ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جێهێشتن كفرێكه‌ شێرپه‌نجه‌،

ئه‌م هه‌واڵه‌ خه‌یاڵم لێ ده‌كاته‌وه‌،

ده‌یباته‌وه‌ ناو دێڕی‌ جۆگه‌یه‌كی‌ سه‌هۆڵین،

تاسه‌رما بیسمێ..تامه‌حه‌به‌ت بێ ئاگردان

له‌رز ڕه‌نگكا..تامیهره‌بانی‌ بدڕێ

له‌چاڵی‌ فیراقا...

شتێك هه‌یه‌ بێده‌نگی‌،له‌لای‌ ڕۆحمه‌وه‌ شاڵاوی‌ نه‌عره‌ته‌

شتێك هه‌یه‌ سكوتی‌ ئه‌به‌دی‌،له‌لای‌ دڵمه‌وه‌ سێگۆشه‌ی‌ فه‌رته‌نه‌

هه‌موومان قفڵێک ده‌كه‌ین به‌یه‌خه‌ی‌ ڕابردووا

من به‌سه‌ری‌ (با) دا ده‌كه‌م ،كه‌نه‌یتوانی‌ دڵم فێری‌ فڕینكا

تۆ فێرت كردم و له‌ناو ئاوه‌دانی‌ (با) دا ونتكرد!!

(با) چ هه‌واڵێكه‌ خزاوه‌ته‌ قاچی‌ شه‌مه‌نه‌فه‌ر،

چ مه‌ستی‌ مه‌ودایه‌كه‌ شه‌ل و كوێر ؟؟؟

ڕادیۆیه‌كه‌ گریانێكی‌ تاشی‌ /كۆلاره‌كان به‌ده‌ستی‌ باوه‌ قڵپ ده‌بنه‌وه‌،

مناڵه‌كان له‌ترافیك لایكدا به‌گڵۆپی‌ سه‌وز ده‌چه‌قن...

سه‌ته‌لایته‌كه‌ بنێشتێكی‌ چرپاند/گۆزه‌كان به‌شانی‌ كچه‌كانه‌وه‌،

له‌ترسی‌ با ده‌ئاوسێن به‌نه‌زیف،

ژنه‌كان سه‌رئێشه‌ ده‌گرن به‌چڵێك باوه‌،

له‌بیریان چووه‌ مه‌مك به‌ند مه‌ته‌رێزی‌ ڕووخاوه‌!!

ئه‌م هه‌موو هه‌واڵانه‌ی‌ با تێپه‌ڕن شایه‌نی‌ جێهێشتنن،

كه‌چی‌ تۆ بوون مه‌حاڵه‌ جێهێشتن .

تۆ بوون زنجیرێكه‌ له‌كاتژمێری‌ دڵما،

ڕۆژه‌كانی‌ هه‌فته‌ ته‌پاوتل ده‌كا،

تۆ بوون هه‌ڵچنینی‌ بونمه‌ له‌ره‌هه‌ندی‌ ڕۆحما!!

گوێ له‌م ته‌ماشایه‌م بگره‌ ،قاچی‌ شه‌قامه‌كان

ئازاری‌ قه‌ڵه‌و ڕواندونی‌ نه‌ك په‌یكه‌ری‌ دره‌خت

ڕوانینێكم تێبگره‌ ،واته‌ماشام چه‌قیوه‌ته‌ سه‌ر ژنێك

له‌كه‌ندو له‌ندی‌ پێیه‌كانییا..چیرۆكێك خۆی‌ ته‌فسیر ده‌كا،

ژنێك له‌ڕه‌نگی‌ ئاوی‌ من ،له‌نه‌سلی‌ قسه‌كانم

پیاوێك له‌(با) یاقوتی‌ ڕۆحی‌ فڕێداوه‌،

پیاوێك له‌پاشماوه‌كانی‌ قابیل

پێڵاوه‌كانی‌ ناشتووه‌ له‌فه‌نه‌ری‌ خوێن

كه‌چی‌ ئه‌و میهره‌بانی‌ له‌مناڵیا چێده‌كا..

منیش میهره‌بانی‌ ده‌چنم بۆ تۆ ..

تۆ بوون چ واتایه‌كی‌ هه‌یه‌ ،

كه‌نه‌وتوانی‌ ئه‌م كێڵگه‌ی‌ ڕقه‌ ده‌رمانی‌ مێشی‌ پیاكه‌یت،

كه‌تۆ نه‌توانی‌ ئاینی‌ داهۆلێك هه‌ڵكه‌نی‌ له‌ئه‌هوه‌نی‌

تاپه‌تای‌ ترس نه‌مخوا..

له‌بیرم چوو داهۆڵ ڕابردوویه‌كی‌ دووباره‌یه‌

چۆله‌كه‌كان زه‌مه‌نیان قڵیشاندو فیكه‌یان لێكێشا،

په‌ڕه‌سێلكه‌كان خه‌ونی‌ داهۆڵیان داكه‌ندو

ڕۆیان كرده‌ سیاقی سه‌فه‌ر..

بولبوله‌كان مێژووی‌ داهۆلیان ڕیسوا كرد ،

به‌حیكایه‌تی‌ درۆ..

نامه‌وێ جێت بهێڵم ..په‌ڕه‌سێلكه‌ ،چۆله‌كه‌ ،میلۆدیای‌ بولبول

تێپه‌ڕن ..له‌هزرما زه‌مه‌نمی‌ جێهێشتنن،بێجگه‌ تۆ

تۆ نازانی‌ ته‌نیاییم چه‌ند سه‌رقاڵه‌ بێ تۆ..

مێژووی‌ شه‌هره‌زاد تلده‌كه‌مه‌وه‌ .

به‌شه‌هریار ده‌ڵێم/سه‌ری‌ ژنه‌كان مه‌په‌ڕێنه‌ به‌جێهێشتن

بابتكه‌مه‌ لێزمه‌ی‌ هه‌واڵێك ،چاوی‌ با گوێی‌ لێ نه‌بێ

له‌شه‌هریاره‌وه‌ بۆ شنه‌ی‌ شاره‌زوور

پاڵێك بنێنن به‌فیراقه‌وه‌ واگه‌شتۆته‌ سه‌مای‌ كراسه‌كه‌م

ڕۆحم فه‌نا ده‌كا...بێجگه‌ تۆ له‌كوێ سواڵی‌ مه‌حه‌به‌ت بكه‌م،

ژنبوونم ووردو خاشه‌ بێ تۆ!!!

22/4/2019