ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تعالی لنستحيل کلبا

بیا تا سگ شویم

Come so as tobe dogs 

---------------------

لەگوندێکدا،

لەباخچەیەکی ئاژەەڵاندا،

لەنێو رانەمەڕێکدا،

پێکەوە دەژیاین.

بەر‌هەڵاش بوینایە،

ماڵمان دەبردە نزیک قەسابخانەیەک

بەجووتە بەشوێن ئیسکە گۆشتدا،

وێڵ

بەدەم بەردی مناڵە ورتکانەوە

دەمان قروسکان

زستان بەیەکەوە تەڕی دەکردین

قەشمەریمان بەهاوین دەکرد،

زمانمان لێ دەردەهێنا.

گەر حەزمان بکردایە دەوەڕین

من لاقێکم بەرز دەکردەوەو

بەدارتێلێکدا

بە قەدی درەختێکدا

دەمیزیم.

دەفتەرنفوس و رەگەزنامەمان

لەگەڵ خۆماندا،

هەڵنەدەگرت

بەبێ پاسپۆرت ، لە سنوورە دەستکردەکاندا

دەپەڕینەوە.

گەر من سەگێکی گۆڵ وتۆ سەگێکی دێڵ بویتایە

بۆ مارەبڕین،

پێویستیمان بە کۆلکە مەلا نەدەبوو.

لەکەلاوەیەکدا جووت بووبوین

تۆ،

لە کۆلیتێکی تاریک نوتەکدا ترەکی بووی

بوبوین بە دایە بابەی (توولە)* گەلێکی؛

قاوەیی

بۆر

سپی 

رەش

لەناو قەرسیلی وەفادا راکەراکەمان دەکرد.

گەر سەگ بوینایە

نە قوماشفرۆشمان دەناسی

نە بەرگ دروو.

وەک ئاو تاهەتا ، رووت رووت

کەس پێی نەدەگوتین، تەنوورەکەت بۆ ئەوەنە کورتە

کەس بەمنی نەدەگوت؛ دەک بەژەهرت بێ ئەم قاپی عەرەقە

کەس چاودێری موبایلەکەی نەدەکردین

سەد جاسووس بەدوامانەوە نەدەبوو.

کەس هاکی نەدەکردین

سێ مانگ لەچاوەڕوانی مووچەی خانەنەشینیدا، 

نەدەلەرزین

پارەی ئاوو کارەبا قەرزار نەدەبووین

نیوەی موچەکەمان نەدەدا بە حەب و دەرمان

لەکافێیەکدا ، ترس گەمارۆی نەدەداین

گەر من و تۆ سەگبوینایە

من سەردانی چاوێلکە سازم نەدەکرد

تۆش بیرت لەجوانکاری کەپووت،

نەدەکردەوە

کەس پێی نەدەگوتین بۆ دەستی بەردەرەش ماچ ناکەن

بۆ بەردێک ناگرنە شەیتان

گەر سەگ بوینایە

پارچە زەوییەکمان داندەبڕی بۆ گۆڕ

ناوی سیانی خۆمان نەدەدا بە کێل نووس

کرێ چی نەدەبووین

میوانی ناوەخت مێشکی کون نەدەکردین بە درۆ.

گەر سەگ بوینایە

نە تۆ لە ریکخراوێکی ژنان دا، ئیشکت دەگرت و

نەمن چەکم بۆ حیزب هەڵدەگرت

نە ئەوەندە ؛

سەنگەرو سفرەمان دەگواستەوە

وەرە با ببین بە سەگ

بیا تا سەگ شویم

تعالی لنستحیل َکلبا

come so as tobe dogs

------

توولە : گوجیلە:بێچوی سەگ