ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

‎هیچ حەوسەلەی هەناسەدانم نیە

‎بەدیار گەڕانەوەی خۆرو ئاوا بوونی دڵی خۆمم

‎دوعا لەتۆ ناكەم

‎تۆ لەجەنگێكدا نەشكای

‎من شكان وبێ غیرەتی خۆم دەنوسمەوە

‎ئەو هەموو چاوەڕوانیە

‎نەمتوانی پێت بڵێم لێرە بوەستە

‎نەمتوانی 

‎پێت بڵێم

‎پرچەكانت پەخش بكەو من لەوێدا وەنەوزێك دەدەم

‎شەوانە سەرخۆش دەبم دەچم سەری كانیەكان هەڵدەدەمەوە

‎دڵی خۆم بەسێبووری شەنگە ژنەكانی گەڕەك خۆش دەكەم

‎بەدیار گۆرانیەكی پایز دەڕۆمەوە بۆ یادەكان

‎دەرگای منداڵیم دەكوتم وقۆپچەی هەڵوەریوی كراسەكەم هەڵدەگرمەوە

‎كۆژیلەیەكی شین

‎بڕێك لەئەوینی تۆی شكاند

‎نوشتەیەكی باخچە توتڕكەكانی تاڵ كردن

‎هەستێكی بریندارم پەناداوە

‎لەتەنگ وچەڵەمەی نەگیشتنی سرودەكان دەچێت

‎بێ تاقەتی ئەو پڕشنگانەم دواند

‎كەمەیلی ڕەنگەكانیان دۆڕاندبوو

‎گەڕانەوە

‎بۆ سەر ڕەگەزی تاریكی

‎گەڕانەوە

‎بۆ شكاندنەوەی دەستەكان

‎گەڕانەوە 

‎بۆ لای كورسیە شكاوەكەی تەنیاییم

‎من 

‎ڕاستبوونەوەم زەحمەتە

‎دەستی هەستانەوەم گرت برینم لەتەنیشت مەرگم جێما

‎نامەیەكی تەسلیم بوونەوەی بۆ چاوەكانت نوسی 

‎حەرفەكانی بەسوتانیان كەوتنە سەما

‎ئیدی حەوسەلەی هیچم نەماوە

‎ئەوەتا نیشتیمانیشم

‎لەجەنگێكدا بریندار دەبێت

‎كەس وڵامی برینێكم ناداتەوە