ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شیعریه‌ت چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ كه‌ باس له‌ شیعر ده‌كه‌ین ئه‌بێت به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ باسی بكه‌ین و ڕێزی لێبگرین، له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا هیچ قه‌یدو مه‌رجێك بۆ شیعر دانه‌نراوه‌ به‌ناوی شیعری ئازاده‌وه‌، سه‌رده‌می وه‌زن و قافیه‌و به‌حره‌كانی شیعریش به‌سه‌ر چوو، شیعریش وه‌ك هه‌موو زانستێكی تر له‌ گۆڕاندایه‌، ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ئه‌ڕوات نه‌ك به‌ره‌و دواوه‌ شیعری كوردیش له‌سایه‌ی شاعیره‌كانیه‌وه‌ توانیویه‌تی له‌و ڕه‌وته‌ دوانه‌كه‌وێت له‌و شه‌پۆلانه‌ بێبه‌ش نه‌بێت، شیعری هاوچه‌رخیش له‌ده‌یه‌ی هه‌فتاكانه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ئه‌نێت. ...شعریه‌ت واتا هه‌بوونی هه‌موو بنه‌ماكانی شیعری ئه‌مڕۆی تێدا به‌(زمان و وێنه‌ و ڕیتم و مۆسیقاو ته‌كنیك و فه‌نتازیا و كۆد و باگراوه‌ندی فیكرو و فه‌لسه‌فه‌و مه‌عریفه‌ )هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌رهه‌می شیعریه‌تن جگه‌ له‌وانه‌، كۆپی نه‌كردنی واقع، كۆپیكردنی واقع كاری میژوو نووسانه‌ نه‌ك شاعیران. شیعر وه‌ك هه‌ر ژانرێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌راپای جه‌سته‌ی خه‌یاڵه‌، گرنگه‌ شاعیرمامه‌ڵه‌كردنی له‌ گه‌ڵ ڕووداوه‌كان مامه‌ڵه‌ی میژوو نووسیانه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌بێت واقع بكاته‌ جه‌مسه‌ری خه‌یاڵ. ئه‌وه‌ی شیعری ئازاد جوان ئه‌كات بریتیه‌ له‌وه‌ی خوێنه‌ر تووشی وه‌ستان و بكات له‌سه‌ر دێڕێك و سه‌راسیمه‌ی بكات، كه‌واته‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی شیعریه‌ت وشه‌ و ڕسته‌ڕیز كردن نیه‌ چونكه‌ ژانری شیعر له‌ هه‌موو ژانره‌كانی تر قووڵتر و به‌رزتر و گه‌وره‌تر و وه‌بناغه‌یه‌ بۆ نووسینی ژانره‌كانی تریش، ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ بۆمان ڕوون ئه‌بێته‌وه‌، له‌ كۆندا شیعر ڕووبه‌رێكی فراوانی داگیر كردووه‌، به‌ چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕوه‌ تا گه‌شتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا‌ وه‌هه‌ر قۆناغێكیش له‌و قۆناغانه‌ زه‌مه‌نێكی ویستووه‌ هه‌تا گه‌شتۆته‌ دواپله‌ی كامڵبوون. چه‌ند فاكته‌رێكیش ده‌وریان هه‌بووه‌ له‌ ڕێبازه‌كانی شیعردا هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ك(دادای و عه‌به‌سی و زاهیری و سریالیست و ڕیالیزم ....)هه‌ر وه‌ك وتم: شیعر وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیا له‌ پێشكه‌وتندایه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی نه‌ك ستوونی، ئه‌ده‌بی كوردیش كاریگه‌ری ئه‌م ڕێبازانه‌ی له‌سه‌ر بووه‌، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ شیعیری ڕۆمانسی و ڕیالیزم و بونیاتگه‌ریدا...هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م ڕه‌وتانه‌ دره‌نگ گه‌شتوونه‌ته‌ ئێمه‌. هه‌ر یه‌ كێك له‌ شاعیره‌كانمان له‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كدا خشتێكیان خستۆته‌ سه‌ر دیواری ئه‌ده‌بی كوردی به‌ تایبه‌ت ژانری شیعر.ئه‌گه‌ر له‌ نالیه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ توانی ڕه‌چه‌شكێنی بكات له‌ وێنه‌و ئیستاتیكا بداته‌ چه‌مكی شیعر و به‌ كوردی بنووسێت، دوای نالیش گه‌لێك تر هاتن هه‌ر یه‌كه‌و خشتێكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و دیواره‌ وه‌ك و گۆران و شێخ نوری شێخ ساڵح و هه‌تا گه‌شته‌ ڕێبازی ڕوانگه‌و گروپی كفری و پاشانیش ڕه‌هه‌ندییه‌كان و نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین....ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر قه‌یرانی شیعری كوردییه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و یان له‌ بۆنه‌و یاده‌ حیزبیه‌كاندا به‌ناوی شیعره‌وه‌ ئه‌خوێنرێنه‌وه‌، كه‌ من به‌ شیعری چه‌پڵه‌وشیعر ناویان ئه‌به‌م و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بنه‌ماكانی شیعر بوونیان تێدا نیه‌، ته‌نها وشه‌ ڕیزكردنه‌ جه‌ماوه‌ره‌ ته‌مه‌ڵه‌كه‌ش ئه‌یكه‌نه‌ چه‌پڵه‌ لێدان و یان له‌ فه‌یسبوك به‌ لایك و كۆمێنت دایئه‌گرن...ئه‌و كه‌سه‌ش خۆی لێئه‌بێت به‌ شاعیر و شانازی ئه‌كات كه‌ جه‌ماوه‌ری زۆری هه‌یه‌....نازانێت ئه‌و شیعره‌ی به‌ زمانی گفتوو گۆ نووسرا بێت زه‌مه‌ن كاڵی ئه‌كاته‌وه‌ و میژووش ئه‌یخاته‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ تازه‌ به‌تازه‌ شیعر ئه‌به‌نه‌وه‌ بۆ زه‌مه‌نی پێش ده‌یه‌ی حه‌فتاكان ئه‌م به‌ناو شاعیرانه‌ وه‌ك تووتی ڕۆژ نیه‌ شیعر نه‌نووسن و كتێب دوای كتێب چاپ نه‌كه‌ن. نووسینی شیعار به‌ناوی شیعره‌وه‌ قه‌یرانه‌ به‌رۆكی شیعری گرتووه‌، ئه‌مانه‌ شیعری كوردی ئه‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ دواوه‌. له‌ هه‌مووی سه‌یرتر لاوه‌كان گیرۆده‌ی ئه‌م شیعرانه‌ بوون ئاشكرایه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك ڕۆڵیان هه‌بوو له‌بره‌ودان به‌م جۆره‌ شیعرانه‌ كه‌ به‌هۆی پاڵپشتی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ شیعری كوردی دواكه‌وت.

