل و گفتوگۆ و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی خۆیان لە ناو بازنە و شوراکانی سەر بە بازنەکەیان ، دەتوانن هەموو پێشنیارەکانیان بنێرن بۆ شورای گشتی و پێشکەشی کۆنگرەی بکەن ، هەرکاتێک پەیوەست و پێویست بوو بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی(ڕێکخراو- حیزب).

ماددەی - ٣٦–

ئەندامانی هەموو بازنەیەک ، هەروەها ئەندامانی هەموو بەڕێوەبەرانی بازنەکان دەتوانن بچن بۆ کۆنگرە یان نوێنەری خۆیان دەنێرن کە لە دوو ئەندام کەمتر نەبێت.

ماددەی - ٣٧–

هەموو بازنەکان و شوراکان دەتوانن بەپێ ی زۆر و کەمی ئەندامانیان ، نوێنەر بنێرن ، نوێنەری بازنەکان و شوراکان تەنها نوێنەرایەتی بازنەکە وشوراکەی خۆیان دەکەن ، هیچ بازنەیەک و شورایەک نابێتە نوێنەری بازنەیەکی ترو شورایەکی تر.

ماددەی - ٣٨–

کۆبوونەوە و بەستنی کۆنگرە هەموو ساڵێک لە یەک مانگدا دەبێت، لە کاتێکدا چەسپا شورایی گشتی داوا و بانگەوازی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دەکات.

ماددەی - ٣٩–

کۆنگرە بارەگای شورای گشتی بۆ ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەکات، هەروەها ئەگەر گونجاو بوو کات و شوێنی کۆنگرەی داهاتووش دەستنیشان دەکات.

ماددەی - ٤٠–

شورای گشتی مافی ئامادەبوونی هەیە لە کۆنگرەدا، بەڵام دەنگی یەکلاکەرەوەی بڕیارەکانی نییە.لەبەرئەوە پێویستە کۆنگرە ڕەچاوی ئەم دوو بڕگەیەی خوارەوە بکات :

بڕگەی - ١:. ئەندامانی کۆنگرە لەسەر هەموو بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە دەنگ دەدەن.

بڕگەی -٢:. پەیڕەوکردنی هەموو بڕیار و ڕاسپاردەکان لە کار و چالاکی ئایندەی (ڕێکخراو- حیزب) پێویستی بە ڕێژەی ٢/٣ ی دەنگەکانی ئەندامانی کۆنگرەی هەیە ، هەتا کۆنگرەی ئایندە . 

ماددەی - ٤١–

دوای هەموو خولێکی کۆنگرە، لەسەر بڵاوکراوەیەکی تایبەت کار و چالاکیەکانی کۆنگرە و بڕیار و ڕاسپاردەکانی و ئەندامی هەڵبژێردراوی نوێ بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (ڕێکخراو- حیزب) ەوە.

بەیاننامە و پلاتفۆڕمی ئامانج و ئەرکەکانی دواتر بڵاودەکاتەوە لە ناوەندە جیاجیاکانی و جێگای کار و چالاکی (ڕێکخراو- حیزب) و هەموو کۆمەڵگای سنوری چالاکیەکانی . 

بەندی هەشتەم – سەرپێچیەکانی دژ بە پەیڕەو پڕۆگرامی(ڕێکخراو - حیزب) :

ماددەی - ٤٢–

هەر ئەندامێک ئەو مەرجانەی تیادا نەبوو لە مەرجی ئەندامێتی (ماددەی٢/دوو) لەبەندی یەکەم . ئەم بڕگانەی خوارەوەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت :

بڕگەی - ١:.ئەندامێتی هەڵئەپەسێرێت یان دەردەکرێت بە پێی هەلومەرجی هەڵسووکەوتەکانی.

بڕگەی - ٢:.هەر دەرکردنێک کە بە کۆتا گەیشت جاڕێکی تر ناگه ڕێتەوە بۆ (ڕێکخراو – حیزب) 

بڕگەی - ٣:.هەر ئەندامێکی هەڵپەسێراو یان دەرکراو ، مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە لە بەرامبەر ئەوبڕیار و تانانەی کە لێیدراوە. 

ماددەی - ٤٣–

کۆنگرە تەنها بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکان (ئیستیقالەکان) دەدات، دوای لێکۆڵینەوەی لایەنەکانی باشی و خراپی هەڵسووکەوتەکانی ، ئەندامی دەرکراو وهەڵپەسێدراو.

ماددەی - ٤٤–

بازنەکان یان شوراکان ئەتوانن ئەندامێتی هەر ئەندامێکیان هەڵپەسێرن، بەمەرجێک ڕاستەوخۆ شورای گشتی لێ ئاگادار بکرێت، لەم بارەیەشەوە کۆنگرە بڕیاری کۆتای ئەدات.

ماددەی - ٤٥–

شورای گشتی ئەتوانێت بڕیار بدات لەسەر گەڕاندنەوەی ئەندامێتی ئەندامی هەڵپەسێراو ، بە پێشنیازی شوراکەی یان بازنەکەی ، دوای پێشکەش کردنی ڕوونکردنەوە لە لایەن بازنە یان شوراکەیەوە.

ماددەی - ٤٦–

هەر پێشێلکردنێک کە لەلایەن ئەندامان دژی(ڕێکخراو- حیزب) دەکرێت، ئەوا بەڕێوەبەرانی بازنەکەی بەپێی ڕێژەو پلەی پێشێلکاریەکانی سەرپشکن لەجێبەجێکردنی سزاکەی.

ماددەی - ٤٧–

ئەو ئەندامانەی کە ئەندامێتیان هەڵپەسێردراوە یان دەرکراون و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی گشتی گومانیان لێدەکرێت ، پێویستە چاودێری بکرێن لایەن (ڕێکخراو- حیزب) ەوە، دەبێت سنورێک بۆ گێچەڵەکانیان دابنرێت.

بەندی نۆیەم – سەرچاوەی دارایی :

ماددەی - ٤٨–

کۆنگرە بەپێ ی ئاستی گەشە و فراوانبوونی ئەندامانی لە ناوچە جیاجیاکاندا بڕیار لەسەر بەشداریکردنی ئەندامانی دەدات ، لە پێدانی ئابوونە.

ماددەی - ٤٩–

ئەو بڕە پارەیەی کە لە سندوقی دارایی(ڕێکخراو- حیزب) دا هەیە، بە پێی پێویستی هەڵسووڕان و بڵاوکردنەوەی هەموو لایەن و دەزگاکانی حیزب دیاریدەکرێت ، وەکو ناوەندەکانی شورای گشتی و بازنەکان و شوراکان.

ماددەی - ٥٠–

ئەو بڕە پارەیەی دارایی(ڕێکخراو- حیزب) بەکاردەهێنرێت لەم بەش و چالاکیانەی کە دەیبێت: 

بڕگەی - ١:.لە بەڕێوەبردن و گۆڕینەوەی نامە و تێچووەکانی بەڕێوەبردندا بەکاردەهێنرێت.

بڕگەی - ٢:.بۆپەخش و چاپ و بڵاوکردنەوەی نامیلکە و کتێب و ڕیکلامکردن و گۆڤاری فەرمی فکر و سیاسەتی(ڕێکخراو- حیزب) و هۆیەکانی تری بڵاوکردنەوە بەکاردەهێنرێت.

بڕگەی - ٣:. لە پێویستی ناردنی نێردراو بەپێی پێویستی چالاکی (ڕێکخراو – حیزب ) و ئەرکەکەی بۆ هەر شوێنێک دەچێت بەکاردەهێنرێت.

بڕگەی - ٤:. بەشێکی لە پێویستی بەڕێوەبردنی دەزگا و بڵاوکردنەوەی ئەلەکترۆنیدا بەکار دەهێنرێت.

بڕگەی - ٥:. بەهیچ شێوەو جۆرێک دارایی(ڕێکخراو- حیزب) بەکارناهێنرێت بۆ کاری تایبەت و شەخسی و بە پێچەوانەوە هەر ئەندامێک کە دارایی (ڕێکخراو- حیزب) ی بەکارهێنا لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیدا ئەوا سزا دەدرێت بە شێوەیەک کە لەگەڵ پەیڕەوی(ڕێکخراو- حیزب) دا بگونجێت. 

بڕگەی - ٦:. پێویستە هەموو بابەتەکانی دارایی لەخەرجکردن و بەدەستهێنانی بە یاسا ڕێکبخرێت و پسوولەی فەرمی (ڕێکخراو-حیزب) بە مۆری بەڕێوەبەرانی داراییەوە هەبێت لە بڕ و هۆی وەرگرتن و خەرجکردنی هەر بڕە پارەیەک .

ماددەی - ٥١–

سەرپەرشتیارانی سندوقی دارایی (ڕێکخراو – حیزب) بەرپرسن لە خەرجکردن و بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی دارایی ، نابێت خەرجیەکانی شورای گشتی و هەریەکە لە بازنەکان و شوراکان و بازنەی بەڕێوەبردن ، بەشێوەی جیاجیابکرێت، بەڵکو تەنها یەک سەرچاوەی دارایی و یەک سەرچاوەی خەرجکردن بە لێپرسیارێتییەوە ئەوانە جێبەجێ دەکات، بێ ئەوەی هیچ لایەنگیریەکی کەسێتی کاریگەریان هەبێت.

ماددەی - ٥٢–

شورای گشتی ئاگاداری شورا و بازنەکان و هەموو ئەندامان بە شورای گشتیشەوە دەکات لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیان ، لە کاتی نەدانی ئابوونەی مانگانە، لە کاتێکدا ئەگەر پۆزشی گونجاو باوەڕهێنیان نەبێت.

ماددەی - ٥٣–

لەسەر ئەندامانی بەڕیوەبردنی بازنەکان پێویستە ڕاپۆڕتی دارایی لەسەر خەرجی و داهاتەکانی شوراکان پێشکەش بکات ، ئەمەش دەبێت بەلایەنی کەمەوە لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات.

ماددەی - ٥٤-

هەروەها پێویستە لەسەر شورای گشتی ڕاپۆڕتی دارایی پێشکەشی کۆنگرە بکات لەبارەی سەرچاوەکانی داهات و خەرجکردن و چۆنێتی بەڕێوەچوونی دارایی (ڕێکخراو- حیزب) .

 

ماددەی - ٥٥-

بە توندی سزای هەر ئەندامێک دەدرێت ،بەهەرشێوەیەک لەشێوەکان کە خیانەت لە سەرچاوە و خەرجکردنی دارایی (ڕێکخراو – حیزب) دەکات .

ماددەی - ٥٦–

پڕکردنەوەی هەر خەرجییەکی نائاسایی و تێچوونەکانی کۆنگرە بە هاوبەشی و پشکی تری نائاسایی ئەتوانرێت بکرێت ، کە کاریگەری لەسەر ناو و ناوبانگی (ڕێکخراو- حیزب) نەکات.

ماددەی - ٥٧–

دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی (ڕێکخراو- حیزب) ، بەپێی ماددەی[٦٢] ی لەبەندی یازدە ، هەموو ئەو داهات وسەرمایە ماددیەی دەمێنێتەوە ، پێویستە بەشێوەیەکی یەکسان ، بەبێ جیاوازی پێگە و شوێنی کارو هەڵسوڕانی بەسەر هەموو ئەندامانی فەرمی (ڕێکخراو- حیزب) دا دابەشبکرێت ،یاخود بەفەرمی لە چالاکیەکی خزمەت کردنی کۆمەڵگادا بەکاربهێنرێت .

بەندی دەیەم – ئەندام وەرگرتن:

ماددەی - ٥٨-

پێویستەبەڕێوەبەرانیشورا لە ماددەی [١] تا ماددەی[ ٥٧] بخوێنێتەوەو بۆی شیبکرێتەوە و بە تایبەتتر جەختی لەسەر بکەنەوە بە شێوەیەکی کورت و چڕوپڕی، یان بە نوسراو پەیڕەو و پڕۆگرامی (ڕێکخراو- حیزب) بدرێتە ئەندامی پاڵێوڕاو بۆ ناو بزووتنەوەکە (ڕێکخراو- حیزب) ەکە.

ماددەی - ٥٩–

پێویستەبەڕێوەبەرانیشورا لە ماددەی [١] تا ماددەی [٥٧] بۆ ئەندامی کاندید بۆناو یەکێکلە شوراکانی (ڕێکخراو- حیزب) بخوێنێتە وەو شیبکرێتەوە و بە تایبەتتر جەختی لەسەر بکەنەوە بە شێوەیەکی کورت و چڕ و پڕ، لەسەر ئەو پابەندبوونانەی کە پێویستە هەبێت ، وە یان بە نوسراو بیدرێتێ لە کاتی هاتنە ناو (ڕێکخراو- حیزب) . ئەگەر پاڵێوڕاو شارەزایی هەبوو ئەوا دەبێت پرسیاری لێبکرێت بۆچی دەیەوێت پەیوەندی بەم ڕێکخراوە وە بکات ، وە پێویستە ووتەی پابەندبوونی بە شێوەیەکی فەرمی لێوەربگیرێت لە لایەن بەڕێوەبەرانی یان ئەندامێک لە بەڕێوەبەرانی شورا، کە پابەندی دیسپلینەکانی (ڕێکخراو- حیزب) دەبێت، دواتر ڕادەگەیەنرێت ئەندامێکە لە (ڕێکخراو- حیزب) ، دەخرێتە ناو کار و چالاکیەکانی شوراوە و لە دانیشتنەکانی دواتردا بەشدار دەبێت.

بەندی یازدە –ڕاگەیاندن و هەڵوەشانەوەی (ڕێکخراو- حیزب) :

ماددەی - ٦٠-

دوای وەرگرتنی بڕیارو ڕاسپاردەی ڕاگەیاندنی دەست بەکاربوونی کارو چالاکیەکانی (ڕێکخراو – حیزب) ، لە ناو کۆمەڵگاکاندا، لەڕێگەی دەرچون و بڵاوکردنەوەی بەیان نامەی فەرمی کۆنگرەی ڕاگەیاندنەوە دەبێت . هەروەها دەبێتە مێژووی دروست بوون و دەستپێکی فەرمی کارو چالاکیەکانی و لە ئەستۆگرتنی هەموو بەرپرسیارێتیەک کە دەکەوێتە سەرشانی ، لەپەخشکردن و جێبەجێکردنی ووردە ووردەی پەیڕەوو پرۆگرامی (مانیفێستی) (ڕێکخراو - حیزب)ی کۆمۆنیستی زانستی .

ماددەی - ٦١-

لەکاتی گۆڕینی ناوو ناونیشانی (ڕێکخراو -حیزب) ، دەبێت لەسەر ڕەزامەندی زۆرینەی ٢/٣ ئەندامانی کۆنگرە بێت ، لەکاتێکدا ئەگەر پێویستی گۆڕینی بووە دیفاکتۆ و وەکو پێویستیەکی مێژووی و سەردەمیانە خۆی سەپاند ، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی ستراتیژ و فکر و سیاسەتی ( ڕێکخراو - حیزب) .

ماددەی - ٦٢-

هەرکاتێک کارو چالاکی (ڕێکخراو - حیزب) ، لە ئاستی کۆمەڵگا و شۆڕشی کرێکاری و بزووتنەوەی چینی کرێکار و خەباتی ڕۆژانەی ئەو چینە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی ، مانا و بەرپرسیارێتی خۆی لەدەستدا، نەیتوانی کارەکتەری هێنانە پێشەوەی و بەجێگەیاندنی مانیفێستی کۆمۆنیزمی زانستی بێت . لە کاتێکی ئاوادا ، ئەگەر نەیتوانی ڕاستەڕێگای خۆی بگرێت ، بەزۆرینەی ٢/٣ ی کۆنگرەو ئەندامانی (ڕێکخراو - حیزب) ، ئەتوانن بڕیاری هەڵوەشانەوەی بدەن ، لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی بەیان نامەی فەرمی هەڵوەشانەوە و کۆتایی هێنان بە کارو چالاکیەکانی لەکۆمەڵگادا .

 

بەشی دووەم

بەرنامەی ئەرک و ئامانجەکان

ئەرک و پراکتیکی هەر ڕێکخراو و حیزبێک، لە پێناوی ئامانجەکانیدا دەبێت، ئامانجی هەر هێز و چینێک لە هێڵە هزری و سیاسی و خەباتی کۆمەڵایەتی و ئابورییەکەیدا دەردەکەوێت و بەرجەستە دەبێت.

بەرنامەو بیرکردنەوەو تێڕوانینن ، بۆ گۆڕانی ماددی مێژوویی کۆمەڵگاکان و ململانێی چینەکان وکارو هەڵسوڕانی سیاسیمان ، بەپێی لۆجیکی دیالێکتیکی زانستی مارکس و ئەنجلس دائەمەزرێنین ، دامەزراوانە ئەجوڵێنیین . بە بڕوایەکی تەواو بەو لۆجیکە ، شیکاری و تێڕوانینمان بۆ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو ڕونکردوەتەوە و لێکداوەتەوەو بەرجەستەی دەکەین . بڕوای تەواومان بەوە هەیە ،دوور لە دیدگاو هەڵوێستی دۆگمایانەی دووبارەکردنەوەی بێ ئەملاولای توتی ئاسای ئەو میتۆدە لە شیکاری و بەدەستهێنانی زانیاری لە بارەی گۆڕانی ماددی ڕەوتی مێژوو و پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ ، مرۆڤ و سروشت ، گەشەکانی ، لۆجیکێکی دروست و زانستی شیکارییە.

ڕەوتی گەشەو گۆڕانی مێژووی چینایەتی ، قۆناغ و سەردەم بەندیەکانی مێژوو، بەپێی یاسای یەکێتی و ململانێی دژەکان دەبینین . سەردەمی گۆڕانی چۆنایەتی بۆ چەندایەتی ، هەروەها بە پێچەوانەشەوە ، سەرچاوەی ناونیشانی سیستەمەکانە لە مێژوودا ، یاسایەکی زانستی شیتەڵکاری گۆڕانی مێژووی مرۆڤایەتیە ، سەرچاوەی داهێنانە زانستیەکانیشە . یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراوەکان ، دەلالەت و مانای کێشە و ململانێکانی دروستکردووە ، گۆڕانی مێژوویی لە دەرەوەو ناوەڕۆکی ململانێکان و سەرچاوەکانی دەخوڵقێنێ . لەهەموو ئەمانەشدا ، پێویستی و ڕێکەوتیش بەشێکی دانەبڕاوی گۆڕانکاریەکانە . هەروەها لە لایەکی ترەوە ناتوانرێت تواناو کردەی ئەنجامدانی گۆڕانکاریەکان ، لەڕەوتی گۆڕانی مێژوویی و داهێنانە زانستیەکان بە هەند وەرنەگیرێت و وەکو لایەنێکی گۆڕانکاری و هەڵسوڕان و کار و چالاکیەکان نادیدەبکرێت . 

