ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شیخ سدیق

پەرداخە چایەکەى نا بە سەرییەوە، چەند هەنگاوێک بۆ دواوە گەڕایەوە، لە تابلۆ نوێیەکەى دەڕوانى و بێزار دەبوو، پەردەى پەنجەرەکەى لادەدا و لە دەرەوەى دەڕوانى، دنیا کشومات و چۆڵ دەنگى خشەى مێرووش نەدەهات.

× × ×

دەنگى شمشاڵێک بە ئاستەم دەهاتە گوێ، سەرنجێکى لە شمشاڵى ژوورەکەى دا و دایگرت، کەوتە ژەنینى و دەست و پەنجەکانى هێندە بە ناسکى لە سەر کونەکانى دادەنا پڕبوون لە سۆز بۆ ژیان ...

فرمێسک بە چاوەکانیدا زەنگۆڵەیان بەستبوو، تیلى چاوەکانى لە سەر سکێچى ئەو تابلۆیە بوو کە ماوەى چەند ڕۆژێک بوو کارى لەسەر دەکرد، فرمێسکەکانى لە کونى شمشاڵەکەوە دەکەوتنە ناو پەرداخى سەر مێزەکە.

لە ناکاو دەنگى شمشاڵە دوورەکە بە ئاستەم دەهات، ئەمیش پەنجەکانى لەسەر کونى شمشاڵەکەى لە سەما و جوڵەى شێتانە هەڵگرت و خامۆشى باڵى بەسەر ژوورەکەدا کێشا و کورسییەکەى هەڵگرت، لە بەرانبەر سێکێچى وێنە نوێیەکەى دانیشت، بەدەم جگەرەکێشانەوە کەوتە تێڕامان و بیرکردنەوە، هەستایە سەرپێ، دەستیکرد بە کارکردن لە تابلۆکەیدا، زۆر کاری تێدا کرد، ماندوو بوو، چووە بەرهەیوانى ژوورەکەى، هەناسەیەکى قووڵى هەڵکێشا، لە لووتکەى شاخ و دۆڵ و گابەردى لاپاڵى خانووەکەیى و دارگوێزە هیلاک و ماندووە ڕەنگ زەرد هەڵگەڕاو و باخە سوتاو و زەوییە وشک هەڵاتووەکانى دەڕوانى... پەیژەى نابەدیوارى خانووەکەیەوە، سەرکەوتە سەربان و هەندێک لە چواردەورى ڕوانى لە نزیک و لە دوور. دەستەکانى خستە سەر چاوەکانى وەکو سێبەرێک بۆ ئەوەى زیاتر و دوورتر بڕوانێ و هیچى بەدى نەکرد و هاتە خوارەوە.

تابلۆ نوێیەکەى خستە سەر شانى بە پەیژەکەدا بردیە سەربان، لە ناوەڕاستى سەربانى خانووەکەى دایمەزراند، کەمێک هاتە دواوە و سەیرێکى کرد و بۆ ئەوەى بزانێت لار و لێوار داى نەناوە، ڕۆیشتە تەنیشت تابلۆکە و هەندێکی جوڵاند یوو، ڕۆیشتە سووچێکى دى بە تیلەى چاو لەنگەرى لێدەگرت، پاش ئەوەى دڵنیا بوو لە دانانى هەناسەیەکى قووڵى هەڵکێشا، دەستەکانى لەسەر کەمەرى دانا، دەنگى خوێندنى کوندەپەپوویەک سەرنجى بەلاى خۆیدا ڕاکێشا، لە دڵى خۆیدا گوتى: (کاتێ منداڵ بووم دایکم دەیگێڕایەوە کە کوندەپەپوو چەند بەوقوومە لە هەر شوێنێک بخوێنێت کاولکارى روودەکاتە ئەو شوێنە).

(هەرکاتێ گوێم لە خوێندنى کوندەپەپوو دەبێت ترسێک لە دڵمدا چەکەرە دەکات، ئێستایش کە گوێم لە دەنگى خوێندنى کوندەپەپووەکە بوو، هەمان ترس و هەستى منداڵى دڵى داخورپاندم).

