ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیدار: زیاد كەریم

ئەحلام حەجیی بە رەگەز مەغریب و نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسا لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی پێشكەش كردنی بەرنامەیەكی هەفتانە بوو بە ناوی (فاشن دریم)، بەڵام لە ئێستادا بەرنامەكە وەستاوە و ماوەیەكە لە كەناڵەكە دەرناكەوێ ، لە دەرفەتێكدا دەربارەی دوایین كارەكانی و چەند بابەتێكی دیكە ئەحلام حەجیی شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیە بۆ رێگای كوردستان هاتە ئاخاوتن.

ئەحلام بێ ئەوەی ناوی بەرنامەكە و كەناڵەكەش ئاشكرا بكات دەربارەی ئەم بەرنامەیە نوێیەی وتی: 

من خاوەن بەهرەی زۆرم و دەزانم چۆن و لە كوێدا بەكاریان بهێنم، سەبارەت بە سەركەوتنم من تا ئێستا لە سەرەتای رێگام و گشت تواناكانی خۆم تێیدا خستۆتە گەڕ، راستە لە ئێستادا من هیچ بەرنامەیەك پێشكەش ناكەم، بەڵام ئەمە مانای دووركەوتنەوەم نییە، بەڵكو سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنم بۆ كارێكی بەرفراوانتر.دوای كۆتایی هاتنی بەرنامەی (فاشن دریم) كە تەنیا لە وڵاتە عەرەبییەكان تۆمارمان دەكرد، ئێستا بە نیازی بەرنامەیەكی نوێم كە لە ئەمریكا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی پێشكەش دەكرێت، لەم بەرنامەیەدا بە بەردەوام باكستەیشن لەگەڵ فاشیون دیزاینەر دەبێت لە هەر ئەڵقەیەكی بەرنامەكەدا بەمەش بەرنامەكە فراوانتر دەبێت.

زۆر لە كەسایەتییە ناسراوەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە ناوبانگ سەرئێشە و گرفتیان بۆ درووست دەكات و دەبێتە رێگر لە بەردەمیان بۆ ئەوەی وەك خەڵكی ئاسایی ژیان بەسەر بەرن، بەڵام ئەحلام رای تا راددەیەك جیاوازە و لەم بوارەوە دەڵێ:

بە هۆی سەركەوتنم لە بواری فاشین و مۆدێل و دواتریش شاجوانی و میدیا خۆشەویستی خەڵك و متمانەی میدیاكانم بە دەستهێناوە ئەمەش سەروەتێكی باشە، راستە زۆر جار رەنگە تووشی سەرئێشە و گرفتیش ببمەوە، بەڵام بۆ من جێگای شانازییە كە توانیومە ناوی خانەوادەكەم و ئاڵای وڵاتەكەم لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەرز بكەمەوە، بەڵام ئەگەر ناوبانگ و بە جیهانی بوون لەسەر حیساب كەرامەتی من بێت ئەوا نامەوێ، زۆر جار هەستم كردووە كە تۆمەتی جۆراوجۆر بۆ من هەڵبەستراوە، ئەمەش هەمووی بە هۆی سەركەوتنم بووە لە كارەكانمدا بۆیە پڕوپاگەندەكان پشتگوێ دەخەم و هیچ گرنگوێیان پێنادەم و خۆمیان پێوە سەرقاڵ ناكەم، چونكە بڕوام بەوە هەیە كە راستی هەمیشە لە هەموو قسەیەكی نادروست بەهێزترە. و دڵنیام ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵ من دوورن لە راستی و بێ بەڵگەن.

سەبارەت كارەكانی رێكخراوە خێرخوازییەكەی (احلام الـگفولە) كە تایبەتە بە یارمەتیدانی منداڵان ئەحلام دەڵێ: 

یارمەتیدانی منداڵان یەكێك بووە لە ئاواتەكانم بۆیە ئێستاش بەردەوامم لە پاڵپشتی كردنی ئەم رێكخراوە خێرخوازییە و بەردەوامیش دەبم لە داهاتوو، دوایین كاریش كە لە هەولێر ئەنجاممدا و تایبەت بوو بە یارمەتیدانی منداڵە ئاوارەكانی موسڵ یەكێك بوو لەو كارانەی كە هەمیشە شانازییان پێوە دەكەم و پەنا بە خوا هەوڵ دەدەم ئەگەر بتوانم دووبارەی بكەمەوە، چونكە لەو سەردانەدا توانیم لە نزیكەوە خەم و ئازاری ئاوارەكان ببینم بەتایبەتی منداڵان كە قوربانیی یەكەم جەنگ و بارودۆخێكی تایبەتن كە هیچ دەسەڵاتیان نییە و تەنیا بوونەتە قوربانی و باجی هەڵەی گەورەكان دەدەنەوە، پێشتر سەردانی چەند كەمپێكی منداڵانم كردبوو لە كیشوەری ئەفریقیا، بەڵام لەوێ بارودۆخ بە تەواوی جیاواز بوو، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی كەمپەكان دەكەم كە یارمەتی و هاوكاری ئاوارەكان دەدەن

بۆ دەنگۆی رووكردنە بواری نواندن ئەحلام دەڵێ:

من ئێستا میدیاكار و خۆم ئامادە دەكەم بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی نوێ سەبارەت بە فاشیون و جوانكاری بۆیە بیرم لە گۆرانی وتن و نواندن نەكردۆتەوە، هەرچەندە پێشتر چەند بەرهەمهێنەر و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەری داوایان لێكردووم بۆ ئەوەی لە زنجیرە دراما و فیلمەكانیان بەشداری بكەم، زۆر كەس دەڵێن ئەگەر روو بكەیتەوە بواری گۆرانی وتن سەركەوتوو دەبی، بەڵام من پێموایە لە یەك بواردا هەوڵ بدەم و تواناكانی خۆمی تێدا بخەمە كار باشترە لەوەی لە یەك كاتدا خەریكی چەند كارێك بم، چونكە دڵنیام ئەگەر سەركەوتووش بم ئەوا بەو شێوەیە نابێت كە خۆم دەمەوێ، دواتر ئەوەشمان بیر نەچێت كە گۆرانی وتن و دەنگ خۆشی بەهرەیەكە خوای گەورە بە هەموو كەسێكی نەداوە

لە كۆتاییدا ئەحلام حەجی شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: 

من چەند جارێك سەردانی شاری هەولێرم كردووە و بەر لە چەند مانگێك بانگهێشت كرابووم بۆ بەشداری كردن لە پیشانگایەكی تایبەتی گەشتوگوزار، بەڵام بە هۆی سەرقاڵی بوونم بە چەند كارێكی تایبەتی خۆمەوە نەمتوانی بێم، بەڵام لە بەرنامەمدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا جارێكی تر سەردانی بكەمەوە، چونكە لای من یەكێكە لە شارە خۆش و دڵرفێنەكان و خەڵكێكی میواندۆست كە زۆر رێزی خەڵكی بیانی دەگرن، و بە هەزاران خەڵكی بیانی بەو پەڕی ئازادییەوە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبەن. و لەو وڵاتە پێشكەوتن و جوانی و هونەر بەردەوامە سەرەڕای سەختی بارودۆخی دارایی و شەڕ.