وه‌ك ( ئه‌دۆنیس) ئه‌ڵێت: شیعر به‌ ئاقاری نادیاردا ئه‌ڕوات نه‌ك دیار.. وه‌زیفه‌ی شیعر ئه‌بێت كۆدی هه‌بێت و تووشی تێڕامان و سه‌ر ئێشه‌ت بكات، ده‌یان جار بیخوێنیته‌وه‌و بگه‌ڕێیت به‌ دوای تاڵه‌ داوه‌ ئاڵۆسكاوه‌كانیدا نه‌ك به‌ یه‌ك جار لێی حاڵی بیت، ئه‌و شیعرانه‌ی به‌ یه‌كجار خوێندنه‌وه‌ لێیان بگه‌یت ناچنه‌ خانه‌ی شیعری سه‌رده‌مه‌وه‌. ..شیعر ئه‌بێت ڕه‌هه‌ند بێت و مه‌عریفه‌یه‌كت پێببه‌خشێت، نه‌ك شتی سوارو و دووباره‌ بوو...فكر و فه‌لسه‌فه‌ هه‌ردووكیان ئه‌ڕۆن بۆماڵی شیعر و قوڵتری ئه‌كه‌ن تێڕامانی ئه‌ده‌نێ ئه‌مانه‌ باگراوه‌ندی شیعرن. بنه‌ما جوانه‌كانی شیعر بێجگه‌ له‌ زمانی چڕو وێنه‌و خه‌یاڵو مۆسیقا و فه‌نتازیا ...ئه‌بێت شیعریه‌ت تیایدا یتوێته‌وه‌ ئینجا ئه‌ڵێین ئه‌مه‌ شیعری سه‌رده‌مه‌.

مه‌خابن بۆ شیعری كوردی به‌ ده‌ست ڕسته‌و وشه‌ ڕیزكردنه‌وه‌ به‌ناوی شیعاره‌وه‌ تووشی بووه‌، ئه‌م به‌ناو شاعیرانه‌ كه‌ ئێستا شاعیرن و چه‌پڵه‌یان بۆ لێئه‌درێت ..به‌ڵام ڕۆژێك دێت مێژوو ڕه‌حمیان پێ ناكات و ئه‌یانخاته‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌.شیعری كوردی هه‌میشه‌ ڕه‌وڕه‌وه‌كه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ بووه‌ هه‌قه‌ ئیتر ئه‌م شاعیرانی چه‌پڵه‌و شیعارو لایك و كۆمێنتانه‌ خۆیان بشارنه‌وه‌.

 

  • 1