بە پەیژە دارینەکەدا ڕۆیشتە خوارەوە، شمشاڵەکەى لە پشتى تابلۆکاندا دەرهێنا ، ڕۆیشتەوە بۆ سەربانى خانووەکەى و دەستى کرد بە ژەنینى شمشاڵ، دەشت و چۆڵ و شاخەکان پڕبوون لە دەنگ و ئاواز، پەنجەکانى لە سەرکونى شمشاڵەکە سەمایان دەکرد، بە وێنەى با دەنگى پڕسۆزى دەگەیشتە هەورەکان، لەگەڵ نەسیمى باى وەشتا تێکەڵ دەبوون، عاریفانە دەیژەن و بینى لێ دەخواردەوە لە سەمفۆنیاى ئۆرکسترا جوانتر دەهاتە گوێ.

دار و گەڵا و بەرد و چیا کپ و بێدەنگ، هەموو شتێک لە جووڵە کەوتبوون. عارەق بە نێوچاوان و لامل و ڕوومەتەکانیدا دەهاتنە خوارەوە، ماندوو و شەکەت لە سەرخۆ و بە هێواشى شمشاڵەکەى لە ژەنین ڕاگرت. هەندێک لە تابلۆکەى ڕوانى و بە نەرمى لە سەرخۆ بە پەیژە دارینەکەدا هاتە خوارەوە، لە سەر چرپاکەى لە سەرگازەراى پشت پاڵ کەوت و دواى کەمێک پشوودان هەستایە سەرپێ و دەستى کرد بە ئاڵوگۆڕکردنى تابلۆکان.

شمشاڵەکەى بە تەنیشتى تابلۆیەکەوە دانا و تاوێک لە وێنەى پیاوە شمشاڵ بەدەستەکەى ناو تابلۆکە ڕاما و لەسەر چرپاکەى پاڵکەوتەوە و چاوى لەسەر ئەو تابلۆیە ڕاگرت، نەیدەزانى لە چ ساڵێکدا وێنەى کێشاوە. گۆڕستانێکى گەورە بوو، هەر کێلێک ناونیشانێکى لەسەر نووسرابوو.. 

گۆڕێک نووسراوەکەى بە گەورەیی دیاربوو، زیاتر سەرنجەکانى قووڵتر و چڕتر کردەوە، نووسرابوو؛ دوا ئارامگاى (پەرێزای تەقوایى). ئەم گۆڕە گەڕاندیەوە بۆ سەردەمى منداڵى کاتێک لە ماڵى شێخ مەلیک پەرێزاى ناسیوە، ئەویش دایکى دەفژەن بووە. کەوتە دنیاى ئەفسوناوى منداڵى و خەیاڵ دەیڕفاند بە کوچە و کۆڵانەکاندا، یارى کردن و سەرکەوتن بە دار و دیوار و شەڕەئاو و چاوشارکێ و کۆڵانە و کۆڵان و گرتنى مەمکى بچکۆلانەى پەرێزا و، خۆشاردنەوەیان لە ژوورە تاریکەکان و جوڵاندنى حەزە سێکسییەکان کە تازە گەشەیان کردبوو، حەزیان دەکرد کۆڕى زیکرى دەروێشان دەستپێبکات بۆ ئەوەى دایکیان سەرگەرمبن بە ژەنینى دەفەکانیانەوە، تاکو ئەمانیش خۆیان بە یارى کردنەوە سەرگەرم بکەن. ڕۆژ بە رۆژ گەورە دەبوون. پەریزا مەمکەکانى گەورەتر دەبوو، بۆیە یاریەکانیان دەگۆڕا بۆ خۆشەویستى یەکترگووشین و ماچکردنى یەکتر.... ئەم خەیاڵە خۆشانە پەلکێشى دەکرد بۆ ئەو ڕۆژە پاک و جوانانەى منداڵى و هەرزەکارى.

بەناو تابلۆکاندا دەهات و دەچوو، سەرنجەکانى زوو زوو لە سەر تابلۆکان دەگۆڕى و لە سەر تابلۆیەکى تر ڕایدەگرت، لە سەر کورسییەکەى دانیشت و سەرنجى بەردەوامى دەدا و هەستایە سەر پێ، جێگەى تابلۆیەک بگۆڕێت کە دەستى دایە تابلۆکە لە ناو تابلۆکەدا ڕەشابەیەکى توند هەڵیکرد وەک ئەوە وابوو، لەناو ژوورەکەدا بێت، تابلۆکە لەدەستى کەوتە خوارەوە، سامێکى توند دەموچاوى شێواند، چەند ساتێک ڕاما و کەمێک پاشەوپاش لە تابلۆکە گەڕایە دواوە، بەهێزیکى زۆرەوە لەسەر کورسییەکەى دانیشت و کەوتە ڕامان لە تابلۆکە و بایەکى بەهێزى توند لە ناو تابلۆکەدا هەڵیکرد.