ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

و. حەمەسەعید حەسەن

نیشتمانێکی دلۆڤان و ژنێکی جوان،

هەر ئەو دووانە شیاوی ئەوەن، لە پێناویاندا بجەنگین.

حەمزاتۆڤ

 

١

زامی کامیان بەسوێترە؟

ژنێ جێگەی

سەرنجی پیاوان نەبووبێ؟

یان شاعیرێ

هیچ شیعرێکی

جوان نەبووبێ؟

 

بڕوام بە سێ دەرمان هەیە

بۆ هەموو دەردێ دەست دەدەن،

هەم بۆ ئازاری دەروون و

هەم هیی بەدەن،

یەکەم: موزیک

دووەم: شیعر

سێیەم: دایکی

جوان و دلۆڤانی وەتەن.

 

ئەی نیشتمان

هەر چییەکم دەست کەوتووە

لەگەڵ تۆدا بەشیان دەکەم،

چی مەدالیام وەرگرتووە

لە بەرۆکی تۆیان دەدەم.

 

بە مندا دەناسرێنەوە

گەل و وەتەن

کەچی کە دەگەڕێمەوە

داوای ناسنامەم لێ دەکەن.

 

وەکوو چۆن جوانترین گۆزە

لە گڵی ئاسایی دەکرێ

جوانترین شیعریش بە وشەی

ئاسان و سادە دەنووسرێ.

 

کێشە نییە کە ناتوانی

ببی بە ئەستێرەی ئاسمان

هەوڵ بدەی

دەبی بە چرای نیشتمان.

 

سواری ئەسپی خەڵکی مەبە!

چونکە دەبێ درەنگ یان زوو

لێی دابەزی،

ئەسپی بیری

کەسانی دیکە زین مەکە

ئاخر بەوە دەڵێن: دزی.

*

شیعری: ڕەسوول حەمزاتۆڤ

(١٩٢٣ - ٢٠٠٣)

 

٢

دەزانیت شتێک نییە لە ژیان خۆشتر،

کەچی بەبێ ئەوەی ناچار بکرێیت،

خۆت بۆ کەسانێک بە کوشت دەدەیت کە هەرگیز نەتدیون.

نازم حیکمەت

 

ئەی ئەو ژنەی

لە دونیادا من هەر تۆم هەی!

لە دوا نامەتا پێم دەڵێی

من ئەوەندە خۆشم دەوێی

گەر تۆ لە سێدارە بدرێی

دەسبەجێ مێشکم شەق دەبا

منیش دەمرم

لە ئێستەوە

دڵم بە پەلە لێ دەدا.

 

نا ژنەکەم

دوای من دەژیت

یادم وەک دووکەڵی دەم با

بزر دەبێ

دوای ساڵێ کەس ناوم نابا.

 

خوشکە قژزەردەکەی دڵم!

ئەی هەنگی جوان و دڵزێڕین!

ئەی ئەو ژنەی چاوەکانت

شیرینترێکن لە هەنگوین

خەمت نەبێ من ناکوژرێم

سەلکەتوور نیم

بە ئاسانی

هەڵبکێشرێم.

*

شیعری: نازم حیکمەت

(١٩٠٢ - ١٩٦٣)

 

٣

 

ڕەنگە بتوانیت هەموو گوڵەکان بقرتێنیت،

بەڵام ناتوانیت ڕێ لە هاتنی بەهار بگریت.

نێروودا

 

دەمرێ بەڵام بە شێنەیی

ئەوی نە سەفەرێ بکا،

نە کتێب بخوێنێتەوە،

نە گوێ بۆ مۆسیک ڕادێرێ،

نە بزانێ

شتی نوێ بدۆزێتەوە.

 

دەمرێ بەڵام بە شێنەیی

ئەوی شکۆی شکێنرابێ،

ئەوی هەرگیز

یارمەتی کەسی نەدابێ.

 

دەمرێ بەڵام بە شێنەیی

ئەوی کۆیلەی نەریتێ بێ،

ئەوی هەموو ڕۆژێ هەمان

ڕێگە ببڕێ،

ئەوی هەرگیز

نە مامۆستاکەی گۆڕیبێ

نە ڕەنگی جل،

ئەوی هەرگیز

غەریبێکی نەناسیبێ.

 

دەمرێ بەڵام بە شێنەیی

ئەوی ڕێگە

لە هەڵچوونی سۆزی بگرێ،

ئاخر ئەوە تەنیا نیشاندانی سۆزە

لێ ناگەڕێ

ئەوین بمرێ.

 

دەمرێ بەڵام بە شێنەیی

ئەوی خەمی لێ دەچۆڕێ

کەچی شوێنی خۆی ناگۆڕێ،

ئەوی بۆ بەدیهێنانی

خەونەکانی

بەرەو ڕووی مەترسی ناچێ،

ئەوی لە عومریدا جارێ

لە مۆچیاری یاخی نابێ.

 

ئێستا بژی!

ئەمڕۆ سەرکێشی بنوێنە!

خێرا دەستپێشخەری بکە!

ڕێ خۆش مەکە

بۆ مردنی بە شێنەیی

خۆت لە شادی مەتۆرێنە!

*

شیعری: پابلۆ نێروودا

(١٩٠٤ – ١٩٧٣)

*

(*) هەندێک سەرچاوە ئەم شیعرەی (پابلۆ نێروودا)یان بە هی (مارتا مێدیرۆس) کە خاتوونە نووسەرێکی بەرازیلییە، لە قەڵەم داوە.

(**) لە سوێدییەوە کردوومن بە کوردی.