هۆو هۆدارییەکانیش بەشێکی گەورەو کاریگەری گۆڕانکاریەکانە ، کاریگەری لە سەرهەموو لایەنەکان و سەرچاوەیگۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری هەیە. ئەمە ئەو لۆجیکی دیالێکتیکی زانستیەیە مارکس و ئەنجلس ، لەبەرەنجامی گەشەی هزر و ئاوەزیان و تێپەڕاندنی بیری ڕابردوو ، پێوویستی گەشەی مێژوویی سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی بووە . ئەمانە هەمووی بوو بە زانستی لێکۆڵینەوە و سەرچاوەی شیتەڵکردنی سیستەمە ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی . سەرچاوەی دەرخستنی زانستیانەی گۆڕانی مێژووی مرۆڤایەتی بوو ، ئەوەش دەرەنجامی مێژووی ململانێی چینەکانە . ئەوزانستەش ڕاستی گۆڕانی مێژوویی بە لۆجیکێکی زانستی لە کۆمەڵگادا ڕونکردوەتەوە و دەرخستووە . ئەمە بێجگە لە وەی ئەم لۆجیکە کاریگەری تەواوی بەسەر توێژینەوەی زانستی زانستەکانەوە لە ڕابردوو ئێستادا هەبووە و هەیە . 

لە بەرەنجامی ئەوەی لۆجیکی دیالێکتیکی زانستی ، هیچ حاڵەت ولایەنێکی بیر و بۆچونی دۆگما و وەستاو لە ئاوەزی مرۆڤدا درووست ناکات و ناخوڵقێنێت ، زانستیانە شیتەڵی هەموو دیاردەو ڕوداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کردووە . لێرەوە ئێمەش بەردەوامی بەو ڕێبازە دەدەین لە ناسینەوەی دیاردەو گۆڕانکاریەکان لە مێژوی ڕابردوو و ئێستادا، لەگەڵ هێنانە پێشەوەو گەشەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی نوێ لەسەر سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانی مێژوو ، بەتایبەتی سیستەمی سەرمایەداری لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوشدا ئەنجام بدرێت . بە پێی بەدەستهاتووەکانی مرۆڤایەتی ، ستراتیژی کارو چالاکیەکان و تێڕوانینەکان بۆ ئاوات و ئامانج و ماف وداخوازیەکانی پرۆلیتاریا لەکۆمەڵگادا بەیان و بەرجەستە و بڵاوی بکەینەوە . لەسەر ئەم بناغەیە ، بەرنامە و ئەرک و ئامانجەکانمان دادەڕێژین و بەرجەستەی دەکەین لە کۆمەڵگاکاندا .. 

ئەرکی کۆمۆنیستە زانستیەکان لە ڕێکخراو و حیزبەکانیاندا، لە پێناوی هێنانە پێشەوەی خێرایی ڕەووتی گەشەی ئامانجو گۆڕانی ماددیانەی مێژوویی مرۆڤایەتیدا بێت.

ڕەووتی مێژوویی پێگەیشتن و گەشەی لە ئێستادا ، گۆڕینی سیستەمی سەرمایەدارییە بە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابوری سۆسیالیزمی زانستی و کۆمۆنیزمی زانستی. لەگەڵ ئەوەی لەئێستای سیستەمی سەرمایەداری و تا دواهەناسەی ، ئەم ماف و داخوازیانە دەکەینە بەشێک لە کارو هەڵسوڕانی ڕۆژانەو بەردەوامی خواستەکانمان . ئەم داخوازی ومافانە گرنگی و پێویستی کارو هەڵسوڕانە ، بەزەحمەت و ناڕەحەتیەکی زۆر دەسەپێنرێت بەسەر سەرمایەداریدا ، ناکرێت دەست بەرداریشی بین . ئەم داخوازیانەش وەکو :

١-دەربڕینی ئازادانەی بیرو باوەڕو بۆچونەکان . 

٢- ئازادی ڕێکخراوبوونی سیاسی و جەماوەری وفەرهەنگی و چینایەتی ، بەبێ کۆت و بەندو سانسۆر .

٣- ئازادی بێ کۆت و بەندی هەموو جۆرەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەو پەخشکردن .

٤- ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و جەماوەری و فەرهەنگی وچینایەتی .

٥- ئازادی بێ سانسۆری خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتی .

٦- ئازادی دەست ڕاگەشتنی هەموو کەس بەهەر زانیاریەک کە دەیەوێت و پێویستیەتی .

سەپاندنی ئەو مافانە سەرەتایەکی گرنگ و دانەبڕاوی کارو چالاکی ڕۆژانەی ڕێکخراوو حیزبە کۆمۆنیستە زانستیەکانە ، لەپێناوی هێنانە پێشەوەی ئامانجە ستراتیژیەکانیان . ئەرکی کۆمۆنیستە زانستیەکان و ئامانجیان لە پێناوی ڕیشەکێشکردنی هەموو نایەکسانی و نەبوونی ئازادی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیدایە، هەڵوەشاندنەوەی بناغە و پێکهاتەی پەیوەندی کاری بە کرێ و سەرمایە ستراتیژیان دەبێت.

بەدەستهێنانی ئامانج و ستراتیژی چینی کرێکار و کۆمۆنیستە زانستیەکان بە هۆی ڕێکخراو بوون و ڕێكخستنیان بە ئەنجام دەگەن، لە ئەرکێکی بە پلان و بەرنامەڕێژی کۆمۆنیستە زانستیەکان دروست دەبێت و بنیاتدەنرێت.

هاندان و بڵاوکردنەوەی ڕاستی و دروستی سەرچاوەی کێشەکان ، ڕوونکردنەوەی ڕێگاچارەکانی گۆڕان و گوێزانەوەی ئێستای کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی بێچین، لە هوشیاری و درککردنی چینی کرێکار بە هەموو بەشەکانی دواتری ئەم پلاتفۆرمانە ئەنجام دەگرێت.

بوونی هوشیاری لە لای چینی کرێکار بە ئەرک و ئامانجی مێژووییان ، بەشێکی گەورەی هێنانە پێشەوەی گۆڕانکارییە لە سیستەمی ئێستادا .

ئەرکی کۆمۆنیستە زانستیەکان و چینی کرێکار و پرۆلیتاریایە لە ڕێکخراو و حیزبیەکانیاندا ، پلان و ستراتیژی گونجاو و دروست داڕێژن و هەبێت، وویستی مێژوویانەی پرۆلیتار ئاڕاستە بکات .بە ئاڕاستەی ڕاستەوانەی ڕەووتی مێژوویی مرۆڤایەتی . دەبێت کردەوە و پراکتیکێکی زانستی و وورد و دروستی گۆرانی مێژوویی سیستەمیسەرمایەداری بۆ سۆسیالیزمی زانستی بهێنێتە پێشەوە ، ئاسۆ و ئامانجی شۆرشی پرۆلیتاریای کۆمۆنیستی زانستی بەرجەستە و بەدیبهێنێت ، ئامانجمان بە جێگەیاندنی هەموو ئەو بیر وبۆچوونانەی مارکسیزمە کە دەبێتە هۆی گۆڕان و لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی بێ چین و چەوساوە.

یەکەم :-سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەداری

سیستەم و پەیوەندییەکی ئابووری کۆمەڵایەتی ، سیاسییە ، دووچینی وەک سەرمایەدار و کرێکار سەرچاوە و پێکهێنەریەتی، کۆمەڵگایەکە لەسەر چەوسانەوەی هێزی کاری پرۆلیتاریا، لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنانی چینایەتیانە بنیاتدەنرێت، چینێک خاوەنی هەموو هۆیەکانی بەرهەمهێنان و چینی بەرامبەریش بێماف و بەرهەمهێن و خاوەنی هیچ شتێک نین بێجگە لە هێزی کاریان.

سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی ، زادەی گەشەی مێژوو و ئابووری دەرەبەگایەتییە ،بۆ پەیوەندی ئابووری کار و سەرمایە، دەستپێکی گۆڕانی بەرهەمهێنانێکی سەرەتایی تاکە کەسی بۆ بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵە.

لەو کاتانەی کە کار و دەزگاکانی جۆڵایی ، چەکوشی ئاسنگەری و هۆیەکانی تری بەرهەمهێنانی سەرەتایی ، لە مێژوویەکی لەوە و پێشەوە ، جێگا بۆ دەزگای چنیین و ڕستنی میکانیکی، چەکوش و دەزگای هەڵمین چۆڵدەکەن ، لەوکاتەنەدا کاری تاکەکەسی و بەرهەمهێنانی تاکەکەسی شوێن و جێگەی بۆ کارگە و دەزگاکانی بەرهەمهێنان چۆڵدەکەن ، کاری هاوبەشی سەدان وهەزاران لە کرێکاران پێکەوە دەستپێدەکات گۆڕانی بەرهەمهێنانی تاک بۆ کۆمەڵێک لە کاری پێکەوەیی و کۆمەڵایەتی، بەرهەمهێنان دەگۆڕێت لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی جیاوازی تاکەکەسی ، بۆ بەرهەمیهێنان و بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی.

هەموو ئەوانە سەرەتاکانی لە زۆری بەرهەمهێنان دەبێتە پێویستی گەشەی بازرگانی ، دەبێتە هۆکاری دۆزینەوەی جوگرافیا و ڕووبەری جیاوازی زەوی وەکو ئەمریکا و ئوسترالیا و هند و ئەفەریقا ، دواتر دەبنە هۆکاری گەشەی بەرهەمهێنان و پێویستی نەشونما و گەشە و دروستبوونی پەیوەندی ئابوری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە ئەوروپادا .

لەسەدەی حەڤدە و هەژدە و لەکۆتاییەکانیدا پیشەسازی گەورە و گەشەی بازاڕی جیهانی بەشێوەیەکی تەواو کەماڵ، هاوزەمان لەگەڵیدا بە تووند و تیژی و جەنگ دەستیپێکرد،کە لە ڕابردوودا وێنەی نەبوو بوو. تا ئیستاش و لەم سەردەمەدا جەنگەکان بەردەوامن زۆرترین کاولکاری وجەنگ و لەناوچوونی مرۆڤ و خوێنڕشتنی زۆر ڕوویانداوە و دەدەن،ناسێنەرەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە ، لە دوای دەرەبەگایەتی.

گەشە و دروستبوون و بەردەوامی سەرمایەداری ، بەم پلە و سەردەمانەدا تیپەڕیوە و دابەشدەبێت.

دەستپێکی سەرەتا و یەکەمی سەرمایەداری ، لەسەدەکانی ناوەڕاستەوە دەسپێدەکات ، هەتا ئێستا بەچوار سەردەمدا دابەش و تێپەڕ دەبن:یەکەمیان: پیشەسازی دەستی و تاکەکەسی (حرفی) کە مامۆستا پیشەییە بچووکەکان (کاری دەستی تاکەکەس) دەگرێتەوە بە یارمەتی ژمارەیەکی بچووک لە پیشەوەران و ڕاهێنەرانیان ، هەر کرێکارێک کاڵای بەرهەمهاتووی بە تەنها و بە توانای خۆی و بە دەزگایەکی سەرەتایی بەرهەمدەهێنا . لەو کاتەدا هەر خۆی کرێکار و خۆشی خاوەنی کار و دەزگا و بەرهەم بوو، ئەمە دواتر گەشە دەکات و سەردەمی دووەهەمی بەرهەمهێنان دەستپێدەکات.

دووەم:ئاستیبەرهەمهێنان ، سەردەمی دەرکەوتن و بەرهەمهێنانی مانیفاکتورە دەستپێدەکات ئەمیان سەردەمێکی پێشکەوتووترە لە بەرهەمهێنانی پێش خۆی ، کۆکردنەوە و کاری بەکۆمەڵی کۆمەڵێک کرێکار و کاری هاوبەشی بەرهەمهێنانی کاڵایەکە ، ئەم سەردەمە بەرهەمهێنانی کاڵایەک لە لایەن یەک کەسەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی یەک جۆر لە کاڵا لە لایەن کۆمەڵێک کرێکارەوە ، یەکەم سەردەمی دابەشبوونی کارە لە بەرهەمهێنانی کاڵایەکدا لە سیستەمی سەرمایەداریدا.

سێیەم :ئاستیشلە بەرهەمهێنان، سەردەمی گەشەی بەرهەمهێنانی دوایی مانیفاکتۆرەیە، سەردەمی دروستبوونی کارگەی گەورە و بەرهەمی زۆرە لەماوەیەکی بەرهەمهێنانی کورتدا، دروستبوونی کارگە و دەزگای گەورەی بەرهەمهێنان ، هەنگاوێکی گەورەی بە بەرهەمهێنان نا، تەکنیک و دەزگای میکانیکی گەورەی بەرهەمهێنان، ڕۆڵی کرێکاری بەسەر بەرهەمهێنان و چاککردن و ڕێکخستنی و جێگیرکردنی دەزگاکانی کەمدەکردەوە و کردیەوە، پێویستی زیادکردنی قازانج و سوود لە لای سەرمایەداران، هەروەها پێویستی بازاڕ بە کاڵای بەرهەمهاتوو و گەشەی بازرگانی و گەشە و پێشکەوتن و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە زانستیەکان و زانیاری و زانست و بەشداریکردنی لە بەرهەمهێناندا، لە هەر سەردەمەدا کاریگەری بەسەر ڕێڕەوی ژیان و بەرهەمهێنانەوە هەبووە لە ڕوویی ڕێژە وچۆنایەتی و جۆری کاڵاکاندا.

بەشداری ڕاستەوخۆو گەورەی زانست و تەکنۆلۆجیا لە بەرهەمهێناندا سەردەمی بەرهەمهێنانی گواستووەتەوە ئاست و قۆناغی ئێستایی بەرهەمهێنان و ئێستای سەرمایەداریی هاتووەتە ئاستی چوارەم : ڕۆبۆت و ئەلەکترۆنات و زانستی نانۆ ، بەشداری پێکردنیان لەبەرهەمهێناندا ، توانیویەتی بەرهەمهێنان زیاتر بکات و هەمەڕەنگیان پێبدات و بەرهەمی نوێ و ناوازەی تری ڕۆژانە زیاتر بخاتە سەر جۆر و بڕی ڕابردوو ، هەروەها بەپێی ئەوەی کەزانراوە زۆری لە جۆر و لە بڕی بەرهەمدا ، هەوڵیداوە و توانیویەتی هیزی کاری بەشدار بوو لە بەرهەمهێناندا کەمبکاتەوە، تا بڕی تێچوی کاڵای بەرهەمهاتوو کەم بکاتەوە . لە ئێستای پێشکەوتن و زانیاری و زانستدا ، سیستەمی سەرمایەداری ئەتوانێت لە ڕێگەی ژووری کۆنترۆڵی ئەلەکترۆنیەوە بەهۆی چەند کرێکارێکی زهنی بەرهەمهێنانی کارگەیەکی گەورە ی لە جیاتی چەند هەزار کرێکارێک ببات بەڕێوە بەڵام ئەمە بەشێوەیەکی باش و فراوان نابرێت بەڕێوە .

لە ئێستای سەرمایەداریدا ،لەگەڵ ئەوەی بە ڕێژەیەکی سنوردار زانستی بەدەستهاتوو بەشداری بەرهەمهێنانی پێدەکرێت ، ڕێگری زۆر دەخرێتە بەردەم بەشداری زانست و تەکنەلۆجیا و ئەلەکترۆن و نانۆ لە بەرهەمهێناندا، لەبەر ئەوەی دەیەوێت لەم ڕێگایەوە ، هاوسەنگی لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردندا دروست بکات ، سودو قازانجی سەرمایەداری بەردەوام بێت . توانای کڕین چەند زۆر بێت پێویستی بەرهەمهێنان ئەوەندە زیاد دەبێت ، کرێکاران لە ڕێگەی فرۆشتنی هێزی کار لە بەرامبەر بڕێک دراودا، بڕی دراوی پێدراوی بە پێ ی زۆری و کەمییەکەی توانای کڕینی دیاری دەکرێت . ئەگەر ئەو ژمارەیە لەسەر کار نەبن و ئەوانەی لە دوای بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە ، لە کڕین و فرۆشتنیان سوود وەردەگرن ، وەکو دوکاندارو خاوەن کۆگاکان . داهاتێک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دروست دەکەن ، بەپێی ئاست و ڕێژەی بەدەستهێنانی سەرمایەکانیان ، توانای کڕینیان بەرجەستە دەکەن و بەکاردەبەن . ئەگەر خستنەڕوو زۆربوو توانای کڕین کەم بوو، کاڵای بەرهەمهاتوو زۆر دەبێت و داخوازی لەسەریان کەم دەبێت ، ئەو کات کەڵەکەیی کاڵا لە عەمبار و بوغازەکانی کارگە کاندا زۆر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاوەستانی بەرهەمهێنان و دروستبوونی تەنگژەی ئابووری سەرمایەداری . لەبەر ئەم هۆکارەی سەرەوە ، ڕێگە لە بەشداری فراوانی زانست دەگیرێت لە بەرهەم هێناندا.

ئەزمەی ئابووری سەرمایەداری تەنها پەیوەندی بەم شێوازەی سەرەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە نییە ، سیستەمی سەرمایەداری دوای گەشەیەکی کەمی لە سەرەتاکانی بەرهەمهێناندا و بە دیاریکراوی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە چەند ساڵ جارێک ڕووبەڕووی تەنگژەی ئابووری دەبێتەوە ، تا سیستەمی سەرمایەداری بمێنێت ، هەر جارەی لە بەرگیکدا دەردەکەوێت و نوێ دەبێتەوە وبەبەردەوامی بەشێکە لە ژیانی.

لێرەدا ئەوەی زیاتر ئاشکرا ڕووندەبێتەوە، ئەگەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان گشتی بکرێتەوە هەموو تاکێک وەکە یەک بەشدار و هاوبەش وسوودمەندبن لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، نە بەر بە پێشکەوتن و زانیاری بەشدار بوو لە بەرهەمهێناندا دەگیرا و نە چەوساندنەوە و بێبەشکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لە بەدەستهاتووەکان ڕوویان ئەدا، زانست و زانیاری و تەکنۆلۆجیا وەک یەک و بەیەکسانی دەخرایە خزمەتی حەوانەوە و ئاسودەیی هەموو ئەندامانی کۆمەلگاوە.

نە ئەو جەنگە گەورە و خوێناوییانە ڕوویان ئەدا لە پێناوی دەست بەسەراگرتنی زیاتری سەرمایەدا،وە کۆیلایەتی نە دەبووە بەش و ژیانی پرۆلیتار و زەحمەتکێشانی جیهان ، سیستەمی سەرمایەداری هەژاری و نەداری وبێ لانەیی شوێنی ژیان و گوزەران و حەوانەوە ، ناونیشانی سەرلەبەری پێکهاتەی سیستەمەکەیەتی.

کەڵەکەبوونی سەرمایە ڕاستەوانە یە لەگەڵ دروستبوونی هەژاری و کۆیلەتی و نەزانی و داڕمانی سایکۆلۆجیەتی مرۆڤ و نامۆبوونی .

