ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ماوەی رابردوودا لە شاری هەولێر‌و لە نێو باڵەخانەی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی هەولێر، گەلەرییەكەی نوێی هونەری بەنێوی (گەلەری هونەر )كرایەوە، كە بووە جێگای خۆشحاڵی هونەرمەند‌و هونەردۆستانی شاری هەولێر بە گشتی‌و شارەكانی تری كوردستان، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی كاروبارەكانیان بین چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مامۆستا (ئەمیر دالی) رێكخەری گەلەرییەكە كرد:

دیمانە: هێرش مەغدید

-كێن ئەوانەی سەرپەرشتی ئەو گەلەرییە دەكەن؟

+ئێمە كۆمەڵێك كەسانێكین خۆشەویستی زۆرمان بۆ هونەر‌و بوارەكەی خۆمان هەیە، ئەو ئەركە جوانەمان لە ئەستۆ گرتووە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەت بە هونەرەكەی خۆمان بكەین، كە پێكهاتووین لە (نزار مەحمود‌و ئەمیر دالی‌و سۆران ئیسماعیل) وەك ناوەندی شێوەكاری، سەرپەرشتیاری ئەو گەلەرییە هونەرییە دەكەین.

-ئامانجتان لە كردنەوەی ئەو گەلەرییە چی بوو؟

+ئامانجمان لەم گەلەرییە بۆ بەرەوپێش چوونی بواری هونەرە لە كوردستانی ئازیزدا، شانبەشانی وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری هونەردا، بێگومان زۆربوونی گەلەری بۆ شێوەكاران دەرفەتێكی تر دەڕەخسێنێ‌‌و ئاسانكاری زۆریان بۆ دەكات بۆ ئەوەی بەربەست لە بەردەمیان نەمێنێ‌ بۆ نیشاندان‌و گەیاندنی كارەكانیان بە بینەر..

-هەموو هونەرمەندێك دەتوانێت لەو گەلەرییە پێشانگا بكاتەوە؟ بە دیوێكی تر بەرامبەر بە كردنەوەی پێشانگاكەی ئێوە هیچی لێ‌ وەردەگرن؟

+بەڵێ‌ هەموو هونەرمەندێك لەهەر شارێك بێت دەتوانێت كارەكانی خۆی لەو گەلەرییە نمایش بكات، دەتوانێت سەردانمان بكات‌و بۆ ئەوەی رۆژەكە دەستنیشان بكات بۆ نمایش كردنی كارەكانیان. بۆ وەڵامی پرسیارەكەی تر، ئێمە تاكو ئێستا بڕیارمان نەداوە بەڵام لە داهاتوودا شتێكی رەمزی لە هونەرمەند وەردەگرین ئەویش بە مەبەستی دابینكردن‌و دروستكردنی ڤۆلدەر‌و پۆستەر‌و كەمێك پێداویستی ترە كە لە رۆژانی پێشانگاكاندا پێویستیان پێی دەبێت.

-ئەو گەلەرییە تەنها ئەو تابلۆیانە لە باوەش دەگرێت كاتێك هونەرمەند پێشانگا دەكاتەوە؟ یاخود بەردەوام تابلۆی هونەرمەندەكانیش تیایدا هەڵدەواسرێ‌؟

+دەستپێكی ئەم پێشانگایە بە كەڵە هونەرمەندانی شاری هەولێر دەستمان پێكرد، لە رێورەسمێكی شایستەدا تابلۆكانی ئەوانمان لە باوەش گرت ‌و نیشانی بینەرانماندا.. هەروەها دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو گەلەرییە تەنها نمایشكردنی تابلۆ لە خۆناگرێت، بەڵكو هونەرەكانی تری وەك سیرامیك‌و وێنەكێشان‌و پەیكەرسازیشی تیادا نمایش دەكرێت، لە هەمان كاتدا هونەرمەندان دەتوانن سمینار‌و ۆرك شۆپ‌و كاری ئەنستلەیشن‌و ڤیدیۆ ئارت‌و كاری مۆدێرن ئارتیشی تێدا بكەن..