ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كورتە فیلمی (فڕین) لەسیناریۆ‌و دەرهێنانی عەبدولوەهاب شوانی وەك تاكە فیلمی كوردی و عێراقی لەفیستڤاڵی نێودەوڵی (ڤیڤا)‌و لەپێشبڕكێی سەرەكی فێستیڤاڵەكەدا بەشداری دەكات‌و كێبركێی بردنەوەی خەڵات، دەكات. 

لەبارەی فێستیڤاڵەكە دەرهێنەر عەبدولوەهاب شوانی وتی "فیستڤاڵی ڤیڤا، روداوێكی گەورەی هونەرییە كە دامەزراوەی ڤیڤا لەسەرایڤۆ پێی هەڵدەستێت لەبوسنە و هەرسك، بۆ پێشبركێی فیلمی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتی، هەمو ساڵێك سازدەكرێ‌ لەمانگی سێبتەمبەر‌و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت". 

وتیشی "كورتە فیلمی (فڕین) تاكە فیلمی كوردی عێراقییە لەفیستڤاڵەكە بەشدارە لەپێشبڕكێی بردنەوەی خەڵات‌و فێستیڤاڵەكە لەرۆژانی (13 بۆ 17ی مانگی سێبتێمبەر)، بەڕێوەدەچێت". 

سەبارەت بەچیرۆكی فیلمەكەشی، شوانی وتی "فیلمەكە باس لەدو قەناس بەدەستی پێشمەرگە و داعش دەكات، لەگەڵ كۆترێكی سپی كە ڕۆڵێگی گرنك دەبینێت وەك سیمبوڵیكی جیهانی". 

وتیشی "فیلمەكە لەو چیرۆكە راستەقینانە رەنگیداوەتەوە كە لەشەڕەكانی دژ بە تیرۆرستان رویانداوە، كە تیایدا پرسیارگەلێك لە زیهنی بینەر دروست دەكات و ناچار بە وەڵامی دەكات". 

ئەو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە چوارەم بەرهەمی ئەوە لەبواری سینەمادا‌و وتی " (فڕین)بەسپۆنسەری رێكخراوی (JKH) و (بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر) و لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای (سكای ئارت)ە". 

لەبارەی ئەكتەرەكانی فیلمەكەش ، عەبدولوەهاب شوانی وتی "لەفیلمەكەدا شاخەوان مستەفا رۆڵی پێشمەرگە و ئیبراهیم رەمەزان رۆڵی داعش بەرجەستە دەكات". 

سەبارەت بەستافی بەرهەمهێنانی فیلمەكەش، شوانی وتی "ئەم فیلمە لەوێنەگرتن و مونتاژی شوكری عەلی‌و سەرپەرشتی بەرهەم ئارین كوردی و لاوەند حەمەد و كاری دەنگ و موزیك لەلایەن توانا خاڵە حەمرین، ئەنجامدراوە". 

وتیشی "فیلمەكە لەمیحوەری خازر لەگوندی حەسەن شام وێنەگیراوە". 

عەبدولوەهاب شوانی، نوسەر و دەرهێنەر، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەكارگێڕی گشتی و بەڕێوەبەری كارگێڕی لەبەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، نوسەرو سیناریستی یەكەم زنجیرە درامای منداڵان بەناوی (وانە) ساڵی (2012)، هەروەها دەرهێنەری هەر سێ‌ كورتە فیلمی (بیگەر، بەردەكانی سەر ڕێگە، مێگەل)، لەساڵی (2000) وە دەستی بەنوسین و كاری هونەری كردوە و دواكاریشی كورتە فیلمی (فڕین)ە.