ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەهار حەسكۆ خەڵكی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانە، خوێندنی لە بەشی ئادابی زمانی ئینگلیزی زانكۆی حەلەب بووە، دوای رووداوەكانی ساڵی 2013ی سوریا رووی لە هەندەران كرد و ماوەی ساڵێك لە توركیا ماوەتەوە، ئینجا رووی لە وڵاتی سوید كرد و ئێستا قوتابی ماستەری ئاداب ئینگلیزییە، جگە لەمە لە چەندین بواری دیكە بەشداریی لە كۆرسی جۆراوجۆر كردووە، بەڵام هەمیشە میوزیك لە هزر و خەیاڵیدا بووە .

تا ئێستا لە چەندین ئاهەنگ و بۆنەدا بەشداریی کردووە جگە لە بەشداری کردنی لە بەرنامەی کوردستار بەڵام تا ئێستا بەرهەمی تایبەتی خۆی نەبووە، لەم بارەوە دەڵێ: بە داخەوە تا ئێستا دەرفەتم نەبووە بەرهەمی تایبەتی خۆم هەبێت هەرچەندە من لە بەرنامەی کورد ستار لە یەکەمەکان بووم ئەمەش دەرفەتێکی باشی بۆ رەخساندم، بەڵام خوێندن بە شێوەیەکی سەرەکی کاتی زۆری داگیر کردووم کە نەتوانم بەرهەمی تایبەت بە خۆن هەبێت، بەڵام بە نیازی کاری نوێ و تایبەتم لە نزیکترین دەرفەتدا، بەڵام لە کاتی خوێندندا بە (٢٥) زمان گۆرانیم وتووە و هەوڵ دەدەم لە یەک بەرهەمدا بەم هەموو زمانە گۆرانییەک بڵێم.

بەهار لە بارەی گرنگی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی: کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت خەونی هەرە گەورەی ئەوەیە لە ژیانی خۆیدا دەوڵەتی کوردی ببینێت جا لە هەر پارچەیەکی وڵاتی پارچە پارچە کراومان بێت، بۆیە بە تامەزرۆییە چاوەڕوانی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی باشووری کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم ساڵ ببێتە ساڵی خۆشی و شادی بۆ هەموومان و لە نزیکەوە ئەو رۆژە ببین کە کوردستانیش ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆو ئێمەش لەو ستەم و زۆردارییەی چەندین ساڵەی داگیرکەران رزگار بین، هیوادارم ئەو کەسانەی مافی بەشداری کردنیان هەیە لە ریفراندۆم بە خۆشی و شادییەوە لەسەر سندوقەکان ئامادە بن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن، وەک وەفایەک بۆ خوێنی سەدان هەزار شەهید کە لەو رێگایە گیانی خۆیان کردۆتە قوربانی.

بەهار هەروەها دەڵێ: کوردانی رۆژئاوا بە گشتی وەک کوردانی هەموو پارچەکانی دیکەی وڵات زوڵم و زۆردارییەکی زۆریان بینیوە بۆیە بە حەسرەتەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە کوردستان ئازاد بێت و ئێمەش وەکو هەموو میللەتان بە مافە رەواکانی خۆمان شاد بین، بژی کور بژی کوردستان.

سەبارەت بە تێکەڵ کردنی هونەری کوردی بە هونەری بیانی بەهار دەڵێ: پێموانییە تێکەڵکردنی هونەری کوردی و بیانی کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر هونەری کوردی، بە پێچەوانەوە هونەری کوردی تام و چێژی تایبەتی هەیە و زوو کاریگەریی لەسەر گوێگری بیانی هەیە، زۆر لە هاوڕێکانم کە گوێیان لە گۆرانی کوردی دەبێت زۆر پێی خۆشحاڵ دەبن و بە هونەرێکی جوان و رەسەن وەسفی دەکەن، بەڵام پێویستە ئەو کەسەی گۆرانی کوردی دەڵێ بتوانێت لە هەموو روویەکەوە سەرکەوتوو بێت و بزانێت کەی و چۆن پێشکەشی دەکات بە جۆرێک بتوانێت چۆن بیگەیەنێت بە گوێگری بیانی و کاریگەریی ئەرێنی لەلای بەجێ بهێڵی.

* سەردانی باشووری كوردستانت كردووە؟

-بە داخەوە تا ئێستا سەردانم نەكردووە هەرچەندە بە تامەزرۆی ئەوەم سەردانی ئەو پارچە ئازادەی وڵات بكەم، نەچوونەكەشم پەیوەندی بەوەوە هەیە كە تا ئێستا دەرفەتم بۆ نەرەخساوە، پەنا بە خوا لە نزیكترین دەرفەتدا ئەو بوارەم بۆ دەرەخسێ و دەتوانم كاری هونەریش لەوێ ئەنجام بدەم.