ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کرێکارانی کوردستان ڕووبەڕوی خراپترین هەلومەرجی کار و ژیان بوونەتەوە. گەرچی یاسای کاری عێراقی هەیە، بەڵام لەڕووی عەمەلیەوە بێ یاسایی بەسەر هەلومەرجی کاری کرێکاراندا زاڵە. ئەوە بێجگە لەوەی کە خودی یاساکە کەمترین مافەکانی کرێکارانی رەچاوکردوە. لە زۆر ناوەندی کارکردندا کاژێرەکانی کارکردن دیاریکراونیە. مووچەو هەقدەستی کرێکار بەشی ژیانێکی کولەمەرگیش ناکات و دەیان هەزار خێزانی کرێکاری لە خوارهێڵی هەژاریەوە دەژن. قازانجی ساڵانەو هاندان لە ناوەندە پیشەسازیەکاندا یان نەماوە یان بەشێوەی رێکەوت و بەرێژەیەکی زۆر کەم دەدرێت. مەرجەکانی سەلامەتی لەزۆر شوێن دابین نەکراوە، بێکاری تەنگی بە گەنجان و دەیان هەزار کرێکاری وەرزی و بیناسازی هەڵچنیوە و لە هەژاری رەهادا ژیان بەسەر دەبەن. کرێکارانی ژن و ژنانی خێزانە کرێکاریەکان بێبەشترین و هەژارترین توێژی کۆمەڵگا پێکدەهێنن.

لەسەر بنەمای ئەو راستیانە، ئێمە بەشداربوانی یەکی ئایاری ٢٠١٩ی سلێمانی ئەو خاڵانەی خوارەوە وەکو خواستە سەرەکی ودەستبەجێکانی کرێکارانی کوردستان رادەگەیەنین و بانگەوازی سەرجەم کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری دەکەین ئەم خواستانە بکەنە بەرنامەی کاری داهاتوویان. هاوکات داوا لە حکومەتی هەرێمیش دەکەین لەوە زیاتر لەئاست خواست و مافەکانی چینی کرێکار چاوی دانەخات و لە زووترین کاتدا دەست بکات بە جێبەجێکردنیان:

خواستەکان:

١/ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کاتی لەو ناوەندانەی کارکردن تیایاندا هەمیشەییە، وەکو کارگاو کارخانەو دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان.

٢/ لانی کەمی کرێی کرێکاران، یەک ملیۆن دینار بێت.

٣/ پابەندکردنی هەموو کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوریەکان( حکومی و تایبەت) بە ڕێنماییەکانی سەلامەتی شوێنی کار.

٤/ دەستەبەرکردنی هەلی کار، یان بیمەی بێکاری، بۆ هەموو کەسێکی ئامادە بەکار، بە ژن و پیاوەوە.

٥/ئازادی بێ بەند و مەرجی ڕێکخراوبوونی کرێکاران.

٦/ئازادی رێکخراوبوون و کۆبوونەوەو مانگرتن، بەهەرشێوەیەک کە کرێکاران بەپێویستی دەزانن

٧/ دانان و کارپێکردنی یاساکارێکی پێشکەوتوولە کوردستان

٨/دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی بۆ کرێکاران و خێزانەکانیان لەسەر بودجەی خاوەنکارەکان و حکومەت.

٩/ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت و گێڕانەوەی پارە بڕاوەکان.

١٠/کرێکارانی بیانی(هاتوو) هەمان مافی کرێکارانی کوردستانیان هەبێت

١١/سیاسەتی بەتایبەتیکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک خوێندن و تەندرووستی و ئاوو کارەبا، رابگیرێت.

١٢ / کاری منداڵان و مێرد منداڵان قەدەغە بکرێت و ماوەی کارکردن لە هیچ ناوەندێک لە ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت.

١٣ / هەموارکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ٣٩ بەجۆرێک کە سەرجەم کرێکارانی رۆژانەو بیناسازی بگرێتەوە.

کۆمیتەی ١ی ئایار

٢٠١٩

چەپ وكرێكاری