ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شیخ سدیق

 

لە ناو گڤەى با و ڕەشەبادا کۆمەڵە پیاوێک دەرکەوتن، تابووتێکیان بەسەر شانەوە بوو، لە تەنیشت گۆڕەکەى پەرێزاى تەقواییەوە بەخاکیان سپارد.

پیاوێکى ڕیشسپى گوتى: ئەمە ڕێگەى هەموومانە، ئەوەى گرنگە هەریەکەمان ژیان چۆن بکەین، بۆچى بژین لە پێناوى چیدا بمرین !

کاتێ دەمرین کۆتایی بە ژیانمان دێت. ئەوەى لێمان دەپرسێتەوە، ڕەوشتەکانمانە، دۆزەخ و بەهەشت قسەى بى بەهان. ئەوە مرۆڤەکانن جیاوازى دروست دەکەن، هەموومان یەکسانین. چۆن ئاین بەهەشت و دۆزەخمان بۆ دروست دەکات لێرەش لەسەر زەوى ژیان بۆ دەوڵەمەندەکان و نەهامەنى بۆ هەژارەکان خوڵقێنراوە، بۆیە دەبێت ژیان بگۆڕین ئەوجا دەزانین بۆچى هەین بۆچى دەمرین ! پیاوێک لە تارێکى شەودا لەلاى ڕاستى گۆڕەکەوە دەستى کرد بە ژەنینى تار، هەموو پیاوەکان وەکو ڕێزێک بۆ مردووەکە بە پێوە وەستابوون، ئافرەتێک لە پشتى پیاوەکانەوە بە چەپکێ گوڵى سپییەوە، بەرەو گۆڕەکە هات و پیاوەکانیش بواریان بۆ ڕەخساند و ئەویش چەپکە گوڵەکەى لەسەر گۆڕەکە دانا و پاشەوپاش گەڕایە دواوە، وەکو ڕێزێک خۆى چەماندەوە.

×       ×         ×           ×           ×

چایەکى ڕەشى قەترانى کردە پەرداخى سەر مێزەکەیەوە، لەگەڵ سەرنجدانى لە تابلۆکان ئاگرێکى نا بە جگەرەکەیەوە، هەندێک بە ناو ژوورەکەدا پیاسەى کرد، دواتر کەوتەوە سەرنجدانى قووڵ لەتابلۆکانى...

 لە سەر تابلۆیەک ڕاوەستا، کۆمەڵە خەڵکێک لە ژن و منداڵ و پیاو دەستیان بەسترابۆوە، بە زیندوویی دەکرانە ژێر گڵەوە و گوللەباران دەکران !.

لە هاوارى خەڵکەکە تابلۆیەکە کەوتە جوڵە و لەرزە ، دەنگى گریانى ژن و منداڵ ژوورەکەیان پڕکرد، لە ناو گوللەباران کردن و گریاندا، دەنگێکى بە سۆزى شمشاڵ دەبیسترا، کەس دیار نەبوو، تۆز و غوبارى بیابان تێکەڵ بە مەرگ و شمشاڵ دەبوون و وات هەست دەکرد ئەو دەنگە بۆ ئەوە بێت تا بە ئارامى گیان بسپێرن.....ئەفسەر و سەربازەکان لە دەنگى شمشاڵەکە دەلەرزین و نەشیان دەزانى ئەو دەنگە لە کوێوە دێت...

فرمێسکەکانى سڕی و، کەوتە ناو تابلۆکان، ئەوەندە لەگەڵ وێنەکاندا تێکەڵ بوو، لە بارەى زۆر شتەوە گفتوگۆى لەگەڵ دەکردن... لە تابلۆیەک ڕاما، پیاوێک دوو دارشەقى بە دەستەوە بوو، پیاسەى بە ناو باخێکدا دەکرد، باخەکە هەرگیز بەرى نەدەگرت، هەر چوار وەرزە سەوز سەوز بوو، پیاوە دارشەق بە دەستەکە گوتى: تۆ چۆن منت بینییەوە، دەزانى من چەند ساڵ لەمەوبەر کوژراوم. هیچ جوابى نەدایەوە، بە توندى مژێکى لە جگەرەکەى دا و جگەرەیەکى پێشکەشى پیاوە دارشەق بە دەستەکە کرد. بە فڵچەکەى هەندێک دەستکارى وێنەى ناو تابلۆکەى کرد و گوتى: نازانم!