کاتێک دابڕان دەکەوێتە نێوان هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانی خاوەنی هیزی کار، سەرچاوەی دژایەتی نێوان پرۆلیتاریا و سەرمایەداری و بۆرژوازی دەبێت ،هۆکاری دژایەتی و جیاوازی لە نێوان بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و خاوەندارێتی سەرمایەدارییدا دروست دەبێت . هەموو ئەمانەش سەرچاوەی حەتمیەتی دروستبوون و ڕوودانی شۆڕشی پرۆلیتاریا و لە ناوچوونی سەرمایەداری دەبێت ، ئەرکی کۆمۆنیستە زانستییەکانە کە ئەم دژایەتیە قووڵتر و تووند و تیژ تر بکەنەوە ، ئەرک و ڕاسپاردەی مێژوویی پرۆلیتاریا دژی سەرمایەداری لە خەباتی ڕۆژانە و ڕوودانی شۆڕشدا بەرجەستە بکاتەوە. 

دووەم :-پرۆلیتاریا

لە سیستەمی سەرمایەداریدا پرۆلیتاریا مرۆڤیکی فرۆشیاری هێزی کار و ئاوەزی خۆیەتی ، لە پێناوی زیندوو مانەوەی خۆی و خیزانەکەی، خاوەنی هیچ شتێک لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان نین و هێزێکی گەورە و بەشداری بەرهەمهێنانی کاڵاکانن، چینێکی کۆمەڵایەتی جیاوازن لەگەڵ جوتیاران و نیوەکارو کۆیلەکانی سەردەمانی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی ، لە ئەرک و ئامانجی مێژوویی . جیاوازن لەگەڵیاندا ، ئەرکی لەناوبردنی سیستەمە چینایەتیەکانە و دامەزراندنی سۆسیالیزمی زانستی و کۆمۆنیزمی زانستییە.

چینە زەحمەتکێش و کۆیلەکان لەسەردەمی ڕابردوودا، هەرچەندە سەرچاوە و هۆکاری جووڵە و گەشەی سەردەمێکی تری چینایەتی بوون، بەڵام نەیانتوانیوە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بخوڵقێنن و لە سەردەستی ئەوان سەردەمێکی نوی دابمەزرێت.

پرۆلیتاریا کاتێک وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دروستبوو، سیستەمی ئابووری و دەرەبەگایەتی گەشەی زیاتری کردوو ، کاری تاکەکەسی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵ و بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، لە بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانیدا خاوەنی هیچ شتێک نین بێجگە لە هێزی کارەکەی ، کڕیاری هێزی کاریش ، خاوەنی سەرمایە و سەرچاوەکانی تری بەرهەمهێنانن، لە بەرامبەردا چینێک پێکدێت چینی سەرمایەدارانە ، ئەو دوو چینە دوانەیەکی پێکەوە گرێدراو پێویستی سەلماندنی بوونیانە، کاتێک کە سەرمایەدار هەبوو ئەوا چینێکی وەکو پرۆلیتاریاش بوونی دەبێت.

پرۆلیتاریا و چینی کرێکار ناسێنەرەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە، لە پرۆسەی ژیان و گوزەرانیاندا مرۆڤێکی دەستڕانەگەیشتوویە بەدەستهاتووەکانی مرۆڤایەتیە و ژیانێکی مەمرە و مەژییە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەسەر دەبەن ، تەنها بەهۆی کرێی کارەکەیانەوەیە .توانای زیندوومانەوەیان هەیە ، لە هەلومەرجی ژیان و کاردا، ڕووبەڕووی بەرز و نزمی و هەوراز و نشێوی ژیان دەبنەوە، بەشێک لەسەر کار دەبێت و بەشێکیان وەک سوپای یەدەک دەمێنێتەوە و هەڕەشەی ژیانی لەسەر کارەکەی پێدەکەن . هەندێکجار لە ڕێگەی پلان و سیاسەتێکی ئابوورییەوە سەرمایەداران هەڵسوکەوتیان دەخەنە ژێر کاریگەریی ئەجنیدا و سیاسەتیانەوە دژایەتی هاوچینەکانیان پێدەکەن ، سەرمایەداران بێکاران ئەگەر ڕێکخراو نەبن بۆ هاوسەنگی هێزی خۆی لەگەڵ پرۆلیتاریای لە سەر کار بەکاریان دەهێنن، لە پێناوی دامرکاندنەوە و لە باربردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی چاککردنی هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانەی پرۆلیتاریا.هەروەها بۆ دواخستنی شۆرش و بەرگرتن لە ڕوودانی یەکێک لە هەوڵەکانی دابڕان و جیاکردنەوەی هاوچینەکەی لەسەر کار و بێکارانە لە پشتیوانکردنی یەکتری، هوشیاری پرۆلیتاریا بە کۆمۆنیزمی زانستی دەتوانێت کۆتایی بەم هەڵسووکەوتانەی سەرمایەداری بهێنێت.

پرۆلیتاریا لە سیستەمی سەرمایەداری و مێژوودا، تاقە چینی شۆڕشگێر و ئاڵۆوگۆڕخوازی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئابووری چینایەتیە ، بە سیستەمی کۆمەلایەتی ئابوری بێچین.

پرۆلیتاریا بە هەمەئاهەنگی و هاوکاری و پشتیوانی لەگەڵ کۆمۆنیستە زانستیەکان ، جێبەجێکاری ئەرکی مێژویی لەسەر شانە و گۆرانی ماددی مێژوویی کۆمەڵگای چینایەتیە بۆ سیستەمی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی ، لەم ئەرکەشدا پرۆلیتاریا هیچ لەدەست نادەن ، تەنها کۆت و بەند و زنجیرەکانیان لە ڕابردوو ئێستا دا نەبێت ، بەڵام جیهانێک دوور لە چەوسانەوە بۆ مرۆڤایەتی بە دەست دەهێنن.

سێیەم :- دەوڵەت

دەوڵەت لە ئێستادا چوارچێوەی جوگرافیایەكی بەیاساكراوی سەردەمــە, كۆمــەڵێك مرۆڤ لەسەری دەژین ، لــەژێر سایــەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری چەوسێنەرانەی چینە باڵادەستەكان و سەرمایەداران ،ناوەندێكی سیاسی ،ئابوری ،كۆمەڵایەتیە، پارێزەری خواست و وویستی سەرمایەدارانە ، یاساو ڕێساكانی لەبەرژەوەندی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی داڕێژراون. بەكارهێنانی هەموو لایەنەكانی پێكهێنەری دەوڵەت بەسەربازو پۆلیس و دامودەزگاكانی ترەوە،لە جێبەجێ‌ كردنی خواست و وویستی سەرمایەداران دەبێت و بەدژی پرۆلیتاریاو كرێكاران تەواو دەبن. پارێزگاری پرۆسەی بەرهەم هێنانی سەرمایە دارییە ، لە سەرچەوسانەوەی هێزی كاری كرێكاران بنیات نراوە و دەنرێت ، لە پێناوی زیادبوونی قازانج و كەڵەكەی زیاتری سەرمایەیە لەلایەن سەرمایەدارانەوە. دەوڵەتی بۆرژوازی سەرمایەداران و دەوڵەتەكانی پێشووتر لە مێژوودا ئامرازی چەوسانەوەی چینێك لەلایەن چینێكی تری لە دەسەڵاتدا بووە . دەوڵەت لە ئەزەلەوە نەبووە،یان دروست نەبووە، لەبەرئەوەی كۆمەڵەگای سەرەتایی مرۆڤ هیچ ئایدیاو بۆ چوونێكیان لەسەر دەوڵەت و پێویستی بوونی نەبووە. لەبەرئەنجامی گەشەی ئابووری كۆمەڵایەتی و گۆڕانی پەیوەندی كۆمەڵگای سەرەتایی بووە ، لە هاوبەشی ئابووری کۆمەڵایەتی بۆ کاری دەست بەسەراگرتن و کۆبوونەوەی سەروەت و سامان لەلای تاکەکەسێک یا گروپێکەوە ئەنجامدراوە ، بووبە سەرچاوەی كۆمەڵگایەك كە چینەكان پێكهێنەری بن. دروست بوونی چینەكان لەئەنجام و لەناو پرۆسەی بەرەو پێش چوونی پەیوەندی ژیاری سەرەتایی و دابەش بوونی كۆمەڵگا پێویستی گەشەی پەیوەندیەكانی سەردەمەكەی بوو دەوڵەت لەمێژوودا زادەی دابەش بوون و دروست بوونی چینەكانە...

دەوڵەت لەسەردەمی دروست بوونی چینەكانەوە شكڵی گرتووە، بە فۆڕم و پێكهاتەی بیروبۆچوونی جیاوازەوە دروست بوون. دەوڵەتەكان بە پێ‌ ی سەردەمەكانیان زادەی بیروبۆچوون و پەیوەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆیان بووە .

دەوڵەتەكانی سەردەمی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی ،وەكو ئێستا ڕێكخراو بەدسپلین ویاسا ڕێژی بۆ نەكراوە, سەرچاوەو پێكهێنەرەكانی دەوڵەت چینەكانە بە كۆن و نوێوە، دەوڵەت خەسڵەتێكی چینایەتیانەی هەیە،ئیتر دەوڵەت ناونیشانەكانی هەرچیەك بێت پێشكەوتوو یان دواكەووتوو وەیان گەشەكردوو، نەتەوەیی یا ئایینی یا نیشتمانی ، دیموكراسی،دیكتاتۆری ، لیبڕاڵی ، سۆشیاڵ دیموكرات ،تییۆكرات یان علمانی ..... بێت ، دەستورەكەیان سەرۆكایەتی, پەرلەمانی ،پاشایەتیدەستوری, مەجلیسی ،تێكەڵەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ،هەرهەموویان لەناونیشاندا جیاوازن ،لەناوەڕۆكدا وەك یەكن و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی كەمینەی سەرمایەداران و بۆ رژوازییە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگاو چینی كرێكارو زەحمەتكێشانەوەن لە جیهاندا. ڕزگاربوون لەدەوڵەت و یاسا چەوسێنەرەوەكانی دەوڵەت ڕەتناكەینەوە، دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە ، هەڵوەشانەوەی بە پێویستی سەردەمەكەی دەبێت. هەروەكو چۆن دروست بوونیشی پێویستی سەردەمەكەی خۆی بوو. .كاتێك دەوڵەت هەڵدەوەشێنرێتەوە ، واتە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی چینایەتی چینەكان و نەمانی هەموو چینەكان دەگەیەنێت ، هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی چینەكان مانای نەمان و لە بەینچوونی دەوڵەت دەگەیەنێت .دەوڵەتی نوێی سەرمایەداری هیچ نیە ، بێجگە لەدروستكراوی چینایەتی و دەستەیەك لە بۆرژوازی و سەرمایەداران, لە پێناوی پارێزگاری كردن لە هەموو مەرجە دەرەكیە گشتیەكانی فۆڕمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریانەی نێوان كرێكاران و سەرمایەداران. پرۆلیتاریا لەگەڵ بەردەوامی شۆڕشەكەیان ئامڕازی هەڵوەشانەوەی هەمووجۆرەکانی دەوڵەتیان بەدەستەوەیەو ئەركیانە خۆیان و سەرمایەداران و پەیوەندی چینایەتیان لەناوبەرن تا كۆمەڵگایەكی یەكسان و ئازادو دادپەروەر دابمەزرێنن .

چوارەم : - سیكۆلاریزم و كۆمەڵگەی مەدەنی

1-سیکۆلاریزم :

فۆڕم وشێوازی دەسەڵات و سیستەمێكی چینایەتیە ، ئایین تیایدا حاكم و یاسا ڕێژی بۆ پەیوەندیە چینایەتیەكانی كۆمــەڵگا ناكات، لە یاساو ڕێسای كەسێتی و پەیوەندیەكانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حكومەتەكانیاندا دورە دەست و بێكاریگەرە..

ئاین لەم جۆرە حكومەت و دەسەڵاتانەدا، كاریگەری بەسەر هەلومەرجی ژیانی تاكە كەسەوە نیە، بەڵام سیستەمێكی بێ چین نیە، پەیوەندی كاری بە كرێ‌ و سەرمایەو شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەداریانەیەو كرۆكی پەیوەندیە ئابوریەكانیەتی .ئاستێك و قۆناغ و سەردەمێك و پلەیەك نیە لەشۆرشی كۆمــەڵایەتی پرۆلیتاریا لە ئێستای سەرمایەداریدا . بەڵكو هۆكارو شێوازێكە بۆ ژێرباركردنی چینی كرێكار بە ژیانی كاری بە كرێ‌ و كولەمەرگی. 

سیستەمی سیكۆلاریستەكان ، ناتوانێت ئاسودەیی و ئارامی دروست بكات، لەبەرئەوەی ناتوانن پەیوەندی چەوساوەو چەوسێنەر هەڵوەشێنێتەوەو ،چینێك چینێكی تر نەچەوسێنێتەوە . لەئێستادا بوە بە خەسڵەت و ناوەڕۆكی تێڕوانینی هەڵخەڵەتێنەرانەی لیبرالیزم و دەیانەوێت ڕووی چەوسێنەرانەی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتەكانیانی پێ‌ بڕازێننەوەو جوان بكەن .لە بۆچوون و دیدگاكانی دەوڵەتدا سیكۆلاریزم و سیكۆلاریزەكردنی سیستەمەكەیان دەكەنە هۆكاری دامركاندنەوەی هەڵچوون و شۆڕشە پڕۆلیتاریەكان و لەپێناوی درێژكردنەوەی دەسەڵاتیاندا بەكاری دەهێنن دەوڵەتەكانی ئەوروپا نموونەی بەرجەستەو زیندووی ئەم ڕۆژگارەیە .

ڕیشەی ئەم بیروبۆچوونە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی ڕابردوو لە ئەورووپادا ، دەسەڵاتی ئایینی پاپاو خاوەندارێتیکردنی هەموولایەنەکانی ژیان و کۆیلەکردنی خەڵک لەژێرسایەی هەندێک یاساوڕێسای داڕێژراویان . دوای بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەژیانی کۆیلەیەتیان ، هۆکاری چەندوچوونی بیریارانی ڕابردووی سەردەمی سەدە تاریكەكانی ئەوروپایە ، بانگەوازو دەرکەوتنی ڕیفۆرمی ئایینی و دەستکۆتاکردنی پاپا لە دەسەڵات ، بە شێوازی سادەو ساكاری ئەو سەردەمە دەركەوت. بەڵام پەرەپێدان و گەشەكردنی لە ڕووی هزرییەوە بۆ بیریارانی لیبرالیزم و سیستەمەكەیان دەگەڕێتەوە. سیكۆلاریزەكردنی دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری ،ناتوانێت جێگەی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی بگرێتەوە . لەبەرئەوەی ناتوانێت ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری بۆ كۆمەڵگاكانیان فەراهەم و دابین بكەن ، كۆتایی بە نەهامەتی ژیانی پڕۆلیتاریا ناهێنێت. بەهۆی ئەوەی كە سیستەمەكەی لەسەر بناغەی بێ مافکردنی و دەردەدارکردنی کۆمەڵگا و چەوسانەوەی كاری بەكرێ‌دامەزراوە. لە هەندێك كات وقۆناغ و حاڵەتی جیاوازی سیستەمەكاندا كۆمەڵێك تەكنۆكرات دەكەنە ڕووكاری گۆڕان و باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان ، بەڵام ئەو لەبری دانانە ناتوانێت ، خواستی پرۆلیتاریا بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی كەم ڕەنگ و بێ‌ بەها بكات لە خەبات و تێكۆشانیان لەدژی سیستەمی سەرمایەداری و حكومەت و دەوڵەتەكانیان . دەسەڵاتی سەرمایەداری هەر ناونیشانێكی هەبێت دەوڵەت و حكومەتەكانیان هەر جۆرێك بێت ، پێویستی لەناوبردنیان خواست و وویستی مێژووییانەی پرۆلیتاریایە لەگەشەی ڕەوتی ماددی مێژوویی مرۆڤایەتیدا..

٢-کۆمەڵگای مەدەنی :

ئەم ناونیشان و ووتەزایە ، بەپێ‌ ی سەردەمەكانیان وبیڕیارەكانی ،دیدگاو تێڕوانینی جیاوازو شرۆڤەی جۆربەجۆری لەسەركراوە لە هەندێک سیستەمی سیاسی کۆمەڵایەتی دەوڵەتانی جیهان . لەسەردەمی یۆنانی كۆنەوە ، تا سەردەمی ئێستای سەرمایەداری, بەپێ‌ ی كۆمەڵگا جیاوازەكان و سەردەمەكانیان ، تێڕوانین و دیدو بۆچوون و كردەوەی جیاوازیان لەبەرامبەریدا هەبووە،وەك دەسەڵاتی سیاسی و هەندێك كاتیش وەك ناوەندگیری و پارێزەری بەرژەوەندی تاك ... دەربڕینیان بۆ كردووەو لەگەڵ دەسەڵاتی چینایەتیدا سازاندوییانە و لە خزمەتیدا بووەو بەكارییان هێناوە . ئەمە بێجگە لەوەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ناتوانن لە سیاسەت و ئامانجی چینایەتیانەی سەرمایەداری دەربچن ، هەندێك كات وەكو پاسیڤیستێك، ناڕەزایەتیەكانیان بەهۆكاری كردەیی خۆیان لەدژی سەرمایەداری ساردكردووەتەوەو بە بەرژەوەندی دەسەڵات كۆتاییان پی َهێناوە. ووتەزاو كردەی ڕكخراوو گروپی كۆمەڵگای مەدەنی ، بەناوی فشارو پارێزەری بەرژەوەندی گروپ و توێژێك لە كۆمەڵگادا دروستكردنیان هیچ نی یە بێجگە لە دەستەوارەو دەستەواژەی بە دەستەوەدانی دەنگی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری بە دەسەڵاتی دەوڵەت و حكومەتەكانیان . لەبەرئەوەی خواستی گروپ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چوونە پێشەوەو ڕیفۆرم كردنی ژیانی ئەو توێژو گروپانەیە لەکۆمەڵگادا ، لە پێناویدا دروست دەكرێت ، ئەمەش واتای گۆڕینی تەواوی ژیانی گشتی كۆمەڵگا نیە .لە ڕابردوو ئێستای ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا ،وەكو گروپی فشار دەركەوتوبن و خۆیان بەیان كردبێت نەیانتوانیوە سودێكی كەمیش بە كۆمەڵگاكانیان بگەیەنن .تەنها دروستكردنی ناوی جیاواز جیاوازی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەدارییە .لەلایەکی تریشەوە هەوڵێكە بۆبەرگرتن و ساركردنەوەو خاوكردنەوەی ململانێ‌ و دژایەتی پرۆلیتاریا دژ بە سیستەمی سەرمایەداری .

دەبێت لە جێگەی ئەم جۆرە بیرۆكەو فەلسەفەی ڕێكخراوانە دروست كردن و بنیات نانی ڕێكخراوی شۆڕشگێری پرۆلیتاریا دروست و بەرجەستە بکرێت لە پێناوی تووند كردنەوەی ململانێ‌ و دژایەتی نێوان پرۆلیتاریاو سەرمایەداری هەتا بتوانن سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی بەرجەستەو دامەزرێنن لەكۆمەڵگاكاندا.

