ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئاسۆ بیارەیی

 

زمانێکی گەرمیانی، تێکەڵەی کەرکووکی و ناوچەی شوان، وشەی نازادار و نیان، وێناکردنی پێکهاتەی خێزانی ڕۆژهەڵاتی و پێوەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پێکردووە، گرێدانێکی نایاب لە نێوان کۆمەڵگەی عارەبی و کوردی. ئەم ڕۆمانە هەنووز چاپ نەکراوە، بەڵام ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دەگەڕێنەوە بۆ سێ ماوەی جیاواز، سەردەمی بەعس، دواتر و دەسەڵاتی کوردی. مژارەکانی پڕن لە ئاوێزانکردنی ئازار و لێکبەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی باوکسالاری و ژێردەستەیی مێینە لە کۆمەڵگەدا.

نووسەر بە سەلیقەیەکی سالارانە توانیویەتی بە خامەکەی پێکهاتەی خێزانی رۆژهەڵاتی وێنا بکات، کە چۆن جەنگ، لێکترازانی خێزان و هەژاری و شەڕ، دەبێتە بەشمەینەتی ئافرەت و لە لایەن هێزە بزوێنەرەکانی کۆمەڵگە(باوکسالاری) دەچەوسێنەوە. بەردەوام پیاوەکان باڵادەستن و کۆمەڵگە بەگشتی ئەوان بەڕاست دەزانێت. نووسەر بە شێوەیەکی زەلالانە باسی ئەوە دەکات کە چۆن داوێنی ئافرەت بڤەیە و خەوشێکی گەورەیە بۆ خۆی، ئەگەر هەڵەی پیاویش بێت. نووسەر زۆر بوێریانە باسی بەکاڵاکردنی لەشی ئافرەت دەکات و چەوا دەسەڵات خۆی لە ستەمی پیاوان دژی ژنان دەدزێتەوە.

خاڵێکی گرنگ کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەنرخە، ئەوەیە کە بەداخەوە خودی ئافرەتان ڕۆڵی وەبەرهێنەرەوەی باوکسالاری دەبینن. ئەوەش لەوەدا دەردەکەوێت، کە چۆن (سەراب) کچە پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە شۆفێری تەکسییەک لە سلێمانی فریوی دەدات و لە ماڵێکی سۆزانی دەستدرێژی دەکاتە سەر و کە سەراب ڕادەکات لە پۆلیسخانەی شار دەکەوێتە بەر تانە و گاڵتەی پۆلیسەکان و بڕوای پێ ناکەن. ئەو ژنە بازرگانە لە پیاوەکان دڕندەتر بەرامبەری.

نووسەر ژیرانە ناوی ئایکۆنەکانی هەڵبژاردووە، لەوانە ئوم قاسم، وەفا، ئەوین و سەرکەش، تەواو لەگەڵ کەسێتی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا بگونجێ. هەژاری و نەداری، شەڕ و تەقینەوە، دووبابەتی دین کە نووسەر، توانیویەتی پێکەوە گرێیان بدات، کە چۆن شیرازی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێک دەدەن و هۆشیاری لە بیری تاکەکان دەسڕنەوە.  کەوتنی ئەوین و خۆشەویستی بەژێر بەزەیی دەسەڵاتی باوکسالارییەوە، دیاردەیەکی دی زەقی ناو کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانن کە نووسەر بەردەوام زەریف وێنای کردوون.

ڕۆمانەکە تەنیا چەند لاپەڕەیەکە، بەڵام هێندە پڕپیت نووسراوە، کێشەکانی ئاین و لقەکانی (شیعە و سوننەگەرایی) لە خۆ گرتووە و دیاردەی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنانیشی گرتووەتە خۆ. دیاردەیەکی قێزەون کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناشیرین کردووە، لەوانە کوردی.

بەستنەوەی واقعی کوردستان بە عەرەبستانەوە و نەبوونی خاڵی هاوبەش لە نێوان عارەو و کوردەوە و جیاوازییەکانیشی باس کردووە. لە ڕووی سیاسییەوە، نەبوونی دەسەڵاتێک کە بەرگری لە مافی مێینە بکات و ئاوا بەو شێوەیە کاری لەشفرۆشی لە ژێر دەسەڵاتی خێڵەکی کوردیدا گەشە بکات، بەڵکو کوشتنی ئەو کەس و لایەنانەش کە هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو پرۆسە بازرگانییە دزێوە دەدەن. بوونی لاوازی رێکخراوی ژنان و بێ دەسەڵاتیان بەرامبەر دەسەڵاتی ئەو گرووپە مافیایانەی کە لە کوردستان هەن، کە هەندێکیشیان ڕاستەوخۆ لە سێبەری حزبدا تاوانی فرۆشتنی مرۆڤەکان دەکەن، ئاستێک کە نیشانەی بۆگەنی کۆمەڵایەتی و پاشاگەردانی پێوە دیارە. ئەدی بۆ دەبێ پۆلیس و دەزگا ئاسایشەکان نەتوانن بەرگری لە هاووڵاتی بکەن؟ 

من زمانەوان نیم، بەڵام زۆر چێژم لەو شێوە دیسکۆسە فەیلی، لوڕی، زەنگەنە و گەرمیانی بینی کە  خامەکەی نووسەر ئەم ڕۆمانەی پێ جوان کردگە.  بەستنەوەی ژیانی پێشمەرگایەتی و ڕۆڵی ژن، دیسان پشکێکی دییە کە نووسەر ڕەنگی ڕۆمانەکەی پێ ڕازاندووەتەوە.

وەک دەروونناسێکی کۆمەڵگە، دەتوانم بڵێم، نووسەر لێزانانە توانیویەتی تراومایەک(داخورپەیەك) بخاتە ڕوو، کە نێوەی کۆمەڵگە پتر پێوەی دەناڵێ و نیشتمانی لێکراوەتە گۆڕستان، ئەویش بەهۆی ژنبوونی ژنەوە، بەهۆی باری جەستەیی و کۆمەڵێک پێوەری کۆنی سەدەکانی ناوەڕاستەوە.

وێڕای دەستخۆشی، هیوادارم هەر کەسێک ئینگلیزی بزانێ، ئەم ڕۆمانە وەرگێڕێتە سەر ئەو زمانە. ئەمە سامانێکی نیشتمانییە. لێ وێژە ئاستی گەشەکردنی کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو گەنجینەی کۆمەڵە. مەگەر خۆ بە گاڵتە داگیرکەران زمانی شیرنی کوردییان قەدەغە نەکردووە.

 

 

*لەگرەوە: لێرەوە، وشەیەکە لە هەڵەبجە بەکار دێت.

  • 1