ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كارزان بەهائەدین

وەک کوردێک ئاواتی گەشت کردنم هەیە 

بە هەموو جیهاندا ،

بەڵام کێشەی بێ ناسنامەيی ڕێگرە ، 

ئەمەوێ ناسنامەیەکی جیهانیم هەبێ ، 

بۆیە گەشتەکەم بەم ناسنامانە دەکەم ، 

لە هەولێری پایتختەوە گەر بەر شەقو زلەم نەدەن ، 

بەڕێدەکەوم بۆ تورکیا و لەبری ناسنامە جانتاکەی دەمیرتاش 

دەکەمەوەو قەڵەمەکەی ئاپۆ دەردێنم چاویان پێ دەردێنم و 

پڕ بەدەم تفێکی شێخ سەعیدی پیران دەکەمە نێو چاویان ،

دوايی بەڕێ دەکەوم بۆ وڵاتانی عەرەبستان و لەوێ گەر 

داوای ناسنامەیان لێ کردم ،لەبری ناسنامە ،

جامەدانی و فەقیانە ڕزیوی پیاو و ژنێکی 

ئەنفال کراویان لە دەمو و چاویان دەئاڵێنم ، و ، 

دوای دەچمە ئێران و پەتی سێدارەی قازی لە 

ملی خۆیان دەکەم ،

پاشان بەڕێدەکەوم بۆ وڵاتانی ئەورووپا و 

بە هەمان شێوە لە وڵاتی ئەڵمانیا ، 

پێڵاوەکانی عومەری خاوەر لە دەمیان دەنێم 

ئەگەر داوای ناسنامەیان لێ کردم ،

لە درێژەی گەشتەکەمدا حەزدەکەم بچمە ڕووسیا و 

لەوێ بە خنجەرەکەی شێخی نەمر جەستەی مارک 

سایکس و جۆرج پیکۆت و سازانۆڤ بەش بەش بکەم ، 

ئەمەوێ دوا وێستگەی گەشتەکەم ئەمریکا بێ و 

هەر لە ئاسمانەوە ئاهـ و ناڵە و ئازاری کورد و مرۆڤایەتی 

بەردەمە خوارەوە ،خۆیان ئاسا ، وەک چەکی کیمیاوی و ئەتۆمەکانیان ، پاشان وێران بوونی بە چاوی خۆ  ببینم . 

باوەڕناکەی ئەمە گەشت بێت ، 

بەڵام زۆر چێژ بەخش دەبێ ، ئەوکاتەی ناسنامەی تۆڵە 

 بۆ وڵاتانی جیهان بەکاردێنم ، تا وایان لێبکەم کە هەرگیز بوێری ئەوەیان نەبێ بێ ناسنامەم بکەن.