پێنجەم : - دێموكراسی

دیموكراسی ناونیشان و ووتەزایەكی دروستكراوی بەكارهێنراوە لە سیستەم و دەسەڵاتەكاندا. لە مێژووی كۆنی یۆنانیەكانەوە بەكاردەهێنرێت ، ڕوپۆشێکە و دەكرێتە هۆكاری هەڵخەڵەتاندن وپاوان كردنی دەسەڵات لەلایەن كەمینەیەكی كەمی كۆمەڵگاوە .

ناوەڕۆك و تێگەیشتن و شیتەڵكاری ووتەزای دێموكراسی لە دەسەڵاتدا،گۆڕانی بەسەردا هاتووەو بەپێ‌ سیستەم و سەردەمەكانی دەردەشە كراوە .لەهەندێك قۆناغ وكات و شوێن و باردا بەسەرچاوەی ئاسودەیی و ئارامی و خۆش گوزەرانی دیاریكراوە. لەیۆنانی كۆندا وەكو دەسەڵاتی گەل چوێنراوەو ناوبراوە ،لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی كەمینەیەكی كەمی ئۆلیگارشی بەسەرخەڵكەوە حاكم و باڵا دەست بووە .دابەش بوونی كۆمەڵگای یۆنانی بۆ چەند پلەوپاییەكی كۆمەڵایەتی ئابوری ناوەڕۆكی دەسەڵات و پەیڕەوی كۆمەڵایەتی ئابووری ئەوكات بووە . هەركۆمەڵێك ناونیشان و جێگەو پێگەی كۆمەڵایەتی جیاوازی بۆ دیاریكراوەو جیاوازی چینایەتی بە ڕوون و ئاشكرایی پلەوپایەکانیان دیاریکراوە بەیانكراوە . كۆمەڵێك كۆیلەو ،كۆمەڵێك كۆچكردووان وكۆمەڵك خانەدان و ئەرستۆكرات و خاوەن دەسەڵات و سەرمایە بوون ..

دێموكراسی لە پەیڕەو و پەیوەندیەكانیدا ،لەسەدەی حەڤدەو هەژدەیەمی زاینیدا،هەر بیریارو نوسەرو دەسەڵاتێك ، بەشێوەو پێویستی ناونیشانی خۆی و دەسەڵاتەكەی پەیڕەوی لێ‌ دەكات . لەدوای دامەزراندنی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دیموكراسی پەیڕەوی بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی سەرمایەداری و بۆرژوازی دەكردو كردووە ، خزمەتی بە باڵادەستی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران كردووە گفتوگۆ و هەڵسوكەوت و ڕازاندنەوەی ناوناونیشانی دەسەڵاتیان بووە. دێموكراسی لە یەكێتی سۆڤیەتی ڕابردوو بەناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە، بەرقەراركردن و بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی گروپێكی سیاسی و حیزبی سەرمایەداری دەوڵەتی بووە بەسەر كۆمەڵگای سۆڤیەتدا. هەرچەندە هەڵبژاردن بە نهێنی و ڕاستەوخۆش بێت . هەمان پرۆسەی باڵادەست كردن و هەژموونی ئابوری و سیاسی گروپێكە بەسەر كۆمەڵگاكانیاندا ، لەبەر ئەوە دێموكراسی هەرچیەك بێت دەربڕوو پیشاندانی دەسەڵاتی ئەو چینەیە كەلەدەسەڵاتدایە بەسەر چینەكەی تری كۆمەڵگادا . دێموكراسی خەسڵەتی دەسەڵاتی چینایەتیە، هەرچینێك لەسەر دەسەڵات بێت دێموكراسیەكەش هەڵگری ناونیشانی ئەو چینە دەبێت . هەڵبژاردنەكانی لە پرۆسەی دەسەڵات و حوكمڕانیدا، هیچ نیە بێجگە لە پرۆسەی درێژەدان بە دەسەڵات و سیستەمی چینایەتی لە ڕابردووئێستایدا ،ناونیشانێكی دەمامكداری ئێستای سیستەمی سەرمایەداریە، جوانكردنی ڕووكاری ناوەڕۆكێكی بۆگەنی چەوسانەوەو برسی كردنی مرۆڤە. ناونیشانی دێموكراسی لە ئێستایسەرمایەداریدا، هیچ نیەبێجگە لەوەی كە كامڵترین بەرگی سیاسی بەرهەم هێنانی سیستەمی سەرمایەدارییە. هەڵگرتنو كاركردن بەو ناونیشانە ، درێژەدانە بە ناوەڕۆكی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی سیستەمی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری، درێژەدانە بە كۆیلەكردن و برسی كردن و بێ مافی مرۆڤە لەلای بەشێكی زۆری كۆمەڵگاكان.

ئەركی ڕوون كردنەوەو دەرخستنی بەهای ناوەڕۆك و هزری دێموكراسی بۆ پرۆلیتارو چینەچەوساوەكان، هەڵوەشانەوەولەناوبردنی لەسەر شانی كۆمۆنیستە زانستیەكان و ڕێكخراوە و حیزبەكانیانە .لەبەرئەوەی ناونیشانێكی كۆنە بە ناوەڕۆك و بیرێكی نوێوە كامڵترین بەرگی سیاسی سەرمایەداریە لەبەرهەم هێنانێكی گەورەتردا ..

شەشەم : -سیستەمە سیاسیەكانی سەرمایەداری و چینی كرێكار

سیستەمە سیاسیەكانی سەرمایەداری ،ناوی جۆراو جۆر و یەک ناوەڕۆكی چەوسێنەرانەن . سیستەمی حوكمڕانی پەرلەمانی بێت ، یا سەرۆكایەتی ، یان تێكەڵ لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و سەرۆك یا مەجلیسی لە ڕێگای كانتۆنەكانی بێت، یان دەستوری نوسراو یا عورفی بێت ، دەستوری پاشایەتی ،دەستوری دیموكراسی ڕاستەوخۆ ،یا خێڵەكی بێت ، بۆ چینی كریكار و پەیوەندیە ئابورییەكانی لەگەڵ كارو سەرمایە هیچ جیاوازییەكیان لە چەوساندنەوەیدا نی یە. ئەگەر هەڵبژاردن لە سیستەمێكیان بكرێت و لە یەكێكی تریان نەكرێت ، یان كاریكاتۆریانە و فریودەرانە بەڕێوە بچن ، جیاوازی لەهەلومەرجی ناڕەحەتی ژیانی كرێكاران و پرۆلیتاریادا دروست ناكات . لەبەرئەوەی لەم هەموو سیستەم و دەستورو ناونیشانە جۆربەجۆرو جیاوازەكانیاندا ، لەپرۆسەیەكی بەردەوامی چەوساندنەوەدا ژیان دەگوزەرێنن . جیاوازی ناونیشانەكانیان جیاوازی لە چەوساندنەوەو پەیوەندی ئو چینە بەكارو سەرمایەوە ناگۆڕێت . زۆرێك لە دەستوری سیستەمەكانی سەرمایەداری بە دواكەوتوو پێشكەوتوویەوە ، لە پرۆسەی نوسین و داڕشتنی بەندەکانی مافی مرۆڤ ئیلهامیان لەجاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگرتووە . ناتوانێت كۆتای بە چەوساندنەوە بهێنێت ، پیرۆزكردنی كاری بەكرێ‌ و سەرمایە بەندێكی پیرۆز و دیارو بەرچاوی ناو جاڕنامەكەیە..

هیچ دەستورێك لە جیهاندا نی یە ، كاری بەكرێ‌ و سەرمایە سەرچاوەی داڕشتنی پەیوەندی دەسەڵات و خەڵک نەبێت .لەبەرئەوە دەستوری ئەو وڵاتانە و سیستەمەكەیان ،سەرچاوەی ڕێنوێنی و گەشەی سەرمایەو زیادكردنی چەوسانەوەیە لەسەر شانی پرۆلیتاریاو ڕوویەكی دیاری هەڵخەڵەتاندن و فریودانیەتی ..

لە ڕێگەی پیرۆزكردن و تێكەڵ كردنی ئایین و ووتەی بریقەداری هەڵبژاردن و دەنگدان و مافی مرۆڤ وئازادی و یەكسانی و دادپەروەری و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و یاسادانان و جێ‌ بەجێ‌ كردن و دادوەری كۆتا ووتەزای ڕازاندنەوەی دەسەڵاتی دێموكراسییانەیە لەناو دەستورو یاساكانیاندا و بەناونوسراوی نیشاندانی نیازپاكی بەرامبەر بە ئەندامانی كۆمەڵگاكانیان هیچ نیە بێجگە لە بەیانی بوونی دووچینی دژبەیەك و چەوساندنەوەی پرۆلیتاریاو چینی كریكار لەلایەن دەسەڵاتداران وسەرمایەدارانەوە. بەیانكردنی سیستەمێكیان باشترە لەوی تریان ، لەلایەن سیاسیەكان و هزرڤانانی بۆ رژوازییەوە تەنها دەربڕی سیاسەتێكی دیماگۆجیانەیەو ناتوانێت ژیانی پرۆلیتار بگۆڕێت و ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری بۆ ئەندامانی كۆمەڵگاكانیان دابین بكات .لەبەرئەوەی ناونیشانەكان ناتوانێت، سەرچاوەی چەوساندنەوەو نایەكسانی و توندوتیژی دەسەڵات و نەبوونی ئازادی و بێ‌ مافی و جیاوازی لەنێوان ئەندامانی كۆمەڵگا هەڵبوەشێنێتەوە. هەركاتێك كاری بەكرێ‌ و سەرمایە ، سیماو ناوەڕۆكی دەسەڵات بوو ئەوا چەوساندنەوەو جیاوازی چینایەتی ناونیشان و پێكهێنەری دەبێت ، هەروەها پێوەری هەموو جیاوازی و ناداد پەروەری و نایەكسانی و نەبوونی ئازادییە...

هەڵوێست و ئامانج و ئەركی كۆمۆنیستە زانستیەكان و پڕۆلیتاریایە, پێكەوە هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەی گۆڕانكاریانەی دژی هەموو جۆرەكانی دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری بگرنەبەرو لەستراتیژو ئەركە هەرە پێشینەكانیان بێت.

حەوتەم : -پرسی نەتەوایەتی

پرسی نەتەوایەتی كێشەیەكی دروست كراوو چارەسەرنەكراوی بە دەستی ئەنقەستی سەردەمی سەرمایەدارییە . هزرڤانانی بیروبۆچوون و میتۆدو سیاسەت و فەلسەفەی بۆ دادەڕێژن . پرسێكە بەكاردەهێنرێت لە پێناوی قۆرغ كردنی ململانێی كارو سەرمایە، لەنێوان چینی كرێكارو سەرمایەداراندا, لە پێناوی دابڕان و پچڕپچڕكردنی خەباتی نێونەتەوەیی چینی كرێكار جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت . لە ناوچە جیاوەزەكانی جیهاندا ململانێی نەتەوایەتی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەووتی مێژوویی خەبات و تێكۆشان و شۆڕشی پرۆلیتاریا بەرهەم دەهێنرێت ، سەرقاڵ كردنیەتی بە كێشەیەكەوە لەپێناوی هێشتنەوەی لە چوارچێوەی بازنەی نیشتمان و نەتەوەدا. دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی ناوخۆی ووڵاتێك و ئەوانەی دەوروبەریان و جیهان ،بەهۆیەوە بتوانن ئاڕاستەی ڕەووتی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری و پرۆسەی بەرهەم هێنانی بەلاڕێدا ببەن و، كرێكاران و زەحمەتكێشان بۆ ماوەیەكی درێژتر بە دوای سیاسەتی خۆیاندا بەكێشیان بكەن ، بۆ كاتێكی نادیار گۆڕین و لە ناوچوونی سیستەمی سەرمایەداری دوابخەن . 

نەتەوە پەرستی ڕەگ و ڕیشەی دروست بوونی ، لەگەڵ بەرەبەیانی دروست بوونی سیستەمی سەرمایەداریدا هاو جووتە. خەسڵەتێكی پێكهێنانی ئابوری ، كۆمەڵایەتی ، سیاسی سەرمایەدارییە. لە ڕابردووی سیستەمی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیدا بیروبۆچوونی لەو جۆرە نەبووە . لەبەرئەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی ، ئابووری ، سیاسی جوتیاری و كۆیلایەتی, پێكهاتەی ئابووری و ئاوەزی جیاوازو ناچیزە لەگەڵ ئاوەزو پێویستی ڕاگیركردن و مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریدا . پابەندبوونی جوتیار بە پارچە زەوییەكەوە، جیاوازترە لە پابەندبوونی هێزی كار بە بازاڕو سەرمایەو ئابووری شارو دەوڵەت و بەرهەم هێنانەوە ..

هەردەوڵەت و هێزە ئابورییەكانی ناوخۆو دەرەوەوجیهان ، هەر كۆمەڵەیەك پارێزگاری لە سەرمایەو سنوری بازاڕی ئابووری خۆی و هەوڵی فراوان كردنی سنوری چالاكی زیاتری ئابووری دەدات . ململانێی قۆرغ كردنی بازاڕو كەڵەكەی سەرمایە دەكات . لەسەرەتایی دروست بوون و پێكهێنانی ئابووری سەرمایەداری و چوونە پێشەوەو گەشەكردنی بەرهەم هێنان و بازرگانی و تاڵان و بڕۆی بەدەست هێنانی كانزا بەنرخەكانی وەكو زێڕو زیو بەردی بەنرخ و كەڵەكە بوونی بەرهەم ، جەنگەكان دروست بوون . لە پێناو دەست گرتن و مانەوەی سەرمایەی ناوخۆی ووڵاتان لەلایەن سەرمایەدارانەوەو بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو هێرش وپەلاماردانی دەست بەسەرداگرتنی ناوچەكان ، لەلایەن هێزە سەربازی و ئابوورییە گەورەكانی ئەو سەردەمەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ،بە پلان و بانگەوازی پارێزگاری كردن لە بەرژەوەندیەكانی نەتەوەو سەروەتی نیشتمانی و یان هەوڵ لە پێناوی ڕزگاری نەتەوەو پڕكردنەوەی پێویستیە ماددیەكان و ژیاری ، هاندان و بە نەتەوەیی کردنی چینی كرێكار دەكرایە ڕوو پۆشی هاندانان و جۆشدانیان و جەنگە خوێناوییەكانیان پێ‌ دەبردن بەڕێوە .

پەڕینەوەی هێزە سەربازییە گەورەكان و ئابوورییەكەی بۆ دەرەوەی جوگرافیای نێودەوڵەتی و بڕینی كیشوەرەكان, جەنگەكانیان لە پێناوی قۆرغ كردنی ئابووری جیهانی و بەدەست هێنانی ماددەی خاوی پێویستی بەرهەم هێنان بووە ..

هزرڤانە دەربارەكانی سەرمایەداری ، بەدراوی دەوڵەت دروست بوون ، پاساوی جۆراو جۆریان بەناوی مانەوەی نەتەوە و سەروەرییەكانی, هزر و فەلسفەی جۆراو جۆریان بۆ داڕشتن و دروست كرد، تێزو بۆچوونەكانیان هۆكاری زیاتر كردنی توندوتیژی و كێشەو ململانێی بەناوی نەتەوەوەبوون, تا كار گەشتە ئەوەی ئاپارتیزم و سۆڤینیزم و نازیزم و فاشیزمی نەتەوە پەرستیان بەرهەم هێنا . ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی و جیهانی پێشكەوتوو دواكەوتوو ، ئاسیایی و ئەوروپی و ئەفریقایی, رەش پێست و سپی پێست و سورو قژزەردوچاو ڕەش و قژڕەش ...... لە نێوان مرۆڤەكانی جیهان دروست بكەن و میتۆدو فەلسەفەو تیۆری خۆیان هەبێت. هەتا ئێستاش لە ناوخۆی ووڵاتەكانی جیهاندا ، بۆخوڵقاندنی ململانێ‌ لە نێوان چینی كرێكار، ئەو تێزە كاڵایەكی ڕەواجداری سیستەمەكەیانە .

لە مێژووی دروست بوونی ئەم پرسە لەناوچە جیاوازەكاندا ، لەهەر ناوچەیەو بە شێوەی جیاوازو ئامڕازو هۆكاری جیاوازی بۆ دروست دەكرێت و پەرەی پێ‌ دەدرێت . چارەسەری ئەم پرسەش، پەیوەندی بە لەناوچوون و ووشك كردنی سەرچاوەی دروست بوون و گەشەكەیەوە هەیە . گۆڕینی ئاوەزی مرۆڤەكانی كۆمەڵگاكان و درككردنیان بەسەرچاوەی كێشە و ململانێكان . هەندێك جار سەرمایەداری چارەسەرێكی ڕووكەشیانە دەكات ، بەڵام ناتوانێت كۆتایی بەپرسی نەتەوایەتی و ململانێكانی بهێنێت و لەناو ببات . لەبەرئەوەی سەرچاوەی دروست بوونی و سوود وەرگرتن لێیەوە بۆ سەرماییەداری و سیستەمەكەیان دەگەڕێتەوە ، بەشێك لە ژیان و مانەوەیان مسۆگەر دەكات . هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی كارو سەرمایە، گۆڕینی پرۆسەی بەرهەم هێنانی ئێستا چارەسەرو مسۆگەری نەمانی پرسەكەیەو كۆتایی بەبەرژەوەند خوازانی كێشەی نەتەوایەتی دەهێنێت.

ڕێكخراوە جیهانیەكانی وەكو نەتەوەیەكگرتووەكانیش ناتوانێت وەڵام بە كۆتایی هاتنی ئەو پرسە بداتەوە ، لەگەڵ هەر هەوڵێک و ریفراندۆمیشی بۆ ئەنجام بدەن ،چونكە ئەو ڕێكخراوەش لە خولگەی سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكانی جیهاندا دەخولێتەوەو بەرژەوەندی ئەوان پیادە دەكات . بەپێی بەرژەوەندی و سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. هەلوومەرجەكە بەباری بەرژەوەندی خۆیاندادەخەن و وەكو ئامرازی دەستیان بەبەرژەوەندی سیاسەت و ئامانجی خۆیان بەكاری دەهێنن . نا هۆشیاری پرۆلیتارو پەرش و بڵاوییان ڕێگای لەبەردەم سەرمایەداریدا چۆڵ كردووە كە بە ئارەزووی خۆیان بەكاری بهێنێت .

لەڕێگەی هاوخەباتی و تێكۆشانی نێو نەتەوەیی پرۆلیتاریای ناوچەكەو جیهان ، بە هەڵوێست و كردەیەكی شۆڕشگێڕانە دەتوانن كۆتایی بەو پرسەو هەموو پرسەكانی تری ناوكۆمەڵگای سەرمایەداری بهێنن لەکاتێکدا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە. لەبەرئەوە ئەركی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕو كۆمۆنیستە زانستیەكانە بەپێی شوێن و كات و هەلومەرجی كێشەكە لەڕێگەی كردەی شۆڕشگێڕانەوە وەڵام وچارەسەری بنەڕەتی و بنبڕكردنی پێبدەنەوە .

