ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل خه‌یات كه‌ به‌ پیاوی به‌رده‌كه‌ ناسراوه‌ و له‌ماوه‌ی كاری هونه‌ریدا نزیكه‌ی هه‌شتا پێشه‌نگای له‌ناوخۆ و دره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه‌، له‌به‌رنامه‌یدایه‌ پڕۆژه‌ی پیره‌ر نوێ بكاته‌وه‌، به‌پێویستیشی ده‌زانێت كه‌ هونه‌ر بخرێته‌ خزمه‌تی ئاشتی و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌، له‌م دیمانه‌ كورته‌دا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌.

-دوایین پێشه‌نگات له‌كوێ بوو؟ چه‌ند تابلۆی تێدا نمایش كرا؟

+ دوایین پێشه‌نگام له‌ زانكۆی ئه‌مریكی بوو له‌ سلێمانی، رێكخراوی كه‌شكۆڵ كه‌ له‌ناو زانكۆكه‌دا كار بۆ پاراستنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی ده‌كات ئه‌مساڵ وه‌ك شێوه‌كارێك منیان هه‌ڵبژارد و ئیشیان له‌سه‌ر كاره‌كانم كرد، هه‌موو به‌رهه‌مەكانم كرانه‌ دیجیتاڵی كه‌ نزیكه‌ی چوار هه‌زار به‌رهه‌م ده‌بن.

-بۆچی ناوی پێشه‌نگاكه‌ت ته‌مه‌ن بوو؟ 

+چونكه‌ نموونه‌ی هه‌موو كاره‌كانمی تێدابوو كه‌ 54 ساڵه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌بواری هونه‌ردا كار ده‌كه‌م.

-بۆ ناویان لێناوی پیاوی به‌رده‌كه‌؟ 

+له‌ساڵی 1993 له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێ پێشه‌نگایه‌كی هاوبه‌شمان له‌ شه‌قڵاوه‌ كرده‌وه‌، جگه‌ له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانمان هه‌رسێكمان كۆمه‌ڵێك كارمان له‌سه‌ر به‌رد كردبوو، دواتر حه‌زی كاركردن له‌سه‌ر به‌رد له‌لام مایه‌وه‌ و به ‌به‌رده‌وامی كارم له‌سه‌ر به‌رد كرد، تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ كارێَكی هونه‌ریم له‌سه‌ر شاخێك له‌نێوان دێگه‌ڵه‌ و كۆیه‌ كرد به‌ناوی ئاشتی بۆ كوردستان، له‌ناوچه‌ی پیره‌ر، له‌مه‌ به‌دواوه‌ به ‌پیاوی به‌رده‌كه‌ ناسرام، به‌ڵام ئیشكردن له‌سه‌ر به‌رد ته‌نیا به‌شێكه‌ له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم.

-بیرۆكه‌ی ئه‌م كاره‌ت چۆن بوو، ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕێگه‌ی كۆیه‌دا بچیته‌ هه‌ولێر له‌ پیره‌ر هه‌ست به‌چی دەكه‌یت؟

+ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ چه‌ند جارێك كارم له‌سه‌ر كردووه‌، یه‌كه‌مجار خۆم و برایه‌كم و چه‌ند كرێكارێك بووین، دواتر كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم به‌شداریان تێدا كرد، چه‌ند جارێك سه‌ردانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌م كردۆته‌وه‌، حه‌ز ده‌كه‌م پرۆژه‌كه‌ تازه‌ بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك مێژوونامه‌یه‌ك بوو دژی شه‌ڕ، بۆیه‌ ئێستا پێم خۆشه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌، كاتی خۆشی كه‌ پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌كه‌م كردەوه‌، زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاییه‌كان و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كان ئاماده‌ی بوون، ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌م كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كردستان هه‌بوو، نامه‌یه‌ك بوو له‌ هونه‌رمه‌ندێكی كورده‌وه‌ دژ به‌ شه‌ڕ، به‌تایبە‌تی شه‌ڕی براكوژی، له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو.

 

-تائێستا چه‌ند پێشه‌نگات كردۆته‌وه‌؟ ئایا له‌سه‌ر كاره‌كانت به‌رده‌وام ده‌بێت؟

+له‌كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگا له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رده‌وامم، له ‌سوید، ئه‌ڵمانیا، هه‌نگاریا، ئه‌مریكا، نه‌رویج و هندستان له‌ ئێران و له‌ ئه‌رده‌ن لوبنان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ پیشه‌نگام كردۆته‌وه‌، تا ئێستا نزیكه‌ی هه‌شتا پێشه‌نگام له‌ناو كوردستان و دره‌وه‌ی عێراق كردۆته‌وه‌، ساڵی رابردوو له‌ هه‌نگاریا وۆرك شۆپێكم له‌سه‌ر چۆنییه‌تی دروستكردنی وێنه‌ له‌سه‌ر به‌رد هه‌بوو، هاوكات پرۆژه‌یه‌كم هه‌بوو له‌سه‌ر نه‌خشاندنی وێنه‌ له‌سه‌ر به‌ردی هه‌نگاریا و كوردستان و پێشه‌نگایه‌كیش بۆ پرۆژه‌كه‌ له‌ كوردستان كرایه‌وه‌، ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ی له‌سه‌ر به‌ردی كوردستان دروستم كردبوون نێردران بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری هه‌نگاریا، ئه‌و كاره‌ هونه‌ریانه‌ش له‌سه‌ر به‌رده‌كانی هه‌نگاریا دروست كرابوون دامانه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ هه‌نگاریا یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ كه‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌.

-تاچه‌ند گرنگه‌ هونه‌ر له‌ خزمه‌تی ئاشتی و ژیاندا بێت؟

+كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند كاریان له‌سه‌ر تراژیدیاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال كردووه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌نگیكه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئاشتی هه‌بێت ئه‌مانه‌ ڕووناده‌ن، گه‌یاندنی نامه‌ی ئاشتی له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ چه‌ندین نموونه‌ی گه‌وره‌ی له‌ جیهاندا هه‌یه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ مێژووی هونه‌ر، كاركردن له‌پێناو ئاشتی له‌ڕێگه‌ی هونه‌رەوه‌ نامه‌یه‌كی پیرۆزه‌.