ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

٭ عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

کاریگەری شعری شیرکۆ بیکەس لە سەر فەزای شعری کوردی؟

- راستە قسەکردن لەسەر شێرکۆ دەرفەت و بەدواداچوونی قووڵی گەرەکە، بەڵام بەلای منەوە شێرکۆ بێکەس وەک بەرهەمی شیعریی فەزایەکی گەورەی شیعریی کوردی (بەشی باشوور و رۆژهەڵات) پێکدەهێنێ، بێگومان وەک مەعریفەی شیعری، وەک جوانی، کاریگەری خۆی هەیە. ئەو فەزایەی کە ئێوە ئاماژەتان بۆ کردووە زۆر بە جوانی لە قەسیدەی (کۆچ)ەوە دەست پێدەکات و وزەکانی خۆی لە هەستی شیعریی و توانای دەربڕین و وێنەی شیعریدا هەڵدەگرێتەوە، لە دوای (دەربەندی پەپولە)ش ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو گوتار و هێزە شیعرییەی راگرتووە، هەر تەنها بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی نوێ نییە، بەڵکو بەرفرەوانکردنی فەزای ناوبراوە، هەر ئەوەشە شێوەیەکی ئازادانەتر بە (گوتاری مانەوە) دەدات. گوتاری مانەوە وێڕای توانای دەربڕین و وێنەی شیعریی کۆڵەکەیەکی سەرەکی گوتاری شیعریی شێرکۆیی پێکدەهێنێت، ئەو گوتارە شیعرییە تەعبیر لە گوتارێکی دەستەجەمعی و نەتەوەیی و گشتی دەکات، دواتر لە ئەزموونی شێرکۆییدا تەرجەمەی (پرسی مانەوە) دەبێت. ئەو گوتار و پرسە شیعرییەی کە ئاماژەمان پێدا بەرە بەرە شێرکۆ بێکەس لە شێوازگیریی نزیک دەکاتەوە، ئەو شێوازگیرییەش وەک کۆنتێکستی شێرکۆیی دەمێنێتەوە و دواجار لە (خاچ و مار) بە ترۆپک دەگات. لەدوای خاچ و مار ئەوەی بەشی زۆری شێرکۆ دەنووسێتەوە ئیلقای شێرکۆییە... لێرەوە هەوڵدەدەم پرسیارەکەتان رووتتر بکەمەوە و بڵێم ئایا پرسی مانەوە، یان ئیلقای شێرکۆیی لە شیعری کوردیدا تا چەندکاریگەرە؟ بێگومان وەک پێویست ئەمڕۆی شیعریی کوردی غەمی ئەو گوتار و ئیلقایەی نییە، کەواتە شێرکۆ بێکەس لە رووی وێنەی شیعریی و هەستی شیعریی و توانای دەربڕین کاریگەری ماوە، بەڵام وەک گوتاری شیعریی کەمترین کاریگەریی لە ناوەندی شیعریی کوردی (بەشی باشوور و رۆژهەڵات) دەبینرێت، ئەوەش وەک من تێگەیشتبم پەیوەندی بە شێوازگیریی شێرکۆییەوە هەیە!

٭غیابی ٸەو لە ماوەی ساڵیکدا چەندە کاریگەری هەبووە لە سەر شعری کوردی؟

- شیعری ئیبداعی پەیوەندی بە جیاوازییەوە دەکات، نەک شێوازگیریی... بەو مانایەش دەق خاوەنی بونیادی کارتێکردنی دیاریکراوە و ئەوەی بەردەوامی رەنگ دەکات جیاوازییە، نەک جێگیربوون... کەواتە لێرەدا کاریگەری زیاد لە پێویست میسالی دەکەوێتەوە، نەک واقیعی، چونکە ژیان بەردەوامە. شیعریی ئیبداعی ناکەوێتە ژێر هەیمەنەوە، بەڵکو لەگەڵ جیاوازییەکان رێ دەکات، ئەوەی دەمێنێتەوە جوانییە و جوانیش بە نسبەت زمان ناشێ بە سەر شتی هەبوودا جێگیر بکرێت، دەمەوێت بڵێم دەقی داهێنەرانە لەوێدا خۆی دەبینێتەوە، کە پێوەرە هونەرییە باوەکان تەجاوز دەکات و ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر و پانتایی رۆشنبیری باو دەگۆڕێت.

٭پێت وایە لە دوای ئەو کەسێک هە بێت ئەو فەرەغە لە ئەدەبیەتە؟

- بە کورتی لە دوای شێرکۆ بێکەس، مەحاڵە ئەدەبی کوردی شاعیرێکی گەورە بەو قەبارە بەخۆیەوە ببینێ، چونکە ئێستای دنیا، هەیمەنەی جێهێشتووە و کەوتۆتە زەمەنی جیاوازییەوە. 

هەولێر 1/7/2015