هەشتەم : - ئایین لەكۆمـــــەڵگاكاندا

ئایین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، هزرو میتۆد و پرۆژەیەكی مرۆڤ كردی سەردەمی كۆیلایەتیە . لەقۆناغ و لەسەردەمە جیاوازەكاندا ، هەوڵێك و میتۆدی باڵا دەست کردنی كۆمەڵێكە بەسەر گیان و ژیانی كۆمەڵێكی ترەوە ، پرۆژەیەكی چینایەتی لاهوتی كۆیلەكردنی مرۆڤ و ڕام كردنیەتی بۆ خواست و وویستی چینێك . دروست كردنی جیاوازی مرۆڤێكی بێ‌ باوەڕو باوەڕداری ئایینی یە. لەسەرەتایی دروست بوونی مرۆڤایەتیدا ، لەقۆناغ وسەردەمی كۆمۆنی سەرەتایی ، ئایین بەرهەمی درك نەكردنی مرۆڤ بووە بەدیاردەو ڕووداوەكان و شتەكانی دەوروبەری لە ئاسمان و لەسەر زەوی ، هۆكاری داتاشین و دروست كردنی خوداوەندەكان بووە. ڕادەست كردنی ئیرادەو تواناو چارەسەرییەكانی ژیانی مرۆڤ بووە ، بە خەون و خەیاڵێك و چارەسەریی دەرەوەی سروشت . كۆكردنەوەی تێزی خەیاڵی ئایین لە ئێستاو ڕابردوودا ، بە فۆڕم كردنی ئایین و گەشەپێدانی بێ‌ ئیرادەیی لە ئیرادەو توانای لە دەستهاتن و كردنی هەر كارێكە كە مرۆڤ بیەوێت . سەرچاوەكەی لەگەڵ دروست بوونی كۆمەڵگای چینایەتیدا زیاتر ڕەگ دادەكوتێ‌ و لە پێناوی خزمەتكردنی چینێك و ووڕوكاس كردنی چینێكی تردا بەکاردەهێنرێت . بەناوی مرۆڤ پەرستی و خزمەتکردنی ، ڕێوڕەسم و بۆنەی ئایینی پیرۆزكردن و خۆڕادەست كردنی بەناوی پیرۆزی ئایینەوە بۆ دروست دەكرێت.

سەردەمی كۆیلەداری ، قۆناغ وسەردەمی دروست بوونی زۆرترین جۆری ئایینەكانە، ئایینی یەكتاپەرستی لەو قۆناغەی مێژوودا دروست بوون. لەگەڵ جیاوازی لە ناونیشان و سەرچاوەكەیان ، هەموو ئایینەکان پەڕاوو دەستوری ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی كۆیلەكردنی مرۆڤ وبێ‌ ئیرادەكردنیانە. بەم پێیە ئایین مرۆڤ دروستی كردوون ، نەوەكو ئایین مرۆڤ دروست بكات .لەپێش مرۆڤی هۆشمەند هیچ جۆرە ئایینێك نەبووە ، واتە لە سەرەتایی دروست بوونی مرۆڤدا ئایینەكان بە دەست نەهێنراو دروست نەكرابوون. بەڵام کۆبوونەوەی مرۆڤ و پێکەوەژیان و هۆشمەندی و گەڕان بەدوای زانیاری و دۆزینەوەو هەست كردن بە ڕووداو دیاردەكانی دەورووبەری ، پەرستن و ملكەچی بۆ دیاردەو ڕووداو شتەكانی كە نازانن هۆكاری دروست بوون و گۆڕانی لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە دروست دەبێت .

كاتێك لە ڕابردوودا یەكەم ئایین دروست دەبێت ، ئایینەكانی تریش بە ئیلهام و سود وەرگرتن لە پێش خۆیان ، لەسوودی گروپێکی کەمی خاوەن دەسەڵات ئاینی نوێ‌یان بەرهەم ئەهێنا. ئایین ئایینی دروست کرد . دوای یەكەم ئایین ، ئایین بەرهەمی ئایینەكانی پێش خۆیەتی. ئایینەكان سەرچاوەی كۆیلەكردنی مرۆڤە بۆ بیروباوەڕێك كە خەیاڵ و ئەندێشەی مرۆڤە کە لەدەرەوەی پەیوەندی مرۆڤ و سروشتە . دوای كۆتایی هێنانی قۆناغ وسەردەمی كۆیلەداری لە مێژوودا ، ئایینەكان دروستنەبوون . لەبەرئەوەی هەر وەكو ناوەڕۆكەكانیان بەرهەمی كۆیلەدارییە، سەرچاوەو ناوەڕۆكی بیروبۆچوونیان هەڵقوڵاوی پەیوەندی ئابووری كۆمەڵایەتیەكەی بووە . لەدواترو لەسەردەمە جیاوازەكان و ئێستای سیستەمەكانیاندا ، بەكارهێنراون و دەهێنرێن لە خزمەتی دەسەڵات و بەرژەوەندی چینایەتی كۆمەڵگاكان و سەردەمەكانیان . نموونەی سەردەمی دەرەبەگایەتی لەئەوروپاداو دەسەڵاتی پاپاو دەرەبەگەكانی بەیەكەوە لەخزمەتی دەسەڵات و كەڵەكەی سەرمایەدا بووە . سەدەی تاریكی ئەوروپا ناونیشان و مێژووی كارو كردەوەی دەسەڵاتی پاپاكان بوو. ئایینی مەسیح فەلسەفەو ئەداتی دەست و هەڵسوكەوتیان بوو. لەلایەكی تر هەموو فتوحات وداگیركارییەكانی سەركردە ئیسلامیەكانی سەدەكانی ڕابردوو ، تاڵان و بڕۆو كوشتار و كاول كاری ئەو جەنگانەی بەناوی ئایین و لە پێناوی ئایین دەكران ، بەرهەمەكەی بەكۆیلەكردن و كەنیزەكردنی ئافرەتان و پیاوان ، لە پێناوی فراوانخوازی دەسەڵات و پێگەی سەركردەكانیان بوون . هەروەها كۆبوونەوەی سەروەت و سامان و دەوڵەمەندی سەرچاوەی هەموو كردەوەیەكیان بوو ، دەسەڵاتی كۆمەڵێك بەسەر كۆمەڵێكدا وەكو پەیڕەوی ئیلاهی بەیان دەكرا. هەموو ئەو جەنگ و دەسەڵات گرتنە دەستانە لەلایەن پاپاو والی و حاخامەكانەوە ڕوویان ئەدا ، هیچ گۆڕانكارییەك لە هەلوومەرجی ژیانی كۆمەڵگاكاندا ڕوویان نەئەدا ،ئەركێكی تریان زیاددەکردو دەخستە سەرشانی مرۆڤەکان، سەپاندن و جێبەجێ‌ كردنی سروشی ئایینی بەسەریانداو پابەندبوونیان بە یاساو ڕێساكانیەوە.

گۆڕان و دروست بوونی ئاینی نوێ‌ ، لە ڕابردوو لە ئێستاشدا ، نەیتوانیوە و ناتوانێت گۆڕان لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكاندا دروست بكات. لە هەر سەردەمێكدا ئایین پەیڕەو كرابێت لە دەسەڵاتتدارێتییدا نەیتوانیەوەو ناتوانێت گۆڕان لە پەیوەندی بەرهەم هێناندا بكات .

هێزە سیاسیە ئایینیەكان و ئایین خۆشی لە ئێستای سەرمایەداریدا ناتوانن سیستەمی ئابووری و سیاسی و پەیوەندی لیبرالیانەی تێ‌ پەڕێنێت و پەیوەندیەكی تری ئابووری کۆمەڵایەتی دابمەزرێنێت ، لەبەرئەوەی دەستورو پەیڕەوی ئابووری و كۆمەڵایەتی ، ئایینە جیاوازەكان ، پەیڕەوێكی چینایەتی نێوان چەوساوەو چەوسێنەرە ..

بەناوی گەڕانەوەی مرۆڤایەتی بۆ سەر ڕێڕەوی ئەخلاق و مۆڕاڵی چاك و ڕێبازی خوداوەند، لەگەڵ ناوەڕۆكی هزری و ئاكاریی ئایینی و سیاسیەكانیان هاوجوتە ، لەپێناوی هەمان سیاسەت و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی چینایەتیە . هەموو ئەو ووتانەو كردارانەیان هیچ نیە بێجگە لە سیاسەت و میتۆدێكی دیما گۆجیانەی كۆمەڵێك بۆ ژێر دەستەكردنی كۆمــەڵێكی تر. لەناوچوونی چاوساندنەوەی ئایینی پەیوەستە بە لەناوچوونی دەسەڵاتی چینایەتیەوە. پێویستیەكی گەشتن بە ئازادی و یەكسانیە. بەڵام هەركەس ئازادە لەكۆمەڵگادا لە پەیڕەوکردن و جێ بەجێ كردنی سروش و ڕێوڕەسمی ئایینی خۆی بەبێ ئەوەی كاری بەسەر كەسی ترەوە هەبێت و ئازادی ئەوانی تر زەوت بكات و كاریگەری خراپی بەسەر كەسێكی ترەوە هەبێت یان دابنێت بەهۆیەوە تاکەکانی کۆمەڵگای پێوە کۆیلەبکات. ئەرك و ئامانجی كۆمۆنیستە زانستیەكانە كە ئامانجی ئایین لە دەسەڵاتداری و هەوڵی مانەوەی كۆیلەیەتی مرۆڤ ڕوون بكەنەوە و ئەو تلیاكەی كۆمەڵگا لەبەند كێش كردنی مرۆڤ بەئایینەکان ، ووڕوكاس كردنیان لە ئاوەزو کرداری مرۆڤدا وەلابنێن .. 

نۆیەم : - پرســـی ئافرەتــان

پرسی ژن یا بەشێكی مرۆڤی كۆمــەڵگاكان، پەیوەندی بە دەسەڵات و یاساو ڕێسای كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و پەیوەندی دژبەیەكی چینەكانەوە هەیە لە سیستەم و دەسەڵات و دەوڵەتەكانی سەرمایەداریدا. كاتێك جیاوازی لە نێوان دووگروپی چینایەتی چەوساوە و چەوسێنەردا هەبوو، لە پێناوی زووتر و زیاتر دەست گرتن بەسەر ناڕەزایەتی و دژ بەرییەكانی نێوانیان دەسەڵاتداران و حكومەتەكانیان ، بەهۆی یاساوڕێسای دروستکراویان جیاوازی جەندەری و جەستەیی ،لێك هەڵپچڕان دروست دەكەن لەنێوان مرۆڤەكاندا . گەشە بە هەندێك بەهای تەقلیدی و كەلتورو ڕێسا دواكەوتووەكانی دەدەن و بڵاو دەكەنەوە ، لەڕێگای زاڵكردنی ئایین و بەكارهێنانیان لە یاسای باری كەسێتی و پۆزش هێنانەوە بەبێ توانایی جەستەیی و ئەقڵی ، دەیانەوێت پلەو پایەی كۆمەڵایەتی و مرۆڤانەی بهێننە خوارەوە و ، لە پەیوەندییە خێزانی و ئابورییەكانیشدا ڕەنگی پێدەدەنەوەو پەرە بە جیاوازكردنی نێوانیان دەدەن . ئەمەش لەلایەك بەكارهێنانی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بە كڕینی هێزی كاری هەرزانترو پڕمەشەقەتر سودیان لێ‌ وەردەگرن.هەروەها دەبێتە لایەنێكی گرنگی دژایەتی و بە دوژمن كردنیان لەگەڵ پیاواندا. هەر هەمووی لە پێناوی دەست گرتن بەسەر ناڕەزایەتی و پەرشوو بڵاوكردنەوەی خواست و ویستی چینایەتی چینی كرێكارە لەلایەن سەرمایە دارییەوەلە هەموو ناوچەكانی جیهاندا .

سەیركردنی ئەم بەشەی مرۆڤایەتی وەك كاڵاو مامەڵەكردن لەگەلێدا وەكو بوونەوەرێكی جیاوازو پەیڕەو كردنی یاسای باوكسالاری بەسەر كۆمەڵگاكاندا ، ئەم بەشەی مرۆڤی خستووەتە بەردەم بەرداشی هاڕینی كەسایەتی و بوونی وەكو مرۆڤ كردووەتە بەشێكی دابڕاو جیاوازتر لە هەموو كێشەو ململانێكانی تری سیستەمی سەرمایەداری. دەیانەوێت كێشەكەیان كە سەرچاوەكەی كاری بەكرێ‌ و سەرمایەیە، بگۆڕن و دابڕن لە بەرامبەر ڕەگەزەكەی تردا دایبنێن و لەیەكتریان جیا بكەنەوەو كاڵایەكی تری بكەن بەبەردا . پرسی بنەڕەتی جیاوازی چیانیەتی سەرمایەداری بكەن بە چەند بەشەوەو بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بتوانن، تەوژمی خەباتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی چینایەتی كرێكار دژ بەسەرمایەداران لەناوببەن یان بێ‌ هێزی بكەن . لەكاتی دروست بوون و گوێزانەوەی كۆمەڵگای بێ‌ چین بۆ كۆمەڵی دوو چین و دەست گرتنی پیاوانی جەنگاوەر و بە هێزی شەڕكەرو خاوەن سەروەت و سامان ، مرۆڤی مێ‌ لەلای مرۆڤی نێر وەكو كاڵاو كەنیزەك و سەرچاوەی تێربوونی سێكسی پیاوان و مناڵ دروست كردن و بە خێو كردنی سەیر دەكرا ، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە زۆرێك لە كۆمەڵگاو دەوڵەتەكانیاندا درێژەی هەیە. لەش فرۆشی و لەباربردنی منداڵ كراوە بە ژیانی بەشێك لەم مرۆڤانە ، لە مێژووی سەرەتاییی دروست بوونی چینەكانەوە تائێستاش هەرهەموو ئەمانە پەیوەندییان بە دەسەڵاتی چینایەتی و خاوەنی سەروەت و سامانەكانەوە هەیە , هەروەها لە ئێستادا بەشێك لە كۆیلەكانی جیهان بەر ئەم بەشەی مرۆڤ كەوتووە ، لە ڕێگەی ڕێكخراوە مافییایەكانی جیهانەوە كڕین و فڕۆشتنیان پێوە دەكرێت .. ئەگەر یەكسانی و ئازادی پەیڕەوی ماددی سیستەمی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا بێت ، هیچ چینێك بوونی نەبێت, چەوساوەو چەوسێنەر نەبێت, پەیوەندی كارو سەرمایە كۆتای پێبهێنرێت ، ئەوا هیچ كەسێك مەجبووربەكاری ناجۆر و نەشیاو و شەڕەنگێزی و دژایەتی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا ناكرێت . لەبەر ئەوە ڕزگاری ژن بەندە بەڕزگاری كۆمەڵگا لە دژایەتی چینایەتی و پەیوەستە بەهەڵوەشانەوەو نەمانی چینەكانەوە . هەڵوەشاندنەوەو لە ناوچوونی كاری بەكرێ‌ و سەرمایەو سیستەمی چینایەتی ، زامنی یەكسانی و هاوتایی و ئازادیی مرۆڤەكانە و سەرچاوەی نەمانی جیاوازی جەندەری و جەستەیی نێوانیانە . ئەركی كۆمۆنیستە زانستیەكانە ئامانجیان لەناوبردنی كۆمەڵگای چینایەتی بێت ، هەتا زامنی ئازادی و یەكسانی نێوان مرۆڤەكان بەرجەستە بكەن, بۆئەوەی چیتر ڕەگەزێك لەلایەن ڕەگەزێكی ترەوە نەچەوسێتەوەو پەیوەندی پرۆلیتاریاو سەرمایەدار پێوەری پەیوەندی ژیانی نێرو مێ‌ نەبێت لە كـــۆمەڵگاكاندا ......

دەیەم : - منداڵان – لاوان – خوێنكاران

لەدایك بوون و هاتنە ژیانەوە ، سەرەتاو دەست پێك و دروست بوونی مرۆڤێكی نوێیە . ئەگەری پێكهاتەیەكی گۆڕاوو نوێیە, بەردەوامی و درێژبوونەوەو مانەوەی نەسڵی مرۆڤە ، دەستپێكی مرۆڤێكە لە هەڵكشان و داكشان و بەسەربردنی تەمەنێك لە ژیان و گوزەرانە ، بە پێی كۆمەڵگاو شوێنەكان دەگۆڕێت ..

هەندێك بەڵگە نامەو پرۆژەی بەناو خزمەتكردن و بەرگری لە مندالان هەبوون و هەن ، بەڵام هیچیان نەیان توانیوە پارێزگاری لە جەستەو بوونیان بكەن و لەگەڵ دڕندەیی سەردەمی چینایەتیدا نەیان كەن بە پێخۆری قازانجی ماددی سیستەمی سەرمایەداری. بە ملیۆنان منداڵ بەهۆی بەدخۆراكی و نەخۆشی و برسێتیەوە ، لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن ..هێشتا ، مناڵان لە جەنگە جۆراو جۆرەكاندا بەسەرباز دەكرێن و بەكوشت دەدرێن، هیچ پێوەرێكی مرۆڤایەتی پێی قبوڵ ناكرێت ، كارپێكردن و بەكارهێنانیان وەکو کۆیلە لە پرۆسەی بەرهەم هێنان وجەنگ و باندە مافیاییەكاندا .ئەو پرۆژەو بەڵگەنامەو بڕیارانەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە لۆكاڵیەكانی پارێزگاری لەمناڵان نووسراون لە ناوخۆی ووڵاتەكاندا ، نەیتوانیوە تۆزقاڵێك لە ژیان و گوزەرانیان بگۆڕێت . لە پێناوی هێزی كاری هەرزانی مناڵان و لاوان ، ئەو هەلومەرجەی كە مناڵانی تیایە ئەگەر ڕۆژبەڕۆژ لەسەریان زیادو گران نەكرێت ، ئەوا سوك و ئاسان ناكرێت . بەكرێ‌ گرتن و بەكارهێنانیان لەكاری دەرۆزەكەریدا لەلایەن باندەكانی بازرگانی بە مرۆڤەوە ، ژیانیان لەگەڵ مەرگدا یەكسان دەكات .

لەبری ئەوەی لە میپاقی مافی مرۆڤ و مناڵانی نەتەوە یەكگرتووكان هەروەها ئەوانەی لە ناوخۆی ووڵاتەكانیشدا هەیە، ژیان و جەستەی ناسكیان بپارێزێت لەدڕندەیی و مەشەقەتی سەردەم ، بەهۆی پەیڕەوکردن لە شێوازی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ، نەیتوانیوە دەست بەرداری پەیوەندی كاری بەكرێ‌ و سەرمایە ببێت و لەناو ببات ..

