ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)     

لویز براینت هەڵسوڕاوی سیاسیی و فیمینیستی و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکیی لە پێنجی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٨٥ لە سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە دایک بووە. باوکی سیاسیی بووە و لەگەڵ حیزبی دیموکراتەکان بووە. لویز لەکاری ڕۆژنامەنووسیدا بەوە دەناسرێتەوە کە وردکاری شۆڕشی ئۆکتۆبەری کرێکارانی ڕووسیای گواستۆتەوە. گەلێ نووسینی سەبارەت بە ڕابەرانی شۆڕشی کرێکارانی ڕووسیا نووسیوە لەوانە کاسرین برێشکۆڤسکی و ماریا سپیریدینۆڤا و ئەکسەندەر کێرێنسکی و ڤلادمیر لینین و لیۆن ترۆتسکی. دوای چوونی بۆ بیترۆگارد، لویز نووسینەکانی لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی هیرست هاتە وەشاندن، کە لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیی لە سەرتاسەری ئەمریکا و کەنەدا بڵاو دەبوونەوە. کۆکراوەی وتارەکانی بەناوی( شەش مانگی سوور لە ڕووسیا) ساڵی ١٩١٨ بڵاو بۆوە، کە لویز سەرسەختانە بەرگری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەکرد و لەبەردەم لیژنەی پەرلەمانی ئەمریکا و کۆمیتەی بەدواداچوونی کاریگەری بەلشەفیزم بەسەر ئەمریکا ڕاشکاوانە وەستایەوە و هەروەها لەسەرتاسەری ئەمریکا هەوڵی دەدا لایەنگیری بۆ ئەو شۆڕشە بەرحەقەی کڕێکاران دەستەبەر بکات.

ئانا لویس مۆهان کە دواتر پاشناوی زڕباوکی شێڵدن براینت وەردەگرێت نەک باوکی خۆی، لەویلایەتی نیڤادا گەورە دەبێ و قوتابخانەی ئامادەیی وادسۆڕس لە ڕینۆ تەواو دەکات و پاشان دەچێتە زانکۆی نیڤادا لە شاری ڕێنۆ و زانکۆی ئۆریگن لە ویلایەتی ئۆریگن و بەشی مێژوو لە ساڵی ١٩٠٩ تەواو دەکات. بەڵام لەبری کاری مێژوو، بەرەو ڕۆژنامەنووسی وەردەچەرخێ و دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری هەفتانەی سپێکتاتۆر لە هەردوو ویلایەتی پۆرتلاند و ئۆریگن. لویز بە بڵاوکراوەی (زی ماسس) ی سۆشیالیستی ئاشنا دەبێ لە ڕێگەی پارێزەر (ود)ەوە. لویز بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی دەخوێندەوە و جان ڕیدیشی دەخوێندەوە. ساڵی ١٩٠٩ تا ١٩١٥ لە ویلایەتی پۆرتلاند لویز دەکەوێتە چالاکی لەبواری بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان لە ئەمریکا. ساڵی ١٩١٤ جان ڕید دەبینێت ساڵی ١٩١٥ واز لە هاوسەرەکەی دێنێت و لەگەڵ جان ڕید بەرەو نیویۆرک دەڕۆن و لەوێدا ڕایەڵەیەکی فراوانی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕابەران و چالاکوانی بواری مافی ژنانی ئەمریکیی دادەمەزرێنێت. هەندێ لەو کەسایەتییانە لەڕێگەی جان ڕید و هەندێکی تریشیان لە کۆبوونەوەی گروپی ژنان وەک گروپی هێتێرۆدۆکسی و هەندێکی تریشیان لەڕێگەی ئیشکردن لەگەڵ گروپی پرۆڤینس تاون پلەیەر دەناسێت. لویز لە ڕێپێوانی پارتی نیشتمانی ژنان لە ساڵی ١٩١٩ دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە زیندان دەبێت. لویزیش چەشنی جان ڕیدی هاوڕێی لەدەرەوەی هاوسەرگیریی پەیوەندی تریان هەبووە. لەماوەی ژیانی لە گرینوچ لە نیویۆرک لەنێوان ١٩١٦ – ١٩٢٠ لە چەندی پەیوەندی هاوسۆزیدا بووە لەوانە لەگەڵ شانۆنامەنووس یوجین ئونێڵ و هونەرمەندی شێوەکار ئەندرو دەسبێرگ. دوای مردنی جان ڕیدی هاوسەری لە ساڵی ١٩٢٠، لویز هەر بەردەوام بوو لە نووسین ناردن بۆ ناوەندی بڵاوکردنەوەی هیرست دەربارەی ڕووسیا و تورکیا و هەنگاریا و یۆنان و ئیتالیا و هەندێ وڵاتی ئەوروپی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر هەندێ لەو نووسینانە لە کتێبێکدا لە ساڵی ١٩٢٣ لە ڕووسیا چاپ کرا بەناوی (ئاوێنەکانی مۆسکۆ). لە کۆتا ساڵی ١٩٢٣ لەگەڵ ولیەم کرستیان هاوسەرگیری دەکات و ساڵی ١٩٢٤ کچێکی دەبێت بەناوی ئان. لویز لە دەساڵی ئاخری ژیانیدا زۆر بۆی تاریک و قورس بوو. ساڵی ١٩٣٠ لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە. تا لە شەشی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٦ بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان و نووسین و خەبات دێنێت. لویز سێ کتێب و شانۆنامەیەک و چەندین وتاری بەپێزی دوای خۆی بەجێهێشت کە وەکو میرات و کەلەپووری شۆڕشگێڕانەی سۆشیالیزمە و جێی بایەخ و خوێندنەوەن. کار و پارتیکی شێلگیرانە و شۆڕشگێرانەی لویز براینت لە بواری خەباتی جەماوەری و چاونەترسی و ئازایەتییەک کەلەخۆی نیشانداوە، شایانی ئەوەیە لێی ورد ببینەوە و وانە و ئەزموونی خەباتکارانەی لێوە فێر بین.

 

سەرچاوەکان :

https://en.wikipedia.org/wiki/Louise_Bryant

https://louis-bryant.com/

چەپ وكرێكاری