ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

..۱ 

خۆ ئێستا، 

وەرزی شەختە و بۆران نیە

بۆ دەبێ پەنجەکانم،

نووقمی تەزین بن

ئەوەتا، پڕن لە سڕبوون..

کێ بە هەناسەیەکی گەرم دەزانێ؟

چەند (کوو)یەکی لێ قەرزکەم

هەتا بۆ هەر (کوو)یەکی گەرم

هەزاران(کوو)ی تەزیووی پێ بدەمەوە !

..۲

درەنگم کرد

ئیتر دەبێ جێتان بێڵم

لەوێ لە چاوەڕوانی خۆمدام 

تەنیاییم بە گۆشەیەک سپاردووە

جگە لەخۆم، کەس پێی نازانێ

ئیتر دەڕۆم .. بە دوعا

..۳

ژاوە ژاوی ئێرە

لە ڕاکە ڕاکی ئەوێ ناچێ

لەوێ هەر پێکەنینە

ڕاوی پێکەنینێکی تر دەنێ

هەر هیلالی خۆشەویستییە، 

بۆ گوڵێکی پاییزی، دەبێتە قۆزاخە

لێرەش، مردن

لەسەر هەموو شتێک نیشتووە

سێبەرێکە..

کێ هەیە پیاسەی لەگەڵ نەکردبێ

لێرە خۆشەویستی حەشاردراوە و ..

لەوێش بەسەر ژیاندا ڕژاوە

لێرە هەموو شوێنێک پڕە لە مردن

لەوێ گوڵی ژیان،

لە جەستەی مردوودا ڕواوە..!

..٤

لێرە مردن

خوا ڕاوەستاوی کردووە

هەمیشە بە پێوەیە

ژیانیش، شەکەت شەکەت

بە هەناوێکی خاڵییەوە، 

پاڵکەوتووە!

حەمید قەڵادزەیی