كات و شوێنی دامەزراندن و بەشداری دەوڵەتان لەوڕێکخراوەدا، بەباری بەرژەوەندی شێوازو پرۆسەی بەرهەمهێنانیان بەندو ماددەكانیان داناوەو نوسیوەتەوە . سەرمایەداری ناتوانێت دەست بەرداری پەیوەندی كاری بەکرێ وسەرمایە بێت , لەبەرئەوەی ئەو پەیوەندییە سەرچاوەی ژیان و هەروەها مردنیشیەتی لەهەمان کاتدا . لەلایەكی ترەوە لاوان و خوێندكاران ، لە درێژەی هەڵكشانی تەمەنیاندا ڕووبەڕووی ساردو گەرمی یەكانی ژیان و سیستەمی كۆمەڵگای چینایەتی دەبنەوە ، بەشێكی لاوان و خوێندكاران ، ڕووبەڕووی نەخوێندەواری و جێهێشتنی قوتابخانەكانیان دەبنەوە. هەژاری لاوان و خوێندكاران ، بێکاربوونی دەرچووی زانكۆكان بەمەبەستی سەربازی كردن و سوخرەكێشی و پارێزگاری كردن لە دەسەڵاتی سەرمایەداران بەكاریان دەهێنن. خواست و وویستی ئارەزوومەندانەیان لە ژیانیاندا لەدەست دەدەن و لەگەڵ بێ هیوایدا ئاوێزانیان دەكەن ..لەسەرەتایترین مافیان بێ‌ بەش دەكەن ، خوێندن و بەدەست هێنانی پلەو پایەیی خوێندن دەكەن بە قوربانی بەرژەوەندی سەرمایەداران و پارێزگاری لە دەسەڵاتیان پێدەكەن . كەمترین دەرفەت بۆ مناڵان و لاوان و خوێنكارانی چینی هەژار و چینی كرێكار هەڵكەوتووە ، پلەكانی خوێندن ببڕن و تەواو بكەن وشەهادەیەك بە دەست بهێنن ، ئەمەش بەهۆی ئەو تێچوون و پارەو ویستنەی كە خوێندن پێویستیەتی ، بێجگە لەوەی خوێندن بە پارەو ئیمتیاز، كاریگەری لەسەر مافە سەرەتاییەكانیان داناوە ..

لەبەرئەوە دەبێت پەرە بە ژیان و گوزەران و تەندروستی و خوێندنی مناڵان و لاوان و خوێندكارەكان بدرێت و هەموو پێداویستیەكی ژیان و خوێندنی بۆ دابین و فەراهەم بكرێت ، تابتوانن بەهرەو تواناكانیان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەكاربهێنن، سودو قازانجێكی زۆریان بۆ حەوانەوەو ئاسودەیی و ژیانی تێرو تەسەلی مرۆڤ بەكاربهێنن . بێ‌ گومان هەموو ئەمانەش لەناو سیستەمەكانی پەیوەندی كارو سەرمایەوشێوازی پرۆسەی بەرهەم هێنانی سەرمایەداریدا بەرجەستە نابێت ، تواناكانیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەگەڕ ناخرێت .

بەگەڕخستن و فەراهەم كردنی یەكسانی پێویستیەكانی خوێندن، پێشكەوتن و هەڵكشانی زانست و زانیاری لاوان و خوێندكاران و مناڵان لە سیستەمێكی بێ‌ چین و چەوساندنەوە دەبێت ، كە پەیوەندی كارو سەرمایە پێوەری ژیان و گوزەران و پێشكەوتنەكانی نەبێت .وەڵام دانەوەبە هەموو بێمافیەكان بە خوێندكاران و لاوان و مناڵانیشەوە بە شێوەیەكی شیاوی زانستی و دروست ، لەڕێگەی لە ناوچوونی سیستەمی چینایەتیەو دامەزراندنی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی دەبێت .

ڕوونكردنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی ژیان ، ئەركی لە پێشینەی كۆمۆنیستە زانستیەكان و ڕێكخراو حیزبەكانیان وهێزەكانیانە كەتاكە ڕێگای چارەسەری بێ‌ مافی مرۆڤەكان لەناوچوونی سیستەمی سەرمایەدارییە ، دامەزراندنی كۆمەڵگای سۆسیالیزمی زانستی بێچینە .

یازدەهەم : - زانست وتەکنەلۆژیا

پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆژیا ، بەهۆی تاقیكردنەوەو توێژینەوەكانی ناو تاقیگەكان ،و گەشەی ئابووری كۆمەڵایەتی و دروست بوونی چاپ ودەرخستن ودۆزینەوەو گەڕان بەدوای شتەكانی دەوروبەری مرۆڤەوە ڕوویانداوە و پێویستی بەكارهێنانی سەردەمەكانی خۆیان بووە . هاتنە ئارای زانستی فیزیاو كیمیاو ماتماتیك گەشەو پێشهاتەکانیان لەڕابردووئێستادا ،سەرچاوەی ئەو پێشكەوتنەیە كە هەركاتێك لە ڕووی زانستیەوە مرۆڤ پێی گەشتوەوو دەگات ، لەڕابردوویەكی زۆر لەوەو پێشەوە هەوڵی فیزیازانەكان و كیمیاگەرەكان و ماتماتیك زانەكان ، مشتومڕی زانستی و توێژینەوەكان سەرچاوەی دۆزینەوەو گەشەی زانست و زانیاریەکان بوون هەرجارەو ڕووداو و داهێنانێكی زانستی ئەهاتە پێشەوەو ،تا گەشتنی بەم ئاست و پلەی زانستیەی كە بەشداری لە هەمووكایەكانی ژیانی مرۆڤایەتیدا دەكات.

لەپێش زاینیدا دیدو تێڕوانینی جۆراوجۆر لە بارەی ماددەو پێكهاتەكانی هەبووە ،دیدوتێڕوانینی فەلەکناسی و زەویناسی و ماتماتیکزانی کیمیاگەری و زانستی فیزیاو توێژینەوەکانیانەوە باسی جۆراو جۆر لەبارەی ماددەوەكراوە . ڕەخنەگرتن لە سیماو ناوەڕۆكی زانستی لاهوتیەت ، زیاتر گەشەی دا بە توێژینەوەو لێكدانەوە زانستیەكان ، تا گەشتنی بە ئێستای سەدەكانی بیست و بیست و یەك کە بەسەردەمی گەشەو باڵابوونی زانست دادەنرێت ،لە هەموو ڕووەكانیەوە بەشداری لە ژیاری مرۆڤایەتیدا دەكات . زانستی ئەلەكترۆن و نانۆی لە ئێستادا, بەتەواوی هەموو لایەنەكانی ئایدیالیزم و لاهوتیەتی خستوەتە كەنارو ئاستی بێ‌ بەهاییەوە ، بەشداری لە دۆزینەوەی نەدۆزراوەكانی هەتا ئێستای بۆشایی و سەر زەوی و ناوزەوی دەكات. هەروەها بەشداری گەورەو تەواوی لە بەرهەم هێنانە جۆراوجۆرەكانی ئێستادا هەیەو سەرچاوەیەكی گەورەی بەدەست هێنانی سەرمایەیە ،قۆرغ كردنی زانست لە دەست دەوڵەت و كەمینەكی لە دەسەڵات و چینێك لە سەرمایەداران. بووەتە هۆی نەهامەتی بۆ ژیانی بەشێكی كۆمەڵگا, مەترسی پێدەخەنە سەر ژیانی ولەنامۆبووندا ڕایانگرتوون و دەگرن.. 

زانست ڕۆژانە بەبەردەوامی لە پێشكەوتن و داهێنانی نوێدایە ، بەڵام لەلایەن دەوڵەت وكۆمەڵێكی قۆرغ كارەوە ، ڕێگری لە هێنانە دەرەوەی دەكرێت و لەكایەی خزمەت كردنی مرۆڤایەتیدا بەكارناهێنرێت ، بەڵكو لە پێناوی دەست بەسەرداگرتنی ئەویتردا بەرجەستە دەكرێت . ئەگەر بۆ سود پەرستی ، لە پرۆسەی بەرهەم هێنان و كاری بەكرێدا بەكارنەهێنرێت ، ئەوا زانست ئەتوانێت هەموو مرۆڤایەتی لەسایەیدا بحەوێتەوەو بخاتە خۆشگوزەرانیەكی تەواو كەماڵی سەردەمەوە. لەبەرئەوەی سیستەمی سەرمایەداری سیستەمێكی قازانج وویستە و هەوڵی لەپێناوی كەڵەكەی سەرمایەیە ، لە ئێستادا نایەڵن ئاستی تەواوەتی پێگەشتنی زانست بەشداری لەبەرهەم هێناندابكات، بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت لەوڕێگایەوە هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم هێنان و بەكاربردندا دروست بكەن, لەبەرئەوەی ئەگەر پێگەشتنی زانست لە ئێستادا بەتەواوی بەشداری بكات ئەوا ئەتوانرێت بەرهەم هێنانی كارگەیەك لەلایەن ژورێكی كۆنتڕۆڵكراوەوەو بەچەند هێزی كارو زهینیەكی چەند كەسی بەرهەم هێنان بەشێوەیەكی گونجاو ڕاست و دروست ببەن بەڕێوە. بەڵام لەم كاتەدا ئەگەر كرێكار دەست كەوتی نەبوو, لە ڕێگەی فرۆشتنی هێزی كاریەوە توانای كڕینی نابێت ، کرێکاران لەگەڵ چین و توێژەکانی تردا ، توانای كڕین نەبوو, كەڵەكەبوونی كاڵا دروست دەبێت, بەهۆی ئەوەی خستنە ڕوو زیاد دەكات و خواست و كڕین كەم دەكات, كاتێک كاڵای كەڵەكەبوو و ستۆك زیاد دەبێت ، بەرهەمهێنان ڕادەوەستێت ، ڕاوەستانی پرۆسەی بەرهەمهێنانیش ، واتای دروست بوونی بەتاڵەیەکی زۆرو بێکاری ، وەستانی یا کەمبوونەوەی پرۆسەی بەکاربردن ، سیستەمی خستنەڕوو داخوازی گۆڕانی بەسەردادێت و تێکدەچێت ، پرۆسەی بەکاربردنی هێزی کار لە بەرهەمهێناندا کەم دەبێتەوەو یا نامێنێت . دەستکەوتی زێدەبایی لەهێزی کارەوە زۆرکەم دەبێت یا هەرنامێنێت ، زیان بە قازانجی ئەوان دەگات. لەبەرئەوە دەیانەوێت هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو دروست بكەن و قازانج بەردەوام بێت. لەلایەكی ترەوە سوودی لێوەردەگرن و پێشكەوتووترین زانست لەبواری هەواڵگری وسەربازیدا بەكاردەهێنن لەپێناوی ئەوەی ڕكابەری دەوڵەتەكانیتری پێبكەن و ، دەست بەسەر ناوچە جیاجیاكاندا بگرن و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكاری بنەڕەتی لە سیستەمەكەیاندا سوودی لێوەردەگرن و بەکاردەهێنن ، تا بتوانن دەست بەسەر هەر جوڵان و گۆڕانكارییەكدا بگرن كە لەناوچوونیان بەرجەستە دەكات. لەگەڵ ئەوەی ئەو گۆڕانكاریە حەتمیە هەر ڕوودەدات ، ئەگەر ئەو زانست و تەكنۆلۆجیایە بەدەست هاتووانە لە سیستەمێكی بێ چیندا بەكاربهێنرێت ، سەرچاوەیەكی گەورە و دروست دەبن بۆ ئاسودەیی و حەوانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی زەوی ، نەوەكو هەروەكو ئێستای سەرمایەداری بۆ وێران كردن و كاولكاری و كاری هەواڵگری و برسی كردن و كۆیلایەتی بەكاربهێنرێت ئامانجی سۆسیالیزم و كۆمۆنیستی زانستی سود وەرگرتنی مرۆڤایەتی یە لە زانست وتەكنۆلۆجیا لە پێناوی ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و حەوانەوەیدا ، لە پێناوی نەهێشتنی چینەكاندا بەكاردەهێنرێت. ئەركی كۆمۆنیستە زانستیەكان چەسپاندنی پەیڕەوویاسایەكە مرۆڤایەتی زانست و زانیاری لە پێناوی نەمانی جیاوازی چینایەتیدا سوودی لێوەربگیرێت ، ئاسوودەیی و حەوانەوە لەهەمووڕویەکەوە بەژیانی مرۆڤ ببەخشێت.

دوازدەهەم:- ژینگەی سروشتی مرۆڤ ژینگەی سروشتی بەشێكی گەورەو گرنگی مانەوە و زیندوو هێشتنەوەی جۆرو جۆری نوێی مرۆڤە ،پەیوەندی بە ژیان و تەندروستی مرۆڤایەتیەوە هەیە. لەبەرئەوە دەبێت ،بەپلانێكی دروست و زانستی پارێزگاری لێ‌ بكرێت ،تا مرۆڤایەتی لەكارەسات و مەترسی بەدوربگرێت. لە ڕابردوو ئێستادا سیستەمی سەرمایەداری ، لەپێناوی زیاتری قازانج و كەڵەكەی سەرمایەدا بە خەمی پارێزگاری ژینگەی سروشتی زەوی و مرۆڤەوە نەبوون. پابەندی هیچ ڕێكەوتن نامەیەكی پارێزگاری لە ژینگە نابن ، یا هەوڵی دەست بەسەراگرتنی دەرچوونی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و پاشماوەی ئەتۆمی و نایترۆجینی پاشەڕۆی كارگەكانی بەرهەم هێنان نادەن . دەست بەرداری تاقیکردنەوە ناوکی و بۆمبی کیمیایی و ڕۆکێتەکیشوەربڕەکان ......نابن . ،پیسی و پاشەڕۆكان بە ئاوی دەریاو ژێر زەوی خاك و خۆڵی زەوی و هەوادا بڵاو دەكەنەوە . دەرهێنانی كانزاو ماددەكانی تری ناو زەوی و دەریاكان ، كەم كردنەوەی دارەستانەكان بەشێوەیەكی نەشیاو ،كاریگەری لەسەر شێواندنی زەوی و ژینگەی مرۆڤ دروستكردووە، بەهۆی گەرم بوونی بەرگە هەواكەی تواندنەوەی بەشێكی شاخە بەستووەكانی بەستەڵەكی باشورو باكوری زەوی ، لە ئەنجامی دەرپەڕاندنی بڕێكی زۆری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەكارگەكانی ووڵاتانی خاوەن پیشەسازییە گەورەكانی جیهان ڕویان داوەو دەدەن، مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسی گۆڕانی ژینگەی هەسارەكەیدا ڕاگرتووە ، لەگەڵ ئەوەی كە ئاستی زانست و تەكنۆلۆجیای ئێستای مرۆڤایەتی توانای کەمکردنەوەو دەست بەسەردا گرتنی ئەو مەترسیانەی هەیەو دەتوانێت مرۆڤایەتی لە مەترسیەكانی بپارێزێت. بەڵام بەهۆی خەرج نەكردنی بڕێك لە سەرمایەکانیان ژینگەی مرۆڤایەتی ڕوبەڕوی مەترسی گەورە بووەتەوەو لەلای ئەوان هیچ نیە ، قازانج و كەڵەكەی سەرمایە هەموو شتێكە, سیستەمی سەرمایەداری وەڵام بە هیچ داواكاری و پێویستی پارێزگاریكردنی سروشتی زەوی و مرۆڤایەتی ناداتەوە . لەبەرئەوە پێویستە كۆتایی بە هەموو ئەو مەترسی و ناهەموواری ئاوو هەوایە بهێنرێت كە مرۆڤایەتی دەخاتە لێواری مەترسیەكی گەورەی ژینگەییەوە. لە ئێستادا پێویستە سەرمایەداری و سیستەمەكەی ،ڕێگەو شوێنی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان دابنێت و بە پلانێكی زانستیانەی بەردەوام پاك و خاوێنی ژینگەی ڕابگرێت ، تا چیتر مرۆڤ بەهۆی پیس بوونیەوە تووشی نەخۆشی و لە ناوچوونی پێش وەختەو كارەساتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە دروست كراوەكان و برسێتی و هەژاری نەبێتەوە ،بەڵام تاكە زامنیش بۆ پاراستنی ژینگەی مرۆڤایەتی نەمانی دەسەڵاتی چینایەتی و كاریبەكرێ‌ و سوودو قازانجی كەمینەیەكە بەسەر زۆرینەیەكی كۆمەڵگادا .

سێزدەهەم : - شۆڕش و ڕیفۆرم

١ - ڕیفۆرم :

ڕیفۆرم كردەو هەوڵێكە لە پێناوی كرێ یەكی زیاترو سەعات كارێكی كەمترو هەلومەرجی ژیان و گوزەرانێكی باشتردایە. چینی كرێكار لە پرۆسەی ژیانی ڕۆژانەی لە هەلومەرجی كارو بەرهەم هێناندا ، بەبەردەوامی لە هەوڵی بەدەست هێنانی ژیانێكی باشترە. شێوازی پرۆسەی بەرهەم هێنان و چەوسانەوەی بەردەوامی بەهۆی پێنەدانی بەهای تەواوەتی كارەكەی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا،لەم پرۆسەیەدا خود بە خود هۆشیاری چاكسازی لە شوێنی كارو ژیانی بۆ دروست دەبێت.بەشێك لە تێگەشتنی پەیوەندی پرۆسەی بەرهەم هێنان و چەوسانەوەی, لەوكاتەدا نامۆبوونی لە خاوەندارێتی خۆی لە بەرهەم هاتووەكانی بۆ دروست دەبێت . ململانێی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی لەكاركردن و پرۆسەی بەرهەم هێناندا ، بە پێویستی و گرنگی ژیانی بەردەوام ململانێكردندا دەبێت لەگەڵ خاوەنی كارو سەرمایەداراندا. لەم هەلومەرجەدا ڕیفۆرم دەبێت بەبەشێك لە ژیان و پرۆسەی بەرهەم هێنانی و داوای جێ‌ بەجێ‌ كردنی دەكات. بەڵام ئەم كردەیە هەولێك نیە لە پێناوی لەناوبردنی سەرمایەداری ، بەشێكە لە خەباتی ڕۆژانەی و كردەیەكی خودبەخودو پێویستیەكی ڕۆژانەی ململانێی چینایەتیە لە نێوان چینی كرێكارو خاوەنكاردا . ئەمەش ناكرێت بشتگوێ بخرێت, ئەتوانرێت سوودی لێ‌ وەربگیرێت و بە ئامانجی ڕێكخستنیان ئاڕاستە بكرێت ،ئاگایی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی لە ناویاندا بچێنرێت بۆئەوەی ڕێگای ئاڵووگۆڕکردنی سیستەمی سەرمایەداری گەشەداربكرێت و خێراتر بەرەو پێش ببرێت ،بەڵام ناكرێت وەكو ئەرك و ئامانجی هەرە پێشینەی خەبات و تێكۆشانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ دابنرێت ، ناکرێت هەموو ئینرێژی تواناو هۆشیاری پرۆلیتاریای كۆمۆنیستی زانستی بخرێتەپێناوییەوە .