پیاوە دارشەق بەدەستەکە ئاهێکى توندى هەڵکێشا و گوتى: لە ئاواییەکەى خۆمان کچێکم خۆشدەویست، کەسوکارى قایل نەبوون بمدەنێ، دواى چوار ساڵ چاوەڕوانى بەناردنى پیاوماقوڵ و ڕیشسپى ڕازى بوون ....

دڵم خۆش بوو، ئارەزووم دەکرد باڵم هەبووایە و بچوومایەتە تاقى ئاسمان و لە ناو هەورەکاندا گۆرانیم بگوتایە.

ڕۆژێک بەر لە گواستنەوە و زەماوەند کردن، هەردووکمان پێکەوە چووین بۆ ناو باخى بەردەم ئاوایی، دڵمان خۆش بوو، بە ناو دارەکانا ڕامان دەکرد، چاوشارکێمان دەکرد، لە ناکاو زرمەیەکى گەورە هات و هەردووکمان کوژراین و من هەردوو قاچم پەڕى و نەمدۆزیەوە.

هیچى نەگوت، بەناو تابلۆکاندا دەگەڕا و تابلۆیەکى لە دیوارەکە لێکردەوە و دانەیەکى دى لە شوێنەکەى دانا ...

دەنگى شمشاڵ بە هێواشى و لە سەرخۆ دەگەیشتە گوێیەکان، ئەو دەنگە تێکەڵ بە کەشى تابلۆ و هێمنى ناو ژوورەکە بوو بوو.

وێنەى ناو تابلۆکان دەگریان و هاواریان دەکرد، دەنگى شمشاڵەکە هێندە بەهێز بوو دڵە ڕەقە توندەکانى دەتواندەوە. پیاوى دارشەقەکە بە کوڵ دەگریا و بە هیچ کڵوکۆى دانەدەمرکایەوە.

دەنگى شمشاڵ تا دەهات بە کوڵتر و بە سۆزتر دەبوو. پیاوە دارشەق بەدەستەکە شمشاڵى ناو ژوورەکەى لە پشت تابلۆکانەوە دەرکرد و، دەستى کرد بە ژەنینى شمشاڵەکە. شارەزاییەکى باشى تێدا هەبوو، دیار بوو عاشقێکى سەر شێت بوو، عاشقانە دەیژەنى و عاشقانە لە ڕوح و دڵدا دەسوتا ...

            ×         ×          ×           ×

بەردەوام لەگەڵ تابلۆکانیدا دەژیا، ساتێکى کەمیش نەیدەتوانى لێیان دووربکەوێتەوە. بەردەوام تابلۆى نوێى دەکێشا، لەگەڵ کەسایەتى وێنەکان دەدوا، هەندێک جار، لەبارەى سیاسەت و هەندێک جار لەبارەى ژیان و هەندێک جاریش لەدەنگوباسی ناوچەکە و جیهانى دەپرسى.

ئەگەرچى وێنەکێشێکى سەر سەخت بوو، تەنیا کەسیش بوو لەگەڵ وێنەکانیدا دەکەوتە گفتووگۆ. شەوێکى درەنگ لە وێنەکانى دەڕوانى لە مێژبوو وێنەى کچێکى کێشابوو، لە سووچێکى ژوورەکەیدا داینابوو، نەدەچوو بەلایدا، لە ناکاو سەرنجى لە سەر وێنەى کچە ڕاگرت و کچەش بە غەمبارى و چاوى پڕ لە فرمێسکەوە لەوى ڕوانى، کچەکە گوتى: تۆ سەرنجى هەموو وێنەکان دەدەیت هەموویان دەگوازیتەوە، تەنیا بەلاى مندا نایەیت، نازانم بۆ گۆڕاویت؟

دەنگى شمشاڵ لە نێوان ئەم گفتوگۆیانەدا بە هێواشى و نەغمەیەکى پڕ سۆز، کەشى ژوورەکەى ڕۆمانسییانە دەرخست، لەهەمان کاتیشدا حوزنێکى پڕ لە عاشقانە بوو.

کچەکە گوتى: من (فەرشیباى قەلەندەرم)! تاوێک حەپەسا و نەیتوانى هیچ قسەیەک بکات، لەناوکاو کە بە بیرى هاتەوە بەتوندى باوەشى پێدا کرد و بە کوڵ گریا.

                       ×             ×              ×