ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى :شیخ سدیق

× × ×

ڕێگاى دوور و کەندڕ و لوتکە و چیاى دەبڕى، هاوەڵى دەشتایى و چۆڵەوانى و تابلۆکانى بوو، ڕێگا دوورەکانى گرتبووەبەر بە زەلکاوەکاندا، باخى هەڵچووى بە ئاسمانا، دارستانى چڕ و، دەشتاییە ڕووتەنەکانى دەبڕى...

دەنگى خشەى مار، فڕینى باڵدار، باى توند، باى نەرم، بە گوندى ڕووخاو و سووتاودا، هەنگاوى دەنا، بۆنى مەرگ و خەردەل و گازى کیمیایى لە کەلاوە ڕووخاوەکانەوە دەهات، باخەکانى ترێ و هەنار پڕبوون لەمینى چێنراو...

هێندە ڕۆیشت بە سەر پشتى زەوییەوە خەوى دەهات، کۆتایی بە ڕۆیشتنەکان نەدەهات، پێڵاوەکانى دڕابوون، پێیەکانى تلۆقى کردبوو، ئازارێک جەستەى ماندووى دەهەژاند، بریسکەى تایەکى گەرم ئەژنۆکانى خستبووە لەرزین، تاکو دەهات بۆنى نێرگزەکان زیاتر دەهات، ئەم بۆنانە کەمێک ئازارشکێن بوو. مانگ لەگەڵ هەناسەى سروشت دا تێکەڵ دەبوون. لەمێژبوو لە دواى بۆنى گازى کیمیایى خەردەل ئەم بۆنە خۆشانەى هەڵنەمژی بوو.

فەرشیباى قەلەندەرى هاوارى کرد: بۆنى هەناسەى گوڵ پڕیان کردووم، دەیگوت با لەناو ئەم بۆنە خۆشانەدا بمرین، با واز بێنین لەو سەرشێتییانەى کە تۆ دەستت پێکردووە، سەماى کرد، بە ناو دەشتاییەکاندا خۆى ڕووت ڕووت کردەوە، بە ناو گوڵەکاندا ڕاى دەکرد، بۆ مازوانى ڕۆستەمى تابلۆیەکى نوێ بوون... دەنگى شمشاڵ وەکو نەرمەبایەک دەهاتە گوێیەکان، نەرم نەرم ئاوازى شمشاڵ تێکەڵ بە سەماى فەرشیباى دەبوو، دەشتاییەکانى پڕ کردبوو، تاریکى لەگەڵ ئاوابوونى ڕۆژدا سەریان دەرهێنا و هێواش هێواش سەما و شمشاڵ و ڕۆژ کۆتاییان هات...

× × ×

ڕێگا سەخت و دوورەکانى گرتەوەبەر، هەنگاوەکانى خێرا هەڵدەگرت، ملى توولە ڕێگا و دەشتاییەکانى دەبڕى.

گەیشتە ئاواییەکى ڕووخاو، لە سەرەتاى گوندەکەدا، تەرمێک بەدار توویەکەوە هەڵواسرابوو، تەنیا جل و بەرگ و ئێسکەکانى مابوونەوە. دیار بوو لە مێژبوو بەم دارەوە هەڵواسرابوو، داڵەکان چاوەکانیان هەڵکۆڵی بوو... 

هەندێک ڕاما، گوتى دەبێ ئەم پیاوە چ تاوانێکى ئەنجام دابێت لە سێدارەیان داوە؟!

هەرچۆنێ بوو گۆڕێکى بۆ هەڵکەند و ئێسک و پروسکە هەڵواسراوەکەى خستە ناو گۆڕەکەوە... تابلۆى ئەم دیمەنەى کێشا و بە پەلوپۆى دارەکەی هەڵواسى و دەنگى شمشاڵ لەگەڵ نەرمەباى ئێوارەیەکى درەنگ وەختا، تێکەڵ بە دیمەنى ترسناک و پڕ لە حوزن دەبوو..