 

٢– شۆڕش :

ئەنجامدانیشۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا ،پێویستیەكی مێژووی و حەتمی مێژووی مرۆڤایەتیە ، شۆڕش كردەیە كە بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ژێرخانی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسی سەرمایەداری ،ئاڵوگۆڕی سەرخانی هزری و فەلسەفی و هەلومەرجی كۆمەڵایەتی چینایەتیە، بە هەلومەرجێكی پەیوەندی ئابووری كۆمەڵایەتی بێ‌ چین. ئەگەر شۆرش لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتی ئابورییەكانی ڕابردوودا گۆڕینی هەلومەرجێكی ئابوری چینایەتی بوبێت، بەپەیوەندیەكی تری ئابوری كۆمەڵایەتی چینایەتی پێشكەوتوو تر لە پێش خۆی. لە ئێستای سەرمایەداریدا و بە پێی سەردەمە مێژووییە چینایتیەكەی ، بەپێی هەلومەرجی چوونە پێشەوەی شێوازی پرۆسەی بەرهەم هێنان و زۆری و جۆراوجۆری بەرهەم هێنان و زانست و تەكنۆلۆجیا و چەوسانەوەی زۆری پرۆلیتاریا و قازانجی زۆری سەرمایەداران و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و کۆیلایەتی مرۆڤ و نەبوونی ئۆقرەی ئابووری ، ئەزمەی بەردەواموو مووزمینی سەرمایەداری ، ئەنجامدانی شۆڕش و گۆڕانی بنەڕەتی کردووەتە پێویستی سەردەموو حەتمیەتی ڕودانی بەرجەستە کردووە . بە پێی ڕەووتی گۆڕان وگەشەی ماددیانەی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕانە كۆمەڵایتیەكان بێت، لە پێناوی زووتر هێنانە پێشەوەی ئاڵووگۆڕە حەتمی مێژوویەكەی مرۆڤایەتی ،گرنگترین ئەرك و ئامانجی مێژووی بۆ پڕۆلیتاری كۆمۆنیستی زانستی خۆ ڕێكخستنە لەو پێناوەدا .. 

شۆڕش كردەیەكی بەپلان و ڕێكخراو و هەوڵ و تەقەلایەكی بەردەوام و بێ‌ ووچانە لە پێناوی هێنانە پێشەوەی گۆڕانكارییە بنەڕەتیەكانی سیستەمی ئێستا ، بۆ سیستەم و پەیوەندیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی نوێی بێ چین و توێژەکان ،بەهۆی ئەوەی سەرمایەداری لەڕێگەی كردەو سیاسەتی جۆراوجۆری بە پلان و تاكتیكی جۆراوجۆر و داڕشتنی ستراتیژی دژایەتی و كۆت و بەندكردنی خواست و ویستی پرۆلیتاریاو بەلا ڕێدابردن و بەكارهێنانیان لەپێناوی قازانجی زیاترو كەڵەكەی سەرمایەو مانەوەیان بۆدوورماوە لەسەر ستێجی سیاسەت و دەسەڵات دایە دەیانەوێت حەتمیەتی لەناوچوونیان دووربخەنەوەو لە ڕێگەی دروست كردنی پرسی جیاوازی وەكو ، ژنان و مناڵان و پرسی نەتەوایەتی و ململانێكانی و دروست كردنی جەنگی خوێناوی و پرسی بێكارو لەسەر كاری كرێكاران ، دەكاتە ئامانجی دورخستنەوەی شۆڕش لە دژیان . ئەمەش زۆرجار لە ڕێگەی هزرڤانانی و فەیلەسوفانی قازانج پەرستی سەرمایەدارییەوە ، دەیانەوێت ئەقڵ و بیرو هۆشی پرۆلیتاریا بگۆڕن و ساردیان بكەنەوە لە ئەركی مێژوویی سەرشانیان دوربخەنەوە ، لەمپەر بخەنە بەردەمیان ولە گۆڕانكاری سیستەمی چینایەتی بۆ سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی دوایان بخەن . بەناوی كۆتایی هاتنی مێژوو، بەهۆی هەڵوەشانەوەی مۆدێلێكی سەرمایەداری دەوڵەتی بەرامبەر مۆدێلی لیبرالیزم ،و ناكارایی و نەتوانینی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا لەلایەن سیستەمی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی، هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ لە خشتنەبردنی چینی كرێكارو پەرژو بڵاوەپێكردنیان . ئەگەر هەركردەیەكی سیاسی و ڕێكخراوەیی نەیتوانی دەسەڵاتی سەرمایەداری بگۆڕێت بۆسیستەمێكی بێ‌ چین و چەوسانەوە مانای كردەیەكی شۆڕشگێڕانە لەخۆ ناگرێت ، بەڵكو تێكدان و شێواندنی ناوەڕۆك و پەرەنسیپەكانی شۆڕش و شۆڕشگێڕیە لەم سەردەمەدا. لەبەرئەوەی لە ئێستای سەرمایەداریدا دەبێت شۆڕش گۆڕانی تەواوەتی و بنەڕەتی شێوازی پەیوەندیەكانی بەرهەم هێنان و سەرمایەیە ، نەمانی كاری بەكرێ‌ و سەرمایەیە، گۆڕانە بۆ سیستەمێكی ئابووری كۆمەڵایەتی بێ‌ چین و چەوسانەوەی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی. پرۆلیتاریا و كۆمۆنیستە زانستیەكان ئەركی ئەو گۆڕانكارییە مێژووی یەو حەتمیە لەسەر شانیانەو مێژوو پێ‌ سپاردوون. پرۆلیتاریاش لە گۆڕان كاری و شۆڕشەكەیاندا هیچ لە دەست نادەن كۆت و بەندی زنجیرەكانی دەست و قاچیان نەبێت ، بەڵام بۆ مرۆڤایەتی دنیایەكی بێ‌ چەوسانەوە بە دەست دەهێنن .

چواردەهەم : - ئازادی – یەكسانی 

ئەم دوو ووتەزایە ، پەیوەندی دیالێكتیكیانەیان بەیەكەوە هەیە ، لە پرۆسێسی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی مرۆڤدا ئەگەر ئازادی هەبوو ئەوا یەكسانی پێوەریەتی ،وە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە . ئازادی تەنها ووتەی سەر كاغەز نیەو هەڵهێنانەوەی ووشەكانی نی یە ، ووتەی سەر لێوان و ووتنەكان نیە. ڕەنگدانەوەو بوونی لە هەڵسوكەوت و بەریەك كەوتنی پەیوەندی تاكەكانی كۆمەڵگادایە لەگەڵ یەكتریدا ، بەشداری كردنی ئازادانەی بێ‌ لەمپەر و ڕێگریە لە کارو هەموو پەیوەندی و کایەکانی ژیانی مرۆڤدا ، لە پەیوەندیەكی بێ‌ ئازارو چەوسانەوەو قۆرغ نەكردنی مافی ئەوی ترە لە نێوان مرۆڤەكاندا ، پرۆسەیەكی هەمەلایەنەی ژیاری پەیوەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی و هەڵسوكەوتی ئەندامەكانی كۆمەڵگای بێ‌ چین و توێژەكانە و لە دیفاكتۆی ژیانی مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت. نابێت بەشداری كردنی ئازادانەی تاكەكانی كۆمەڵگا ، لەسەر شان و ئازادی تاكەكانی تری كۆمەڵگا بنیات بنرێت و هۆكاری لەناوچوونی بەها مرۆڤایەتیەكانی نێوانیان بێت ، نابێت سەرچاوەی شێواندنی ژیان و ئازاربێت و پشێوی كۆمەڵایەتی و پێكدادانبخوڵقێنێت .

یەكسانیش بەهەمان شێوە ناكرێت لەسەر شانی مرۆڤەكانی تر بەدەست بێت ، هاوكاری و هەماهەنگی وەكو یەكە لەنێوان مرۆڤەكاندا, دروست كردن و خوڵقاندنی ژیانێكی تێرو تەسەل و بێ‌ جیاوازیە ،بەهرەمەندبوونی تاك بە تاكی كۆمەڵگایە لە هەموو بە دەست هاتووەكانی تا ئێستاو دواتری هەتا مرۆڤایەتی بمێنێت. كاتێك كاری بەكرێ‌ و سەرمایە سیمای پەیوەندی كۆمەڵایەتی ئابووری هەر كۆمەڵگایەك بێت ، بەڵگەی بوونی چەوساندنەوەی كۆمەڵێك لەلایەن كۆمەڵێكی ترەوە دەسەلمێنێت ، لە شێوازی پرۆسەی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری و بەكرێ‌ گرتنی هێزی كارو فرۆشتنی لەلایەن خاوەنەكەیەوە ، بەڵگەی دروستکردن و پرۆسێس کردنی چەوساندنەوەو نایەكسانی و نا دادپەروەریە لە دەست ڕاگەشتن بە ژیانێكی شیاو لەنێوان فرۆشیارانی هێزی كارو كڕیارەكانیدا ،لەبەرئەوەی نەفرۆشیارانی هێزی كارمافی بڕی ئەو هێزی كارە وەردەگرن كە لە دروست كردن و بەرهەم هێنانی كاڵایەكدا خەرجیان كردوە،نە دەشتوانن وەكو ئەوان لە بەرهەمەكەی خۆشیان بەهرەمەندبن و بە پێی پێویستی بۆ ژیانیان خۆیان دەستەبەری بكەن ،لەهەر کاتێکدا مرۆڤ بە یەكسانی بەهرەمەند نەبێت لە بەدەست هاتووەكانیدا ، كێشەو ململانێ ئەخوڵقێ‌ لە پێناوی باڵا دەستی بەسەر ئەوی تردا هێزو سەركوت كردن بەکاردەهێنێت .

هەرکاتێک یەکسانی لەنێوان مرۆڤەکاندا نەبوو ، ئازادیش لەبەین دەچێت و چینی باڵادەست چینەكەی تر دەچەوسێنێتە . لەسیستەمی دوو چیندا, نە كۆمەڵگا ئازادەو نە یەكسانیش بوونی هەیە. هەركاتێك قازانج و زێدەبایی سەرچاوەی پەیوەندی كۆمەڵگا بوو ، وەكو ئێستای سیستەمی سەرمایەداری تێایدا هەژاری پەرەدەسێنێت و جەنگەكان زۆر دەبن و پەیوەندی كۆیلایەتی دروست دەبێت, ڕاستی ئەمەش هەروەكو ئەوەی كەلەسەرتا سەری جیهان چەندەها ملیۆن ئینسان بەشێوەی جۆراوجۆر لە تەوقی كۆیلایەتیدا ڕاگیراون و گیریان خواردووە هەست و سۆزیان فرۆشتووە ،سوكایەتی بە مناڵان و ژنان و كەم دەرامەت و هەژاران دەكرێت و وەكو مرۆڤی كەمتر لەخۆیان سەیری دەكرێن. لەم جۆرە سیستەمانەدا نەیەكسانی مانایەكی هەیە و نەئازادیش بەرقەرار دەبێت. ئەم دوانەیەی یەكسانی و ئازادی بوونیان پێكەوەیەو ناتوانرێت لێكیان جیابكرێتەوە. بەم پێیە كۆتای هێنان بەسیستەمی دووچین و كاری بە كرێ‌ و سەرمایە, سەرچاوەی دروست بوونی كۆمەڵگایەكی ئازادو یەكسانە ، ئەگەر بناغەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئابوری لەسەر هاوكێشەی سۆسیالیزمی زانستی دابمەزرێت تیایدا كەهەركەس بەپێی كارەكەی و هەركەس بە پێی پێویستی ژیانی لەهەموو ڕوویەكەوە بێت ، وە دواتر كۆمەڵگا ئامادەی پرۆسەیەكی تری پەیوەندی دەبێت كە هەركەس بەپێی تواناو هەركەس بەپێی پێویستی ژیانی لە هەموو ڕوویەكەوە دادەمەزرێت . ئەوكاتەش كۆمەڵگایەكی هۆشیار بە ژیان و گوزەران و ئازادییەكان لەنێوان مرۆڤەكاندا بنیات دەنرێت ، بەم پێیە دامەزراندنی پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی ، كۆمۆنیزمی زانستی زامنی بەدەست هێنانی ئازادی و یەكسانیە لەنێوان مرۆڤەكاندا .ئەركی هەرڕێكخراو هێزێكی كرێكاری و كۆمۆنیستی زانستی یە ، هەوڵ وستراتیژی سەرەکی و كرداری بزوتنەوەكەی لە پێناوی دامەزراندنی سۆسیالیزمی زانستی بێت و كۆتایی بە سیستەم و حكومەتی چینایەتی هەر چینێك هەیە بهێنێت.

یازدەهەم : - سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی ، ناونیشان و پێكهێنەری سیستەمێكی كۆمەڵایەتی ئابووری بێ‌ چین و چەوسانەوەیە, سیستەمێكە نەهەڵاواردنی جنسی و نەکێشەی نەتەوایەتی هەیە ، نەجیاوازی پێست و ڕەنگ و ناوچە و خێل و نە باڵادەست و نە ژێردەستەیی ونە كۆیلایەتی كاری بەكرێ‌ هەیە . سیستەمێكە ، ئازادی و یەكسانی مرۆڤەكان ناونیشان و پێكهاتەو کاركردی پەیوەندی هاوكاری و هاوبەشی كۆمەڵایەتی ئابووری نێوانیانە. بەپێچەوانەی سیستەمی سەرمایەدارییەوە ، پەیوەندی كاری هاوبەش و پێویست ،هۆكارو سەرچاوەی گەشەو ئاسوودەیی و خۆش گوزەرانی وژیانی تێرو تەسەلی بێ‌ چەوسانەوەو بەهرەمەندبوونی وەك یەكە لە هەموو بەدەست هاتووە زانستی و بەرهەم هێنانەكانی مرۆڤایەتی. سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی هۆیەكانی بەرهەم هێنان و كار بەردەوامی دەدات چەوسانەوە،دەبێتە هۆكاری داماڵینی تەواوی پێویستیەکان وهۆیەكانی ژیان و گوزەرانی سەردەمیانە لە هەڵسوکەوت و ژیانی چینی كرێكارو پرۆلیتاریا وچەوساندنەوەیان .سیستەمی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی ، گۆڕان و گوێزانەوەی هۆیەكانی بەرهەم هێنان و زانست و تەكنۆلۆجیاو هەموو بەدەست هاتووەكانی مرۆڤایەتییە بۆ خاوەندارێتی بە كۆمەڵ ، لەلایەن هێزە بەرهەم هێنەرەكانەوە بەڕێوەدەبرێت ، ناچێتە دەستی هیچ چینێكەوە ،بەپێی سیستەم و پەیوەندییەك ڕێكدەخرێت و بەڕێوە دەبرێت كە لەسەرەتادا هەركەس بەپێی كارەكەی و هەركەس بەپێی پێویستی تەواوی ژیانی خۆی دەبات و وەردەگرێت ، دواتر كۆمەڵگا لەوپەڕی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی خۆیدا سیستەمی ئابووری و كۆمەڵایەتی ، هەركەس بەپێی توانایی و هەركەس بە پێی پێویستیەكانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا دەكەن. هۆیەكانی بەرهەم هێنان ناچێتە دەستی كۆمەڵێك دەسەڵات لە دەوڵەتدا، وەكو ئەوەی لە یەكێتی سۆڤیەت و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی لەڕابردوودا هەبووە, گوێزانەوەی هۆیەكانی بەرهەم هێنان نی یە بۆ دەستی دەوڵەت ،بەڵكو هەڵوەشانەوەو لەناوبردنی تەواوەتی دەوڵەت و پێكهێەرە چینایەتیەكانیەتی. ئەگەر خاوەندارێتی تایبەت ، گوێزانەوەی بۆ خاوەندارێتی دەوڵەت بە سۆسیالیزم بزانرێت ،ئەوا لە ڕابردوودا بسمارك لە ئەڵمانیا و ناپلیۆن لە فەرنساو متەرنیخ یش لە دامەزرێنەرانی سۆسیالیزم دەبن ، ئەگەر سۆسیالیزمی زانستی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت بەسەر سەرچاوەكانی ئابووریەوە. یەكێتی سۆڤیەت و بلۆكی ڕۆژهەڵات لە ڕابردوودا سۆسیالیست دەبوون ، لەبەرئەوە سۆسیالیزمی زانستی نە دەوڵەتی هەیەو نەدەوڵەتیش دەتوانێت سۆسیالیزمی زانستی تیادا بەرجەستە و پراكتیك بكرێت. سیستەمی سۆسیالیزمی زانستی قۆناغ و سەردەمی دوای نەمانی سەرمایەدارییە ،گەشەیەكی حەتمی كۆمەڵایەتی ئابووری مێژوویی و پەیوەندی كاری هاوبەشی مرۆڤایەتی یە لە ماددیەتی مێژووی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ئابووریدا ، حەتمەیەتی مێژوویی گۆڕانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی ئابووری, بەرئەنجامی گەشەی ئابووری كۆمەڵایەتیەكەیەتی، پێویستی هاتنە پێشەوەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی ڕابردوو ئێستا بەسەردەمێكی نوێ‌ یە . هێنانە پێشەوەی زووتری حەتمیەتی گۆڕانی كۆن بە نوێ‌ ، لەسەر هاوكاری هاوپشتی پرۆلیتاریای جیهان لە خەبات و تێكۆشان و هەماهەنگی نێوان كۆمۆنیستە زانستیەكان و چینی كرێكاری هۆشیار دەوەستێت و بنیات دەنرێت . حەتمیەتی مێژوویی و پەیوەندی دیالێكتیكی و ماددی گۆڕانی سەردەمە جیاوازەكانی مێژووی مرۆڤایەتی ،لەبەرئەنجامی گەشەی ئابووری و دژایەتی نێوان دوو چینی چەوساوە چەوسێنەر دروست دەبێت و دێتە پێشەوە ، لەبەرئەوەی پەیوەندی كارو سەرمایە ، سەرچاوەی دروست بوونی دووچینی دژیەك و دژایەتی نێوانیانە, لە بەرئەنجامی ململانێی نێوانیان, ئەگەر لەدوور یان لە نزیك بێت هەلومەرجی ئێستای سەرمایەداری و پەیوەندیەكانی دەكەونە ژێر كاریگەری و تەوژمی هێزو ململانێی نێوان چینی كرێكارو سەرمایەداران و دەوڵەتەكانیانەوە. هەتا هۆشیاری چینی كرێكار بە سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی زیاتر بێت و ڕووبەرێكی فراواتری ئەو چینەی تەنیبێتەوە و ئامادەگی و دەستوبردی بەرپاكردنی شۆڕشیان هەبێت ، حەتمیەتی گۆڕانەكەی زیاتر و زووتر دەبێت. سیستەمێكی بێ چینی و بێ چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە پێك دێت. لەبەرئەوە پێویستە هەموو ئەرك و هێزو توانای كۆمۆنیستە زانستیەكان و ڕێكخراو و حیزبیەكانیان بخەنە گەڕ ، لە پێناوی هێنانە پیشەوەی زووتری بە دەست هێنانی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی ،كۆمەڵگای بێ‌ چین و چەوسانەوە دامەزرێت .

