ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە قەسیدەی (کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)* ی یوونسی رەزایی*

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

گورگێک فەرز کەن لە پێستی شاردا

دەوەڕێ بەو گوڵەبەڕۆژانەی 

لە پەنجەکانی نەقاشێکدا ئاوابوون

پۆلیسیش لە رێگا فیتوو لێدەدا و

رووبەڕووی کڵوەبەفرەکان

پێکێک هەڵدەدا لە ئاور.

گورگێکتان بەو زستانە رێ داوەتە شیعرەوە

لە زەینیشتان سەگێکی بەرەڵڵا

ناڕەسەن نا

لە رەگەزێکی دیکەتر

کە دەلورێنن لە سەرکێشی شەو

پشت لەو دەربەندانەی زایەڵەی مەرگن

کیژێک لە چاوتان بکێشنەوە بەیانی

تینوویە رەنگە جیهان بە جوانیی

بە چاویشیدا کە بەستێنێکە لە وەرزی شیعر

بەرەو باران پێنوسەکانتان لەنگەریان- سەوز

کیژێک فەرزکەن لە نزاکانتاندا

دڕندەیی نا...

بە جادەکانی کەویرەوە... پەڵەی دابێ نیگای...

لە پێستی بادا

فەرزکەن شەوێک لە قەتاردا

فیلمی منداڵانی –با-

لە مەزراکانی لۆکەدا

بە کەژاوەیەکەوە لە شەقامەکانی شار

پڕەنسیس دایانا و

داوێنی بەرزی بایەوانی دەریای سوور

کە لەنگەری بە ئاورەوەیە دەمێکە.

گورگێک لە ژێر داوێنی دا و

سەگێکیش لە سەر ئەو گالیسکانەی روو لە ئافریقا دەبارن

سیگارێکیش روو لە وڵات کە بەهمەنە.

بەو گوڵەبەڕۆژانەی بە تاریکی دەوەڕن

بەو پۆلیسانەی رووبەڕووی هەتاو

دەخولێنەوە بەسەر مەنزوومە تاڵەکان دا

متمانە ناکەم... خاتوون

متمانە بە تەنیایی دار

بە تابووتی جیهان کە لەسەر شانی ئێمەیە

دڵنیام کەوە لە تاڵی بسکەکانت... کە نەریتی منن

وە لە فاڵی چاوت کە رەگەزێکی برێزیلیان لە ناخ دا

دڵنیام کەوە لە لەشت ئەی نیشتمانی تەنیاییم

دڕندەیی ئەو مەنزوومەیە با تاڵانی –با-

"لە پەنجەتدا مێژووی جوانیم

لە چاوتدا جوگرافیای دەریاکانم

لە زاراوەتدا.. رەوانە زمانم.. بەیانان

کە ئاسۆیەکی بە شەقاممەوە.

نە زستان بیانووە بۆ نەپشکوتن

نە پۆلیس هاتووچۆ لە بەفروباراندا

گوللەکانی بەرەو شیعرەکانی ئێوە، کە بێ چەترن

لە وێستگەی هێلی ئاسن: کە بە قەڵەم مووی ڤان گۆک و

بە ریتمی سەمفۆنیای –باخ- کە هاوواتای باغە

فەرزی دەکەم.

گوێچکەیەکی بڕاو دەبینم لە بادا

ماندوو لە دەنگەکان نا.. کە رەنگیان بە تامترین بەرامەیە

دەنگ دەدەم بە بادا .. کە بێ سنور دەژی.

داوێنێکی بەرز لە قەڵەم مووەکەمەوە بە سەر بوومدا دەکشێ

کە لە ژێرییەوە نیو کورەی ئاسک و 

نیسف وێنە هاری گورگ

داوێنێک کە سونامییە بە بەستێنی دڵمەوە

مەلەک دایاناش لە خوێنی ئەفریقا گەوزیوە

لە شەقامەکانی هاوسەروای منچسٍتێر ستی

ئەمن و ئێوەش شاعیرانی ئاوابوون لە ژان

جگەرەیەک لە شەقامەکانی ناشوێن

شیعرێکیش داگیرساو بە ئاسۆکانی ژیانەوە

بەهمەن سەرەتای گورگە و 

فەرز دەکەین پۆلیسەکان

بە کێشی ئەو شیعرە گەیشتوون لە رێگای بارانەوە. 