مازوانى ڕۆستەمى کەوتەوە ڕێگەبڕین، شەو داهات و زۆر ماندوو بوو... بۆ پشوودان لە ناو پەڵە گیایەکى سەوز لە سەر گازەراى پشت لێى کەوت، کەوتە تێڕامان لە ئاسمان، ئەستێرەکان، کەوتە خەوێکى قوڵەوە، لە شیرینى خەودا هەستى کرد لێوێک لێوەکانى دەمژێت، ڕاپەڕى، سەیرى کرد فەرشیباى قەلەندەرییە، باوەشیان لە یەکدا و کەوتنە ئاوێزانى یەکتر، هەناسەیان تێکەڵ بە یەکتر بوو، تاکو توانییان یەکترییان هێنا و برد، ماندووبوون، لە باوەشى یەکدا چوونە خەوێکى قوڵەوە. 

بەیانى کە لەخەو هەستان، کەوتنە ڕێگە و بەرەو دەشتاییەکان هەنگاویان هەڵهێنا، بنارى چیایەکیان گرتەبەر، وەکو با تێپەڕدەبوون، گاشە بەرد و گردۆڵکە و کەندڕى شوێن لافاوەکانیان بە جێهیشت...

گەیشتنە ئاواییەکى داڕووخاو، لە بنارى چیاکەدا تاقە خانوویەک بە پێوە مابووەوە... هەنگاوەکانیان خێرا هەڵدەهێنا بۆ ئەوەى بگەنە خانووەکە... کاتێ دەرگاى ژوورەکەیان کردەوە، پۆلێک کۆتر دایان لە شەقەى باڵ و بەرەو لوتکەى شاخەکان فڕین..

ڕۆیشتنە ناو ژوورەکەوە، پڕبوون لە بۆنى تەلى عود، بۆنى تەڕى کۆتر... دیوارەکانى بە قوماشی سەوز داپۆشرابوون، گۆڕێکى هەڵبەستراوى داپۆشراو بە جاجمى کۆنى گران بەها...

پڕبوو لە دەفى جۆراوجۆر، بچووک، گەورە، دروستکراو لە پێستى ئاسک، لە پێستى پڵنگ، شێر، هەموو جۆرە دەفێک.. 

مرۆڤ واقى وڕدەما لەو دەفانە، کەس نەیدەزانى هى چ سەردەم و زەمانێکە؟! دەفێکى هەڵگرت لە پێستى مەیمون دروست کرابوو، چووە بەردەم دەرگاى ژوورەکە دەستى کرد بە ژەنینى دەف، لەناکاو لە سەربانى خانووەکەوە، دەنگی دەفێک بە کوڵ بە سۆز دۆڵ و دەشتاییەکانى پڕ دەکرد. تەماشاى کرد فەرشیباى قەلەندەرییە، دەفەکەى داناو کەوتە ڕوانین لە دەست و مەچەکى کە چۆن وەستایانە دەف دەژەنێ.

دەنگى دەف تاکو دەهات زیادى دەکرد، لە سەر لوتکە و گاشەبەرد و چیا بڵندەکانەوە، پیاوى ئاودامان کراسى سپى و ڕیش سپى دەفیان بە کوڵ دەژەنى، هەموو دەشتاییەکانی خوار ئاواییە ڕووخاوەکە بە لاپاڵ و قەدپاڵى شاخەکەوە، هەتاکو چاو بڕى دەکرد دەفژەن دەفیان دەژەنى، دۆڵ و شاخ و دەشتاییەکان پڕ بوون لە دەنگى ژەنینى دەف.

دەنگى شمشاڵ تێکەڵ بە ژەنینى دەفەکان دەبوو. گڤەى با و دەنگى دەف و دەنگى شمشاڵ هێندە مەستیان دەکردى، وەکو خواردنەوەى شەرابى خەستى ئەو ترێیانەى کە لە ژێر بەفرى چیاکاندا دروست کرابن.

تۆ بڕوانە لەو تابلۆیە، چەند شەیدایانە پەلکێشت دەکات بۆ ناو دنیایەکى ئەفسوناوى! لە هەر لایەک بڕوانى ژەنینى دەفە، بە وێنەى شەیداى شەوانى زیکرى خودایی، کێ دەتوانێ لە ناو ئەم ئاوازانەدا ڕووحى نەتوێتەوە، کەسێک لە دوورەوە هاوار دەکات، دەڵێ: ئەى ڕووحى شەڕەنگێزى پاک بەرەوە..