شازدەیەم : -دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا 

دیكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا جیاوازییەكی ڕیشەیی لەگەڵ فۆڕم ودەسەڵاتی دەوڵەت هەیە ، لە هەموو جۆرە دەسەڵات و ناونیشانێكی تری دیكتاتۆریەتی سیستەمە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی ڕابردوو ئێستای سەرمایەداری جیاوازییان هەیە ،دیكتاتۆریەتەكانی ترو جەورو ستەم و توندوتیژی و كوشت و بڕو چەوساندنەوەی ئەندامانی خوارەوەی دەسەڵاتی ووڵاتەكانیان و ووڵاتانی تر ئەگەر هەژموون و دەسەڵاتیان بەسەریدا بووبێت ، لە پێناوی داسەپاندن و بەرفراوانكردنی دەسەڵات و زیاتر كردنی قازانج و كەڵەكەی سەرمایەدا بووەو دەبێت . 

گروپێك لە كۆمەڵگاکاندا ، بەهۆی هێزی پۆلیس و سەربازو دەزگای هەواڵگری و ئاسایش و یاسای داتاشراوی دەسەڵات و سیستەمەكەیان بەهۆی هێزو دەسەڵاتیان و لە خوێندا هەڵكشانی كۆمەڵگاكانیان دەسەڵاتیان دەسەپێنن و دەپارێزن، لە چوارچێوەی چینە جیاوازەكان و بەرژەوەندییە جیاوازەكانیاندا بەهەر شێوەیەك بێت دەسەڵات و سیستەمەكەیان دەپارێزن. پەیوەندییەكانی كۆمەڵگای سەرمایەداری, لەپڕۆسەی بەرهەم هێنان و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی, بەبەرجەستە كردنی جیاوازی ڕەگەزی ودروستکردنی پرسی نەتەوایەتی و ئایینی و مەزهەبی و ئەنجامدانی توندوتیژی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تری كۆمەڵگا ،درێژە بە مانەوەی دەسەڵاتیان دەدەن .

دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جیاواز لە دیكتاتۆریەتی سەرمایەداری هەوڵ وكردەیەكەو سەردەمێكی كاتی و ڕاگوزەری گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە بۆ سیستەمێكی كۆمەڵایەتی ئابووری بێ‌ چین و دەسەڵات بۆ سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی. لەبەرئەنجامی خەبات و تێكۆشان و هاتنە پێشەوەو هەڵگیرسان و ڕوودانی شۆرشی كرێكاران و كۆمۆنیستە زانستیەكان ،دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بە پێی پێویستی قۆناغ و سەردەمەكەی , ڕوودان و بەرجەستە كردنی دەسەڵاتیان پێویست دەبێت یان نا. كاتێك پرۆلیتاریا پەنا بۆ دیكتاتۆریەتی خۆی دەبات ، هەوڵی مانەوەی دەسەڵاتی چینێك نادات بەسەر كۆمەڵگاكانەوە ، كە گونجاو بێت لە پێناوی لەناوبردنی چینەكان بە پرۆلیتاریا خۆشیەوە. نابێت وەك سیستەم و دەسەڵاتێكی سیاسی وئابووری ببینرێت و وەك دەوڵەت دابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بمێنێتەوە و باڵا دەستی بەسەرهەلومەرجی ئابووری و سیاسی تاك لایەنە بەسەر ئەوانی تردا بێت. ئەو هەڵسوكەوتەی كە پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ لەپرۆسە و درێژەی شۆڕشدا و لەو ساتانەدا ئەنجامی دەدات ، هیچ نیە بێجگە لە دیكتاتۆریەتێكی شۆڕشگێڕی پڕۆلیتاریا ، لە پێناوی بەئەنجام گەیاندنی تەواوەتی ئامانجی شۆڕشگێڕی و ئەركی مێژووی خۆی لەڕەووتی ماددیانەی گۆڕانی مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە پێناوی گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سیستەمی ئابووری كۆمەڵایەتی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی ، دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ وەكو قۆناغێک و سەردەمێكی كاتی و كورت ماوەی ڕاگوزەری ئەگەر گونجاو و پێویست بوو لە پێناوی لە ناوچوونی یەكجارەكی چینەكان و گوێزانەوەی بۆ كۆمەڵگای بی چینی سۆسیالیزمی زانستی و كۆمۆنیزمی زانستی ئەنجام ئەدرێت . لەبەرئەوە ئەركی كۆمۆنیستە زانستیەكانە ، ئەگەر ئەو كردەیە پێویستی كرد دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریای شۆڕشگێر وەك بەشێك لە ئامانج و ستراتیژیان دابنێن .

حەڤدەهەم : - بزوتنەوەی نێونەتەوەیی پرۆلیتاریا

خەباتی نێو نەتەوەیی پرۆلیتاریا بەشێكی هەرە گرنگ و پێویستی خەبات و تێكۆشانی ئەو چینەیە لەبەرامبەر دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری جیهان. هۆكارو ئامرازی گرنگی ئامانجی بە دەست هێنانی ماف و داخوازییەكان و پەیامی مێژووی پرۆلیتاریایە ،سەپاندنی ئەو مەبەستەیەبەسەر دەسەڵاتی سەرمایەداریدا. پێویستیەكی گرنگ و ئامانجداری بەرجەستەكردنی شۆڕشی پڕۆلیتاریاو سەركەوتنیەتی .

ئەم بزوتنەوەیەی خەباتی چینی كرێكارو پرۆلیتاریا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەجیهانی بوونەوەی تەواو ،یان ناتەواوی سەرمایەدارییەوە نیە, زۆرتر پەیوەندی بەبوونی بزاوتنە كرێكارییەكانەوە هەیە لە جیهاندا. فۆڕمی پێشكەوتوو یا دواكەوتوو یا تازە گەشەكردووی سەرمایەداری ،هەموو ئەو ناونیشانانە ناتوانێت ڕاستی و دروستی و پێویستی هاوخەباتی بزوتنەوەی نێو نەتەوەیی پرۆلیتاریا لە جیهاندا ،بێ‌ بەهاو وون بكات و بیشێوێنێ‌ و بە پێویستی هەموو قۆناغ و سەردەمەكانی نەزانێت. بە دەست هێنانی ئامانجەكانی پرۆلیتاریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا چەند پێویستی بە هاوخەباتی و یەك ڕیزی پرۆلیتاریای ئەو جوگرافیایە هەیە, بە هەمان شێوە پێویستی بەهاوپشتی و هاوخەباتی پرۆلیتاریای جیهان هەیە بۆ چەسپاندنی داواكارییەكانی و بە دەستهێنانی ماف وئامانجەكانی. ئامانج وئەركی مێژوویی گۆڕانی ماددی كۆمەڵگا ، پرۆلیتاریا لەڕێگەی خەبات و بزوتنەوەی نێو نەتەوەیی خۆیەوە بەدەست دەهێنێت و جێ‌ بەجێ‌ دەبێت. ئەگەر چی لە ڕابردوودا ڕێكخراوەكانی ئەنتەر ناسیۆنالیستی یەكەم و دووەم سێ‌ یەمیش نەیانتوانی ئامانجەكانی پرۆلیتاریا بگەیەنن بەدوامەنزڵی خۆی ، تێبینی و ڕەخنەی ئەوەیان لەسەر بوو كەبۆ چوون و دیدگاو فەلسەفەی کار و ئامانجی جیاوازی تێدا بوو . ئەگەر ئەنتەر ناسیونالیزمی یەكەم لە سەرەتای گەشەی سەرمایەداریدا و لە سەدەی نۆزدە دروست بوو. چەندان ڕێبازی هزری و فەلسەفی و تێڕوانینی سۆسیالیستی جیاوازی لەخۆ گرتبوو ، هەر لایەو هەوڵی چوونە پێشەوەی ئامانج و ئاواتەكانی توێژو چینەكەی خۆی ئەدا ، لەبەرئەوە نەیتوانی سەركەوتن بە دەست بهێنێت. ئەوانی تریش کە ئەنتەرناسیونالیزمی دووەم و سێیەمە ، بە هۆكاری جیاجیای هزری و دەست كێشانە ناوەوەی سەرمایەداری و بۆرژوازی بۆ ناو ڕێكخراوەكانیان نەمان و پووكانەوە. هەموو ئەمانە ناتوانێت ئەو ڕاستیە بشێوێنێت ،كەئێستا لە هەموو كات زیاتر پرۆلیتاریا پێویستی بەو بزوتنەوەو خەبات و هاوپشتیە نێو نەتەوەییە هەیە، تا بتوانێت لەهەرداخوازی و مافێك كە داوای دەكات بە تەواوی بە دەستی بهێنێت. هەڵوەشاوەنەوەو لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداری ڕۆڵ و كاریگەری لەڕێگای بزوتنەوەی نێونەتەوەیی پرۆلیتاریاوە بەرجەستەو دروست دەبێت . 

لەلایەكی تریشەوە نابێت ڕۆڵ و كاریگەری لەسەر ئەو جوگرافیایەی كەتیادا دەژین لە بیر بكرێت ،گرێدانەوەی خەبات و تێكۆشانی پرۆلیتاریا لە ووڵاتەكانی خۆیاندا، بە خەبات و بزوتنەوەی چینی كرێكار و تێكۆشانی كۆمۆنیستە زانستیەكان یەكانگیركردنی ستراتیژوو داخوازییەكان و مافەكانیان لەسەرتاسەری جیهاندا, دەركەوتنی هاوخەباتی بەشێوەی یەك ڕێكخراوی و یەك ستراتیژو ئامانج بەرجەستە دەکات . داخوازی و ئامانجی كرێكاران و کۆمۆنیستەزانستیەکان لە ووڵاتەكاندا بچێتە ئاستی داخوازی و ئامانجی پرۆلیتاریا لە ووڵاتە پێشكەوتووەكاندا و هەروەها لە هەموو جیهاندا ئامانجەكان سەرتاسەری بكرێتەوە ، لەسەر شانیان و لە پرۆسێسی کار و خەباتیاندا ئەركی دروست كردنی ڕێكخراوێكی نێونەتەوەیی پرۆلیتاریاییە. لەبەرئەوەی ناكرێت داخوازی كرێكاران لەئاستی ووڵاتێكی پێشكەوتوو لە بەرهەم هێنان و زانستدا بە پێوەرو خواستی داخوازی ئەو چینە لە ووڵاتە دواكەوتووەكاندا جێ‌ بەجێ‌ ببێت ، لەبەرئەوە دەبێت ئاستی داخوازییەكان لە هەموو لایەكەوە بەرزو گەورەبن ، ئاسۆی داخوازییەكان و ستراتیژی پرۆلیتاریا لە هەر شوێنێكی جیهاندابێت, دەبێت ئاسۆو ئامانجی داخوازی پێشكەوتووترین پلەو ڕێژە بەخۆیەوە وەربگرێت. ئەگەر چی ووڵاتەكەش دواكەوتووبێت بەڵام دەبێت ئاسۆی بزوتنەوەكە ڕوونترو گەشترو ئامانجداری دووربین و پێشكەوتووترانەی ستراتیژی بزوتنەوەی سەرتاسەری كرێكارانی جیهان بێت. هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی دروست كردنی ڕێكخراوێكی جیهانی بە پلان و سیاسەت و ئامانجێكی مێژووییانەی پرۆلیتاریاوە پەیوەست بێت ئامانجی شۆڕش بێت لە جیهاندا ، دامەزراندنی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمی زانستی پلاتفۆڕم و ستراتیژی بێت. بنیات نان و دروست كردن ودەست پێوەگرتن بە بزوتنەوەی ئەنتەر ناسۆنالیستی پرۆلیتارو كۆمۆنیستە زانستیەكان, ئەرك و ئامانجی گەورەیە لە بەردەم هەموو ڕێكخراو و حیزبێكی كۆمۆنیستی زانستیدا ..

هەژدەیەم : - هێزی چەكدارو بزووتنەوەی چەکداری

لەخەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا و كۆمۆنیستە زانستیەكان ، هەر سەردەمەو پێویستی بەبەكارهێنانی ئامڕازو شێوازو تاكتیكێکی كاركردن هەیە, بەمەرجێك ئاراستەی ستراتیژی پەیامی مێژوویی بزوتنەوەی چینایەتی پرۆلیتاریا نەگۆڕێت . لە خەباتی ئابووریدا ئامرازی دەستیان دەربڕینی نارەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنە لە پێناوی بە دەست هێنانی ڕیفۆرمێكی ئابووری و بە دەست هێنانی بە شێك لە مافە سەرەتاییەكان . پرۆلیتاریا بەپێی هەلوومەرجی ژیان و تواناكانی و پێویستی سەردەمەكەی دەبێت شێوازێك لە خەبات بگرێتە بەر, كە ئامانجی پێویستی ئەوكاتەی بە دەست هێنانی داخوازی و مافەكانی مسۆگەر بكات. مەرجیش نیە هەمووكات گۆزەكەی بەپڕی بهێنێتەوە ، بەڵام گرنگ سوود وەرگرتن و خۆ ئامادەكردنی یەتی بۆ جارێكی تری بەدەست هێنانی. لە ئێستایی سەرمایەداری و سیستەمە پان و بەرینەكانی و توانای سەربازی و هێزو توانای تەكنۆلۆجی سەربازی ، بۆ پرۆلیتاریا و كۆمۆنیستە زانستیەكان گرتنەبەری بزووتنەوەی چەكداری و خەباتی پارتیزانی ئەركێكی قورس و پڕ مەسرەف و خەرج كردنی ئینرێژییەكی زۆرو دابڕاوە لە ناوجەرگەی كارو هەڵسوڕانی فراوانی چینی كرێكار لە ناوەندی كارو شوێنی ژیانیان ، لەبەرئەوەی ڕاوەستان و مانەوەو گرتنی ڕاستەوخۆی شادەماری ژیان و سەرچاوە ئابوورییەكەی سەرماییەداری گرنگی زیاتر و كاریگەری زیاتری لەسەر دەسەڵات و ژیانی سیستەمەكەو چینەكەیان هەیە . چەند دەتوانیت پەستان لەسەر هەڵمژینی ئۆكسجینی دەسەڵات و ژیانیان دروست بكەیت ،ئەوەندە بزوتنەوەی چەكداری و پارتیزانی گرنگی خۆی لە دەست دەدات ، زۆرتر داخوازی ومافەكانت بە دەست دەهێنیت .لەلایەكی تر پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای سەربازی و تەكنیكەكانی لە مڕۆدا ئەوەندە لە پێشە ، كە توانای جووڵانەوەی پاریتیزانی كەم كردووەو سنورداری دەكات لە هەموو لایەكەوە ، نایەڵێت كاریگەری تەواو لەسەر هەموو لایەنە سیاسی و ئابووریەكانی دەسەڵات دابنێت ، بەڵام هێشتا ناشتوانێت بە تەواوی لەناوی ببات و بە بێ بایەخ سەیری بكات .

لەبەرئەوە دەبێت لە هەر قۆناغ وسەردەمێکدا هەڵسوڕان و ئەركێكی هۆشمەندانە لە خەبات و بزوتنەوەی پرۆلیتاریای كۆمۆنیستی زانستیدا بەرجەستە بكرێت ،نەوەكو سەرقاڵی بكرێت بە هەندێك كارو جوڵەی جۆراوجۆری بێ‌ واتاو كەمترین سود بگەیەنێت و بەهەدەردانی ئینرێژی بزوتنەوەكە و جێگایەكی ئەوتۆشی بۆ بزوتنەوەو خەباتی چینی پرۆلیتاریای نەگرتبێتە ئەستۆ. سەرمایەداری و سیستەمەكەی بۆ بەرگری لە خۆی و دانانی سنورێك بۆ هەڵسوكەوتی چەكدارانەی هەر بزوتنەوەیەك كە دژی دەسەڵات بێت و وەلەناویشیانا چینی كرێكار ، هەوڵی ناو ناتۆرە خستنە دوای دەدات, بە تیرۆریست ناوزەندی دەكات و گەلە كۆمەكی ووڵاتانی بۆ بەڕێدەخات و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی بزوتنەوەكە بۆ ئاڕاستەیەكی تری دەدات. ووڵاتان و سیستەمەكانیان لە پێناوی بەرگری لە یەكتری و مانەوە لە بەرامبەر خەبات و بزوتنەوەی چینایەتی چینی كرێكار ، هاوكاری و پشتیوانی سیاسی و ئابوری و سەربازی یەكتری دەكەن ، تیرۆری ڕێکخراو دەگرنەبەر ، دژایەتی بەكۆمەڵ و ڕیزكردنی یاساو ڕێسای لە كایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی سەرمایەداری بۆ دروست دەكەن، هەوڵی لەناوبردنی هەموو جۆرە جوڵانەوەیەكی چەكداری دەدەن ئەگەر دروست كراو ڕامی سیاسەت و ئەجێندای خۆیان نەبێت. مێژووی لەوەو پێشی دژایەتیەکانیان ئەوەی سەلماندووە. لە دەلاقەیەكی ترەوە سەیری خەباتی چەکداری بکەین ، ناتوانرێت لە گرنگی هێزی چەكدار بۆ سەردەمێكی جیاوازو دیاری كراوی كوڵان و كڵپەی شۆرشی چینایەتی بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا لەبیر بكرێت و بێ‌ بەها سەیر بكرێت, لەبەرئەوەی سەرمایەداری لەهەرکاتێکدا زۆری بۆهات ، لەڕێگەی خۆپیشاندان و فراوان بوونی داخوازییەکانی چینی کرێکار لەڕۆژانەی کارو هەڵسوڕانیدا ، لەپێناوی باشترکردنی سروشتی ژیان و گوزەرانی ، هەروەها سەرمایەداری لە غەرغەرەی لەناوچوونی خۆیدا بە گوڵ پێشوازیت لێ‌ ناكات و بێ‌ وەڵام و بێ چەندو چونێكی زۆر و بێ بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکەکانی دەسەڵات چۆڵ ناكات و سیستەمەكەی هەڵناوەشێتەوە و لەناوناچێت. تەنانەت لە هەندێك ووڵات و لە زۆرترین ناوچەكانی جیهان وەڵامی داخوازی ئابووری و مافە سەرەتاییەكانی ژیانێكی گونجاوی پڕۆلیتاریاو كرێكاران بە گولە باران كردنیان دەداتەوە ، بە دڕندەترین شێوە پەلامار دەدەن, بۆ لەناوبردن و پوكانەوەی كردەوەی شۆڕشگێرانەی گۆڕانی ئابوری و كۆمەڵایەتی لە سیستەمی سەرمایەداریدا هەموو جۆرە هێزو ئامرازێكی سەركوت كردن بەكاردەهێنن. بەڵام لەمێژوو و كاتی دیاریكراوی خۆیدا گرنگی هێزی چەكدارو چەكداربوونی پرۆلیتاریای شۆرشگێر خۆی دەسەپێنێت بەسەر هەموو لایەنەكانی تری خەباتدا ، ئەو ساتەش كاتی كڵپەی ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێرانەی پرۆلیتاریایە لە پێناوی لەناوبردنی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەركی كۆمۆنیستە زانستیەكانە كەكات و ساتی ئەو قۆناغ و سەردەمە بەباشی درك بكەن و پێویستی ڕێكخستنیان بۆ ئەركێكی گرنگی مێژووی ئەنجام بدەن.

جونی / ٢٠١٨

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

چەپ وكرێكاری