یوونسی رەزایی

زستانی 1390 بۆکان

پێشەکی

لە خوێندنەوەی قەسیدەی (کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)ی (یوونسی رەزایی)دا لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی زمانەوانیەوە قسە لە پەیوەندییە ئاسۆییەکان دەکەم، لە سەر ئاستی شیعریی و دەلالەت و ناوکۆیی و داڕشتنی تایبەت، پەیوەندییە ستوونیەکان دەخەمە روو، کەواتە (پەیوەندی ئاسۆیی) بە ئەزموونەوە دەلکێ و (پەیوەندی ستوونی) بە سەرسامبوونەوە بەندە، یەکەمیان ئاستەکانی مانای لەخۆدا هەڵگرتووە و دووەمیان ئاستەکانی چێژ دەنوێنێ، یەکەمیان بە مێژوو و بەردەوامییەوە بەندە و دووەمیان لەسەر حەپەسان و چرکەسات وەستاوە... لەو دوو پەیوەندییەوە حیکایەتی ئاشنابوون و نائاشنابوون* بە بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆم دادەڕێژمەوە! دەشێ ئەو دوو پەیوەندییە بە پێی رێبازە ئەدەبییەکان دیاری بکرێن، بەڵام راڤەکردن و خوێندنەوە جیاوازەکان هەمیشە سنورەکانی دیار تێکدەشکێنن و هەرگیز ئابڵوقە نادرێن.

داڕشتنەوەی حیکایەتی پۆلیس و هونەرمەند

لە قەسیدەکەدا پۆلیسێک بە دوای کێشی شیعرێکدا دەگەڕێت، هونەرمەندێک بە دوای جوانی بێ سنوردا وێڵە، ئەوەی ئەو پۆلیس و هونەرمەندە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە مرۆڤبوون و راستی ژیانە، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە ترس و جوانییە...رەنگە پۆلیس چاودێریکردن و گرتنی قەسیدەکەی مەبەست بێت، هونەرمەند هەوڵی جوانکردنی پەیوەندییەکان بدات؟! بە مانایەکی دیکە ئەگەر پۆلیس سیفەتی (گورگ)ی هەبێ، ئەوە راوی قەسیدە دەنێت، ئەگەر هونەرمەند (ڤان کوخ) بێت، ئەوە جوانی بە ئامانج دەزانێت... خودی ئەو خەیاڵەم وەک رووداوێکی واقیعی وەرگرتووە و حیکایەتەکەم لە سەر دروست کردووە!

وەک زەمەن، زەمەنی گێڕانەوە لە پەیوەندی ئاسۆییدا بە رێگای کردەیی و بە پێی سیستمی سروشتی دەرەکی (وەرزی زستان) دەنوێنێ، بەڵام زەمەنی گوتار زەمەنی رووداوەکانی نێوان پۆلیس و هونەرمەندە و بە شێوەیەکی هونەریی لە تەکنیکە ئیستێتیکییەکانی خۆدواخستن و خۆپێشخستن و پەلەکردن و خاوبوونەوە و رەمز و هەست دەردەکەوێت! هەمووان دەزانین هیچ رەگەزێکی زەمەنی بە بێ رەگەزی شوێن بوون و رەنگدانەوەی نابینرێت، شوێن لەو حیکایەتەدا دەکەوێتە نێوان شار وەک بینراو و لادێ وەک نەبینراو، شوێن و زەمەن فەزای حیکایەتەکە دادەڕێژن.

لێرە لە نێوان لێکنزیکبوونەوە و لێکدوورکەوتنەوەی هەر دوو کاراکتەری (پۆلیس و هونەرمەند) چەمکی ئاشنابوون و نائاشنابوون، بۆ پەیوەندی ئاسۆیی و پەیوەندی ستوونی خوێندنەوەکەم دەکەمە رابەر و هەوڵدەدەم نائاشنابوونی (پۆلیس و شیعر) و ئاشنابوونی (هونەرمەند و جوانی) لە حیکایەتی قەسیدەکەدا زێتر روون بکەمەوە. 

هەڵبەتە لێکنزیکبوونەوەی گورگ و پۆلیس و تاریکی و لادێ...لە ( پەیوەندی ئاسۆیی)دا ترس دەخاتەوە! وەک چۆن لێکنزیکبوونەوەی هونەرمەند و رۆناکی و شار... لە (پەیوەندی ستوونی)دا جوانی بەرجەستە دەکات! لە پەیوەندی ئاسۆییدا (گورگ و پۆلیس و تاریکی و لادێ...) رووبەڕووی گوڵەبەڕۆژە دەوەڕێ، لە پەیوەندی ستوونیدا (هونەرمەند و رۆناکی و شار...) وێنەی گوڵەبەڕۆژە دەکێشێ... هونەرمەند لە بەرانبەر جوانی ئاوا دەبێت، پۆلیس لە بەرانبەر جوانی ئاور دەکاتەوە؟! 

راستی حیکایەتەکە ئەوەیە: (ترس رووبەڕووی جوانی فیتوو لێدەدات... ترس رووبەڕووی کڵوەبەفر پێک هەڵدەدا)، یەکەمیان ترسە لە خۆ، دووەمیان ترسە لە سرووشت، یەکە.